نەقیبی پزیشکانی ددان: تا ئێستا کۆنترۆڵکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستاندا 100٪ نییە

"ژمارەی نەخۆشخانەکان باشن، بەڵام دەرچووی کۆلێژەکانمان زۆرن و دانەمەزراون"

03/07/2019 - 16:59 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن
فۆتۆ: پۆڵات شوانی فۆتۆ: پۆڵات شوانی

دکتۆر عوسمان ئەبوبەکر، نەقیبی پزیشکانی ددان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها سەرۆکی بەشی ڕوو و شەویلاگ لە نەخۆشخانەی ڕزگاریی شاری هەولێر و پسپۆری نەشتەرگەری ڕوو شەویلاگ، لەم دیمانەیەدا باس لە خزمەتگوزاری و کێشە و گرفتەکانی بەشەکەیان و هەروەها کەرتی تەندروستیی کوردستان و کاروباری پزیشکان بەگشتی دەکات.



(باس) زۆر گلەیی لە کەموکورتیی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەکان دەکرێت، پلانتان بۆ چارەسەری ئەمە چییە؟
د. عوسمان ئەبوبەکر: کەرتی تەندروستی وەک کەرتەکانی دیکە هەمووی لەو ئاستەدا نییە، کە تەماشای دەکەین، واتە لە ئاستی وڵاتانی دەرەوە بێت، لەبەر ئەوەی ئەو دۆخە ناجێگیرەی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت و ئەو تەنگژە داراییەی لەگەڵ بەغدا دروست دەبێت، هەمووی کاریگەریی لەسەر بابەتەکە دەبێت و بەرەوپێشچوونیش لەو ڕووەوە کەم دەبێت.
ئێستا ژمارەی نەخۆشخانەکان باشن، بەڵام دەرچووی کۆلێژەکانمان زۆرن و دانەمەزراون، ئەوەش کێشەی زۆر گەورەی دروست کردووە، لە ڕووی خزمەتگوزاریشەوە ناڵێین خراپە، باشە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە وڵاتێکی نەوتیداین، چاومان لە شتی زۆر باشترە و چاوەڕوانی باشتر دەکەین، چونکە وڵات هەیە خێروبێری وەک عێراق نییە، بەڵام دەبینی لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە زۆر باشترن.
ئەگەر بێینە سەر خزمەتگوزاریی ناوچە دوورە دەستەکانیش، هەر بنکەیەکی تەندروست پەیوەستە بە شوێنێک لەو ناوچەیەی تێیدایە، بۆیە دەبێ هاووڵاتییان پێش هاتنیان بۆ نەخۆشخانە گەورەکان، بچنە بنکە تەندروستییەکانی لای خۆیان، ئەگەر چارەسەریان بۆ نەکرا، ئەوا وەرەقەی ئیحالە هەیە، لەو ڕێگایەوە نەخۆشەکە ڕەوانەی نەخۆشخانە گەورەکان دەکرێ، چونکە لە هەموو وڵاتان بنکەی تەندروستیی ئەو شوێنانە چارەسەری لە سەرەتا تا کۆتایی تێدا نییە.

(باس) نرخی دەرمان لە بازاڕەکان گرانە و باسی جۆرە پەیوەندییەک لەنێوان سەندیکا و کلینکەکان دەکرێت، گوایە ئێوە نرخەکانیان بۆ دادەنێن، ئەمە چۆنە؟
د. عوسمان ئەبوبەکر: لەمێژە هەوڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی دەرمان دەدرێت، بەڵام ئەوە کارێکی زەحمەتە و هەوڵەکانیش بەردەوامن، هەندێک جار عیادە ناشەرعییەکان دادەخرێن، تا ئێستاش کۆنترۆڵکردنی دەرمان لە هەرێم دا 100% نییە، ئێمە پێویستمان بەوەیە کە دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی و حکوومەتی هەرێممان هەبێ، کە لە یەک شوێنەوە ئەو دەرمانانە بهێنێتە هەرێم، ئەو کاتە دەتوانین نرخ لەسەر دەرمانەکان دابنێین و هەماهەنگیی لەگەڵ سەندیکا ئاسانتر دەبێ، بەڵام وەک دەزانین دەرمان زۆر دێتە ژوورەوە واتە لە چەند شوێنێکەوە داخل دەکرێ و هەرەیەک لەوانە نرخ و کوالێتییەکی هەیە.

(باس) لەم ماوەیەدا چەند پزیشکێک کلینکی پزیشکییان کردەوە و وازیان لە دەوامی خۆیان هێنا، هەوڵی ئێوە بۆ دابینکردنی لایەنی دارایی و خزمەتگوزاری بۆ پزیشکان و ڕێگەگرتن لەم هەنگاوانە چییە و بەرنامەتان چییە؟
د. عوسمان ئەبوبەکر: ئەرکی پزیشک وەک ئەرکەکانی دیکە نییە و بەیانییان دێ و دواتر خەفارەی دەبێ، جیا لەوەش پزیشک وەک پیشەکانی دیکە نییە، تا بچێ کارێکی باشتر بکات تا باشتر بژی، هەموو ژیانی لەسەر ئەو مووچەیە وەری دەگرێت، ئەگەر ئەو مووچەیە بەشی نەکات و لێی زیاد نەبێ، بێ گومان بەدوای ئەوەدا دەگەڕێ بچێتە شوێنێکی ئەهلی کار بکات، بۆیە ئێواران دەچێتە کلینک، ئەوەش لەسەر تاقەتی خۆیەتی و پێویستە یەک دەوامی هەبێ، یان لە حکوومی یان تایبەت، بەڵام دەبێ لە حکوومییەکەدا مووچەکەی لەبەرامبەر ئەوە بێ لەدەرەوە کار دەکات، بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییە لەنێوان حکوومی و تایبەت دروست نەبێ.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە لەگەڵ حکوومەت هەماهەنگیمان هەیە و قسەشی لەسەر کراوە، بەڵام ئێستا حکوومەتیش لە تەنگژەدایە و دەڵێ ناتوانم مووچەی تەواو بدەم، لەکاتێکدا دەبێ پزیشک لەگەڵ مووچەکەی دەرماڵەی هەبێ.

(باس) کوالێتیی دەرمان و چارەسەری نەخۆشخانەی ئەهلی لە نەخۆشخانەی حکوومی باشترە؟، ئایا چی هانی نەخۆش ئەدا ڕوو لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بکات؟
د. عەسمان ئەبوبەکر: ئەو نەشتەرگەرییەی لە نەخۆشخانەی حکوومی دەکرێ، هەمان نەشتەرگەرییە کە لە ئەهلیدا دەکرێ، بەڵام هەندێ جار نەخۆش خۆی دەرەوە هەڵدەبژێرێت و پێی خۆشترە و سەیر دەکات، کەسوکاری دەتوانن بە ئیسراحەت سەردانی بکەن، ئەگەر هەیە زیاتر بۆ ئیسراحەتی خۆی بێ، ئەگەر نا هەمان نەشتەرگەری و دەرمانە.

(باس) کاتێک دەڵێن پزیشکێک لەدەرەوە هاتووەتە کوردستان و لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلییە، خەڵک بەپەلە دەچێت ناو دەنووسێت تا پشکنینیان بۆ بکەن، هۆکار چییە؟
د. عوسمان ئەبوبەکر: راستە پزیشکی خراپ و باش هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر پزیشکێک لە وڵاتێک بچێتە وڵاتیکی دیکە، بۆی نییە بەو ئاسانییە بچێتە عیادەیەک و کار بکات، بەڵکوو دەبێت سەرەتا زمان بخوێنێ و فێری زمانی نەخۆشەکە ببێت، خاڵێکی دیکە دەبێ تاقیکردنەوەی پێ بکرێ، ئاخۆ ئەم پزیشکە باشە یا نا، دواتر دێتە سەر ئەوەی کار بکات، کارەکەش دەبێ لەژێر سەرپەرشتیدا بێ و لەگەڵ پزیشکێکی خۆمان بێ، ئەم ڕێنمایی و یاسایانەش هەمووی لە سەندیکای پزیشکاندا هەیە.

(باس) ئێوە پشتگیریی پزیشکەکانتان دەکەن و بۆ بەشداریکردن لە خول و کۆنفراسە پزیشکییەکان دەیاننێرنە دەرەوە؟
د. عوسمان ئەبوبەکر: ئەوە هەیە، بەڵام پزیشکەکان زیاتر لەسەر حسابی خۆیان بۆ بەشداریکردن دەڕۆن، پزیشک هەیە ساڵی دوو تا سێ جار بۆ بەشداریکردن دەڕواتە دەرەوە، شتەکانیش بەهۆی هەبوونی فڕۆکەخانە و ئەنتەرنێتەوە ئاسانتر بووە و وەک پێشتر نییە، بۆیە ئەو دەرمان و بیرۆکانەی لەدەرەوە هەیە زوو دەگەنە ئێرە.

(باس) کەموکورتییەکان لێرە لە ڕووی نەبوونی ئامێر چییە و چۆنە؟
د. عوسمان ئەبوبەکر: کەموکوڕیمان هەیە لە نەبوونی ئامێر و بەتایبەت ئامێرە پێشکەوتووەکان، ئەو ئامێرانە مەرج نییە بەتەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە عێراقیشدا نین، بۆ نموونە، ئامێری وەک (پێت سکان) کە بۆ پشکنینی نەخۆشیی شێرپەنجەیە، ئەو ئامێرەمان لێرە نییە، هەندێک جار بە تەنیا نەبوونی ئامێریش نییە، بەڵکوو سەنتەر و گرووپێکی پسپۆرمان نییە کاریان پێ بکات.
ئێمە لە بەشی ڕوو و شەویلاگ، ئامێری ڕاستکردنەوەی ڕوو و شەویلاگ و کەللەی سەرمان نییە، کە لەمنداڵییەوە و بە زگماکی کەللەی سەریان خوارە، پێویستمان بەو ئامێرەیە و ئامێرەکەش ناوی (distraction osteogenesis device)، پێویستی بە تیمێکە لە بەنجی گشتی و تەخدیر و چاودێری و ڕاهێنانە لەسەری، بۆ بەشەکەی ئێمە ئەم ئامێرە زۆر پێویست و گرنگە.
ئامێری (نازوری لیک ڕژێن)یشمان نییە، بەهۆی نەبوونی ئەو ئامێرەش نەخۆشەکە تووشی نەشتەرگەریی کلاسیکی دەبێ.

(باس) نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت بووە بە دیاردە و تاڕادەیەکی زۆریش بزنس، بۆ مەرج بۆ ئەو نەشتەرگەرییە دانانێن؟
د. عوسمان ئەبوبەکر: زۆرجار نەخۆش لووتی لەگەڵ دەموچاوی هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام ئەو شتێکی لە مێشکی خۆی داناوە و دەڵێ پێویستە لووتی من وەک فلان ئەکتەر بێ لە فڵان فیلم، ئەوەش تۆزێک ئەستەمە و دەبێ لایەنی سایکۆلۆژیی نەخۆشەکە بخوێنییەوە، پێش ئەوەی کارەکەی بۆ بکەی، ئەگەر بێت و ئەو لایەنە لەبەرچاو نەگیرێ، نەشتەرگەریشی بۆ بکرێ، هەر تووشی کێشە دەبێ و پێی رازی نابێ. پزیشکیش مرۆڤە و وەک هەموو کارەکانی دیکە دەبینی هەڵە لە کارەکەیدا هەیە، جا بە ئەنقەستە یان بێ ئەنقەست، بەڵام پێویست نییە پزیشک لەسەر بڕیاری نەخۆشەکە جوانکاریی لووتی بۆ بکات، پێویستە خۆی حساباتی خۆی بکات، سەیری ڕووخساری نەخۆش بکات ئایا پێویستیەتی یان نا.

(باس) دیارترین نەشتەرگەرییەکان، کە بۆ نەخۆش لە بەشی ڕوو و شەویلاگ دەکرێ چین، لە مانگێک چەند نەشتەرگەری دەکرێ؟
د. عوسمان ئەبوبەکر: بەشی نەشتەرگەریی ڕوو و شەویلاگ لە نەخۆشخانەی ڕزگاریی شاری هەولێر، پێکهاتووە لە نەشتەرگەریی ڕوو و شەویلاگ، چاندنی ددان، دروستکردنەوەی ڕوو و شەویلاگ، هەروەها ئێستا سەرقاڵی کردنەوەی یەکەیەکی دیکەین، ئەویش تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجەیە، ئەو نەخۆشانەی کەوا کیمیایی یان تیشک وەردەگرن دوای شێرپەنجە، بەدڵنیاییەوە ناو دەم و ددانیان تووشی کێشە دەبێ و پێویستیان بە چارەسەر هەیە، نەشتەرگەریمان هەیە لەژێر سڕکردنی ڕوو و شەویلاگ. زۆربەی ئەو نەخۆشانەی لێرە چارەسەریان بۆ دەکەین نەخۆشانی شێرپەنجەن، لەگەڵ ڕووداوی هاتوچۆ. لە شارەکانی سلێمانی و دهۆک و شوێنەکانی دیکەش نەشتەرگەری دەکرێ، بەڵام جیا لە هاووڵتیانی خۆمان، هاووڵاتییانی عەرەب، کە ڕوویان لە کوردستان کردووە، زیاتر لە نەخۆشەکانی خۆمان دێن، هەروەها نەخۆش هەیە بۆ چاندنی ددان لە نەرویج، ئوسترالیا، کەنەدا دێن لێرە چارەسەر وەردەگرن، لەبەر دوو هۆکار، یەکەم لەبەر تێچوون، چونکە تێچووی ئێرە لە شوێنەکانی خۆیان کەمترە، دووەم لەبەر ئەوەی هەمان کوالێتییە. لە سەرەتادا کە بووم بە سەرۆکی بەشی ڕوو و شەویلاگ لە نەخۆشخانەی ڕزگاری، پرۆژەی چاندنەوەی ددانم دانا، خۆزگە هەموو پرۆژەکانی حکوومەت وا بوایە، لەوانەیە بڵێن چۆن؟ زۆر جار دەڵێم نەوتمان پێویست نییە بۆ ئەوەی پارە دەست بخەین و بیدەین بە خەڵک، بەڵکوو بیرۆکەمان پێویستە لەگەڵ عەقڵ و پارە دروست دەکات، بۆ نموونە، چاندنی یەک ددان لەدەرەوە نزیکەی ٨٠٠ دۆلاری تێ دەچێ، ئێمە هاتین لێرە بە هەمان کوالێتی لەسەر دەستی هەمان پزیشکی پسپۆر بە ٣٥٠ دۆلار ددانێک دەڕوێنین، لێرەش هەم نەخۆش پارەی بۆ گەڕایەوە، هەم بە ٦٥٪ی ئەو  پارەیە دەرمانەکان دەکڕینەوە و لەو حاڵەتەدا حکوومەت پارە خەرج ناکات، بەشێکی کەمیش لە پارەکە بۆ بەرەوپێشبردنی بەشەکەیە، کە ماوەماوە پارە کۆدەبێتەوە و ئامێری پێویستی پێ دەکڕین، بەشێکی دیکە لە پارەکەش بۆ هاندانی پزیشکەکانە.

(باس) چەند جۆر نەشتەرگەری لێرە دەکرێ و چۆنن؟
د. عوسمان ئەبوبەکر: ڕۆژانە پێنج تا شەش نەشتەرگەریی بچووک لێرە دەکرێت، واتە مانگێ نزیکەی ١٨٠ نەشتەرگەریی بچووک دەکرێ، نەشتەرگەریی سڕکردنی گشتیشمان هەیە بۆ ڕوو و شەویلاگ، هەفتەی ١٠ تا ١٥ نەشتەرگەری دەکرێ. لە نەخۆشخانەی ڕزگاری هۆڵەکان کەمن، ئێستا بەشەکان و پسپۆڕییەکان زیاد بوونە، من بە بیرم دێ تا ساڵی ٢٠٠٨ لێرە تەنیا دوو پزیشکی پسپۆڕی ڕوو و شەویلاگ هەبووە، بەڵام ئێستا هەر لە بەشەکەی ئێمە ١١ پزیشکی پسپۆڕی ڕوو و شەویلاگ هەیە.

(باس) بە داتا چەند پزیشکی پسپۆڕی ڕوو و شەویلاگ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەن؟
د. عوسمان ئەبوبەکر: بە هەموویەوە نزیکەی 20 پسپۆر هەن، بەڵام هێشتا پێویستمان بە پزیشکی پسپۆرە، لەبەرئەوەی پزیشکی ددان هێشتا لە کوردستان زۆر کۆن نییە و لە ساڵی ١٩٩٥ کراوەتەوە، واتە یەکەم دەرچووی پزیشکی ددان لە ساڵی ٢٠٠٠ بووە.

(باس) کەی کۆنگرەی سەندیکای پزیشکان دەبەسترێ؟
د. عوسمان ئەبوبەکر: ماوەی کۆنگرەی سەندیکای پزیشکان و زۆربەی سەندیکاکانی دیکەش بەسەر چووە، هۆکارەکەشی بۆ بارودۆخی سیاسیی کوردستان دەگەڕێتەوە. دوو ساڵ پێش ئێستاش ئێمە داوامان پێشکەش کرد، کە هەڵبژاردن بکرێ، بەهۆی ئەو بارە نەخوازراوانەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست بوون، کارەکان وەستان.

(باس) لە دونیادا کاتێک نەخۆشییەکی ترسناک بڵاو دەبێتەوە، وەزارەتی تەندروستی و حکوومەتی ئەو شوێنە هۆشداری بڵاو دەکاتەوە، بەڵام لێرە جۆرە شەرمێک لە بڵاوکردنەوە و هۆشداریدا هەیە و دەتوانین بڵێین دەشاردرێنەوە، بۆ نموونە ئایدز!
د، عوسمان ئەبوبەکر: ساڵانە بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکان کۆنگرەی بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانیان هەیە و ئامارەکان دەخەنە ڕوو و ئەو زانیارییانەش لە تاقیگەی گشتی وەرەردەگیرێن، ئەگەریش هەیە نەخۆش هەبێت، بەڵام دەستنیشان نەکرابێ، بۆ نموونە، نەخۆشیی ئایدز لەنێوان پێنج تا ١٠ ساڵ نەخۆش هیچ نیشانەیەکی دیار نییە، ئەوە کێشەکەیە لەبەر ئەوەی ئێمە لێرە پشکنینی ناچاریمان نییە.
زۆریش گرنگە شەرم نەکرێ، چونکە شەرم لە تەندروستی و زانستدا نییە، ئاگام لێیە لە ڕۆژی نەخۆشیی ئایدز و گوازراوەکان، داتاکانی وڵاتان و عێراق دەبینم کە چۆنن.



(باس) سەبارەت بە پڕۆژەی نیمچە تایبەت چیت هەیە بیڵێی؟
د. عوسمان ئەبوبەکر: تەندروستیی خۆپاراستن زۆر گرنگە بکرێتە پرۆژە، هەم لە پزیشکی ددان، هەم ئەو بوارەکانی دیکەی پزیشکی و بکرێتە غەرامەش، چونکە ئەمە لە وڵاتانیش بە غەرامە و سزا کراوە، تا پابەند بکرێن، هەروەها پرۆژەی نیمچە تایبەت هەیە، لێرە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری پەیڕەوی دەکەین، نە بەلاشە و نە بەو پارە زۆرەیە کە نەخۆش لەدەرەوە ناتوانێت بیدات، بە کوالێتیێکی باشی حکوومی و پارەیەکی نە زۆر نە کەم دەکرێت، هاوکات بەو پارەیە باری قورسی سەرشانی حکوومەت کەم دەبێ و هاندانە بۆ پزیشک و نەخۆشخانەش، داوا دەکەین ئەم هەنگاوە پەرەی پێ بدرێ، بۆ نموونە، ئێمە مانگانە ١٥٠ تا ١٨٠ ددان بۆ نەخۆش دەچێنین، نزیکەی ١٥ دەفتەر بەم هۆیە لە کۆڵ حکوومەت دەبێتەوە، واتە ئەگەر بە بەلاش بۆ نەخۆش ئەم کارە بکرێ، ئەوا پێویستە حکوومەت هەموو مانگێک ١٥ دەفتەر بۆ کڕینی پێداویستییەکان بۆ من دابین بکات، بەڵام ئەم پرۆژەیەی کردوومانە بۆ نەخۆش زۆر باشە و زۆر جیاوازە لە کلینکی دەرەوە لە ڕووی نرخەوە.