وەزیری داد: یاسایەكی تایبەت بە خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان دەردەكرێت

"ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوێك بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەردەكا، داواكاری گشتیش لە جێبەجێكردنی رۆڵی دەبێت"

12/02/2020 - 16:47 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

فرسەت ئەحمەد، وەزیری داد لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، چەندین پرسی پەیوەست بە وەزارەتەكەی و پرسی سەروەریی یاسا و كابینەی تازە دەخاتە ڕوو. رای دەگەیەنێت، یاسای چاكسازی دەچێتە واری جێبەجێكردن و ئەنجوومەنی وەزیرانیش پەیڕەوێك بۆ جێبەجێكردنی دەردەكا. ئاشكراشی دەكات سەرۆک وەزیران، ئیرادەیەكی بەهێزی هەیە و زۆر پێداگرە لەسەر جێبەجێكردنی یاسا، رایشی دەگەیەنێت، هەموو وەزیرەكانی ئەم كابینەیە هەست بە رۆحی کاری یەك تیمی لە ئیشوكارەكانیاندا دەكەن.


سەرەتا باسی لە چۆنیەتیی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كرد و گوتی: "یاسای چاكسازی لە رۆژنامەی (وەقایع)ی كوردستان بڵاو كرایەوە، یاساكە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە، ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوێك بۆ جێبەجێكردنی یاساكە دەردەكات، دوای ئەوە هەر رۆڵێك بە ئێمە بدەن، ئێمە جێبەجێی دەكەین، داواكاری گشتیش لە جێبەجێكردنی یاساكە رۆڵیان دەبێت و ئێمەش پشتیوانییان دەكەین".


وەزیری دادی هەرێمی کوردستان پێیشی وایە: "یاسای چاكسازیی مووچە و دەرماڵە و خانەنشینییە، یەكێك لە یاسا هەرە گرنگەكانە و یەكێكیشە لە ئامانجەكانی حكوومەت، لەدوای ئەو یاسایە یاسای تریش تایبەت بە چاكسازی لە بوارەكانی تر دەردەكرێن، بۆ ئەوەی كەموكوتییەكان چاك بكرێن".


زیاتر گوتیشی: "چاكسازی تەنیا لە مووچە و خانەنشینی كورت نابێتەوە، بەڵكوو لە كارگێڕی و ئابووری و داهات و چەندین لایەنی تر چاکسازی دەکرێت، چاكسازی پڕۆسەیەكە بە ساڵێك و دوو ساڵ و سێ ساڵ تەواو نابێت، بەڵكوو درێژخایەنە و لەگەڵ ژیانی حكوومەتدا بەردەوام دەبێت".
سەبارەت بەو پڕۆژە یاسایانەی حكوومەت بۆ پەرلەمان دەیاننێرێت، گوتی: "كاتێك پڕۆژیەك لە وەزارەتێك بۆ ئێمە دێت، ئێمە بۆ ئەنجوومەنی شوورای دەنێرین، ئەوان پێداچوونەوە لە بابەتەکە و چوارچێوەی داڕشتنەكەی دەكەن، پاشان دەدرێتەوە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانیش لە رێگەی لیژنەیەكەوە پێداچوونەوەی تێدا دەكات، ئینجا پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت، كە رەزامەند بوون، ئەوكات دەدرێتە پەرلەمان، پەرلەمانیش ئازادە چۆن گۆڕانكاریی تێدا دەكات".


جەختیشی كردەوە، بەڕێز مەسرور بارزانی، وەكوو سەرۆكی حكوومەت، لە یاسا و سەروەریی یاسا دەكاتەوە، دەشڵێت: "كاك مەسرور، لە هەموو كۆبوونەكان جەخت لە سەروەریی یاسا و جێبەجێكردنی یاساكان و چاکسازی دەكاتەوە، ئیرادەیەكی بەهێزی هەیە و زۆر سوورە لەسەر جێبەجێكردنی یاسا، ئەم ئەركەش تەنیا ناكەوێتە ئەستۆی سەرۆكی حكوومەت، بەڵكوو بەرپرسیارێتیی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەرییەوە، بگرە لە سەرۆكایەتییەكانیانەوە تا بچووكترین بەشی كارگێڕی، هەروەها بەرپرسیارێتیی هاووڵاتییانە لە پابەندبوون بە یاساكانەوە".


فرسەت ئەحمەد روونیشی دەکاتەوە: "هەموو وەزیرەكان هەست بەوە دەكەن وەكوو یەك تیم ئیشوكارەكان دەكرێت، هەموویان بە دڵگەرمییەوە لە هەوڵدان بۆ راپەڕاندنی ئیشوكارەكان".


فرسەت ئەحمەد، هاتە سەر بایەتی دادگاكان و ئەو گلەییانەی جار بەجار لە دادگاكان هەیە، گوتی: "هیچ دەزگایەك بێ كەموكورتی نابێت، لە دادگاكانیش كەموكورتی هەیە، ئەگەر دادگاكان كێشە و كەموكورتییان هەبێت، دەبێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن چارەسەریان بكات، ئەگەر یاسایەك كەموكورتیی تێدابێت، پێویستە هەموار بكرێتەوە، هەندێك تۆمەت هەیە ئاڕاستەی دادگاكان دەكرێت هیچ بنەمایەكیان نییە، هەندێك رەخنەش دەگیرێت لەوانەیە حەق بن، هەندێكیش هەیە زێدەڕۆیی تێدایە و كێشەكان بەو جۆرە نین".


وەزیری داد، قسە لەبارەی چارەسەركردنی كەمورتیییەكانی یاسای خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان دەكات و ئاشكرای دەكات، ئەنجوومەنی وەزیران خەریكی پڕۆژەیاساكە بۆ دەركردنی یاسایەكی خانەنشینیی یەكگرتوو، گوتیشی: "یاسایەكی تایبەت بە خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان دەردەكرێت، لەو یاسایەدا كەموكورتییەكانی ئێستای خانەنشینی چارەسەر دەكرێن، پڕۆژەكە كاری لەسەر دەكرێت، هەوڵ دەدرێت یاسایەكی تازە و باش بێت و بە سوودی فەرمانبەران و مووچەخۆران بێت و دادپەروەریی تێدابێت".


سەبارەت بە ئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەی عەریزەنووسی و گلەیی هاووڵاتییان لەبەرامبەر وەرگرتنی 15 هەزار دینار بۆ هەر مامەڵەیەك، گوتی: "كە گلەییەكان دەكران، ئەوكات لە سیستەمی ئەلیكترۆنیكردنی دادنووسی تێنەگەیشتبوون، سەرەتا پارەكە 25 هەزار دینار بوو، زۆر بوو، دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران، 25 هەزار دینارەكە كەم كرایەوە بۆ 15 هەزار دینار، پێش ئەوەی سیستەمەكە بكرێتە ئەلیكترۆنی هاووڵاتی بۆ هەر مامەڵەیەك 15 هەزار دیناری دەچوو، بۆیە ئێستا كاروبارەكان رێك خراون و كێشە و كەموكورتییەكانیش نەماون".


زیاتر لەسەر ئەو بابەتە قسەی كرد و گوتی: "وەكوو جاران نییە، هاووڵاتی بۆ مامەڵەكەی لەبەر باران و هەتاو بوەستێت و نۆرە بگرێت، ئێستا لە شوێنێكی باش دادەنیشێت و بە ماوەیەكی كەم مامەڵەكەی بۆ تەواو دەكرێت و پێی دەدرێتەوە".


ئەو رەتی كردەوە ئەو 15 هەزار دینارە كەمتر بكرێتەوە، چونكە پێی وایە، ناكرێت لەوە كەمتر بێت، گوتیشی: "ئەو كۆمپانیایەی كارەكە دەكات، پارەی سیستەم و فەرمانبەرانی دەدات و باڵەخانەكانیش ئێمە بە كرێمان گرتبوون و كۆمپانیاكە كرێیەكانی دەدات، هەروەها كەموكورتیی باڵەخانەكانی دادنووسی، كە بینای حكوومەتە، كۆمپانیا لەسەر خەرجیی خۆی چارەسەریان دەكات، هەروەها دۆسێكان پارێزراو دەبن و ساختەكاریش ناكرێت و دۆكیۆمێنتەكانیش پارێزراو دەبن".