د.نەسرین فەخری: مەلا مستەفا كەسایەتییەكی زۆر بەڕێز بوو حورمەتی گەورەی بۆ ئافرەت هەبوو

"داوام لە كاك ئیدریس كرد، چاوم بە باوكی كورد (مەلا مستەفا بارزانی) بكەوێت، ئەویش كاغەزێكی دامێ تا كارئاسانیم بۆ بكرێت"

26/11/2019 - 13:06 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

پرۆفیسۆر د. نەسرین فەخری، نووسەر و شاعیر و میدیاکار و ئەكادیمیی ناسراوی كورد، وێڕای ئەوەی كەسێكی بلیمەت و شارەزا و پسپۆڕ بوو، هاوكات گەنجینەیەك بوو لە زانیاریی مێژوویی قۆناغە جۆراوجۆرەكان، لە تەمەنی و لە زۆر رووداو و كارە زانستى و سیاسییەكان و ئەدەبى و كۆمەڵایەتییەكاندا بەشدار یان ئاگادار بووە. بۆیە لە ماوەى ئەو چەند ساڵەى هاتوچۆم دەكرد، چەندین دیدارم لە تەكدا سازدا، بە تەنیا بەشێكم بڵاو كردەوە كە تایبەت بوو بە سەرکردەی مێژوویی مستەفا بارزانى لە رۆژنامەى (خەبات).
ماوەیەك بەر لە كۆچى دوایى، بە دەنگ دوا دیدارم لەگەڵیدا ساز دا و دەنگەكەى لەلام پارێزراوە. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەمەوە.

(باس) زیاتر لە بواری شیعر و ئەدەب و بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان ناوبانگت دەركردووە، دەكرێ باسێكی كورتی ژیانی خۆتمان بۆ بكەیت؟
د.نەسرین فەخری: هەر كوردێك یاخۆ پێشمەرگەیەك خوێنی دەڕژێت، من لەناو خوێنی ئەودا دەتلێمەوە، لەبیرم دێت كە منداڵ بووم هۆگری هۆنراوە سیاسییەكان بووم، بۆیە كاتێك تەمەنم گەیشتە ناوەندی و دواناوەندی و دواتر گەیشتمە قۆناغەكانی زانكۆ، هەموو هۆنراوەكانی دیوانی یەكەمم سیاسی بوون.

(باس) زیاتر لە چ روانگەیەكەوە ئەم شیعرە سیاسییانەت نووسیوە؟
د.نەسرین فەخری: لە هۆنراوە سیاسییەكاندا، زیاتر جەخت لەسەر (خاك و نیشتمان، زمان، دەرەبەگ و كچە شوانی جوان و نەگبەت دەكەم، كە یەكێك لە گیرفانپڕەكان ئەو گوڵە جوانەی كورد هەڵدەتەكێنێت..) راستە من لە گوند نەژیاوم، بەڵام تێكەڵاوییەكی زۆرم لەناو كۆمەڵگەی كوردەواری هەبووە، لە منداڵییەوە لەگەڵ دایكمدا سەردانی ماڵانم دەكرد و لەناو كۆڵان و گەڕەكدا دەگەڕام و هاوڕێم هەبوو. لەبیرمە كاتی خۆی تۆفیق وەهبی گوتی: ئەرێ نەسرین تۆ چیت كردووە؟. گوتم: بۆ؟. گوتی: ئەو شیعرەی نووسیوتە، شێخ قادری برای شێخ مەحمودى حەفید چووە لە دەرگەی ماڵى باوكتى داوە، گوتوویەتی: (كوڕە حەمە پیامە بگە، ئەڵێن نەسرین ئەو شیعرەی لەسەر من نووسیوە، خۆ نایەتەوە حەشرم پێ بكات).
لە شیعرەكەدا دەڵێم:
(پیرە گەماڵ هەر ساڵ بە ساڵ هەر چارە لە ماڵ
بیدە بە خوێناوی ئەو كەسەی، كە خوێنی ئەڕێژی بە گوناە).

 (باس) دەڵێن سەربوردەت لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم هەیە و تەنانەت شیعریشت لەسەری نووسیوە؟
د. نەسرین فەخری: لەبیرمە كاتێك دیمانەیەكمان لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم كرد، كە چووین من لە تەنیشتییەوە دانیشتم و جلی كوردیم لەبەردا بوو، رێزم بۆی هەبوو، ئەوكاتە من قوتابی بووم، دیدارەكە لەلایەن سەرۆكی رابیتەی ئافرەتان رێكخرابوو، ئەو كەسێكی زۆر جوان بوو، دەموچاوێكی كراوە و كەسێكی رووخۆش بوو، دەموچاوی دەبریسكایەوە و حەزت دەكرد سەیری بكەیت، بە روویەكی خۆشەوە گوتی، كێ پرسیاری هەیە؟ نەزیلە دلێمی گوتی: نەسرین فەخری. عەبدولكەریم قاسم گوتی: وەرە لامەوە. منیش چوومە لایەوە و زۆر لێی نزیك بوومەوە، پێی گوتم: چۆنی؟ گوتم: بەخوا وەزعەكەم بەدڵ نییە. گوتی: بۆ بەدڵت نییە؟ گوتم: خەریكە جموجۆڵ دەست پێ دەكات. گوتی: مەترسە، من هەم. گوتم: چۆن نەترسم، خۆ مەسەلەكە میللەتێكە، نازانیت لەژێرەوە چۆن فێر دەكرێت. دواتر قسەی زۆرمان كرد و گوتی: بۆ دڵنیاكردنت با شتێكت بۆ بگێڕمەوە. گوتم: فەرموو. پێی گوتم: سەرۆكی عێراق كێیە؟ گوتم: تۆی. گوتی: قیتار كێ لێی دەخوڕێت؟ گوتم: شۆفێرەكەی. گوتی: من هەموو میللەتەكەم خستووەتە ناو ئەو قیتارەوە و دەیانبەم و دەیانپەڕێنمەوە. گوتم: گەورەم تۆ كێ دەپەڕێنیتەوە؟ دز و خراپەكار و کینە لەدڵ و بەدڕەوشتەكانیش لەگەڵ چاكەكان تێكەڵ بوون و تۆ دەیانپەڕێنیتەوە، ئەمە كەی پەڕینەوەی پێ دەڵێن؟ بە سەرسوڕمانەوە سەیری كردم و سوپاسی كردم. گوتی: لەم تەمەنەتدا چەند عاقڵ و ژیریت!.
عەبدولكەریم قاسم لەگەڵ كورد باش بوو، بەڵام كاتێك بارودۆخەكە تێكچوو، بە شیعر هێرشم كردە سەری.

(باس) دەكرێ كەمێك لە سیاسەت دوور بكەوینەوە و باسێكی شیعرە كۆمەڵایەتییەكانم بۆ بكەیت؟
د. نەسرین فەخری: بابەتی كۆمەڵایەتی نییە من بە هۆنراوە، یان بە دەق و وتار باسم نەكردبێت.

(باس) پڕۆفیسۆر جەلیل كەمالەدین بڕوانامەیەكی لەسەر بابەتێك وەرگرتووە بە ناونیشانی (پەردەلادەرێك لە جیهانی نەسرین فەخریی شیعر و رۆشنبیریدا) دەكرێ باسێكی ئەم بابەتەمان بۆ بكەیت؟
 د. نەسرین فەخری: ئەو بابەتەى لە گۆڤاری (گەلاوێژ) لە بەغدا بە زمانی عەرەبی لە دووتوێی 33 لاپەڕەدا نووسی و ناردی بۆ ئێمە، لە ساڵی 2004 لە ژمارە 4ی (گەلاوێژ) بڵاو كرایەوە، لە سەرەتای بابەتەكەیدا ئەم پڕۆفیسۆرە كە بنەماڵەیەكی زۆر بەناوبانگن، دەڵێت: من تەنیا دەتوانم لایەكی بابەتەكانی دكتۆرە نەسرین بگرم، ئەو خاوەنی دەیان و سەدان لایەنی دیكەیە كە بە كتێبێك ناتوانی ئەو مافەی بدەیتێ، بۆیە ئەم پڕۆفیسۆرە عەرەبە تەنیا لایەنی رۆشنبیرییەكەی وەرگرتووە و خۆیشی ئاماژەی بەمە كردووە. ئەو باسی رۆڵی من دەكات لە بەهێزكردنی لایەنی رۆشنبیری، تەنانەت ئەو وەسفم دەكات لە رووی جوانییەوە بە كچێكی پاریسی هەژمارم دەكات.. دواتر ئەو باسی ئەو شۆڕشە دەكات كە لە كۆلێژی پەروەردە لە بەغدا دروستم كرد، كۆڕ و كۆبوونەوەم دانابوو، هەموو 15 رۆژێك سیاسەتمەدار و ئەكادیمی و شاعیر و رۆشنبیران دەهاتن بە عەرەب و كوردەوە بەشدار دەبوون، قوتابییەكان كە بەتوانا بوون، من خۆم هەڵمدەبژاردن چالاكییان هەبێت. لەبیرمە لە رۆژنامەی ئەو كاتەدا لەسەر منیان نووسی و گوتیان: وەك ناسراوە ئەو شۆڕشگێڕەیە كە هەر بەردەوام شۆڕشگێڕە، بوونی خۆی لە ئێستەوە بۆ دواڕۆژ جێگیر دەكات و تەحەدای هەموو شتێك دەكات و سەردەكەوێت. عەرەبەكان دەیان وتار و بابەت و كتێبیان لەسەر نووسیوم، لەبیرمە لە رۆژنامەی (الصباح) دكتۆر نەجاح كوبە كە ئەكادیمییەكی بەناوبانگی زانكۆیە و كەسێكی زۆر ناسراوە لە نەجەف و كەربەلا، بابەتێكی لەسەر نووسیم، تێیدا دەڵێت: د. نەسرین ئەو كەسەیە كە گۆرانیی بۆ كورد و عەرەب و مرۆڤایەتی چڕیوە، زۆربەی رۆشنبیران و نووسەران بۆ كتێبەكانیان داوایان كردووە من پێشەكییان بۆ بنووسم.

(باس) جیا لە بەرهەم و نووسین و كتێبەكان، سەربردەت لەگەڵ سەرۆك و بەرپرسانی باڵای كوردستاندا هەیە؛ لێرەدا حەز دەكەم باسێكی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانیم بۆ بكەیت؟
د.نەسرین فەخری: من چەند جارێك لەگەڵ كاك مەسعود بارزانی دانیشتووم، هەروەها لەگەڵ خوالێخۆشبوو كاكە ئیدریس بارزانی دانیشتووم و گفتوگۆمان كردووە. لەبیرم دێت لە بەغدا لەگەڵ كاك ئیدریس بارزانی و كاك مەسعود بارزانی كۆ بوومەوە، ئەو كاتە بوو كە دەیانویست كۆڕی زانیاریی كورد لە بەغدا دابمەزرێ و لە سووچێكی هوتێلەكەدا هەمووان بە ئامادەبوونی دكتۆر مەحموود عوسمان پێكەوە دانیشتین، من داوام لە كاك ئیدریس كرد چاوم بە باوكی كورد (مەلا مستەفا بارزانی) بكەوێت، ئەویش كاغەزێكی دامێ تا كارئاسانیم بۆ بكرێت و چاوم بەو زاتە گەورەیەی كورد بكەوێت، لە كاغەزەكەدا كاك ئیدریس بارزانی نووسیبووی: (هەڵگری ئەم نامەیە، هەموو رێگەیەكی بۆ خۆش بكەن، ئەمە هاوڕێی باوكمە).
دواتر پرسیارێكم لێ كرد و پێم گوت: ئەوە حوكمی زاتییان كردووە بە عوقمی زاتی، باشە ئەگەر ئەمانە هەڵگەڕێنەوە چی دەكەیت؟ گوتی: (دڵت هیچ نەكات، لەوێوە سەردەكەوین، ناگەڕێینەوە دواوە)، مەبەستی شاخەكانی كوردستان و خەڵكی كوردستانە كە بەسەر دوژمنانی كورد سەردەكەون. لە ناوپردان كە بانگ كرام، لەبیرمە 15 كەسایەتیی گەورەی كورد لە بەغدا هەڵبژێردرابوون، ئەوكاتە من قوتابی بووم، تاكە ئافرەت بووم بەتەنیا هەڵبژێردرام بۆ ناوپردان و داوەت كرام، ئەو سەردەمە بە جلوبەرگی كوردی چووم، لەوێ كەپریان بۆ دانابووم، لە خوارەوە دانیشتبووم و گوێم دەگرت، یەكێك هاتە لامەوە و پێی گوتم كاكە ئیدریس دەڵێت با بێتە سەرەوە. چوومە سەرەوە و لە تەنیشت خۆیەوە داینام. ئەوان زۆر بەگەورەیی سەیریان دەكردم و رێزیان لێ دەگرتم.
 من لە دایكمەوە فێری كوردایەتی و خزمەتكردنی هەژاران و گوتنی قسەی هەق بووم. باوكیشم رۆڵێكی گەورەی لە پێگەیاندنی كەسایەتیی مندا هەبوو.

 (باس) با كەمێك باسی کارکردنت لە رادیۆ بكەین، دەڵێن كاتێك لەوێ بوویت، چەندین جار سەردانی  بارزانیت كردووە، هەندێك جار لەسەر ئەم هەستە نەتەوەییەت دووچاری كێشەش بوویت؟
 د.نەسرین فەخری: بەڵێ ناوبەناو خۆم دەدزییەوە و دەچوومە حزووری بارزانی. مەلا مستەفا كەسایەتییەكی زۆر بەڕێز بوو، رێز و حورمەتی گەورەی بۆ ئافرەت هەبوو، تەنانەت كاتێك دەچوومە لای، مەجلیسەكەی بەجێ دەهیشت و لە ژوورێكی دیكە كە گەورەتربوو، پێشوازیی لێ دەكردم، گفتوگۆ و قسەمان پێكەوە دەكرد و لە ئەحواڵی دەپرسیم و دەیگوت (لە ئێزگە چی هەیە)؟ منیش چی هەبوو بۆم دەگێڕایەوە. من ئەو كاتە لە خوێندنەوەی هەواڵەكاندا زۆر بەتوانا بووم و شارەزاییەكی باشم لە قسەكردن و دەنگ و هەواڵ هەبوو، بەتایبەتی لە تێهەڵكێشی قسەدا. بارزانی رێنوێنیی دەكردم و لە سیاسەتدا پێی دەگوتم ئاوا و ئاوا بكە. زۆربەی جار بەپێی رێنوێنییەكانی بارزانی نووسینەكانم دەنووسی، ئەو زۆریی لێ نەدەكردم، تەنیا دەیگوت دەڵێی چی ئەمەش بنووسیت؟ یان لەسەر ئەم بابەتە باش نییە بنووسی. منیش ئەم هەڵوێستەی بارزانیم زۆر بە دڵ بوو، چونكە حیسابی وردی بۆ كەسایەتیی بەرامبەر دەكرد و خۆی بە گەورەتر لە بەرامبەرەكەی نەدەزانی. لە بیرمە یەكێك لەو بابەتانەی لەگەڵ بارزانی قسەم لەسەر كرد، هێرشكردن بوو لەسەر شای ئێران كە زۆر زوڵمی لە نەتەوەی كورد دەكرد. من لە ئێزگە بەرپرسی بەشی كوردی و عەرەبییەكەی بووم، لەگەڵ ئەفسەرانی ئازاد دانرام، كاتێك لە كردنەوەی ئێزگە هەواڵم دەخوێندەوە، بەڕێوەبەرەكە پێی گوتم ئەگەر هاتنە سەرمان نەترسی. لە باڵوێزخانەی ئێرانەوە هاتن و ئیشارەتیان بۆ كردم و گوتیان كوا د.نەسرین فەخری، ئەمەیە؟ گوتم بەڵێ من ئەوم. دەستیان كرد بە زەرفێكدا و گوتیان ئەمە داوة‌تنامەیەكە لە شای ئێرانەوە بۆ بەڕێزت هاتووە، شای ئێران سەرەڕای ئەو قسە پێگوتن و رەخنە و هێرشانەت، موعجیبە بە دەنگ و قسەكانت، داوەتنامەی بۆ ماوەی مانگێك بۆ ناردوویت. منیش سەیری جەماعەتی خۆمان و ئەوانم كرد و پێم گوتن مەبینن‌ منداڵم، من سەرم ناخەمە سەر سینیی ئاڵتوون و لەوێ سەرم ببڕن. ئەو كاتە بوو كە بارودۆخی بەغدا تێكچووبوو، مەلابانگدان بوو، هێزی سەربازی هێنرایە سەر بەغدا و هێرشیان كردە سەر ئێزگەكە و گوتیان تۆ بە كەیفی خۆت شت دەخوێنیتەوە، ئەوە ناخوێنیتەوە كە پێیان داویت، ئەوان بە مەبەستی گرتنم هاتبوون، جەماعەتی ئێزگە گوتیان بۆ دەیگرن؟ ئەو لێرە دانیشتووە و بۆ هیچ شوێنێك ناڕوات. پێشیان گوتن لەمەودا رێگەم پێ نادەن ئەوە بخوێنمەوە كە دەمەوێت و بەڵێنیان پێ دان تەنیا ئەوە دەخوێنمەوە كە دەینووسنەوە، بەڵام من هەر ئامادە نەبووم بكەومە ژێر ئەو فشار و هەڕەشانەوە.

(باس) مامۆستا مەلا عەلیی زمناكۆ و خو‌سرەو جاف، باسی تۆیان بۆ كردم، یادگاریت لەگەڵیاندا هەیە؟
 د. نەسرین فەخری: پێشمەرگەى تێكۆشەر و كوردپەروەر مەلا عەلی زمناكۆم خۆش دەوێت، بەردەوام لە رێگەى نامەوە بەسەرم دەكاتەوە و جارێكیش خەڵاتى پێشمەرگەى پێشكەش كردم. شانازیى بەناوى پێشمەرگە و ئەو خەڵاتەوە دەكەم، زۆرم حەز دەكرد بیبینم، لەو رۆژانە هاتە لام، زۆر خۆشحاڵ بووم، سوپاسى دەكەم و نزاى خێر بۆ خۆى و هەموو پێشمەرگەى كوردستان دەكەم.
 كاك خوسرەو جاف دەڵێت: (خانمە ئەدیبەكەم، من و تۆ دەبێت بە چی ئیسراحەت بكەین كە جەرگی دایكمان كراوە بە چوار پارچەوە).. خوسرەو جاف هاوڕێیەكی دڵسۆز و بەوەفای من و ئەدیبەكانە، كەسێكی دڵسۆز و كەسایەتییەكی بەرزی هەیە، من لە دائیرە بووم و هیلاك بووم، كەچی ئەو تەلەفۆنی بۆ دەكردم و شیعرەكانی بە تەلەفۆن بۆم دەخوێندەوە و دەیگوت: دەبێت گوێبیستی من بیت و ڕاوبۆچوونی تۆ بزانم، من زۆر خاتریم دەوێت، ئەو و بەدرخان و چەندین كەسایەتیی دیكە كە ئێستە بەهۆی نەخۆشییەوە بیرم نایەنەوە، حەز دەكەم پێشەكیی كتێبەكەم لەلایەن بەدرخان سندى بنووسرێت. یا كاك خوسرەو شتێك بنووسێت.

 (باس) هەست دەكەم كاركردنت زیاتر لەگەڵ پیاوان بووە و زۆر بەكەمی سەربردە و باسكردنت لەگەڵ ئافرەتان هەیە؟
  د. نەسرین فەخری: من هەر لەگەڵ پیاودا كارم كردووە، ئەو سەردەمە و دواتریش ئافرەتەكان زۆر كەم بوون، جگە لەوەش بەداخەوە زۆر بەكەمی ئافرەت لە من تێدەگەیشتن، بۆیە لەناو لێژنە و كارەكاندا زۆر بە كەمی كارم لەگەڵ ئافرەتان كردووە، دەتوانم بڵێم ئافرەت هەر نەبووە، ئەوەندە كەم بوون لەو كاتەدا، لەبیرمە یەك جار توێژینەوەیەكی دكتۆرا بوو لە زانستی دەروونیدا، دكتۆرەیەكی ئافرەت ئەندام بوو، پێش ئەوەی قسە بكات گوتی من پێش ئەوەی قسە بكەم، شانازیم دەكرد لە تەنیشت دكتۆرە نەسریندا دانیشم. من وەك نەسرین مرۆڤم، مەسەلەكە پیاو و ئافرەت نییە، بە فلسێك پیاوێك ناگرم، ئەگەر پیاو بێت و غیرەتی مرۆڤایەتیی تێدا نەبێت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە هاوڕێم نەبووە، رەفیق و هاوڕێم هەبوو دەهاتنە لام و دەچووینە جادرییە، یەكێكیان ناوم لەبیرە شیرین هاشمی بوو، دواتر زانیم كچی خالید هاشمی بوو كە عەمیدی كۆلێژ بوو، ئەو سەردەمەی قوتابی بووم، هەشت مانگ چوومە دەرەوەی وڵات، كە گەڕامەوە حەشریان پێ كردم، نووسیبوویان نابێت دامەزرێتەوە، ئەو دەمە بوو كە لەلایەن ئەمنەوە داوام دەكرا، بەڵام من كۆڵم نەدا و هەر هەوڵم دا، كاتێك لە بەردەرگەی عەمید كردمە دەنگەدەنگ، بانگی كردم و منی لەگەڵ خۆیدا بردە هۆڵەكە و گوتی: كێ موستەحەقە لەسەر مێزی زانكۆ دانیشێت لە غەیری ئەم كچە ناودارە زانایە؟

(باس) ئەم ئازار و مەینەتییانە چییان فێر كردی؟
 د. نەسرین فەخری: راستە ئازار و مەینەتیی زۆرم بینیوە، رۆژ هەبووە چوومەتە ژوورەوە و دەرگە و پەنجەرە و پەردەم لەسەر خۆم داخستووە تا ئەمن نەیەت و دەستگیرم نەكەن. شەو هەبووە تا بەیانی خەوم لێ نەكەوتووە. بیرم دێت نەخۆش بووم و ئینزیلاقی بڕبڕەی پشتم هەبووە، جەماعەتی بەعس هاتنە سەرم، پێم گوتن چیتان دەوێت من لەسەر مردنم، نووسینەكانمیان بینی، گوتیان نیوەی نەخۆشییەكەت ئەو هەموو نووسینەیە كە كەس نییە چاپی بكات و لەسەر ئەو رەفەی مەكتەبەكە كەڵەكە بووە، ئێمە ئامادەین هەموو دوو مانگ جارێك كتێبێكت بۆ چاپ بكەین، تەنیا وەرە لەگەڵمان كار بكە. پێم گوتن ئێوە سەیری كوێ دەكەن؟ گوتیان سەیری تۆ دەكەین كە لە جێگەدا نەخۆشیت. گوتم ئەی من سەیری كوێ دەكەم؟ گوتیان سەیری سەرەوە دەكەیت. گوتم واتا لە خوا زیاتر سەر بۆ كەس دانانەوێنم. ئەگەر من لەگەڵ بەعس بوومایە، ئەو سەردەمە زیاتر لە 20 كتێبیان بۆ چاپ دەكردم، هەر رازی نەبووم بچمە لای بەعسییەكان، تا كوردەكان كێشەیەكیان بۆ نامەوە و منیان دایە دادگەی شۆڕشی بەغدا. گوتیان ناجووڵێت، بیجووڵێنین دەمرێت. گوتیان بە قەرەوێڵەوە بیبەنە دادگە، خەڵكێكی زۆر هاتنە وەڵام و گوتیان پەنجەیەك لە دكتۆر نەسرین نادەن. بەو شێوەیە رزگارم بوو.  

ئەلبوومی وێنەکان