پەرلەمانتارێکی عێراق: گۆڕینی سیستەمی عێراق لە پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی نزیكە لە مەحاڵ

"خۆپیشاندەران داوای جێبەجێكردنی دەستوور دەكەن، نەوەكوو هەمواركردنەوەی دەستوور"

13/11/2019 - 17:17 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

رێبوار هادی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، هاوكات پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا لەسەر چەندین پرسی پەیوەست بە عێراق و هەرێمی كوردستان قسە دەكات. رای دەگەیەنێت، گۆڕینی سیستەم لە عێراق نزیكە لە مەحاڵ. ئاشكراشی دەكات، دۆخی عێراق بەرەو هێوربوونەوە دەچێت و بودجەی 2020 دێتە پەرلەمان و پەسندیش دەكرێت.


سەرەتا ئاماژەی بەوە دا: "خۆپیشاندەرانی عێراق داوای جێبەجێكردنی دەستوور دەكەن، نەک هەمواركردنەوەی، دەستوور جێبەجێ نەكراوە تاوەكوو گرفتی تێدا هەبێت، ئەوەی ماف و ئازادی و رەخساندنی هەلی كار و پێشخستنی وەبەرهێنان و ژێرخانی ئابوورییە لە دەستووردا هاتوون، ئەگەر جێبەجێ بكرانایە، قەت خەڵك بۆ مافی خۆی خۆپیشاندانی نەدەكرد".


روونیشی كردەوە، هەندێك لایەنی سیاسی دەیانەوێت داواكاریی خۆپیشاندەران بقۆزنەوە و ئەجێندای سیاسیی خۆیان بهێننە دی.


لەبارەی ئەو لیژنەیەی كە لە پەرلەمانی عێراق بۆ هەمواری دەستوور پێكهاتووە، گوتی: "دروستكردنی ئەو لیژنەیە بۆ هەمواری دەستوور لە خودی دەستوور لە ماددەی 142دا هاتووە، بەوەی دەبێت لە سەرەتای خولی یەكەمی پەرلەمان لیژنەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان و نوێنەرانی پێكهاتەكانی گەلانی عێراق پێك بێت، لە ماوەی 4 مانگ پێشنیارەكای خۆیان بدەن، لە خولی یەكەم و دووەم و سێیەم لیژنەكە پێكنەهات، ئێستا پێكهاتووە و دەبێ لە ماوەی 4 مانگ پێشنیارەكانی خۆیان ئامادە بكەن و پێشكەشی پەرلەمانی بكەن، دواتر لە پەرلەمان ئەگەر 166 دەنگی هێنا، ئەوكات دەخرێتە ریفراندۆمەوە".


روونیشی كردەوە، لە كاتی دەنگدان هەرێمی كوردستان مافی ڤیتۆ و رەتكردنەوەی هەمواری دەستووری هەیە، ئەگەر دوو لەسەر سێی پارێزگاكانی رەتی بكەنەوە، ئەوكات هەموارەكە ناكرێت، گوتیشی: "هەرلایەنە و كێشەی لەگەڵ چەند ماددەیەك هەیە، ئێمەی كورد دەمانەوێت ئەنجومەنی فیدراڵی زیاد بكرێت، لایەنی تر هەیە دەیانەوێت سیستەمی حوكمڕانی بگۆڕن، هەیە كێشەی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگاكان هەیە، هەریەكەو داواكاری و خواستی خۆی هەیە".
روونیشی كردەوە، 55 ماددەی دەستووری هەن، كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان بەغدا جێبەجێی نەكردوون.


رێبوار هادی ئاشكراشی كرد، لایەنە شیعەكان لە هەوڵی ئەوەدان سیستەمی حوكمڕانی لە پەرلەمانی بگۆڕن بۆ سەرۆكایەتی، گوتیشی: "هەموو لایەنە شیعەكان لەگەڵ گۆڕینی سیستەمدا نین، بەڵام بەشێكیان كار بۆ گۆڕینی سیستەم دەكەن، بەڵام گۆڕینی سیستەم لە عێراق نزیكە لە مەحاڵ و زەحمەتە بە میكانیزمی دەستووریی خۆی تێ بپەڕێت".


سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستە ڕوو، پەرلەمان داوای لە ئەنجومەنی دادوەری و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كردووە، پێشنیازەكانی خۆیان بۆ هەمواری دەستوور پێشكەش بكەن، ناوەندەكانی هەرێمی كوردستانیش بۆچوونیان لەمبارەیەوە وەردەگیرێت، گوتیشی: "دەبێ كورد لەم قۆناخەدا لە پەرلەمانی عێراق و لە هەرێمی كوردستان یەك دەنگ بن، كورد پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی زیاتر هەیە، هەموومان لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كوردستان كۆكین، بەڵام هاوڕا نین لەسەر ئەوەی بە چ داڕشتەیەک بیپارێزین، دەبێ هەماهەنگیمان هەبێت بۆ ئەوەی ببینە یەك هەڵوێست".


رێبوار هادی هاتە سەر دۆخی عێراق و گوتی: "دەبێ بگەینە ئەو ئەنجامەی، حكوومەت رێز لە داواكاریی خۆپیشاندەران بگرێت و بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بكات، نابێ كاری نادەستووری بكات، پێویستە لەسەر خۆپیشاندەرانیش داواكاریی خۆیان بە رێگایەكی ئاشتییانە بگەیەنن، ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا كراوە، نە ئەوەی خۆپیشاندەران كردوویانە دەستووری بووە، نە ئەوەشی حكوومەت كردوویەتی قانوونی بووە".


ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوەش دەكات: "عادل عەبدولمەهدی باجی گەندەڵی و کەموکوڕیی حكوومەتەكانی پێشوو دەدات، بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو كێشەی زۆر لە عێراق كەڵەكە بوونە، ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغێك، ئیدارەدانی وڵات بەم جۆرە زەحمەتە، بۆیە پێویستمان بە چاكسازیی فیعلی هەیە و دەبێ ئیرادەیەكی باش بۆ ئەو مەبەستە هەبێت".


جەختیشی كردەوە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانە و دەسەڵاتی زۆری هەیە و دەبێ دەست بە چاكسازی بكات، گوتیشی: "یەكەم شت دەبێ چاكسازی لەنێو حكوومەتەكەی خۆی بكات و دەستی ئەو كەسانە ببڕێت، كە لەنێو حكوومەتەكەیدا گەندەڵن".


هاتە سەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و گوتی: "گفتوگۆی باش كراوە و ئێستاش نەپچڕاوە، دەبێت بگەینە ئەو قۆناخەی، كورد ببێتە هاوبەشی فیعلی لە عێراق، دەبێ دەستوور وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت و كەس لە بەرژەوەندیی خۆی یاری بە ماددەكان نەكات".


لەبارەی گفتوگۆكردن و تێپەڕاندنی بودجەی 2020 لە پەرلەمانی عێراق، رێبوار هادی پێی وایە، كە دەبێت بودجە پەسند بكرێت، بەڵام جەخت دەكاتەوە، ئەو بارودۆخەی هەبووە تێپەڕاندنی بودجەی زەحمەت كرد، گوتیشی: "بارودۆخەكە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا زیاتر ئەو هێوربوونەوە دەبینین، ئەوكات رەشنووسی بودجەی 2020 دێتە پەرلەمان و پەرلەمانیش دەنگی لەسەر دەدات، چونكە وڵات بەبێ بودجە بەڕێوە ناچێت".


لەبارەی رۆڵی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا، گوتی: "بەڕێز مەسرور بارزانی كە وەكوو سەرۆكی حكوومەت دەستبەكار بوو، جەختی لەوە كردەوە، کە قووڵایی ستراتیژیی ئێمە بەغدایە و دەبێت لەسەر خاڵەكان لەگەڵ بەغدا رێك بكەوین، ئەزموونی پێشووی ئەوەی سەلماندووە كە سەركەوتوو بووە، بۆیە لە چەند مانگی رابردوودا، نزیكبوونەوەی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا روویان داوە و زیاتریش دەبن".