ڕۆژنامەی (دەیلی مەیڵ)ی بەریتانی ڕەخنەیەكی هاووڵاتیانی كردووەتە بابەتی راپۆرتێك و ئاماژەی بەوە داوە كە چاخواردنەوە كولتوورێكی گرنگی بەریتانیەكانە، بەڵام كاتێك دەردەكەوێ سەرۆك وەزیران لە چا نازانێت، ناڕەزایی لێ دەكەوێتەوە.
دوای ئەوەی بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە ڤیدیۆیەكدا دەركەوت بە شێوەیەكی نەشارەزایانە چا دروست دەكات، شەپۆڵێكی گەورەی ڕەخنەی هاووڵاتیانی بەریتانیای بەدوای خۆیدا هێنا.
گرتە ڤیدیۆییەكە لەلایەن پارتی پارێزگارانی بەریتانیاوە بڵاوكراوەتەوە وەكو بەشێك لە بانگەشەی هەڵبژاردنی وڵاتەكە بە مەبەستی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی بەریتانیا لۆ ڕۆژی 12ی دیسەمبەری داهاتوو.
لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا، جۆنسۆن بەدەم وەڵامدانەوەی 12 پرسیاردا، خۆی وا دەردەخات بەردەوامە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆی و لە شوێنێكدا چا دروست دەكات، بەڵام لەو كاتەدا بە مەبەست بووبێت یان لەبەر نەزانی، بەر لەوەی كیسی چایەكە لە كوپی چایەكە دەربهێنێ، شیر دەكاتە كوپەكەوە، ئەمەش ناڕەزاییەكی گەورەی هاووڵاتیانی لێ كەوتەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە توندی ڕەخنەیان لێ گرتووە.