وەزیری پلاندانان: لەم كابینەیەدا بە هیچ جۆرێك ناوچەگەری نییە

"وەكوو وەزیرێكی یەكێتی و وەكوو ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتییش لە ئەدای سەرۆكی حكوومەت زۆر رازین"

25/02/2020 - 23:37 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەسەر پشكی یەكێتییە، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، چەندین پرسی گرنگی تایبەت بە وەزارەتەكەی و كابینەی نۆیەم دەخاتە ڕوو. روونیشی دەكاتەوە، لەم كابینەیەد بە سێ قۆناغ 250 پڕۆژەی وەستاو بەگەڕ خراونەتەوە و كۆمەڵێك پڕۆژەی تریش بەگەڕ دەخرێنەوە. ئەو باسی ئەوە دەكات، وەكوو وەزیرێكی یەكێتی لە ئەدای مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت رازین، جەختیش دەكاتەوە، لەم كابینەیەدا بە هیچ جۆرێك ناوچەگەری نییە و حكوومەت هەمووهەرێمی كوردستان وەكوو یەك سەیر دەكات.


سەرەتا لەبارەی ئەو قسە بەربڵاوەی لەنێو خەڵك هەیە، كە دەگوترێت وەزارەتی پلاندانانمان هەیە، بەڵام زۆر شت هەیە بەبێ پلانی دەكرێت، گوتی: "ئەگەر بتەوێت پلانت لەبەردەستدا بێت، دەبێت بودجەت لەبەردەست بێت، وەزارەتی پلاندانان چییە؟ ئەو هاوكارە لەگەڵ سێكتەرەكانی تر، پێشووتر پلانی 10 ساڵی هەبوو بە ناوی دیدگای 2020، بەڵام چەندین هۆكار هاتوونەتە پێش، لەوانە شەڕی داعش و نەبوونی پارە و بودجە و كێشە لەگەڵ بەغدا، هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەر، هەموو ئەوانە وای كردووە نەتواندرێت پلانەكان جێبەجێ بكەین".


زیاتر گوتیشی: "دانانی پلان لەوانەیە زیرەكیی بوێت و ئاسان نەبێت، بەڵام جێبەجێكردنی پلان زۆر زەحمەتترە، بە تایبەت ئەگەر بودجەت لەبەردەستدا نەبێت".


ئەو روونیشی كردەوە، هەر شتێك پەیوەندیی بە دروستكردنەوە هەبێت، بەتایبەت لە پڕۆژەدا، ئەوا وەزارەت و فەرمانگەكانی حكوومەت بۆ وەزارەتی پلاندانان دەگەڕێنەوە، گوتیشی: "بۆ نموونە رەسیفی شەقامێك، كە بچووكترین شتە، لەگەڵ دروستكردنی بەنداوێك، كە گەورەترین پڕۆژەیە، هەمووی دەبێت وەزارەتی پلاندانان رەزامەندیی لەسەر بدات، چونكە بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەكان لە وەزارەتی پلاندانە".


ئاشكرای كرد، دەستیان بە پلانێك كردووە بۆ 10 ساڵی داهاتوو، ئەویش پێكدێت لە دیدگای وەزارەتی پلاندانان، دەشڵێت: "ئەو پلانە 10 ساڵییە زۆر گرنگە، دەمانەوێت لە ماوەی 4 ساڵی ئەو كابینەیەدا، لە هەموو سێكتەرەكان پلانەكە بەرەو پێش ببەین".


دارا رەشید، هاتە سەر پڕۆژە وەستاوەكان و كاركردن بۆ دەستپێكردنەوەیان لە كابینەی نۆیەم و گوتی: "لە كابینەی نۆیەم بە چەند قۆناغێك دەست كرا بە دووبارە كاركردنەوە لە پڕۆژە وەستاوەكان، ئەو پڕۆژانەی 85%یان تەوا بووبوون، ئەوا پارەمان بۆ 77 پڕۆژە تەرخان كرد، ئەو پڕۆژانەیشی 75%یان تەواو بووە، پارە بۆ 35 پڕۆژەیان تەرخان كرا، هەروەها تەمویلێكی 15 ملیار دیناریمان هێنا بۆ 15 پڕۆە، لە ماوەیەكی كەمیشدا شەقامی 100 مەتری لە سلێمانیش دەست پێدەكات، هەروەها ژمارەیەك پڕۆژەی تریش لەژێر دیراسەدان، بۆ ئەوەی پارەیان بۆ دابین بكرێت و تەواو بكرێن".


ئاماژەی بەوەش دا، بۆ پڕۆژەی پێشنیازكراویش ئێستا خەریكی بەرنامەیەكن، گوتی: "لەگەڵ فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ دەكەین، هەموو وەزارەتەكان كارنامەی چوار ساڵی خۆیان بۆ ناردووە، دواتر بۆ ئێمە دەنێردرێت، پاشان بەپێی پێویست پارەی بۆ تەرخان دەكرێت".


وەزیری پلاندانان ئاشكراشی كرد، بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، زیاتر لە دوو هەزار و 500 پڕۆژە وەستابوون، كابینەی نۆیەم هیمەتێكی باشی بۆ دەستپێكردنەوەیان کردووە، دەشڵێت: "لە كابینەی نۆیەمدا بە سێ قۆناغ 150 پڕۆژەی بودجەی وەزارەتەكانمان بەگەڕ خستووەتەوە، هەروەها لە بودجەی پەرەپێدانی پڕۆژەی پارێزگاكانیش 100 پڕۆژەمان بەگەڕ خستووەتەوە".


پێشووتر چەند مانگ جارێك بڕی 10 ملیۆن دۆلار دەدرایە بەڵێندەران، بەڵام ئێستا ئەو بابەتە نەماوە، ئەو لەمبارەیەوە گوتی: "میكانزمی كارەكە گۆڕاوە، ئێستا تەمویلی نەختینە هەیە و بە كاش پارەیان بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان پێ دەدرێت، پێشووتر چەند مانگ جارێك پارە دەدرا، ئێستا تەمویلەكە بەردەوامە، نامانەوێت پڕۆژەكان بوەستن، بەڵكوو دەمانەوێت تەواو بكرێن، ئەگەر بوەستن بۆ كۆمپانیا و حكوومەتیش زیانە".


دارا رەشید، تیشكی خستەسەر پرسی دامەزراندنی فەرمانبەران و میلاكی تازە و روونی كردەوە، دامەزراندن دەوەستێـتە سەر دۆخی دارایی حكوومەت: "گرێبەستی مامۆستایان بووە بە دامەزراندنی هەمیشەیی، ئەگەرچی بارگرانی بوو لەسەر حكوومەت، بەڵام پێویست بوو، چونكە مامۆستاكان مافیان وەك پێویست نەبوو، بۆ ئەوەی قوتابخانەكان كێشەیان بۆ دروست نەبێت ئەو كارە كرا، ئەگەر بودجەی 2020ی عێراق پەسند بكرێت، ئەوكات حكوومەت دێتە سەر پرسی بە هەمیشەیی كردنی فەرمانبەرانی گرێبەستیش".


باسی لە ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "ئامادەكاری لەگەڵ حكوومەتی عێراق بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لەمساڵدا، ئامادەكارییەكان بەردەوامن، بەڵام هەندێك كێشەمان هەیە لە ناوچە كوردستانییەكان، دەمانەوێت میكانزمێك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستانی ئەو ناوچانە ستەم و غەدریان لێ نەكرێت، وەكوو چۆن لە سەرژمێرییەكانی پێشوو غەدریان لێ كراوە و هەمووی سیاسی بووە، ئەگەر لەگەڵ بەغدا لەسەر میكانزمی ئەنجامدانی سەرژمێری لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بگەینە رێكکەوتنی كۆتایی، ئەوكات دەكرێت لە كۆتایی ئەمساڵ سەرژمێری بكرێت".


وەزیری پلاندانان هاتە سەر كاروبارەكانی كابینەی نۆیەم و ستافی حكوومەت و گوتی: "جەنابی سەرۆكی حكوومەت دەسەڵاتی تەواوی داوەتە وەزیرەكان، بۆ ئەوەی كاروبارەكان بەڕێوە بچن، جیاكاری لەو كابینەیەدا ناكرێت، بۆ نموونە لە بودجەی پەرەپێدان رێژەی تەمویلی پڕۆژەكانمان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان لە هەندێك پڕۆژە بۆ 50% زیاد كردووە، كە بەگوێرەی رەقەمەكانی پێشوو دەبوو 35%بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ كەس دەستوەردانی نەكردووە و دەستخۆشیشمان لێ كراوە".


زیاتر گوتیشی: "لەم كابینەیەدا بە هیچ جۆرێك ناوچەگەری نییە و حكوومەت هەموو هەرێمی كوردستان وەكوو یەك سەیر دەكات، خەڵكانێك زۆر گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد، كابینەی نۆیەم كابینەیەكی سەركەوتوو نابێت، بەڵام ئەو گرەوانە بەپێچەوانە دەرچوون، من وەكوو وەزیرێكی یەكێتی، وەكوو ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتییش لە ئەدای سەرۆكی حكوومەت زۆر رازین و کابینەی نۆ كابینەیەكی سەركەوتووە".