نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا: هەولێر و بەغدا نیەتێكی باشیان هەیە تا بگەنە لێک گەیشتن

"بەراورد بە مالیكی و عەبادی، لە كابینەی عەبدولمەهدی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بەرەو سەقامگیری و ئاساییبوونەوە چووە"

23/10/2019 - 22:39 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

فارس عیسا، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، لە گفتوگۆیەكی تایبەت لەگەڵ (باس)دا، چەندین پرسی گرنگ دەخاتە ڕوو و رای دەگەیەنێت، خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی عێراق، كاریگەری لەسەر رێڕەوی گفتوگۆكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا دروست ناكات. جەختیش دەكاتەوە، هەموو خەرجی و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان، بە نووسراوی فەرمی دراونەتە وەزارەتی دارایی عێراق.

سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، بەراورد بە پێشوو، لە هەردوو كابینەی ئێستای حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا باشتر بووە، گوتیشی: "بەراورد بە كابینەكانی مالیكی و عەبادی، ئێستا پەیوەندییەكانی كابینەكەی عەبدولمەهدی باشترە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و نێوانی هەولێر و بەغدا زۆر بەرەو سەقامگیری و ئاسایی چووە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەردوولایە بە قەناعەتەوە گەیشتوون بەوەی، هەموو كێشەكان لەسەر بنەمای دەستووور چارەسەر بكرێن".


روونیشی كردەوە، هەولێر و بەغدا نیەتێكی باشیان هەیە تا بگەنە لێک گەیشتن و چارەسەریی هەموو كێشەكان، گوتیشی: "هەندێك كێشە هەن كێشەی كۆن و مێژوویین، هەندێك كێشەش بۆ چەند ساڵێك بەر لە ئێستا دەگەڕێنەوە، هەندێك كێشەش لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر هاتنە ئارا، ئێستا خەریكین هەموو كێشەكان بەپێی لیژنە تایبەتەكان چارەسەر بكەین".


جەختیشی كردەوە، ئێستا هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا چەند لیژنەیەكی هەیە، لەوانە، لیژنەی تەکنیکی لە بواری بودجە و مووچە و بابەتە ئەمنییەكان و پرسی غاز و نەوت. گوتیشی: “گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامن و هەنگاوی باش نراوە، هەروەها لەلایەن هەرێمی كوردستان و بەغداشەوە ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا، بۆیە گەشبینین، كە بتوانین بگەین بە رێككەوتن".


فارس عیسا بڕوای وایە: "ئەگەر پابەندی دەستوور و عێراقێكی فیدڕاڵ بین، هەرێمی كوردستان ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت، كەوا ئەم وڵاتە وڵاتی هەمووانە، هەروەها عێراقیش بڕوای بە هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت".


لەبارەی كاریگەریی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی بەغدا و هەندێك پارێزگای تر لەسەر گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا، گوتی: "خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی عێراق كاریگەریی لەسەر رێڕەوی گفتوگۆكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا دروست ناكەن، چونكە ئێمە ماوەیەكە گفتوگۆ دەكەین و چەند لیژنەیەكی هونەرییش بۆ چارەسەری كێشەكان دروست كراون".


روونیشی كردەوە، دوای ئەوەی بودجەی قەبڵێندراویان لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێ گەیشت، رۆژی 14ی 10، بە نووسراوی فەرمی بودجەی قەبڵێندراوی 2020ی هەرێمی كوردستانیان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كرد.


سەبارەت بە ناوەڕۆكی بودجەی قەبڵێندراو گوتی: "تیایدا هەموو خەرجی و داهاتەكانی نەوتی و غەیری نەوتیی هەرێمی كوردستان روون كراونەتەوە”.


پێیشی وایە، ناردنی ئەو بودجە قەبڵێندراوە دەرفەتێكی تر دەبێت بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجەی ساڵی 2020 بگەنە رێككەوتن.


نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونیشی كردەوە، لە وەزارەتی دارایی عێراقدا ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی 2020ی عێراق لە قۆناخەكانی كۆتاییدایە، دوای تەواوكردنی دەدرێتە ئەنجومەنی وەزیران و پاشان دەدرێتە پەرلەمان.


دووپاتیشی دەكاتەوە، ئەوان لە بەغدا سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەن، گوتیشی: "دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، سیاسەتی حكوومەتی هەرێم و ستراتیژیەتی بەڕێز سەرۆكی حكوومەت ئەوە بووە، بە رێگای دیالۆگ و دەستوور و یاسا كێشەكان لەگەڵ عێراق چارەسەر بكرێن، بۆ ئەوەش پێویست بوو بە بەهێزی لە بەغدا ئامادە بین، بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كارا كرایەوە، حكوومەت و سەرۆكی حكوومەتیش بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی ئێمە دەكەن، بۆ ئەوەی لە بەغدا بەهێز بین و نوێنەرایەتیی حكوومەت و خەڵكی كوردستان بكەین".


ئەو هاتە سەر دۆخی خۆرئاوای كوردستان و هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا و لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئایا ئەو دۆخە كاریگەریی لەسەرعێراق دەبێت؟ گوتی: "پێشبینی ناكەم ئەو دۆخەی بەهۆی شەڕ و هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان لە سووریا دروست بووە، كاریگەریی لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێت، خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان لە هەوڵی ئەوەدان، پێگەی هەرێمی كوردستان لەنێو عێراق بەهێزتر بێت".