ئەندامێکی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق: 900 ملیار دۆلار گەندەڵی لە عێراقدا كراوە

"نووسراوەكەی جێگری سەرۆكی لیژنەی نەزاهە بۆ راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، ئیعتیباری نییە و نایاساییە"

22/01/2020 - 16:19 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

هەندرێن لەزگین دۆسكی، ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، لەبارەی دۆسێكانی گەندەڵی لە عێراق چەندین زانیاری ئاشكرا دەكات و رای دەگەیەنێت، ئەو نووسراوەی لە لیژنەكەیان بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەرچووە نایاساییە و سەرۆكی لیژنە و ئەندامانیش ئاگایان لێی نەبووە. ئاشكراشی دەكات، بایی 900 ملیار دۆلار گەندەڵی لە عێراقدا كراوە.


سەرەتا باسی لەو نووسراوە كرد، كە لەلایەن لیژنەی نەزاهە لە 15ی 1ی 2020 دەركراوە و بۆ وەزارەتی دارایی نێردراوە، بۆ راگرتنی ئەو بەشە پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەنێردرێت، گوتی: "ئەو نووسراوە لە لایەن جێگری سەرۆكی لیژنەی نەزاهە كراوە، سەر بە كوتلەی حیكمەیە و شیعەیە، ئەو بابەتە لە كارنامەی كۆبوونەوەكانی لیژنە باس نەكراوە رەزامەندیی ئەندامانی لیژنە وەرنەگیراوە و دانوستاندن و دەنگدانی لەسەر نەكراوە و هیچ باس نەكراوە، بۆیە هیچ ئیعتیباری نییە و نایاساییە".


زیاتر گوتیشی: "14ی 1 دوایین كۆبوونەوەی لیژنە بوو، نووسراوەكە لە 15ی 1 دەرچووە، رۆژی 15ی مانگیش ئێمە كەوتینە نێو پشووی تەشریعی، بۆیە ئەو نووسراوە پێشێلكردنی قانوونییە، وەزارەتی دارایی عێراق بەپێی رێكکەوتنی ساڵی رابردوو پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت و كارێكی یاسایی دەكەن".


ئەو دڵنیایی دایە فەرمانبەرانی كوردستان، مووچەی ئەوان لە بەغداوە نابڕدرێت، گوتیشی: "تا ئێسا بودجەی 2020 نەهاتووە بۆ پەرلەمان، بۆیە حكوومەت كاری خۆی لەسەر رێككەوتنی بودجەی ساڵی رابردوو دەكات و ئەو 452 ملیار دینارەی ساڵی رابردوو مانگانە بۆ مووچەخۆرانی كوردستان دەنێردرا، بەردەوام دەبێت تاوەكوو بودجەی 2020 دەردەچێت، بۆیە ئەو نووسراوەی جێگری سەرۆكی لیژنەی نەزاهە هیچ كاریگەرییەكی نابێت، لەگەڵ وەزارەتی دارایی قسەمان كردووە و پێمان راگەیاندوون، ئەو نووسراوە نایاساییە، ئێمەش وەكوو لیژنە لە كۆبوونەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە دەكەین و رێگە نادەین بە ناوی 23 كەسی لیژنە ئەو كارە بكرێت، لەگەڵ سەرۆكی لیژنەش قسەم كرد، ئەویش ناڕەزایی خۆی لە دژی ئەو نووسراوە دەربڕی".


دۆسكی باوەڕی وایە، ئەو هەڵوێستەی ئەو پەرلەمانتارە بۆ هەڵوێستی كوتلە كوردستانییەكان دەگەڕێتەوە، كە بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانیان كرد لە كۆبوونەوەی بڕیاردان لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.


ئەو هاتە سەر دۆسێكانی گەندەڵی، كە لە لای لیژنەكەیانە و روونی كردەوە، بە هەزاران دۆسێی گەندەڵییان لەلایە، دەشڵێت: "چەند لیژنەیەك لەسەر دۆسێی گەندەڵی لە گرێبەستە نەوتییەكانی وەزارەتی نەوت پێكهاتووە، هەروەها دۆسێی گەندەڵیی كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیای نەوتی بەسڕە لەلامانە، چاوخشاندنەوە بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەدا دەكەین، کە لە ساڵی 2015وە كراون".


ئاماژەی بەوەش دا: "لە راپۆرتی شەفافیەتی نێودەوڵەتیدا، لە 182 دەوڵەتی جیهاندا، عێراق لە ریزبەندی وڵاتە هەرە گەندەڵەكان و خراپترین وڵاتەكانە".


ئەندامەكەی لیژنەی نەزاهەی ئاشكرای دەكات: "لە عێراق 900 ملیار دۆلار گەندەڵیی بەفیڕۆدانی پارە كراوە". گوتیشی: "لەو پارەیەدا 600 ملیار دۆلار لەو پڕۆژانە بەفیڕۆ دراوە، كە پارەیان بۆ تەرخان كراوە، بەڵام پڕۆژەكە دیار نییە، بەشێكی تریش لەو بەفیڕۆدانە بۆ ئەو پڕۆژانە دەگەڕێتەوە، كە بە گەندەڵی دروست كراون، لەوەشدا 300 ملیار دۆلار بەفیڕۆ دراوە، بۆ نموونە، پڕۆژە هەبووە یەک ملیۆن دۆلاری تێچووە، بەڵام 10 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج كراوە".


هەندرێن دۆسكی، لە قسەكانیدا باسی لەوە كرد، ئەگەر ئەم هەموو پارە زۆرە بەفێڕۆ نەدرایە و گەندەڵی بەو جۆرە نەبوایە، ئێستا دۆخی عێراق بەم رۆژە نەدەگەیشت، گوتیشی: "ئەگەر 50%ی ئەو پارەیە بەفیڕۆ نەدرایە و بۆ خزمەتگوزاری و پڕۆژە خەرج بكرایە، دۆخەكە بەم جۆرە نەدەگەیشت و خەڵك نەدەهاتە سەرشەقام، ئەو گەندەڵییانەی كراون، كەڵەكەبووی 16 ساڵی رابردوون".


ئەو باس لە دۆسێیەك دەكات و دەڵێت: "ئەوەی سەیرە ئەوەیە لە چەندین شوێن بەدواداچوونمان بۆ پڕۆژەكان كردووە، بۆ نموونە لە شوێنێك 15 ملیۆن دۆلار بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەك خەرج كراوە، سەردانمان كردووە، تەنیا ژوورێكیش دروست نەكراوە".


راشی دەگەیەنێت، كاركردن لە دۆسێكانی گەندەڵی لە عێراق زۆر زەحمەت و ئەستەم بووە، چونكە ئیرادە نییە و یاسا سەروەر نییە، گوتیشی: "میلیشیاكان و ناوەندەكانی هێز دەستوەردان لە دادگا و یاساكان دەكەن و هەموو شتێك پێشێل دەكەن، ئەوەش كاركردنی لە بواری بەرەنگاریی گەندەڵیدا زەحمت كردووە".


ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشی كرد، لەنێو حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەرگریدا ژمارەیەکی زۆر بندیوار هەن، گوتیشی: "لەنێو دەستەی حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ، زۆر بندیوار هەیە، رەوا نییە 3 ملیۆن كەس تەنیا لەنێو وەزارەتی ناوخۆ مووچە وەربگرن".


لەبارەی چارەنووسی دۆخی عێراق و پاشەڕۆژی خۆپیشاندانەكان، دۆسكی دەیگوت: "هیچ رۆئیایەكی روون بۆ پاشەڕۆژی عێراق نییە، ئەو دۆخە ئاڵۆز و فەوزایەی هەیە، لە بەرژەوەندیی گەندڵكاران و تاوانباراندایە، ئەگەر خۆپیشاندانەكان بەم جۆرە بن و دامودەزگاكان كارا نەبن، ئەوا دەستدرێژی بۆ سەر موڵك و سامانی گشتی زیاتر دەبێت".