بەرپرسێکی بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی: پۆستی پارێزگاری کەرکووک ئیستحقاقی پارتییە

"هه‌ر ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ پارێزگارەکەی ئێستا ده‌چێته‌ قاڵبى خیانه‌ته‌وه‌"

16/06/2019 - 14:52 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ (باس)دا، حه‌سه‌ن شێخانى، به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووكى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیى كوردستان، ئاماژه‌ به‌ خراپیی بارودۆخى ئێستاى كه‌ركووك به‌ ده‌ست پارێزگا سه‌پێندراوه‌كه‌ى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ ده‌كات.

(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ ڕه‌فتاره‌كانى پارێزگا سه‌پێندراوه‌كه‌ى كه‌ركووك؟
حه‌سه‌ن شێخانى: ڕاكان جبوورى پارێزگارێكه‌ ده‌یه‌وێت تاكڕه‌وانه‌ به‌ ویست و ئاره‌زووى خۆى و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئیداره‌ى پارێزگاكه‌ كار بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستى به‌سه‌ر بودجه‌ى كه‌ركووكدا كرتووه‌ و به‌ كه‌یفى خۆى مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌دواى 16ى ئوكتۆبه‌ره‌وه‌، كه‌ بووه‌ته‌ پارێزگاى كه‌ركووك، مامه‌ڵه‌یه‌كى خراپ و نه‌شیاو له‌گه‌ڵ كورددا ده‌كات، ئه‌و كه‌سێكى شۆفێنییه‌ و كه‌ركووكى گه‌ڕاندووەته‌وه‌ سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عس، كه‌ چۆن له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ى كورد ده‌درا، هه‌روه‌هاش ئێستا به‌ هه‌مان شێوه‌ و له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و چاودێریى ئه‌ودا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوو لیواى سه‌ربازیى له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كاندا جێگیر كردووه‌ و به‌بێ بڕیارى دادوه‌ر هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر خێزانه‌ كورده‌كان و مامه‌ڵه‌ى نه‌شیاویان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.

(باس) بۆچوونتان له‌سه‌ر بارودۆخى ئێستاى كه‌ركووك چییه‌؟
حه‌سه‌ن شێخانى: له‌ ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ى له‌دواى 16ى ئوكتۆبه‌ره‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ كه‌ركووك، كۆمه‌ڵێك سه‌رپێچى به‌ناو چه‌سپاندنى یاساوه‌ ده‌كرێت، له‌ ڕووى سیاسیشه‌وه‌، له‌ لایه‌ن ئیداره‌ى شاره‌كه‌ ده‌ست به‌ سڕینه‌وه‌ى زمانى كوردى له‌ ژماره‌یه‌ك تابلۆى حكوومى ده‌كرێت، به‌ راستى سیاسه‌تێكى نادروست و مه‌ترسیدار له‌ كه‌ركووك پەیڕەو ده‌کرێت، پرۆسه‌ى ته‌عریب و داگیركردنى موڵك و ماڵى كوردان به‌رده‌وامه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر شۆفینیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆسێیانه‌دا ده‌كرێت، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌، ئێستا كه‌ركووك به‌ بارودۆخێكى زۆر شێواو و خراپدا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و شاره‌ى پێش 16ى ئوكتۆبه‌ر له‌ لایه‌ن كورده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چوو، ئێستا زۆر گۆڕاوه‌.

(باس) بۆچوونتان له‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى له‌ كه‌ركووك چۆنه‌؟
حه‌سه‌ن شێخانى: حه‌شدى شه‌عبى ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ له‌ كه‌ركووك پێگه‌كانى خۆیان فراوانتر ده‌كه‌ن و باره‌گاكانیان زیاتر و قایمتر ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ خۆیان ده‌ڵێن له‌ناو كه‌ركووكدا نیین، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا وا نییه‌ و چه‌ندین باره‌گاى سیاسییان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌ ئه‌وان و نه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى دیكه‌ى عێراق له‌دواى 16ى ئوكتۆبه‌ره‌وه‌ وه‌كوو هێزى پێشمه‌رگه پارێزگارییان‌ له‌ ئه‌منییه‌تى شارى كه‌ركووك نەكردووه‌، ئه‌و ڕووداوانه‌ى ئه‌م دواییه‌ى ده‌وروبه‌رى شاره‌كه‌ له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و سووتاندنى به‌روبوومى هاووڵاتییان باشترین به‌ڵگه‌ن بۆ بێتوانایى ئه‌وانه‌ و بوونیان هه‌بێت یاخود نه‌بێت وه‌كوو یه‌كن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حه‌شدى شه‌عبى به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارێزگاره‌ سه‌پێندراوه‌كه‌ى كه‌ركووك چه‌ندین پارچه‌ زه‌وى له‌ باشوورى كه‌ركووك به‌سه‌ر خانه‌واده‌ى كوژراوه‌كانیان دابەش کردووە.

(باس) چ لایه‌نێك شایسته‌ى ئه‌وه‌یه‌ پۆستى پارێزگارى كه‌ركووكى پێ بدرێت؟
حه‌سه‌ن شێخانى: ئه‌و پۆسته‌ ئیستحقاقی پارتى دیموكراتى كوردستانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خاوه‌ن 11 كورسییه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م پارێزگاییە سەپێنراوەی ئێستا له‌و پۆستهی‌ دوور بخرێته‌وه‌ و ڕێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ نه‌كرێت، چونكه‌ هه‌ر ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵیدا ده‌چێته‌ قاڵبى خیانه‌ته‌وه‌، كورد له‌ كه‌ركووك زۆرینه‌یه‌ و ده‌بێت پۆستى پارێزگا و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاش بۆ كورد بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌وه‌ دڵنیام كه‌ دواى ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان پرسى كه‌ركووك چاره‌سه‌ر ده‌بێت و گۆڕانكارییش به‌سه‌ر بارودۆخه‌كه‌دا دێت.

(باس) چى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى بارودۆخى كه‌ركووك ئاسایى بكرێته‌وه‌؟
حه‌سه‌ن شێخانى: پێویستە هێزى پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و کوردیش له‌ پرۆسه‌ى سیاسیی ئێستاى كه‌ركووك بكشێته‌وه‌، وه‌ك چۆن ئه‌وان ئه‌و كاته‌ى كه‌ كورد له‌ كه‌ركووك باڵاده‌ست بوو، ئه‌وان ده‌یانگوت به‌شداریى پرۆسه‌ى سیاسى ناكه‌ین و ده‌كشێینه‌وه‌، ده‌بێت كورد هه‌مان هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، تاكوو دۆخه‌كه‌ ئاسایى ده‌بێته‌وه‌، نابێت دۆسێى ئه‌منى و نه‌وت و بودجه‌ و دامه‌زراندن به‌ ده‌ست ئیداره‌ى ئێستاى شاره‌كه‌وه‌ بێت و كوردیش دوور بخرێته‌وه‌ و بێبه‌ش بێت.