بەردەوام تێبینی ئەوە کراوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، خواردنە خێراکان دەخوات و کەمتر خواردنی ئاسایی دەخوات.
ماڵپەڕی (دەیلی میرۆر)ی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، کە دۆناڵد ترەمپ، زۆربەی ئەو کاتانەی برسی دەبێت، خواردنە خێراکانی زنجیرە چێشتخانە جیھانییەکانی وەک: ماک دۆناڵدس، KFC و پیزای دۆمینۆ دەخوات.
ماڵپەڕە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کە ترەمپ جیاواز لە خەڵکی ئاسایی و سەرۆکەکانی دیکەی ئەمەریکا، بڕوای وایە خواردنە خێراکان لەو خواردنانە خاوێنترن، کە بۆی ئامادە دەکرێن، ھەروەھا ھێما بۆ ئەوەش کراوە، کە ترەمپ حەز بە خاوێنی دەکات و نایەوێت بە خواردنی دیکە، بەکتریا بچێتە نێو لەشی و نەخۆش بکەوێت.
لە لێدوانێکی پێشتووتریدا سەبارەت بەوەی بۆچی زۆربەی کات خواردنە خێراکان دەخوات، ترەمپ بە ماڵپەڕی (CNN)ی ڕاگەیاندووە: "من مرۆڤێکی زۆر خاوێنم و بەردەوام حەز بە خاوێنی دەکەم، بۆیەش ئەو خواردنانە دەخۆم، چونکە ئەوانە خواردنی ستانداردی جیھانین، بەڵام خواردنەکانی دیکە، نازانرێت لە کوێوە ھاتوون".