سیاسەتمەدارێک: بەغدا جگە لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەولێر رێگەچارەی تری نییە

"پەكەكە بە دروستكردنی هێز لە باشوور رێگە بۆ توركیا خۆش دەگات بە رێگەی وشكانی و ئاسمانی هێرش بكاتە سەر باشوور"

21/07/2019 - 16:37 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

 لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاخۆ پەیوەندیی نێوان ئەنكەرا و بەغدا و هەولێر بەرەو چ ئاڕاستەیەك دەڕوات؟ دروستبوونی ئەو هێزە تازەیەی پەكەكە لە باشوور بەناوی هەپەجە، تا چەند كاریگەریی خراپی لەسەر باشووردا دەبێت؟ هەروەها كۆمەڵێك پرسی تریش، كە راستەوخۆ پەیوەندیی بە باشوور و حكوومەتی هەرێم و توركیاوە هەیە، تەوەری گفتوگۆی (باس) بوو لەگەڵ رۆژنامەنووس و نووسەری بەناوبانگی كوردی باكوور (ئومید فورات).

(باس) حكوومەتی هەرێمی كوردستان قۆناغێكی تازەی دەست پێ كرد، مەسرور بارزانی، وەكوو سەرۆكی حكوومەت دەستبەكار بوو و لە كارنامەی حكوومەتیشدا باسی لە باشتربوونی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا كرد. ئەم هەنگاوە بەگشتی چ كاریگەرییەكی لەسەر كوردستان دەبێت؟
ئومید فورات: ساڵانێكی زۆر پارتی دیموكراتی كوردستان، سیاسەتی دیموكراتیی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمیی بۆ كوردی هەبوو، بەڵام دوو ساڵ بەر لە ئێستا، رووی لە میللەتی خۆی كرد و گوتی دەتانەوێت لە عێراق جیا بینەوە؟ پاشان ئەوەی رووی دا بینیمان، ئێستاش كە باس لە دانوستاندن لەگەڵ عێراقدا دەكرێت، لە راستیدا ئەو دانوستاندنە ماوەی ٦٠ ساڵە بەردەوامە، بەڵام لەم دانوستاندنەش ناتوانرێت هەموو داواكارییەكی كورد جێبەجێ بكرێت، چونكە ٦٠ ساڵە عێراق هەر كورد دەهێنێت و دەبات و نەگەیشتوونەتە هیچ شوێنێك.

(باس) حكوومەتی عێراق گۆڕانی بەسەردا هات و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش گۆڕا، ئایە ئەم گۆڕانە كاریگەریی باشی لەسەر دانوستاندنەكان نابێت؟
ئومید فورات: لەگەڵ گۆڕینی حكوومەتەكان شتی تریش دەگۆڕێت، ئەگەر سەیری ئەو سیاسەتەی جارانی بەغدا بكەین لەگەڵ كورد، هەر ئەو سیاسەتە بووە كە ئینگلیزەكان كوردستانیان رادەستی بەغدا كردووە، ئەوان درێژەیان بەو سیاسەتە داوە لەگەڵ كورددا، ئەوان هەر تەماشای ئەو نەخشەیە دەكەن، كە ئینگلیز بۆ عێراقی كێشاوە. ئەو گرووپەی ئێستا حكوومەتیان بە دەستە، لە حكوومەتەكەی تر زیاتر نەرمن بەرامبەر بە كورد و هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە، كە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، كە دوو ساڵ بەر لە ئێستا ئەنجام درا، بە شەرعی بزانن، بۆ ئەمەیان كاتی زۆر دەوێت. بەغدا لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی زیاتر هیچ چارەیەكی تری نییە لەگەڵ هەولێردا، چونكە بۆ ئەوەی بەغدا ببێتە شوێنێكی ئارام و ئاساییشی تێدا بەرقەرار بێت، مەرجە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمدا چاك بكات.

(باس) گۆڕانی حكوومەت لە هەرێمی كوردستان، تا چەند كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی هەولێر و ئەنكەرا دەبێت؟
ئومید فورات: كەمێك ئەستەمە بڵێین هەڵوێستی ئەنكەرا لەبەرامبەر هەولێردا وەكوو بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆمە، چونگە ئەوكات توركیا بە رای گشتیی توركیای گوت كە دژی ریفراندۆمە و توند بوو بەرامبەر بە هەرێم، بەڵام پەیوەندییەكەش وەكوو ئەو كاتە نییە، كە هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی ئەنجام دا. هەڵوێستی هەولێریش بەرامبەر بە ئەنكەرا گۆڕانێكی زۆر بەخۆیەوە نابینێت، چونكە حكوومەت لە رەگەوە نەگۆڕاوە و پەیوەندییەكان بە ئاڕاستەیەكی باشتر دەڕۆن.

(باس) دەزگای سەربازیی توركیا ئۆپوراسیۆنێكی گەورەی لە باشوور دژی پەكەكە دەست پێ كردووە، هەروەها پەكەكەش لە باشووری كوردستان هێزێكی بەناوی هەپەجە دروست كردووە، ئایە ئەو هێزە تا چەند گاریگەریی بەسەر باكوور و باشووری كوردستاندا دەبێت؟
ئومید فورات: ئەم هەڵوێستەی پەكەكە رێگە خۆش دەكات تا توركیا لە رێگەی وشكانی و ئاسمانییەوە هێرش بكاتە سەر باشوور، ئەم جۆرە رێكخراوەییكردنە، وەكوو ئەو ئۆرگانیزەیە بوو كە پەكەكە لە توركیا لە شەڕی خەندەق ئەنجامی دا. دیارە پەكەكە نایەوێت لە قەندیل، بەڵكوو دەیەوێت لە كۆڵانەكان چالاكیی سەربازی بکات، ئەمەش وا لە ئاساییشی باشوور دەكات، سەرلەنوێ بەرامبەر بەو هێزە خۆی ئۆرگانیزە بكاتەوە.

(باس) باشە لەم كاتەدا پەكەكە بۆ بیر لە شتێكی لەو شێوەیە دەكاتەوە؟
ئومید فورات: هەرێمی كوردستان نایەوێت وەكوو شەڕی خەندەق شەر بەرێتە ناو كۆڵانەكانەوە، دیارە هیچ هەرێم و حكوومەتێكیش شتی لەو شێوەیەی ناوێت، بەڵام ئەو بڕیارەی پەكەكە بەوەی كە هێز لە باشوور دروست بكات، بڕیاری خۆی نییە، بەڵكوو ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییە دراوە كە پەكەكە دروستی كردووە. ئەمە لە ئەنجامی هاوپەیمانیی نێوان عێراق و ئێران و سووریایە.

(باس) قسە هەیە لە مانگی ئەیلوولدا پرسی چارەسەری بێتەوە بەرباس، وایە؟
ئومید فورات: ئەمە بۆ یەكەم جار ناگیهان ئاڵچی باسی كرد، كە رۆژنامەنووسێكی نزیك لە حكوومەتە، پاشان چەند نووسەرێكی تر باسیان لێوە كرد، بەڵام هەموو ئامەنە زانیاریی پۆلیسین، بۆ بەرپابوونەوەی پرسی چارەسەری بڕیاری پۆلیسی گرنگ نییە، چونكە ئێستا لە سیاسەتی ناوەخۆدا سیاسەتێكی نەرم نەهاتووەتە كایەوە.

(باس) بۆ بۆچوونی ئێوە، بەهۆی كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی بە ڕووی عەبدوڵا ئۆجەلاندا ئەم پرسە باس كراوە؟
(باس) بۆ پرسی چارەسەری پێویستە سیاسەتی ناوەخۆیی نەرمی بنوێنێت و ئەو پرسە بنیات بنێنەوە. ئێستا لە توركیا ئەو بنیاتبوونە بۆ پرسی چارەسەری نابینم، ئەو جۆرە بۆچوونانەیشی باس لە هێنانەوە بەرباسی ئەو پرسە دەكات، هاووڵاتییان بە هەڵەدا دەبەن.