بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر: زیاتر لە هەزار سزادراو لەنێو چاکسازیدان

٨٥ کەسمان لایە، کە سزای لەسێدارەدانیان هەیە

(باس) دیار عەزیز مستەفا - فۆتۆ: محەمەد دەرگەڵەیی 19/06/2019 - 15:09 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

پاش ڕوودانی چەند تاوانێک، لەم دواییانە لەلایەن کەسانێکەوە، کە پێشتریش لەسەر تاوان سزا درابوون، لەنێو خەڵکیدا گازاندەی ئەوە هاتە ئاراوە کە پرۆسەی چاکسازی بەپێی پێویست بەسەر سزادراواندا جێبەجێ ناکرێت، بۆ ئەم مەبەستە، (باس) لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ هێمن نانەکەلی، بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر، دۆخی نێو چاکسازی و پرۆسەکانی چاکسازیکردنی تاوانباران، کە ئەوان بە سزادراو ناوی دەهێنن، تاوتوێ دەکات.

(باس) ژمارەی سزادراوانی نێو چاکسازی چەندە و جۆری تاوانەکانیان چین؟
هێمن نانەکەلی: ژمارەی سزادراوان لە سەرووی هەزار کەسە، بەڵام ژمارەیان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان زیاترە و هیواجارین ئەو کیشەیە چارەسەر بکرێت.

(باس) سزادراوانی بەشی سێدارە چەند کەسن و رەوشیان چۆنە؟
هێمن نانەکەلی: لێرە بەشی سێدارەمان هەیە کە هەموو جۆرە تاوانبارێکی لەنێودایە، ئەوانە بە جیا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، زیاتر لە ٨٥ کەس سزای لەسێدارەدانیان هەیە و لە چاکسازیدان. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەی سزای لەسێدارەیان بۆ دەرکراوە، تایبەتە، شوێنی حەوانەوەیان نابێت وەک بەشەکانی دیکە زۆر قەرەباڵغ بێت، چونکە ئەو کەسە تا لە ژیاندایە لە ژوورەوەیە، ناتوانین هاوشێوەی بەشەکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.
جێبەجێکردن یان جێبەجێنەکردنی سزای لەسێدارەدان پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و ئیشی دەسەڵاتێکی بەرزتر و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤە، بەڵام ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەکردووین.

(باس) لە ساڵی ٢٠١٥ باڵاخانەی نوێی چاکسازی دروست کرا، تا چەند لە باشترکردنی پرۆسەی چاکسازیکردنی سزادراوندا ڕۆڵی هەیە؟
هێمن نانەکەلی: باڵاخانەکە باشە، بەڵام هێشتا کەموکوڕیی تێدایە، یەکەمین باڵاخانە کە دروست کرا، لە دهۆک بوو، کۆمەڵێک کەموکوڕیی هەبوو، کاتێک لە هەولێر دروست کرا، ئەو کەموکوڕییانەی لە دهۆک هەبوون، نەیانهێشت. ئەم باڵاخانەیە لە ڕووی ئەمنییەوە هەموو شتێکی تەواوە، بەڵام هەندێک ڕووبەری زەویی هەیە، کە دەکرا زیاتر سوودی لێ وەرگیرابایە.

(باس) ئێوە چ پرۆسەیەکی چاکسازی جێبەجێ دەکەن؟
هێمن نانەکەلی: هەر کەسێک، کە سزا دەدرێت، کاتێک دەنێردرێتە لای ئێمە، لە بەشی پێشوازی وەردەگیرێت، لەوێ پشکنینی تەندروستی و پشکنینی خوێنی بۆ دەکرێت، بۆ ماوەی ٧٢ سەعات ناتواندرێت کەس بیبینێت، تا ئەو کاتەی پشکنینەکانی دەردەچێت، نەوەکوو کێشەیەکی هەبێت، دواتر دەنێردرێتە ئەو بەشەی، کە بەپێی ماددە سزاییەکەی دیاری کراوە. چاکسازی خۆی لە چەند چەمکێکی بنەڕەتیدا دەبینێتەوە، یەکێکیان قوتابخانە و پەروەردەکردنە، کە دوو قوتابخانە لێرە هەیە، یەکێکیان بنەڕەتییە تاوەکوو پۆلی ٩، هەروەها ئامادەییش هەیە و دواتریش قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگاکانیشمان هەیە. بوارێکی دیکە هەیە بە ناوی ڕاهێنانی پیشەیی، ئێمە سزادراوان لەسەر پیشە زۆر باوەکانی نێو کۆمەڵگە ڕادەهێنین، بۆ نموونە سەرتاشین، بەردەوام خولی سەرتاشین دەکەینەوە و هەر جارێک ٥٢ رۆژ دەخایەنێت و ٢٠ سزادراو بەشداریی دەکەن، خولی فێربوونی کۆمپیوتەر و زمانی ئینگلیزی هەیە، بۆ نەتەوەکانی دیکەش خولی زمانی کوردی هەیە، چونکە سزادراوی (تورک، ئێرانی، عەرەب…و .. هتد) لەلامان هەن، هەروەها خولی بەستان و چاککردنی سپلیتمان هەیە. ئەو سزادراوانەی ماوەی سزاکەیان لە ٦ مانگ کەمتر بێت، خولی بەستان و چاککردنی سپلیتیان بۆ دەکەینەوە، بۆ ئەوەی کە فێر بوو، بچێتە دەرەوە و ئەو شارەزاییە لەگەڵ خۆی ببات و ئیش بکات. بەشی بەرگدرووییمان هەیە، کە هەم ڕاهێنان و فێربوون و هەم ئیشکردنیشە، لەگەڵ بەرگدرووەکان هەماهەنگی دەکەن، جلوبەرگ بە ڕێژەیەکی زۆر وەردەگرن و لێرە دەدروون و دەبێتە داهات بۆ سزادراوان، بۆ نموونە، قوتابخانەیەک دێت دەڵێت ١٠٠ دەستە جلوبەرگم بۆ قوتابییانم دەوێت، نموونەی لێ وەردەگرین و سزادراوەکان بە هەرزانتر بۆیان دەکەن. هەروەها ئەوە یەکەمین ساڵە جلوبەرگی هێزی جێبەجێکردن، کە هێزێکە لەنێو چاکسازییە، یەکەمین ساڵە لەلایەن سزادراوانەوە دروا و لەبەرامبەریشدا پارەیان وەرگرت.


بەشێکی دیکەمان هەیە، کە بەشی دارتاشییە، ئەو بەشە پێشتر چالاک نەبوو، بەڵام ئێستا ئەو بەشە بەرهەمی زۆر زۆرە، قەنەفە و حەرف ئێڵ و کورسی و چەندان شتی دیکە دروست دەکەن، تەنانەت سەعاتی ژوورەکەم لەو بەشە دروست کراوە، بەنیازین بیکەین بە (شۆپی ئۆنلاین) و لە ڕێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە بەرهەمەکانمان بخەینە بازاڕەوە. داهاتی هەردوو بەشی بەرگدروویی و دارتاشی باشە، بەڵام بەشەکانی دیکە داهاتیان نییە، تەنیا سەرتاشی نەبێت، کە پێشتر بە هەموو چاکسازی تەنیا یەک سەرتاش هەبوو، بەڵام ئێستا هەر دوو مەمەڕ و دوو سەرتاشی هەیە، قوتابییانی یەکەم و دووەمی بەشدار لە خولەکان، دێن لەو مەمەڕانەدا کاری سەرتاشی دەکەن و لەبەرامبەردا بڕێک پارە وەردەگرن.


هەروەها ئیشکردن لەنێو بەڕێوەبەرایەتیمان باوە، زۆرم هەوڵ دا بۆ سزادراوان کە خاوەن خێزانن و منداڵیان هەیە و کەسیان نییە لەدەرەوە خێزانەکانیان بەخێو بکات، کار بکەن، سزادراو هەیە مانگانە ٤٥٠ هەزار دینار کرێی هەیە، پێشتر نان لەدەرەوە دەهات، ئێمە دوو فڕنیمان دروست کرد، کە ٦ سزادراو تێیدا ئیش دەکەن و لەبەرامبەردا مانگانە هەریەکێکیان ٤٥٠ هەزار دینار وەردەگرێت و ماڵ و منداڵی پێ دەژێنێت.


هەروەها چێشتخانە و فرۆشگە و خاوێنکردنەوەی ناو چاکسازی و غەسل و ڕۆنگۆڕینیشمان کردووەتەوە. هەروەها بەشی توێژەرانمان هەیە کە ڕۆژانە ڕاستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ سزادراواندا هەیە و ئەگەر کێشەیەکیان هەبێت ئەوان هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.

(باس) سزادراوان چەند مانگ جارێک مۆڵەت دەدرێن، ئەم پرۆسەیە چۆنە؟
هێمن نانەکەلی: سزادراوان هەر سێ مانگ جارێک دەتوانن ٧ ڕۆژ بچنە دەرەوە، ڕۆژێک چوون، یەکێک گەڕانەوە و پێنج شەویش لەماڵەوە دەبن، ئەمەش لەسەر بنەمای وەرگرتنی چەند گرەنتییەک، وەک (دانانی دوو کەفیلی کەسی، دانانی بڕێک پارە بەگوێرەی ماوەی سزاکەی بێت، کە ئەگەر یەکەم جاری بێت ٢٥ ملیۆن دینارە، هەروەها دانانی خانووێک لە ڕەهن)، بەو شێوەیە مۆڵەت هەیە، بەڵام هەموو سزادراوێک ناگرێتەوە، ئەوانەی خەڵک دەکوژن ناگرێتەوە، ئەوانەی حوکمەکانیان پەیوەندیی بە موڵک و ماڵی دەوڵەتەوە هەیە ناگرێتەوە و هەندێ تاوانی تریش.

(باس) لەپاڵ مۆڵەت، مافی خەلوەی شەرعییش دراوە بە سزادراوان، کە هاوسەرەکانیان دێنە لایان و لە شوێنێکی تایبەت سەرجێیی دەکەن، ئەمە چۆن ڕێکخراوە و چ ڕۆڵێکی هەبووە؟
هێمن نانەکەلی: خەلوەی شەرعی لە ڕووی ڕێژەی تەڵاقەوە سوودێکی زۆری بە سزادراوان گەیاندووە و زۆر ڕێژەکەی کەم کردووەتەوە. شوێنێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دروست کراوە، کە چەند ژوورێکی تایبەتن، حەمام و توالێت و سیسەم و دۆشەکی تایبەتیی خۆیان دەبێت، هەر سزادراوێک ٢٠ ڕۆژ جارێک بۆ ماوەی یەک سەعات و ٤٥ خولەک هاوسەرەکەی دێتە لای و دەمێنێتەوە، ئەو مافەش لەسەر بنەمای چەند خاڵێک بە سزادراو دەدرێت، یەکەمیان دەبێت گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی هی هەرێمی کوردستان بێت و لەسەر ناسنامەکانیشیان ناویان هەبێت، ئەوانەی زیاتر لە هاوسەرێکیان هەیە، ڕێگەیان پێ دەدرێت بەڵام بە خشتەیەک و بە هەمان مەوعید، هاوسەرەکان هەر جارەی یەکێکیان دێنە لای.

(باس) خەڵکی هەندێک جار گلەیی دەکەن کە چاکسازی بووەتە شوێنێکی زۆر خۆش و سزادراو لەوێدا هەست بەوە ناکات لە کۆمەڵگە دابڕێندراوە، بۆچوونی تۆ لەسەر ئەمە چییە؟
هێمن نانەکەلی: خەڵکی لەوانەیە واقیعەکەیان نەدیبێت، یەک خولەک ئازادی هەموو ئەو سوودانە دەهێنێت کە سزادراو لێرەدا پێی دەدرێ، ئێمە هیوایەکمان هەیە کە دوای ماوەیەکی دیکە لێرە دەچینە دەرەوە، بەڵام ئەو سزادراوانە هەرچییان بۆ بکرێت، دەزانن ئازادییان لێ زەوت کراوە، ئەو پرۆسەی خەلوە شەرعییە بەتەنیا بۆ سزادراوەکە نییە، بۆ خێزانەکەی و منداڵەکەشیەتی، چونکە ڕێژەیەکی زۆری تەڵاقی کەم کردەوە، ئافرەتێک دەیزانی پیاوەکەی ١٥ ساڵ سزا دراوە، یەکسەر دەیگوت یان لێم جیابەوە یان تەڵاقنامەت بۆ دەنێرم، بەڵام کاتێک ٢٠ ڕۆژ جارێک دەتوانێت بێتە لای پیاوەکەی، پەیوەندیی هاوسەرگیرییان ناپچڕێت. ئێمە ستافێکی تایبەتمان داناوە بۆ خەلوەی شەرعی، لە چەند ئافرەتێک و چەند پیاوێک پێکهاتوون، کە ئافرەتەکەش دێتە دەرەوە، بەتەواوی دەپشکنرێت نەوەکوو جلگۆڕین و شت ڕووی دابێت.

(باس) داهاتی چاکسازی چۆنە و چۆن ڕێک خراوە؟
هێمن نانەکەلی: من پێم خۆشە داهاتی نێو بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی زۆر زیاتریش بکەین، تائێستا بە فەرمی ڕێگەیان پێ نەداوین، لە ڕێگەی وەزارەتەوە بە نووسراوێک داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە، کە ئەگەر ڕێژەیەکمان بۆ دیاری بکەن و لە بودجەی مانگانە لێمان کەم بکەنەوە، ئێمە دەتوانین پەرە بە داهاتمان بدەین، تاوەکوو ئەو داهاتە ڕووێکی فەرمی وەربگرێت، بەڵام هەندێک بارودۆخ لەنێو بەڕێوەبەرایەتییەکە هەیە، کە ناچاریت بیکەیت، بۆ نموونە ئێمە وردکە نان دەفرۆشین، چونکە مانەوەی لێرە خراپە و فڕێدانیشی خراپە، ناچار لە ڕێگەی لێژنەیەکەوە دەیفرۆشین، پارەکەیشی لەو سزادراوانە خەرج دەکرێت کە کەمدەرامەتن. بابەتی چێشتخانەکە لەدەست ئێمەدا نییە، لە پارێزگای هەولێر داوای خشتەی خۆراکمان لێ دەکرێت، دواتر تەندەرێک دەکرێت و بەڵێندەرمان بۆ دەنێردرێت، ئێمەش بەپێی ئەو بڕگانەی لە تەندەرەکەدا هاتووە، مامەڵە دەکەین.

(باس) لەم ماوەیەدا چەند تاوانێک لە هەولێر و دهۆک کران، ئەو کەسانە پێشینەیان هەبووە و لە چاکسازیدا بوون، ئایا هۆکاری گەڕانەوەیان بۆ سەر تاوان چییە؟
هێمن نانەکەلی: ئەو کەسانەی کە بە جۆرە تاوانێک سزادراون، بۆ نموونە ماددەی هۆشبەر یان دزی، کاتێک چووە دەرەوە، ئەگەر هەمان تاوانی کردەوە وەک ماددەی هۆشبەر یان دزی، بەڵام ئەگەر تاوانێکی دیکە بکات، یان بەبێ ویستی خۆی تووشی ڕووداوێک بوو، کە گەیشتە ڕادەی تاوان، ئەو کەسە بە گەڕاوە دانانرێت. ئەوەی لە هەولێر ڕووی دا، کە شۆفێرێک لەسەر پێکدادانێکی بچووک کەسێکی کوشت، لەسەر کوشتن لای ئێمە سزا نەدرابوو، بۆیە بە گەڕاوە دانانرێت.


بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر گەڕاوەیان تێدا زۆرە، چونکە ئەوە سزاکەی ٦ مانگە، لە ڕۆژی گیرانیەوە تا لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و دەرچوونی سزاکەی، ٤ مانگ دەڕوات، کە دێتە لای ئێمە تەنیا ٢ مانگ دەمێنێت، لەو ٢ مانگەدا ناتوانین هیچ چاکسازییەک لەسەر ئەو سزادراوە بکەین، یان ساڵێک سزا دەدرێت، لەو ساڵەشدا ئازادکردنی کۆتدار (ئیفراج شەرتی) دەیگرێتەوە، بۆیە سزادراو هەبووە ١٥ رۆژ یان ٤ ڕۆژ لای ئێمە ماوەتەوە، بە ٤ ڕۆژ چ چاکسازییەک دەکرێت؟

(باس) کەسێک کە ئاڵوودەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووە، چۆن وا دەکەن وازی لێ بهێنێت؟
هێمن نانەکەلی: ئێمە بە وەرزش، پزیشک و دەرمان و چەندان ڕێگەی دیکە هەوڵی لەگەڵ دەدەین، بەڵام دەبێت خانەوادەکەی هاوکارمان بن، چونکە کەسێک بە ماددەی هۆشبەر سزا درابێت، نابێت برادەر و خزمی دوور سەردانی بکەن، تەنیا (باوک، دایک، خوشک، برا، مام و خاڵ) دەتوانن سەردانی بکەن، رەنگە بەهۆی کەسێکەوە تووش بووبێت و هەر ئەو کەسەش بیەوێت سەردانی بکات. ئێمە لەگەڵ پزیشکەکەی خۆمان هەوڵیان لەگەڵ دەدەین، بە پلەبەندی کار دەکەین، سزادراو هەیە دەرمان وەک جێگرەوەی ماددەی هۆشبەر وەردەگرێت، بەڵام ئەو دەرمانە چارەسەرە و هەفتانە کەم دەکرێتەوە، پاشان بە وەرزش و یۆگا و وەرزشی دیکە، کەسەکە دەتوانێت واز لەو ماددە هۆشبەرانە بهێنێت.

(باس) پێتوایە پرۆسەی چاکسازی لەسەر سزادراوان بەو شێوەیەی هەیە، پرۆسەیەکی سەرکەوتووە؟
هێمن نانەکەلی: بەڵێ، بەرنامەکانی چاکسازی بەرنامەی باشن، لە هەندێک بارودۆخدا ڕەنگە دەرفەت نەبێت بەتەواوی جێبەجێ بکرێن، ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین، ناتوانین بڵێین ١٠٠٪ چاکسازی پەیڕەو دەکرێت، بەڵام ٨٠٪ لە پێشتر باشتر بووە، نموونەمان هەیە، کە چەندان کەس لە تاوان دەرباز بوون و تەنانەت ئێستا لەناو چاکسازیدا کار دەکەن، کەسی وا هەبووە بە کوشتن و شەڕەچەقۆ سزا دراوە، ئێستا لە قۆناغی دووەمی کۆلێژدایە، ئێستا ٢٠ قوتابیی زانکۆمان هەیە و ڕەنگە لە ساڵی داهاتوودا قوتابیی ماستەریشمان لەنێو سزادراواندا هەبێت.