سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: لەم دوو مانگەی ئەمساڵ چەند کەیسێکی گەندەڵیمان رەوانەی دادگاکان کردووە

"بڕیارە تا مانگی 4 ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەربکات"

04/03/2020 - 17:57 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ (باس)دا، چەند پرسێکی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کابینەی نۆیەم دەخاتە روو. ئاماژە بەوە دەکات کابینەکە زیاتر کاری کردووە بۆ رێگەگرتن لە دیاردەکانی گەندەڵی و بەرتیل و رێکخستنەوەی دەوام و باشکردنی خزمەتگوزاری. ئاشکراشی دەکات، پێشنیاری دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتی تاوانەکانی گەندەڵییان داوەتە حکوومەت و گەشبینن ئەو داواکارییەیان جێبەجێ بکرێت.


سەرەتا ئاماژەی بەوە دا: "بوونی بەرنامەیەکی بەرفراوانی چاکسازی لەم کابینەیەدا، خاڵێکی باش و گرنگە بۆ پشتیوانیی کارەکانی ئێمە، جارێک کارەکانی ئەو کابیەنەیە لە سەرەتایە و بۆ هەڵسەنگاندن کاتی زیاتری دەوێت، بەڵام سەرەتایەکی باشە".


روونیشی کردەوە، لە 7 بۆ 8 مانگی رابردوودا، حکوومەت زیاتر کاری بۆ ناوخۆی خۆی کردووە، گوتیشی: "حکوومەت لەو ماوەیەدا چاودێریی ناوەخۆی بووە، لە رێگەی رێگەگرتن لە دیاردەکانی گەندەڵی و بەرتیل و رێکخستنەوەی دەوام و باشکردنی خزمەتگوزاری، هەموو ئەمانەش بەدڵنیایی بە ئەرێنی و باش بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی دەشکێنەوە".


ئەوەش دەخاتە ڕوو: "هاوکاری و هەماهەنگییەکی باش لەگەڵ حکوومەت هەیە، چوار دەزگای چاودێری، مانگانە کۆبوونەوەمان لەگەڵ فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواچوونی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، ئەوەش خاڵێکی باشە و چاوەڕوانی باشتریش دەکەین".


پێیشی وایە: "لە ساڵی یەکەم یان دوو ساڵی سەرەتادا، دەکرێ هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکرێت، کەوا کارەکانی کابینەکە چۆن بوونە، بەڵام گەشبینین کەوا رەوشی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بەرەو باشییە، ئەگەر بارودۆخی ناخۆی عێراق و دەوروبەر باشتر بێت، ئەوەی گرنگە ئیرادەیەکی باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان هەیە".


حاکم ئەحمەد ئەنوەر، هاتە سەر رۆڵی ئەوان لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و گوتی: "ئێمە رۆڵی چاودێریمان دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکیان دروست کرد، وا بە باش زاندرا ئێمە لەدەرەوەی لیژنەکە بین، چونکە ئێمە دەزگایەکی چاودێرین، لە رووی میکانیزمەوە ناکرێت لەنێو لیژنە بین، بۆیە چاودێر دەبین و لەگەڵ فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون هەماهەنگیمان دەبێت، چونکە ئەوان سکرتاریەتی لیژنەی باڵای کارەکەن، ئەوان هەر بڕیارێک بدەن، وێنەیەکی بۆ ئێمە دەنێرن، هەروەها ئەو لیژنانەی لەسەر ئاستی وەزارەتەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دروست دەکرێن، ئێمە داوای کۆنووسی بڕیارەکان و هەنگاوەکانیان لێ دەکەین".


سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، یاسای چاکسازی بە یەکێک لە هەنگاوە باشەکانی چاکسازی وەسف دەکات، گوتیشی: "بڕیارە تاوەکوو مانگی 4، ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەربکات، دوای ئەوە لە سێ مانگدا یاساکە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، یاساکە هەنگاوێکی زۆر باش دەبێت و گومانمان لە ئیرادە و دڵسۆزی نییە، بەڵام چاوەڕوانی چۆنیەتیی جێبەجێکردنەکەی دەکەین".


روونیشی دەکاتەوە: "پڕۆسەی چاکسازی لە کوردستان زۆر گەورەترە لەوەی تەنیا لە یاسایەکدا کورتی بکەینەوە، چونکە پێویستە چاکسازیی ریشەیی لە هەموو کەرتەکانی خزمەتگوزاریی گشتیدا ئەنجام بدرێت، کە ئاشکرایە حکوومەتیش تەنیا ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک، کەواتە ئەمە سەرەتایەکی باشە، بەڵام وەک هەموو لایەک جەختی لەسەر دەکەنەوە، دەبێت پڕۆسەی چاکسازی لە هەموو بوارەکاندا بەردەوام بێت. یەکێک لە کۆڵەگەکانی پڕۆسەی چاکسازی لە هەر وڵاتێکدا دژایەتیکردنی گەندەڵییە، تەنانەت بەبێ دژایەتیکردنی گەندەڵی، زەحمەتە پڕۆسەی چاکسازی سەربگرێت، ئەمەش تەنیا لە رێگەی بەهێزکردنی دەزگاکانی دژایەتیی گەندەڵییەوە دەکرێت، کە دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و دەسەڵاتی دادوەرییە، لەبەر ئەوە، ئەو میکانیزمە لە سەرجەم وڵاتاندا وایە، کە حکوومەت خۆی لە ناوخۆدا چاودێریی ناوخۆیی بکات، بۆ ئەوەی رێگر بێت لەوەی لە دامودەزگاکانیدا یاسا پێشێل بکرێت و موڵکی گشتی بەهەدەر بدرێت".


حاکم ئەحمەد، هاتە سەر کەیسەکانی گەندەڵی، کە لە دەستەکەیان کاری لەسەر کراوە، گوتی: "لەو چەند مانگەی ساڵی 2020دا چەند کەیسێکی گەندەڵیمان رەوانەی دادگاکان کردووە، ئەو کەیسانە جۆراوجۆرن، بە گشتی لەو چەند ساڵەدا لێکۆڵینەوەمان زیاتر لە 400 کەیسی گەندەڵی کردووە، ژمارەیەکی باشی کەیسەکان لە دداگاکان یەکلایی بوونەتەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری کەیسمان هەیە یەکلایی نەبوونەتەوە".


گوتیشی: "پێشنیاری دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتی تاوانەکانی گەندەڵیمان داوەتە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەشبینم ئەو داواکارییەمان جێبەجێ دەکرێت".


ئەو بە پێویستی دەزانێت، دامەزراوەکانی چاودێری و دادوەری بەهێز بکرێن: "هەر خۆی لەخۆیدا کاتێک کابینەی نۆیەمی حکوومەت باسی کوردستانێکی بەهێز دەکات و جەخت لەسەر ئەم بوارە دەکاتەوە، دەبێت هێزە سەرەکییەکە سەروەریی یاسا بێت، دواتر هێزەکانی ئابووری و خزمەتگوزاری، لەبەر ئەوە هێشتا سەروەریی یاسا لە کوردستان پێویستی بە بەهێزکردنی زیاتر هەیە".