سەرپەرشتیاری رێکخراوی سرووشتپارێزی کوردستان ئاشكرای كرد کرێکارێکی ژینگەپارێزی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بە ھۆی نەخۆشکەوتن و پیربوونیەوە، مووچەکەی بڕاوە.
سەلیم میراودەلی سەرپەرشتیاری رێکخراوی سرووشتپارێزی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند مام عەبدوڵڵا کە یەکێکە لە ژینگەپارێزەکانی دەڤەری ڕاپەڕین و ساڵانێکی زۆر خزمەتی شارەکەی و ژینگەی کردووە و زۆربەی ڕاگەیاندنەکانیش وێنەکەیان وەکو پیاوی ژینگەپارێز داناوە، ماوەی دوو ساڵە بەھۆی نەخۆشی لەسەر جێگا کەوتووە.
گوتیشی بەھۆی ئەوەی بە گرێبەست کاری کردووە، کۆمپانیاکە کە ھی کەرتی تایبەت بووە، مووچەکەی بڕیوە و ئێستە لە حاڵەتێكی ناخۆشدا دەژی.
سەلیم میراودەلی باسی لەوەش کرد کە بە ھۆی کەموکورتی و نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە خانەنشینی کرێکارانی تایبەتەوە، ئەو کرێکارە خانەنشین نەکراوە و دوای چەندین ساڵ خزمەت بە ژینگە، بێ مووچە ماوەتەوە، بۆیە جێی خۆیەتی حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدار بیرێک لە مام عەبدوڵڵا و ھاوشێوەکانی بکەنەوە.