عوسمان ئۆجەلان: پەکەکە ھەڕەشەی کوشتنی ئەندامانی خانەوادەی ئۆجەلان دەکات

"سەرۆک بارزانی نەبوایە پەکەکە شەڕی براکوژیی ھەڵدەگیرساندەوە"

(باس) هێمن دڵدار و دیار عەزیز 02/07/2019 - 12:20 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

لەم چاوپێکەوتنەی ھەفتەنامەی (باس)دا، عوسمان ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ئەندامی پێشووتری کۆنسەی سەرۆکایەتیی پەکەکە، چەند زانیارییەکی نھێنی لەبارەی ھەڕەشەکردنی پەکەکە لە خانەوادەی ئۆجەلان و پەیوەندیی پەکەکە لەگەڵ ئێران و سووریا و ئایندەی ناوچەکە ئاشکرا دەکات.

 

(باس) پێش ھەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، دکتۆر عەلی کەمال ئۆزجان، سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانی کرد و نامەیەکیشی بۆ رای گشتیی تورکیا ئاشکرا کرد، لە میدیای تورکیاشدا ئۆجەلانی بە کەسێکی نیشتمانیی تورکیا وەسف کردبوو، بۆچوونی تۆ لەسەر ئەوە چییە؟ 

عوسمان ئۆجەلان: ئێستا لە تورکیا ھەموو کەسێک بەرەو ھێڵی نەتەوەیی دەچێت و باسی ھێڵی نەتەوەیی دەکرێت. سۆسیال دیموکراتی تورکیا و چەپەکان، ھەروەھا ئاکەپە و مەھەپەش باسی ھێڵی نەتەوەیی لە تورکیا دەکەن. ھەموو لایەک لەو باوەڕەدان کە پرسەکانی تورکیا بە سیاسەتی نەتەوەیی تورکیا چارەسەر دەبێت. ئێستا ئۆجەلانیش ناخوازێت پرسی کوردان لەلایەن وەڵاتانی دەرەوە چارەسەر بکرێت، بەڵکوو دەیەوێت ئەو پرسە لەو شوێنەی کە لێی ھەیە، لەوێدا چارەسەر بکرێت. 

ئۆجەلان دەیەوێت کورد لە تورکیا پرسەکەی لەگەڵ تورکیا چارەسەر ببێت، پرسی کورد لە ئێران دەبێت لەگەڵ ئێران چارەسەر بکرێ و لە سووریاش بە ھەمان شێوە. 

لەبەر ئەو ھەڵوێستانە، ھەندێک کەس دەڵێن ،ئۆجەلان کەسێکی خۆمانە و نەتەوەییە. لە راستیدا ئۆجەلان دەیەوێت پرسی کورد لەگەڵ ئێران، تورکیا و سووریا چارەسەر بکرێت، نەک ئەمەریکا و ئەوروپا ئەو پرسە چارەسەر بکەن.

 

(باس) دوای خوێندنەوەی نامەکەی ئۆجەلان بۆ ھەڵبژاردنی ئیستانبۆڵ، تۆش لەسەر تەلەڤزیۆنی (TRT کوردی) دەرکەوتی، قسەکانت لە تورکیا بوونە رۆژەڤ، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دژی ئەو دەرکەوتنە بوو، تەنانەت ئەردۆگان باسی قسەکانی تۆی کرد، تۆ ڕێکخستنی ئەم چاوپێکەوتنە چۆن لێک دەدەیەوە؟

عوسمان ئۆجەلان: ھیچ جارێک من بە ھیچ میدیایەکم نەگوتووە ”نا“، یان لەگەڵتان قسە ناکەم. وەکوو سیاسەتمەدارێکی کورد بۆچوونی خۆم دەردەبڕم و دەڵێم ئەمە ھەڵوێستی منە. بەردەوام ھەوڵم داوە، کە فکری نەتەوەیی خۆم لە میدیادا بە خەڵک بگەیەنم. بۆیە من داواکاریی ھیچ میدیایەکم بۆ چاوپێکەوتن ڕەت نەکردووەتەوە. تەنانەت من دەمویست لەگەڵ تەرەتە لە چاوپێکەوتنێکدا بەشدار بم، ھەم تەرەتە کوردی داوای لە من کرد کە قسەی بۆ بکەم. دەردی من ئەوەیە، کە باسی ئەوە بکەم، ئێستا سەرکردایەتیی پەکەکە مەشرووعیەتی نەماوە و سەرکردایەتییەکی ناڕەوایە. 

لە راگەیاندنی تورکیادا ھەندێک شت لەسەر من ھەن، لەو راگەیاندنانەدا باسی ئەوە دەکرێت، کە من ٧٤ سەربازی تورکیام کوشتووە و من چیم کردووە، بەڵام ئەوانە ھەمووی دوورن لە ڕاستییەوە. ڕاستە من لەنێو پەکەکەدا بووم و بەرپرسێکی پەکەکە بووم، من بەرپرسیار بووم لە شەڕەکانی پەکەکە، بەڵام دەبێت ئەوە بزاندرێت کە من ھیچ سەربازێک و سڤیلێکم نەکوشتووە، تەنانەت ئەو سەربازانەی کە لە دەست پەکەکەدا دیل بوون، من پاراستوومن و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ژیانی ئەوانم پاراستووە.

 

(باس) محەمەد ئۆجەلانی برات لە مانگی یەکی ٢٠١٩دا سەردانی ئیمرالیی کرد، دوای ئەو سەردانە، ھەدەپە راگەیاندنێکی بڵاو کردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە لەسەر ئەو سەردانەدا راگەیاندراوێکی دەبێت، بەڵام ھیچی لەبارەوە بڵاو نەکردەوە، بەڵکوو کەجەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا دەرکەوت کە لەو سەردانە ناڕازییە، لەلایەکی دیکەوە تا ئەو کاتەی عەلی کەمال ئۆزجان نامەی ئۆجەلانی ئاشکرا نەکرد، نە ھەدەپە و نە پارێزەرەکانی ئۆجەلان نامەکەی ئەویان بڵاو نەکردەوە، پێتوایە پەکەکە، کەجەکە و ھەدەپە سانسۆریان خستووەتە سەر ئۆجەلان؟ 

عوسمان ئۆجەلان: بەڵێ محەمەد ئۆجەلان سەردانی ئاپۆی کرد، ئێمە ھەموو چاوەڕێ بووین یان محەمەد یان ھەدەپە لێدوانێک بڵاو بکاتەوە، ھەر گوتمان ئەمڕۆ سبەی، بەڵام ھیچیان بڵاو نەکردەوە. من وەکوو ئەندامێکی خانەوادەی ئۆجەلان ئاگام لەوە ھەبوو، کە پەکەکە داوای لە خانەوادەکەمان کردبوو لەبارەی ئەو سەردانە بێدەنگ بن، تەنانەت ھەڕەشەی کوشتنی ئەندامانی خانەوادەی ئێمەیان کردبوو. پەیوەندیی من لەگەڵ بنەماڵەکەمان بەردەوامە، ھەم ھەڕەشەی تورکیا لەسەر ئێمە ھەیە و ھەم ھەڕەشەی پەکەکە لەسەر ئێمە ھەیە، ئێمە لەبارەی ئەو ھەڕەشانەوە ھۆشدارییشمان پێ داون. منیش ئەندامێکی بنەماڵەی ئۆجەلانم و ھەڕەشە لەسەر منیش ھەیە، با ھەموو خەڵک ئەوە بزانن.

 

(باس) بۆچی دەڵێیت سەرکردایەتیی پەکەکە - کەجەکە ناڕەوایە؟

عوسمان ئۆجەلان: کەجەکە ناڕەوایە، چونکە ئەوان عەبدوڵا ئۆجەلانیان ڕەت کردووەتەوە. چوار ساڵە ئەوان ئۆجەلان قەبووڵ ناکەن، ئەوان دەیانەوێت ئۆجەلان تەنیا بە ناو ھەبێت و ئیدی ئەوان خۆیان ھەموو شتێک بکەن، نەک تەنیا قەندیل، ھەدەپەش ئێستا دان بە ئۆجەلاندا نانێت و دژایەتیی ئۆجەلان دەکات. لەم ھەڵبژاردنەی دواییدا، ئێمە ھەموومان بینی، ئاپۆ ئاشتی و چارەسەری دەخوازێت، ھەوڵ دەدات کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت و یەکێتیی نەتەوەیی پێک بێت. من ئەو کارانەی کەجەکە زۆر بە مەترسیدار دەبینم.

(باس) لەبارەی ھێزە تازەکەی پەکەکە رای تۆ چییە؟

عوسمان ئۆجەلان: ئێوە دەزانن لەم دواییانەدا ھێزێک بە ناوی (ھێزی پاراستنی جەوھەریی باشووری کوردستان) لەلایەن پەکەکەوە پێک ھێندراوە و ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان دەکا، ئۆجەلان ئەو شتانە ناخوازێت و بگرە گەلێک ڕێز لە سەرۆک مەسعود بارزانی و ھەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی دەگرێت، ئۆجەلان سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانیی زۆر خۆش دەویست. ئێمە ھەموو ئەوە دەزانین. ھەروەھا ئێستا مەسرور بارزانی دەبێتە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئەو گەلێک سەرکەوتووە و ھەوڵ دەدات گەندەڵی لە کوردستان نەھێڵێ و کوردستان پێش بخات، دەبوایە پەکەکە پشتیوانیی خۆی بۆ مەسرور بارزانی دەرببڕیایە. ھەروەھا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوەستانایە، بەڵام ئەوان دوژمنایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەی لەبەرچاوانە، کە ھەندێک لایەن و ھەندێک دەوڵەت داوایان لە کەجەکە و پەکەکە کردووە، دوژمنایەتیی ھەرێمی کوردستان بکەن و ئەوانیش دوژمنایەتیی کوردستان دەکەن.

(باس) بە بڕوای تۆ، کام لایەن و دەوڵەت داوای دوژمنایەتیکردنی ھەرێمی کوردستانی لە پەکەکە کردووە؟

عوسمان ئۆجەلان: ئێوە دەزانن پاش ئەوەی ئێمە دەستمان لە پەکەکە بەردا، پەکەکەی نوێ بەپێی بەرژەوەندیی ئێران و ھەندێک وڵاتی دیکە دروست بوو، پەکەکە گەلێک گۆڕا. ئێران بەپێی بەرژەوەندیی خۆی پەکەکەی دروست کردەوە. پێش ئۆجەلان ئێمە دانوستانمان لەگەڵ ئێران ھەبوو، پەیوەندیشمان ھەبوو، ئێمە دەمانویست لە ڕێگەی سۆڤیەتەوە ئۆجەلان بھێندرێتەوە قەندیل و بۆ نێو گەریلا، بەڵام ئێران نەیویست ئۆجەلان بێتەوە نێو گەریلا، ئێمە پلانمان دانابوو کە ئۆجەلان لە ڕێگەی ئەرمەنستانەوە بێتە ئێران و لەوێشەوە بێتەوە قەندیل، بەڵام ئێران ڕێگەی نەدا. پاش ئەوەی ئێران نەیھێشت ئۆجەلان بێتەوە نێو گەریلا، من ھەموو پەیوەندییەکانی خۆمانم لەگەڵ ئێران کۆتایی پێ ھێنا، لەو کاتەدا جەمیل بایک، لەسەر دژایەتیی ئۆجەلان لەگەڵ ئێران ھاوپەیمانیی کرد، ھەروەھا لەگەڵ سووریاش بە ھەمان شێوە، ھەر کەسێک دژی ئۆجەلان بوو، جەمیل بایک کاری لەگەڵدا کرد. ئەمڕۆش پەکەکە لە ھەر چوار پارچەی کوردستان دژایەتیی کوردان دەکات و ھاوپەیمانیی داگیرکەرانی کوردستانە.

 

(باس) تۆ پێشبینی دەکەیت کە پەکەکە لە ھەرێمی کوردستاندا شەڕی براکوژی دەست پێ بکات؟

عوسمان ئۆجەلان: ئێمە ھەموو دەزانین، کە سەرۆک بارزانی ناچێتە نێو شەڕ لەنێوان ھێزە کوردستانییەکاندا و ناکەوێتە ھەڵەی لەو جۆرە، بەڵام بەڵێ ئەوان (پەکەکە) بە مەبەست ھەڕەشەیان لە ئەزموونی ھەڕیمی کوردستان کرد و دەستدرێژییان کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا سەرۆک بارزانی نەیھێشت ھێزەکانی کوردان شەڕی یەکتر بکەن، ئەگەر ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی نەبوایە، چەند ساڵێک بوو شەڕی براکوژی سەری ھەڵدەدا، بەڵام ئەو ڕێگەی لە زۆر شت گرت. پەکەکە دەیەوێت سەقامگیریی کوردستان تێک بدات و ئەوەش لەسەر داوای ھەندێک لایەن دەکات، ئەگەر پەکەکە لەسەر ژێرپێکردنی سەروەریی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و ھێرش بکاتە سەر کوردستان، مافی ھێزە کوردستانییەکانیش ھەیە، کە بەرژەوەندیی کوردستان و خەڵکی کوردستان بپارێزن، بەڵام پەکەکە لەسەر تێکدانی سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە.