ئه‌ندامێکی سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى: یه‌كێك له‌ كاره‌ باشه‌كانى ئه‌م کابینەیە ئه‌وه‌یه‌ لێپرسینه‌وه‌ى جدى ده‌كرێت

"پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییەکان هاوكار بن بۆ ئەوەی ئه‌م کابینەیە‌ كاره‌كانى جێبه‌جێ بكات"

20/11/2019 - 22:43 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

نه‌رمین عوسمان، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا ڕای گه‌یاند، یه‌كێتى بڕیارى به‌ستنى كۆنگره‌ى داوه‌ و ئێستا جدییه‌تێكى باش هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كۆنگره‌ له‌ كاتى دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام بده‌ین. گوتیشى: "ڕێككه‌وتنى پێشوه‌خت بۆ كۆنگره‌ى یه‌كێتى به‌ كارێكى باش ده‌زانم و هه‌موو حزبێكى سیاسی، كه‌ كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت، ڕێككه‌وتنى پێشوه‌خت ده‌كات“. هەروەها تیشکی خستە سەر خۆپیشاندانەکانی ئێستای شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

(باس) به‌هۆى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ بارودۆخى عێراق گرژى و ئاڵۆزیى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و ئێستا دۆخى عێراق به‌ قۆناغێكى هه‌ستیاردا تێده‌په‌رێت، بەڕێزت خۆپیشاندانه‌كانى عێراق چۆن دەخوێنیتەوە؟
نه‌رمین عوسمان: خۆپیشاندانه‌كانى به‌غدا به‌شێكى خۆڕسكه‌، به‌شه‌كه‌ى دیكه‌شى خۆى له‌ پیلانێك ده‌بێنێته‌وه‌ و ده‌توانین به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ بكه‌ین، كه‌ ئه‌وه‌ جۆرێكه‌ له‌ ململانێى شیعه‌كان له‌ناو شه‌قامى عێراقدا، هه‌روه‌ها لایه‌نێكى دیار ده‌یه‌وێت شیعه‌ى عێراق سه‌ربه‌خۆیى هه‌بێت، لایه‌نێكى دیكه‌ ده‌یه‌وێت شیعەكانى عێراق له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بن! ئێستا كه‌ خۆپیشاندانه‌كان زیادیان كردووه‌، لایه‌نه‌ سوننه‌كانیش خۆیان به‌ مه‌غدوور ده‌زانن، ئه‌وانیش هاتوونه‌ته‌ ناو كایه‌ى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكى داواى پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى ده‌كات و ناشه‌فافییه‌كى زۆر و ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كى هه‌یه‌ و ڕێژه‌یه‌كى زۆر ده‌رچووى زانكۆ و په‌یمانگاكان بێكارن، ئه‌مانه‌ هه‌مووى هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك خۆپیشاندان بكه‌ن و داواى مافى خۆیان بكه‌ن.

(باس) ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كانى به‌غدا خۆى له‌ پیلان ده‌بینێته‌وه‌، كێ ئه‌و پیلانه‌ى داڕشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و كوشتار و توندوتیژى بەرێت؟
نه‌رمین عوسمان: هه‌میشه‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ دراوه‌، كه‌ دۆخى به‌غدا ناسه‌قامگیر بێت، هۆكاره‌كه‌یشى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئێستا ئێران گه‌مارۆى ئابووریى له‌سه‌ره‌، هه‌روه‌ها توندوتیژیى لێدوان هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌مەریكا و به‌شێك له‌ یه‌كێتیى ئه‌وروپا و ئێراندا، ئێستا ئێران ده‌زانێت دۆخى سووریا خه‌ریكه‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌، هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات ناخۆشییه‌كانى خۆى بگوازێته‌وه‌ به‌ره‌و لوبنان و عێراق، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ توركیا نایه‌وێت ئاسایشى سیاسیی عێراق سه‌قامگیر بێت، بۆیه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ ناخۆشییه‌كانى خۆیان ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ هه‌ست ده‌كه‌ن وڵاتێكه‌ سه‌قامگیریى هه‌یه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كى نییه‌! دواجار ئه‌م گه‌نده‌ڵییه‌ى ئێستا له‌ عێراقدا به‌دى ده‌كرێت، گه‌نده‌ڵیى ئێستا نییه‌ و خۆى له‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونى گه‌نده‌ڵیى حكوومه‌ته‌كانى ڕابردوو ده‌بینێته‌وه‌.

(باس) چاودێرانى سیاسی ده‌ڵێن، عادل عه‌بدولمه‌هدیى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، به‌رپرسیار نییه‌ له‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ى عێراقى ته‌نیوه‌، پێت وانییه‌ خۆپیشاندانه‌كانى به‌غدا پیلانێكه‌ بۆ دژایه‌تیكردنى عادل عه‌بدولمه‌هدى؟
نه‌رمین عوسمان: عادل عه‌بدولمه‌هدى كه‌سێكى ته‌كنۆكراته‌ و به‌رنامه‌یه‌كى باشى هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت كارى جدی بۆ عێراق بكات، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ڕێگر بووون بۆ ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌كانى خۆى جێبه‌جێ بكات، جارێ عادل عه‌بدولمه‌هدى نه‌یگوتووه‌ (بسمیلا) خۆپیشاندان كراوه‌، بۆیه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى پشكێكى زۆر كه‌مى گه‌نده‌ڵییه‌كانى عێراقى به‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ نه‌یانهێشت ده‌سه‌ڵاته‌كانى جێبه‌جێ بكات. هه‌روه‌ها عادل عه‌بدولمه‌هدى، پێشتر به‌ چه‌پ ده‌ستى پێكردووه‌ و دواتر فكرى ئیسلامیى وه‌رگرتووه‌، ئه‌و سروشتى خۆى وا ڕاهاتووه‌ كه‌سێكى ته‌كنۆكراته‌ و بۆ كورد زۆر باشه‌، بۆیه‌ باشتره‌ ده‌رفه‌تی پێ بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌ چاكسازییه‌كه‌ى جێبه‌جێ بكات.

(باس) به‌رامبه‌ر گرژى و ئاڵۆزییه‌كانى به‌غدا، ڕۆڵى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى عێراق چۆن ده‌بینیت؟
نه‌رمین عوسمان: تا ڕاده‌یه‌كى باش ڕۆڵى فراكسۆینه‌ كوردستانییه‌كان به‌ باشى ده‌بینم، ئێستا كوتله‌ی كوردى له‌ به‌غدا له‌ بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا یه‌كگرتوون، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێى شتى زۆر گه‌وره‌ له‌ كادیرى به‌غدا ده‌كه‌ین، له‌كاتێكدا نابێت ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ بكه‌ین! بۆ نموونه‌، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ده‌چێته‌ ناو په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ناو خۆماندا یه‌كگرتوو بین، ده‌توانن ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ تێپه‌ڕێنن؟ بێ گومان ناتوانن، چونكه‌ ڕێژه‌كه‌مان به‌راورد ناكرێت به‌رامبه‌ر به‌وانى دیكه‌، به‌ڵام ده‌توانین به‌ هه‌ماهه‌نگیى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان لۆبى زیاتر له‌وێ دروست بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى بۆ هه‌موو پرسه‌ جیاوازه‌كان خاوه‌نى یه‌ك گوتار بین و یه‌ك هه‌ڵوێستمان هه‌بێت.

(باس) ماوه‌ى چوار مانگه‌ كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكهێنراوه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنت بۆ ئه‌م كابینه‌یه‌ چۆنە؟
نه‌رمین عوسمان: كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تاوه‌كوو ئێستا ئیشه‌كانى خۆى ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جدییه‌ له‌ ئیشكردندا، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا هه‌ندێك پۆست و دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كان دیارى نه‌كراون، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا به‌دى ده‌كرێت له‌م كابینه‌یه‌دا به‌دواداچوون و لێپرسینه‌وه‌ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها خه‌ڵكیش له‌ ئیداره‌دان له‌ جاران زیاتر ده‌ترسێت، چونكه‌ لێپرسینه‌وه‌ى جدى ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه‌ش نه‌بێت، به‌ربڵاوى له‌ ئیش و كاره‌كانى حكوومه‌تدا به‌دى ده‌كرێت، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ كاره‌ باشه‌كانى ئه‌م كابینه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ لێپرسینه‌وه‌ى جدى ده‌كات، به‌ڵام باشتره‌ ئه‌و لێپرسینه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگیى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م كابینه‌یه‌ بتوانێت ئیش و كاره‌كانى خۆى جێبه‌جێ بكات.

(باس) پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان چى بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م حكوومه‌ته‌ بتوانێت خزمه‌تى خه‌ڵك بكات؟
نه‌رمین عوسمان: هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یان كردووه‌، کە به‌شداریى حكوومه‌تى ڕاسته‌قینه‌ بكه‌ن، چونكه‌ حكوومه‌ت وه‌كوو خێزانێك وایه‌ و به‌رپرسه‌ له‌ هاووڵاتییان، ئه‌گه‌ر هه‌مووى كۆك نه‌بێت، دواجار ناكۆكى ده‌كه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌ و ناتوانێت كاره‌كانى به‌ باشى ئه‌نجام بدات، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ هاوكار بن، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م حكوومه‌ته‌ بتوانێت كاره‌كانى خۆى به‌ باشى جێبه‌جێ بكات.

(باس) یه‌كێتى بڕیارى داوه‌ مانگى 12ى ئه‌مساڵ كۆنگره‌ى چواره‌م ببه‌ستێت، ئایا هیچ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ دواخستنى كۆنگره‌؟
نه‌رمین عوسمان: كۆنفرانسى كۆمیته‌كانى یه‌كێتى بۆ كۆنگره‌ى چواره‌م ته‌واو بووه‌، ئێستا جدییەتى زیاتر ده‌بینم بۆ ئه‌وه‌ى كۆنگره‌ له‌ كاتى خۆیدا ببه‌ستین و هیچ هه‌وڵێكیش نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كۆنگره‌ى حزبه‌كه‌مان دوا بخه‌ین.

(باس) یه‌كێتى چه‌ندین باڵ و ئاڕاسته‌ى جیاوازى له‌خۆ گرتووه‌، ده‌گوترێ یه‌كێتى له‌نێوان باڵه‌كانى خۆیدا ڕێككه‌وتنى پێشوه‌ختى كردووه‌، ئایا ڕێككه‌وتنى پێشوه‌خت تا چه‌ند ده‌توانێت كۆنگره‌یه‌كى به‌هێز بۆ یه‌كێتى ده‌ستبه‌ر بكات؟
نه‌رمین عوسمان: هه‌موو حزبێكى سیاسی له‌ هه‌موو دنیادا كاتێك كۆنگره‌ دەکات، ڕێككه‌وتنى پێشوه‌ختى بۆ ده‌كات، ئه‌وانه‌یشى ده‌ڵێن نابێت ڕێككه‌وتنى پێشوه‌خت بكرێت، ئه‌وه‌ قسه‌یه‌كى خه‌یاڵییه‌! بۆیه‌ كۆنگره‌ به‌بێ ڕێككه‌وتن نابێت، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ش له‌ناو یه‌كێتى چۆنه‌ من ئاگادارى نیم!

(باس) كه‌واته‌ ڕێككه‌وتنى پێشوه‌خت بۆ كۆنگره‌ى یه‌كێتى به‌ كارێكى باشى ده‌زانیت؟
نه‌رمین عوسمان: به‌ڵێ، به‌ كارێكى باشى ده‌زانم، به‌ڵام ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌سه‌ر حسابى پێگه‌ى یه‌كێتى و هاتنه‌پێشه‌وه‌ى خه‌ڵكى نه‌بێت، بۆیه‌ هیوادارم كۆنگره‌ ببه‌ستین و ئاساییه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان بكرێت.

(باس) وا بڕیاره‌ له‌ كۆنگره‌ى ئه‌مجاره‌دا گۆڕانكارى له‌ هه‌یكەلى یه‌كێتیدا بكرێت و پۆستى سكرتێرى گشتى نه‌مێنێت، ئایا پڕۆژه‌ى باڵه‌كانى یه‌كێتى بۆ كۆنگره‌ په‌سه‌ند كراوه‌؟
نه‌رمین عوسمان: كۆنگره‌ بڕیار‌ له‌سه‌ر پۆستى سكرتێرى گشتى ده‌دات، بۆیه‌ هیچ زانیارییە‌كم له‌سه‌ر پۆستى سكرتێرى گشتى و گۆڕانكارى له‌ هه‌یكەلى یه‌كێتى نییه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین پڕۆژه‌ بۆ كۆنگره‌ى یه‌كێتى پێشنیار كراون‌، تاوه‌كوو ڕۆژى كۆنگره‌ ئێمه‌ نازانین كام پڕۆژه‌یه‌ به‌ كۆى ده‌نگى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت.