نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا: له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا گرووپی دۆستایه‌تیمان هه‌یه

"به‌ریتانیا دەخوازێت په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان له‌ گه‌شه‌کردندا بێت"

05/02/2020 - 16:57 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

کاروان جەمال، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، کە لەسەر پشکی (یەکێتیی)یە، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا قسە لەسەر چەند پرسێکی پێوەست بە نوێنەرایەتییەکەیان دەکات و رای دەگەیەنێت، سە‌رۆک وه‌زیرانی بەریتانیا کوردی خۆش ده‌وێت و هه‌رێمی کوردستان به‌ دوورگه‌یه‌کی ئارامی و دیموکراسی وه‌سف ده‌کات. ئەوەش دەخاتە ڕوو، لە پەرلەمانی بەریتانیا لە هەموو پارتەکان گرووپێکی دۆستایەتی بۆ هەرێمی کوردستان دروست بووە.


سەرەتا باسی لە ئیشوکارەکانی نوێنەرایەتییان لە بەریتانیا کرد و ئاماژەی بەوە دا، کاره‌کانیان له ئاستێکی باشدایه‌ و ئامادەبوونێکی دیبلۆماسیی به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ناو سلکی دیبلۆماسی له‌ به‌ریتانیا، گوتی: "نوێنه‌رایه‌تیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا، په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌سه‌ر ئاست و بواری جیاجیایه‌، له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومە‌نی لۆرده‌کان، نوێنه‌رایه‌تیی به‌رده‌وام و ڕۆژانه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر په‌رله‌مانتار و لۆرد هه‌یه‌ و به‌ به‌رده‌وامی پرس و بابه‌ته‌کانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ په‌رله‌مان باس ده‌کرێت، به‌ ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی زیاتر بۆ هه‌رێمی کوردستان".


زیاتر گوتیشی: “له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیاش گرووپی دۆستایه‌تیمان هه‌یه،‌ که‌ پێکهاتووه‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی گشت پارته‌کانی په‌رله‌مان بۆ دۆستایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان و ساڵانه‌ سه‌ردانی هه‌رێم ده‌که‌ن، به‌ مه‌به‌ستی له‌نزیکه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ڕه‌وشی سیاسی و ئابووری و پێشکه‌وتنه‌‌کانی هه‌رێمی کوردستان".


ئەوەشی خستە ڕوو،. له‌سه‌ر ئاستی حکوومه‌ت په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ ئاستێکی زۆر باشدایه‌: "هه‌میشه‌ ده‌یانه‌وێت گوێیان له‌ تێڕوانین و بۆچوونه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بێت، له‌مه‌ڕ بابه‌ته‌کانی ناوچه‌که‌ و ڕۆڵی هه‌رێمی کوردستان به‌رز ده‌نرخێنن".


دووپاتیشی کردەوە، نوێنه‌رایه‌تیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی زۆر باشی له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌کانی هزریدا هه‌یه‌ له‌ به‌ریتانیا، که‌ ڕۆڵ و گرنگیی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ له‌ داڕشتنی سیاسه‌ت و وه‌ک ئامرازێکی دروستکردنی بڕیار لێیان ده‌ڕوانرێت.


کاروان جەمال، هاتە سەر ئەوەی، کە سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا دۆستی کوردە و گوتی: "سه‌رۆک وه‌زیرانی بەریتانیا کوردی خۆش ده‌وێت، که‌ شاره‌داری له‌نده‌ن بوو سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستانی کرد، په‌یوه‌ندییه‌کی باشی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان و هه‌رێمی کوردستان به‌ دوورگه‌یه‌کی ئارامی و دیموکراسی وه‌سف ده‌کات، ده‌خوازێت هه‌رێمی کوردستان به‌هێز بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ڕۆڵی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا بۆ ئاشتی و ئارامی و به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون ببینێت".


بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوومەت لەبارەی ڕه‌وه‌ندی کوردستانی، گوتی: "ڕه‌وه‌ندی کوردستانی له‌ به‌ریتانیا ڕه‌وه‌ندێکی زۆر گه‌وره‌یه‌ و چالاکن و له‌ زۆربه‌ی کایه‌کانی ژیان به‌شدارن، تاڕاده‌یه‌ک توانیویانه‌ کاری لۆبیکردن بکه‌ن، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م لۆبیکردنانه‌ پێویستیان به‌ ڕێکخستن و ئاراسته‌کردن هه‌یه‌، که‌ پێویسته‌ زیاتر لۆبی نیشتمانی بن، له ‌نه‌وه‌ی نوێدا زۆر که‌سی به‌هره‌مه‌ندیان تێدا هه‌ڵکه‌وتووە له‌ بواره‌کانی هونه‌ر و وه‌رزش و شێوه‌کاری و زانستی و خه‌ڵاتیان به‌ده‌ست هێناوه‌، کوردانی به‌ریتانی به‌گشتی له‌ بزنس و له‌ سیاسه‌تدا به‌شدارن".


جەختیشی کردەوە، بەریتانیا پەیوەندیی بازرگانیی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و دەیەوێت بەهیزتری بکات، دەشڵێت: "بەریتانیا هه‌میشه‌ خواستی هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان له‌ گه‌شه‌کردندا بێت، به‌ڵام زۆر جار ژینگه‌ و دۆخی ناوچه‌که‌، کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییەدا‌ دەبێت، ساڵانی ڕابردوو ڕووبه‌ڕووی ژماره‌یه‌ک قه‌یرانی گه‌وره‌ بووین و به‌شێوه‌یه‌کی گشتی تێمان په‌ڕاندوون و ئومێدمان هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی و پرده‌ ئابووری و بازرگانییه‌کان گه‌شه‌ بکه‌ن".


پەیوەست بە کاروباری پێدانی ڤیزای بەریتانیا بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، رای گەیاند: “ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌نه‌ فه‌رمییه‌کانی به‌ریتانیا له‌سه‌ر پرسی ڤیزا ده‌یبیستین ئه‌وه‌یه ‌که‌ زۆر له‌ گرفته‌کان په‌یوه‌ندییان به‌ شێوازی پیشکه‌شکردنی ڤیزا‌ و به‌ڵگه‌کانەوە هه‌یه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی گشتی سیستمی ڤیزا‌ی به‌ریتانیا سیستمێکی سه‌ربه‌خۆیه‌ و هه‌ندێک ئاڵۆزه‌، به‌ڵام که‌سی پێشکه‌شکار ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی پابه‌ندی ڕێنماییه‌کانی پیشکه‌شکردن بێت و تەواوی به‌ڵگه‌کانی، که‌ پێویستن و داوایان کردووه‌، به‌بێ که‌موکوڕی پێشکه‌ش بکه‌ن، ئه‌وا هیچ کێشه‌یه‌ک له‌ پێدانی ڤیزا‌دا نابێت، به‌ڵام بچووکترین هه‌ڵه‌ له‌ فۆڕم و به‌ڵگه‌کان، ئه‌وا یه‌کسه‌ر داواکارییه‌که‌ ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ که‌سی پێشکه‌شکار له‌ دۆکۆمێنته‌کانیدا ورد بێت، بەڵام به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون هه‌یه‌ و رێژه‌ی پێدانی ڤیزا‌ به‌ به‌راورد به‌ ساڵانی پێشوو زیادی کردووه‌".


جەختیشی کردەوە، دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، کاریگەریی لەسەر کوردانی ئەو وڵاتە نابێت، کە ئیقامەیان نییە: "بەریتانیا سیستەمی تایبەت بە پەنابەریی خۆیان هەیە، لەدەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاش بن، هەر پابەندی سیستەمی ئیقامەی خۆیانن و هیچ کاریگەرییەکی بۆ سەر ئەو کەسانە نابێت".