گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر ئاشکرای كرد ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە کەسێک لە کاتی مەلەکردندا لە یەکێک لە مەلەوانگەکانی ھەولێر بە تەزووی کارەبا گیانی لە دەست دا.
ھۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند ئێوارەی ئەمڕۆ هاووڵاتی محەمەد بورھان كە کوڕی وەرزشوانێکی شاری ھەولێرە، لە کاتی مەلەکردندا لە مەلەوانگەیەکدا، کارەبا لێی داوە و بەم هۆیەوە دەمودەست گیانی لە دەست داوە.
ئاماژەشی بەوە داوە كە پۆلیسی ھەولێر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
جێی باسە ئەم ڕووداوە چاوەڕوانەكراوە لە كاتێكدایە كە بە پێی ستاندارد، دەبێ هەر مەلەوانگەیەك سیستەمی تایبەتی بۆ پاراستن لە تەزووی كارەبا جێبەجێ بكات، بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك ئەگەری روودانی كارەساتی لەم جۆرە نەیەتە ئاراوە.