ھەردی سڵاح، گۆرانیبێژی کورد، بۆ جاری سێیەم بووە باوک و بۆ سەلامەت دەرچوونی ھاوسەر و منداڵەکەشی دەڵێت: "سوپاسی خوای گەورە دەکەم".
دوێنێ شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە 6/2/2017، ھەردی سڵاح، کە تا ئێستا خاوەنی دوو منداڵی کچ بوو، چەند وێنەیەکی منداڵە تازە لەدایکبووەکەی لە پەیجی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا بڵاو کردووەتەوە، بەڵام ڕەگەزی ئەو منداڵەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەھۆی ڕەنگی جلوبەرگ و پێخەفی منداڵەکە، کە ڕەنگیان پەمەییە، پێ دەچێت ئەو منداڵەشی کچ بێت.
ئەم گۆرانیبێژە کوردە، لەسەر وێنەکانی منداڵەکەی نووسیویەتی: "سوپاس بۆ خوای گەورە جارێکی تر دایکی منداڵەکانی بە سەلامەتی بۆ ھێشتینەوە و بەبۆکەیەکی چاو گەشیشی پێ بەخشین".
ھەردی سڵاح، یەکێکە لە گۆرانیبێژە کوردەکان و خاوەن چەندین ئەلبووم و ڤیدیۆ کلیپی گۆرانییە، بەڵام ماوەیەکی زۆرە ھیچ بەرھەمێکی نوێی ھونەری نییە و لە ھونەر دوور کەوتووەتەوە.