بەیان سامی عەبدولڕەحمان: ئەمەریكا بەرژەوەندیی ستراتیژیی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە

"كاك مەسرور بارزانی، كاری گەورە لە بواری چاكسازیدا دەكات، بڕیارە گۆڕانكاری لە یاسا و رێنماییەكانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش بكرێ"

27/11/2019 - 16:11 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا. چەندین پرسی گرنگی تایبەت بە ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان وەڵام دەداتەوە. رای دەگەیەنێت، بەشێكی باشی پەیوەندییەكانی خەڵكی ئەمەریكا لەگەڵ كورد، بۆ قوربانییەكانی پێشمەرگە و شەڕی پێشمەرگە لە دژی داعش و باوەشی هەرێمی كوردستانە بۆ ئاوارەكان و بڕوابوون بە ئازادیی ئایینی دەگەڕێتەوە.


سەرەتا باسی لە رۆڵی نوێنەرایەتییەكەیان و كاروبارەكانیان كرد و گوتی: "ئێمە كار دەكەین بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان و لۆبی و پشتگیری پەیداكردن بۆ كوردستان، هەروەها پەیوەندیكردن بە خەڵكی ئەمەریكا و میدیا، ئەویش لە رێگەی میدیا و سۆشیاڵ میدیا و چەندین رێگای تر، وەكوو بەستنی كۆڕ و سمینار".


لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئایا لۆبییەكی بەهێزیان لە ئەمەریكادا هەیە، گوتی: "سەبارەت بە لۆبیی كورد، یان حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ واشتنتۆن، ئێمە پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ ئەندامانی كۆماری و دیموكراتییەكاندا هەیە، ئەمەش شتێكی دەگمەنە، زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم، زۆر خەڵكی بە لۆبی سەرسامن و بەخیلی بە دەستكەوتەكانی ئێمە دەبەن".


باسی لەوە كرد، ئۆفیسەكەیان لە ئەمەریكا ژمارەی كارمەندەكانی كەمە: "ئۆفیسی نوێنەرایەتیی حكوومەت لە ئەمەریكا، تەنیا 7 كارمەندی هەیە، ئەمەش زۆر كەمە و دەكرێت بڵێین بەشێكی بچووكە بەراورد بە نوێنەرایەتییەكانی تری حكوومەت لە دەرەوە، بەڵام هەبوونێكی كاریگەر و هێزێكی كاریگەرمان هەیە لە واشنتۆن، خەڵكی كوردیش پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ خەڵكی ئەمەریكادا هەیە".


ئەو پێی وایە، بەشێكی باشی پەیوەندیی خەڵكی ئەمەریكا لەگەڵ كورد بۆ قوربانییەكانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش دەگەڕێتەوە، دەشڵێت: "بەشێكی باشی پەیوەندییەكانی خەڵكی ئەمەریكا لەگەڵ كورد بۆ قوربانییەكانی پێشمەرگە و شەڕی پێشمەرگە لە دژی داعش دەگەڕێتەوە، ئەوەش ناوبانگی كوردی زیاتر كردووە، هەروەها هۆكارێكی تر، كردنەوەی باوەشی هەرێمی كوردستانە بۆ ئاوارەكان و بڕوابوون بە ئازادیی ئایینی، هەموو ئەوانە كاریگەرییان هەبووە لەسەر خەڵكی ئەمەریكی، كە بەشێوەیەكی ئەرێنی سەیری كورد و هەرێمی كوردستان بكەن".


باوەڕی وایە، رەوەندی كورد لە ئەمەریكا رۆڵێكی گەورەی هەیە لە ناساندن و ئاشناكردنی خەڵكی ئەمەریكا بە گەلی كوردستان".


لە وەڵامی ئەو پڕسیارەی، دۆستەكانی كورد لە ئەمەریكا زیاتر لەنێو خەڵكی گشتیی ئەمەریكادان. یان لەنێو خەڵكە بڕیاربەدەستەكە، بەیان سامی گوتی: "گەلی كوردستان خۆشبەختە دۆستی لەنێو خەڵكی گشتیی ئەمەریكا و حكوومەتی ئەمەریكاشدا هەیە، مەرج نییە گەلانی تر لە هەردوولا دۆستیان هەبێت، خەڵكی واشنتۆن زۆربەیان دەزانن كورد كێن، نامەمان بۆ دێت و تەلەفۆنمان لە ویلاتە جۆراوجۆرەكانی ئەمەریكا بۆ دەكرێت، پشتگیریی خۆیان بۆ گەلی كوردستان دەردەبڕن، لەوەتەی لە نوێنەرایەتیم، سەردانی 20 ویلایەتی ئەمەریكام كردووە، لە هەر ویلایەت و شوێنێكی ئەمەریكا دەبینم كورد دۆستی هەیە".


نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "بێ گومان ئەمەریكا بەرژەوەندیی ستراتیژیی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە، كوردستان بریتییە لە دوورگەیەكی سەقامگیر لە ناوچەیەكی پڕ لە گێژاودا، شوێنێكە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەمریكی، بۆ ئەوەی دەستی بگات بە بازاڕەكانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. خەڵكی كوردستان بەگشتی ئەمەریكییەكانیان خۆش دەوێت و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پێی وایە، ئەمەریكا هاوبەشێكی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری و بوژانەوە، ئەم بایەخە ستراتیژییەی شەراكەت سەلمێندراوە، بە تایبەت لە شەڕی داعشدا، كوردستان شوێنێكی متمانەپێكراوە بۆ چالاكییە كاریگەرەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان، پێشمەرگەش سەلماندی، کە جێگەی متمانەی ئەو شەراكەتەیە".


لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئەمەریكا رێگە دەدات بەوەی سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراق بكەوێتە مەترسییەوە، بەیان سامی گوتی: "ئەمەریكا زۆر بەڕوونی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە پێشهاتەكانی ئەم دواییەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام دیار نییە پلانی ئەمەریكا چییە بۆ پاشەڕۆژی عێراق".


ئەو نوێنەری كورد هاتە سەر رۆڵی مەسرور بارزانی. لە بەهێزكردنی نوێنەرایەتییەكانی حكوومەت لە دەرەوە و گوتی: "جەنابی سەرۆك وەزیران، كاك مەسرور بارزانی، ئیدارەیەكی نوێی هەیە، كاری گەورە لە بواری چاكسازیدا دەكات، لە كابینەكەیدا باسی ئەوە دەكرێت، گۆڕانكاری لەو یاسا و رێنماییانە دەكەن، كەوا پەیوەندیی بە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە هەیە، فەرمانگەی پەیوەندییەكان درەنگ لەنێو حكوومەت دامەزراوە، دەتواندرێت هەندێك لەو چاكسازییانەی كە دەكرێت، كارەكانی پەیوەندییەكان باشتر و رێكوپێكتر بەڕێوە بچن و زیاتر بگونجێن لەگەڵ ئەم كابینەی حكوومەت، ئەمەش گەشەسەندێكی ئەرێنییە بۆ نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە".