مستەفا زڵمی: کە کرامە راگری کۆلێژی سەدام زۆر نیگەران بووم

دیدارێكی بڵاونەكراوەی بیرمەندى كورد پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی - 3

 

02/12/2019 - 15:09 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

(باس) کەمێک لەو دێمەوە سەر پرسیارێکی تر، بۆچوونت بەرامبەر مامۆستا مەلا عەبدولكەریم مودەڕیس چۆن بوو، ئایا خزمەتەکانی ئەو بیرمەندە چۆنە؟
مستەفا زەڵمی: مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس ناوێكی ناودار و هەڵكەوتوو بوو لەناو كوردەواریدا، عەقڵ و بلیمەتی و شارەزاییەكی زۆری هەبوو، ئەمەش بۆ ئەو ئەزموون و شارەزاییە دەگەڕایەوە كە مامۆستا لە بوارەكانی ئایندا هەیبوو، زیاتر لە 100 مامۆستای ئایینیی گەورە مۆڵەتی مامۆستاییان لەو وەرگرتووە كە هەندێكیان تا ئەمڕۆش لە ژیاندا ماون، لە بواری وانەگوتنەوەشدا نزیكەی 70 ساڵ خزمەتی كرد، ئەم مامۆستایە كە بووە سەرۆكی رابیتەی زانایانی عێراق و تەنیا مەرجەع بوو لە ئیفتاردا، بۆ كورد جێگەی ئیفتیخار بوو، چونكە لە تەمەنی خۆیدا خزمەتێكی گەورەی كردووە، لە بواری نووسیندا زیاتر لە 40 كتێبی هەیە، بۆ نموونە قورئانی بۆ سەر زمانی كوردی وەگێڕاوە و فیقهی شافیعیی كردووە بە كوردی و شیعرەكانی مەولەویی شەرح كردووە، كەچی پاداشتەكەی ئەوەبوو مامۆستا عەبدولكەریم كە سەرەتا لە بیارە وانەی دەگوتەوە خزمەتێكی زۆری دەكرد، بەداخەوە هەندێك كەس بوونە هۆكاری ئەوەی مامۆستا دەربكەنە دەرەوە، دواتر هاتە سلێمانی و لەوێش خزمەتێكی زۆری كرد و وانەی بە مەلا دەگوتەوە، لەوێش هەندێك كەس گرفت و كێشەیان بۆ نایەوە و ناچار چووە داقووق كە شوێنێكی زۆر دواكەوتوو بوو، ئەو سەردەمە مامۆستا شێخ عەلی باوكی د. نووری تاڵەبانی نەیهێشت بچێتە ئەو شوێنە خراپە و هێنایە تەكێكەی خۆی، تا شێخ عەلی تاڵەبانی زۆری خزمەت كرد و قوتابخانەیەكی بۆ دانا، پاشان ئەوێشی جێ هێشتوو چووە ​بەغدا.
بە شێوەیەكی گشتی ئەو كتێب و وەرگێڕان و نووسین و شەرحكردنانە لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە، كارێكی گەورە بووە بۆ كورد، ئەمە وێڕای پێگەیاندنی زیاتر لە 100 مامۆستای ئایینی كە لە گوندەكانی كوردستاندا خزمەتیان كردووە.

 

(باس) لەبارەی هێنانی فكری ئیخوانی موسلمین بۆ ناو کوردستان بۆچوونت چۆنە، بەتایبەتی كە باس لەوە دەكرێت گوایە چەند كەسێك لەناویاندا ئەو فكرەیان هێناوەتە كوردستان؟
مستەفا زەڵمی: كاتێك من لە ساڵی 1945 تا 1955 مەلا بووم لە سلێمانی، هەندێك فەقێ هەبوون لە مزگەوتەكان مەلاكانیان زیرەك نەبوو، فەقێی ئەو مەلایانە دەهاتن لای من وانەیان دەخوێند، ئەمە لای مەلاكان ئاشكرا بووبوو و پێیان خۆش نەبوو، ئەو سەردەمە بە فەقێكانم گوت ئێوە كە دوای عیلم كەوتوون گەلێك بەهێزترن لەوانەی بەدوای كۆلێژ و بڕوانامەوەن، بەڵام تەنیا یەك كەموكورتیتان هەیە زانیارییە گشتییەكانتان كەمە، وەرنە مزگەوتەكەی من با ئەو وانانەتان پێ بڵێم، ئەو سەردەمە لە سەرەتای پەنجاكان لە مزگەوتی بن تەبەق سەبوورەیەكم كڕی و لە سلێمانی دامنا، لەبەر ئەوەی ئەهلی گەڕەك منیان خۆش دەویست بەئاسایی وەریانگرت، چونكە ئەو كاتە سەبوورە دانان لە مزگەوتدا بە كفریان دەزانی، زانیاریی ئیسلامی و نائیسلامی گرنگ بوو بۆ فەقێكان، ئێوارەی دووشەم و پێنجشەم فەقێكان دەهاتن و وانەم پێ دەگوتن. دوو مانگ تەواو نەبوو كۆمەڵێك لە مامۆستاكانی سلێمانی چوونە لای متەسەریف، ئەو كاتە متەسەریفەكە عەرەب بوو و خەڵكی سامەڕا بوو بەناوی (مساحم ماهر)، گوتیان ئەو مامۆستایە فەقێكانمان كۆ دەكاتەوە و سەرقاڵی حزبێكی تازەیە و وانەی سیاسەتیان پێ دەڵێت، هەندێك تەفسیریان كرد بەوەی وانەی شیوعییەتە و هەندێكی تر وا تەفسیریان كرد بەوەی ئیخوان موسلمینە، تۆمەتباركردنەكەی من بۆ ئیخوان موسلمین لەوێوە دروست بووە، من هاوكاریم لەگەڵ حزبێك كردووە خزمەتی كوردی كردبێت، بەڵام هەرگیز نەچوومەتە حزبێكی بێگانەوە. لە سلێمانییەوە چوومە جەلەولا، ئەوكات فێری ئەوە نەبووم كارێكی قورس بكەم و دوای ئەو خزمەتە زۆرەم كێشم كەم بوو، ئەوكاتەی بوومە ئیمامی سوپا كێشم تەنیا 45 كیلۆ بوو، ئیمام لە ڕووی سوپاوە پلەكەی ئەفسەرە، بەڵام ئەركی موحازەرە و وتاری ئایینی بوو، ئەوكات 12 ساڵ بوو زانیاریی ئیسلامیم دەخوێند و خانوویان دامێ، كاتێك لە سلێمانی بووم مووچەكەم 9 دینار و نیو بوو كە چوومە سوپا بووە 45 دینار، ئەو سەردەمە خانووەكانی ئەفسەران پێشكەوتووترین خانوو بوو كە وەرم گرت.

(باس) چۆن چوویتە كۆلێژی سەدام بۆ وانە گوتنەوە لەكاتێكدا پێشتر چەندین جار دەستگیر كرابوویت (تیبینی: لێرەدا پرسیارێكم لە قرۆفیسۆر زەڵمی كرد لەبارەی كۆلێژی سەدام كە لەوێ وانەی دەگوتەوە، لە بەرامبەر خزمەتكردن و لێهاتووییدا چەندین جار خەڵات كراوە، بەڵام پێی گوتم بەو جۆرەی پێشەوە پرسیارم لێ بكە)؟
مستەفا زەڵمی: كۆلێژی پزیشكی و یاسا بەوەی دوو كۆلێژی نموونەیی بوون و ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا نەبوون، بەڵكوو لە هەموو ئیمتیازاتێكدا ڕاستەوخۆ بەسترابوونەوە بە ئەنجومەنی سەرۆكایەتیی كۆمارەوە. ئەو دوو كۆلێژە دامەزران وەك كۆلێژێكی نموونەیی لە هەموو جیهانی عەرەبی بەوەی قوتابییە دەرچووەكانی نموونەیی بن، تەنانەت مامۆستا و قوتابییەكانیشی نموونەیی بن بەتایبەتی مامۆستاكانی، كە كۆلێژەكان تەواو بوون، سەدام بەدوای ئەو دكتۆر و مامۆستایانەدا گەڕا، ئەوەبوو هەموویانی كۆ كردەوە و بردیاننە كۆلێژەكانی خۆیان، لە بواری یاساش بە هەمان شێوە، یەكێك لەوانە من بووم لەبیرمە لە زانكۆی بەغدا لە پۆلی یەكەوە تا دكتۆرا وانەم لە هەر 6 قۆناغەكە دەگوتەوە، یەكێك هات و گوتی (عەمید) داوات دەكا كە وانەت تەواو بوو وەرە بۆ لاى. كاتێك چوومە لای گوتی لە سەرۆكی كۆمارەوە داوا كراوە بچیت بۆ جادرییە لەوێ سەرۆكایەتیی كۆلێژەكانی لێ بوو، كە چوومە ئەوێ، سەرۆك دیوان هات و سەرنجم دا هەندێك مامۆستای بەناوبانگ و بلیمەتی لێ بوو كە وانەیان بە من گوتبووەوە و ئەوانیشیان بانگ كردبوو، ئەوەبوو مامۆستاكانیان لەوێ هەڵبژارد و سەرۆك دیوانی كۆمار پێی گوتین: كۆلێژی سەداممان دامەزراندووە و ئێوە دێن لێرە وانە دەڵێنەوە، بەڵام تا ساڵێك تەنسیب دەبن و لەسەر كۆلێژە كۆنەكە دەمێننەوە تا وەك (ئەزموونی) لە ماوەی ئەو ساڵەدا چاودێری بكرێن بزانن چەند بەتوانان. من گوتم: وانە بە هەزار قوتابی دەڵێمەوە، ئێوە تەنیا 60 قوتابیتان هەیە چۆن بۆ 60 كەس واز لە هەزار كەس دەهێنن، ئەو گوتی: ئێمە باش دەزانین چەند بەتوانایت، كاتێك گەڕامەوە بە عەمیدم گوت، عەمید ڕازی نەبوو بە تەلەفۆن پێی گوتن دكتۆر مستەفا زەڵمی كۆڵەكەی زانكۆكەی منە چۆن ئێوە دەیبەن بۆ زانكۆیەكی تر، بەڵام قسەی نەیخوارد و ڕەزیلیشیان كرد، بۆیە تەلەفۆنەكەی دانایەوە و گوتی: من ناتوانم بەربەرەكانیی ئەوانە بكەم، لە ساڵی یەكەمدا هەموو مامۆستایەك وانەی خۆی دەگوتەوە و هەموو مامۆستایەك قوتابییەكی ماستەری هەبوو. چاودێریشمان هەفتەی جارێك لەسەر بوو پرسیاریان لە قوتابییەكان دەكرد بەوەی سوود لە كێ وەردەگرن، لەبیرمە سێ كەس هەڵبژێردران كە یەكێكیان من بووم، ئەوەبوو منیان كرد بە ڕاگری كۆلێژەكە و زۆرم پێ ناخۆش بوو، چونكە بردنم بۆ ئەو كۆلێژە و دانانیشم وەك ڕاگر هەمووی بەزۆر بوو و هیچ كات بە خواستى خۆم نەبووە، كاتێكیش سەرۆكی دیوان هات و گوتی: ڕێزت لێ دەنێم و پۆستێكی وەزیفەت دەدەمێ، منیش پێم گوت لەسەر چی ڕێزم لێ دەنێیت؟ گوتی: لەسەر ئەوەی كراویت بە ڕاگری كۆلێژێك بەناوی سەید ڕەئیسەوەیە كۆلێژی سەدام بۆ یاسا. ئەوكات هەموو كۆلێژەكان بەناوی سەدام حوسێنەوە بوو، واتا كۆلێژی سەدام بۆ پزیشك و كۆلێژی سەدام بۆ یاسا، من پێم گوت: هەموو ژیانم مامۆستا بووم و دەمەوێت هەر بە مامۆستایی بمێنمەوە، كاتێك كە شۆڕشی 14ی تەمووز كرا عەبدولسەلام عارف هەڵیبژاردم بۆ وەزیری ئەوقاف، بەڵام نەمكرد و داوای لێبوردنم كرد. گوتیان 3 مانگ سەبر بكە ئێمە قوربانی بە وانەكانت نادەین، ئەوەبوو 3 مانگەكە تەواو بوو سەرۆكى دیوان هاتەوە بۆ لام و پێم گوت: تۆ بەڵێنت دامێ ڕاگر بێنی، سەرۆكى دیوان تەماشایەكی كردم و گوتی: تۆ مرۆڤێكی ناوازەى، خەڵك هەیە قۆندەرە ماچ دەكات لەو جێگەیە بیكەین بە ڕاگر كەچی تۆ دەڵێی نامەوێت. پێم گوت ئەوە من پێت دەڵێم بەهای مرۆڤ بە خۆیەتی بەو كورسییە نییە كە لەسەری دادەنیشێ، تەها محێدین جێگری سەرۆكى كۆمارە، ئەگەر سەدام حوسێن موخەیەرم بكات لەنێوان جێگەكەی ئەو و لە گوندێك كە ئاو و كارەبای تێدا نەبێت ببمە مامۆستا، ئەوا مامۆستایی لەو گوندە هەڵدەبژێرم.


دوای ماوەیەك ڕاگریان هێنا، خۆی هەر ڕاگرێك ئەگەر 6 مانگ بە ڕاگر بمێنێتەوە ئۆتۆمبێلێكیان دەدایە، منیش دوعام دەكرد ئەو ئۆتۆمبێلەم بەنسیب نەكەی، چونكە بۆ مێژوو پێم دەگوترا مستەفا زەڵمی ئۆتۆمبێلێكی لە سەدام حوسێن وەرگرت. یەكێك لە گرفتەكانی دیكەمان وەرگرتنی قوتابیان بوو لە كۆلێژەكە، هەموو ساڵێك 500 قوتابی پێشكەشی كۆلێژەكەمانی دەكرد، كۆلێژەكەی سەدام لە ڕێگەی قبووڵی مەركەزییەوە قوتابیی وەرنەدەگرت، بەڵكوو بەپێی توانا و لێهاتوویی بوو، تەنانەت بەپێی تەوجیهاتی حزبی و سیاسی قوتابیمان وەرنەدەگرت، بەڵكوو تاقیكردنەوەمان دەكرد و لەو 500 قوتابییە تەنیا 60 قوتابیمان وەردەگرت. من كە سەرۆكى بەش بووم، ڕۆژێك یاسایەك دەرچوو و نوسخەیەكم بەدەست گەیشت، پێی دەگوترا وەقایعی عێراقی، كاتێك خوێندمەوە بینیم یاساكە هەڵەیە، بۆیە بۆ سەرۆكى دیوان بەرزم كردەوە كە ئەو یاسایە چاوخشاندنەوەی پێدا بكرێت چونكە هەڵەی تێدایە، ئەویش ڕاستەوخۆ بۆ سەدامی بەرز كردبووەوە، سەدام بڕیاری دەركرد بەوەی لیژنەیەك لە سێ دادوەر و دوو ئوستاز دابمەزرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەم شەخسە بزانن قسەكەی ڕاستە، منیش گفتوگۆم كرد لەگەڵیاندا و پێیان گوتم: ڕاست دەكەی یاساكە هەڵەیە، منیش پێم گوتن نووسراوێك بكەن بەوەی هەڵەیە، دوای هەفتەیەك نووسراو هات (من بدیل) ئەوەبوو بەدیلەكەشم پێ گوتن، دوای هەفتەیەك تەلەفۆنێك هات بەوەی سەدام لە سەرۆكایەتیى كۆمار تۆی دەوێت، بۆیە سبەی دەبێت سەعات 9 لە پرسگەی سەرۆك كۆمار بیت، كاتێك ڕۆیشتم بەڕێوەبەری مەكتەبەكەی ناوی محەمەد بوو بە حەموودی ناو دەبرا كە قوتابیی خۆم بوو، گوتی سەید ڕەئیس داوای تۆی كردووە، منیش نەمدەویست دەستم بكەوێتە ناو دەستی و وێنەم بگیرێت، خوا ڕەحمی پێ كردم و شاندێكی فڕەنسی هاتە لای سەدام و چوونە ژوورەوە، حەموودی پارەیەكی زۆری 25ی چاپی نوێ كە تازە چاپ كرابوو، گوتی سەید ڕەئیس سەلامەت لێ دەكات و میوانی هاتووە و ناتوانێت چاوپێكەوتنەكە بكات، منیش پێم گوت: پارەم ناوێ، گوتی ئەگەر پارەكە وەرنەگریت من و تۆیش تووشی كێشە دەبین ئەوە سەدامە، بەر لە من بە چاوی خۆم بینیم شێخێكی عەشیرەتێك هات سەدام پارەی بۆ دانابوو و نەیویست، سەدام ئەمری كرد دەستگیر بكرێت، چونكە سەدام هەركەسێك پارەی وەرنەگرتایە بە ئیهانەی دەزانی، ئەو دەمە لە سەرەتای هەشتاكاندا 750 دینار بوو، ئەوەبوو جارێكی تر خەڵاتی زانستی سەدام هەبوو و كوڕەكەی عودەی سەرپەرشتیی دەكرد، لە كوردەكان كە خەڵاتی زانستییان دەدانێ و داوەت كرابوون سیان بووین (محەمەدی مامۆستا مەلا عەبدولكەریم – مەسعوودی كوڕی مەلای كۆیە) بوو، لەوێش مەدالیا و خەڵاتی ڕێزلێنانیان داینێ. دواجار سەدام داوای كرد هەرچی لە زانست و لە پسپۆڕایەتی بەرهەمی زانستی خۆی هەبوو بینێرێت بۆ قەسر، من گوتم ئەو سوودەم ناوێ، ڕاگری كۆلێژ پێی گوتم: تووشی گرفتم مەكە، ئەوەبوو لە 500 كەس تەنیا 13 كەس مانەوە، سەدام حوسێن ناوەكەی منی كردبووە یەكەم ناو، لەبەرئەوەی من بەرهەمی زانستیم زیاترە لەوانی دیكە، كاتێك مەرسوومی كۆماری خوێنرایەوە و لە ڕۆژنامە بڵاو بووەوە مستەفا ئیبراهیم زەڵمی یەكەم ناو بوو، خەڵاتەكەش ئۆتۆمبێلێك و حەوت ملیۆنی دیناری چاپ و مەدالیایەكی زێڕ بوو، هەموو ڕۆژێك لە خوا دەپاڕامەوە و دەمگوت خوایە ئەو خەڵاتەمان بەنسیب نەكەیت، چونكە من یەكەم بووم دەبوو من قسەم بكردایە و وەسفی سەدامم بكردایە، كە منیش ئەوەم پێ خۆش نەبوو. ڕاستە تەماع خۆشە و كەس لەو سەردەمەدا نەیدەتوانی ڕەفزی ئۆتۆمبێل و خەڵات بكات، بەڵام من پێم خۆش نەبوو. ئەوەبوو ئەمەریكا سەدامی ڕووخاند.