وەزیرى ئاوەدانکردنەوە: لە چوار ساڵى داهاتوودا رێگاى نێوان شار و پارێزگاکان بە جووتساید دەکرێن

"سێ لایەنەکەى پێکهێنەرى حکوومەت دەتوانن بۆ سەرخستنى چاکسازى هاوکارى حکوومەت بن"

18/09/2019 - 16:15 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لەسەر پشکى بزوتنەوەى گۆڕان، لە گفتوگۆیەکى تایبەتى (باس)دا، قسە لەبارەى کابینەى نۆیەم و کاروبارەکانى وەزارەتەکەى دەکات. راى دەگەیەنێت، دەرفەتى باش بۆ ئەنجامدانى چاکسازى هەیە، یەک تیمییش لە کارەکانى ئەم کابینەیەدا هەیە. باسیش لەوە دەکات، کە بەنیازن چى بۆ رێگاوبانەکان و پرسى کێشەى نیشتەجێبوون بكەن.


سەرەتا باسى لە بەرنامەى چاکسازیى کابینەى تازە کرد و گوتى: "کارنامەى کابینەى نۆیەم لە ئەنجامى رێککەوتنى لایەنەکانى پێکهێنەرى حکوومەتە، ئەوەى لەسەرى رێک کەوتووین، کە یەکەم خاڵى کارنامەکەیە، مەسەلەى چاکسازى بووە، تاوەکوو ئێستا ئەوەى هەیە سەرۆکى حکوومەت و ئەنجومەنى وەزیران، پێداگرین لەسەر ئەوەى ئەو کارنامە چاکسازییەى حکوومەت جێبەجێ بکرێت".


روونیشى کردەوە: "بەدڵنیاییەوە دەرفەتێکى باش بۆ ئەنجامدانى چاکسازى هەیە، چونکە هەرسێ لایەنى پێکهێنەرى حکوومەت دەتوانن هاوکارى حکوومەت بن، بۆ سەرخستنى پڕۆسەى چاکسازى و ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى".


ئاماژەی بەوەش کرد کە بزووتنەوەى گۆڕان رازییە لە دەستپێکى کابینەى تازە و چاوەڕوانى ئەوەن پڕۆسەى چاکسازى ئەنجامى باشى هەبێت، گوتیشى: "کابینەکە تازە لەسەرەتادایە، جارێک چاکسازى نەچووەتە وارى جێبەجێکردنەوە، چاکسازى هەڵسەنگاندنەکان دروست دەکات، ئێمە یاساى چاکسازیمان لەبەردەمدایە، بەپێى دەقى رێککەوتنى گۆڕان و پارتى، دەبێت چاکسازییەکە گشتگیر بێت و هەموو بوارەکان بگرێتەوە، ئەم بابەتە دەبێتە پێوەر، کە ئەو کابینەیە لە پڕۆسەى چاکسازى دەتوانێت سەرکەوتوو بێت، ئێمە پێویستمان بە یاسایەکى گشتگیرى فراوان هەیە، بۆ ئەوەى ببێت بە پاڵپشتییەکى گەورە بۆ حکوومەت، تاوەکوو چاکسازى و ریفۆرم بکات".


دانا عەبدولکەریم، خاڵێکى گرنگى ئەو کابینەیە دەخاتە ڕوو و دەڵێت: "کاری یەک تیمى لە کارکردنى ئەو کابینەیەدا هەیە، ئەو یەک تیمییە رەنگدانەوەى دەبێت لەسەر کاروبارەکان و باشترکردنى ئەداى حکوومەت، یه‌کێک لە کارە سه‌ره‌کییه‌کانى ئەم کابینە نوێیە ئه‌وه‌یه‌، که‌ پاشماوه‌ و سێبه‌رى دووئیداره‌یى له ‌هه‌رێمى کوردستان نه‌هیڵێ‌ت، له‌ دروستبوونى کابینه‌ى نوێوه‌ کاره‌کان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ده‌ڕۆن، که‌ هه‌رێمى کوردستان سێبه‌رى دووئیداره‌یى له‌سه‌ر نه‌مێنێ".


ئەو هاتە سەر کاروبارەکانى وەزارەتەکەی و ئاشکراى کرد، لە پلانى چوارساڵیدا، زیاتر گرنگی بە رێگاوبانەکان دەدەن، گوتیشى: "لە پلانى چوار ساڵیدا زیاتر گرنگیمان بە رێگاوبانەکان داوە، لەو چوار ساڵى داهاتوودا رێگاى نێوان شار و پارێزگاکان بە جووتساید دەکرێن و ئەو رێگایانەى لەم چوارچێوەیەدان تەواو دەکرێن و پرد و تونێلەکانیش تەواو دەکرێن".


ئاماژەى بەوەش دا، بۆ بوارى نیشتەجێبوونیش یەکەیەکى زۆرى نیشتەجێبوون هەیە و کارکردن تیایاندا دەستى پێ کردووەتەوە وهەوڵ دەدەن هەمووى تەواو بکەن، بە خزمەتگوزارییەکانیشەوە، گوتیشى: "وەزارەتمان لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار و 400 شوقەى هەیە بۆ خەڵکى کرێچى و کەمدەرامەت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستابوون، ئێستاش پارە تەرخان کراوە بۆ ئەو شوقانەی تەواو کراون، تاوەکوو خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکرێت و دواتر دابەش دەکرێن".


لەمیانەى قسەکانیدا جەخت دەکاتەوە‌، به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر دروستکردنى یه‌که‌ى نیشته‌جێبوون بۆ که‌مده‌رامه‌تان، به‌ڵام ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ تەنیا به‌ چه‌ند یه‌که‌یه‌کى نیشته‌جێبوون چاره‌سه‌ر ناکرێ، بەڵکوو بە پێویستى دەزانێت‌، پلانێکى گشتگیرتر هه‌بێ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشەى نیشتەجێبوون".


روونیشى دەکاتەوە، بڕیارە لە رێگەى یاسای وەبەرهێنانەوە، یه‌که‌کانى نیشته‌جێبوون له‌ ڕێى که‌رتى تایبه‌تیشه‌وه،‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌دا بن، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و کەموکوڕییانەی هەبوون، کۆنتڕۆڵ بکرێن و دووباره‌ نه‌کرێنه‌وه‌.


راشى گەیاند: "بەرنامەیەکمان داڕشتووە، ئەوەى لە تواناى دارایى حکووومەتدا نییە، هەوڵ دەدەین لە رێگەى کەرتى تایبەت ئەنجام بدرێت، ئەویش لە رێگەى کۆمپانیا گەورەکانى ناوخۆ و بیانى".


لەگەڵ ئەوەى قسەى زۆر و کاردانەوەى زۆریشى لەسەر هەبوو، بەڵام ئەو وەزیرە دووبارە سووربوونى خۆى لەسەر دروستکردنى هێڵى ئاسنین دووپات دەکاتەوە، گوتیشى: "ئەو بابەتە لە پلانى چوار ساڵى وەزارەتدا هەیە و کاریشى بۆ دەکرێت و هەر لەسەر لاپەڕە نامێنێتەوە، هێڵى ئاسنین ڕێگایه‌کى گواستنه‌وه‌ى هه‌رزان‌ و سه‌لامه‌ته‌‌ و هه‌موو هاووڵاتییه‌ک ده‌توانێ ده‌ستی پێی بگات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شتێکى زه‌روورییه‌ بۆ خه‌ڵکى کوردستان، جا حکوومه‌ت بیکات یان له‌ ڕێى که‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ بکرێت، ده‌بێ حکوومه‌تى هه‌رێم ببێته‌ خاوه‌نى هێڵى ئاسنینى خۆى، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ چه‌ند کۆمپانیایه‌کى شاره‌زا دیزاینى پڕۆژه‌که‌ بکه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین له‌ ساڵى داهاتوودا قۆناغه‌کانى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌ربکه‌ون و بچێته‌ وارى جێبه‌جێکردنه‌وه.


وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەبارەی تونێلەکانیشەوە گوتى: "مه‌به‌ست ئه‌وه ‌نییه‌ ئێمه‌ هه‌ر تونێل لێ بده‌ین، ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ده‌بێ ئه‌و ڕێگایانه‌ى پێویستن ‌و زۆرترین خەڵک پێیاندا هاتوچۆ ده‌که‌ن، تونێلیان بۆ لێ بدرێت، ئێمه‌ له ‌هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕووى باشیى ڕێگه‌وبانه‌کانه‌وه‌ لاوازین، ئه‌مه‌ش به‌ ساڵێک و دوو ساڵ ناکرێت، ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه‌ گرنگه‌، له‌م ساڵ ‌و دوو ساڵه‌دا ته‌واویان بکه‌ین".