بەرپرسێکی گۆڕان: مه‌سرور بارزانى پیاوێكى گه‌نجه‌ و ده‌یه‌وێ چاكسازى بکات

"یه‌كێتى مه‌رجه‌ع و ناوه‌ندى بڕیارى نییه‌ تاوه‌كوو كۆبووینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن"

28/05/2019 - 15:20 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

خه‌لیل سه‌ركانى، ئه‌ندامى جڤاتى گشتیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا ڕای گه‌یاند: "مه‌سرور بارزانى، پیاوێكى گه‌نجه‌ و حه‌ز ده‌كات كابینه‌كه‌ى سه‌ركه‌وتوو بێت و چاكسازى بکات“. گوتیشى ”بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان یه‌كه‌م لایه‌نى سیاسی بووه‌، حه‌زى كردووه‌ كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكبهێنرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسه‌كانمان له‌م كابینه‌یه‌دا خزمه‌تى خه‌ڵكى نه‌كەن، لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین و خه‌ڵكى دیكه‌ له‌ جێگه‌یان داده‌نێین“.

(باس) بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ په‌رله‌مانى كوردستان، سه‌رۆكى هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵبژێرێت، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، چۆن خۆى بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ كردووه‌؟
خه‌لیل سه‌ركانى: بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، كاتێك به‌شداریى كێبڕكێى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى كرد، بڕیارمان دا، كه‌ به‌شداریى له‌ خولى نۆیه‌مى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بكه‌ین و بچینه‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. بێ گومان پێشتر، كه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان دامه‌زرا، ئێمه‌ به‌ڵێنى ئه‌وه‌مان به‌ لایه‌نگرانى خۆمان دا، كه‌ به‌شداریى پێكهێنانى كابینه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم ناكه‌ین، به‌ڵكوو ڕێگاى ئۆپۆزسیۆنى هه‌ڵده‌بژێرین و به‌ شاهێدى هاووڵاتییانى كوردستان، ئێمه‌ ئۆپۆزسیۆنێكى سه‌ركه‌وتوو بووین، چونكه‌ پێشتر ڕۆڵى كارامان له‌ ئاشكراكردنى گه‌نده‌ڵى و كه‌موكورتییه‌كاندا هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها خه‌ڵكى كوردستانمان له‌ زۆربه‌ى پرسه‌كان هۆشیار كرده‌وه‌، بۆیه‌ هیچ هێزێكى سیاسى بڕیارى ئه‌وه‌ى نه‌داوه‌، كه‌ تا سه‌ر ئۆپۆزسیۆن بێت، چونكه‌ هه‌موو لایه‌نێكى سیاسى به‌رژه‌وه‌ندیى له‌وه‌دایه‌ یان ئۆپۆزسیۆن بێت یان به‌شداریى ده‌سه‌ڵات بكات، بۆ ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌ى خۆى له‌ناو حكوومه‌ته‌كه‌دا جێبه‌جێ بكات. دواجار ئێمه‌ وه‌كوو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، بڕیارمان دا به‌شداریى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ین. هه‌روه‌ها ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى بۆ ئێمه‌ دروست كراون‌، له‌سه‌ر ئه‌ساسى ئه‌وه‌ بووه‌، به‌رنامه‌كانى گۆڕان له‌ رێگه‌ى كارى یاسایی و په‌رله‌مانه‌وه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێمه‌ قبووڵ نه‌كرا و له‌ كابینه‌ى پێشووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پاشه‌كشه‌مان پێ كرا. بۆیه‌ سه‌ره‌ڕاى تێبینیمان له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕووبه‌ڕووى ساخته‌كارییه‌كى گه‌وره‌ بووه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ دژى ئه‌و ساخته‌كارییانه‌ ئێمه‌ ڕێكارى یاساییشمان گرته‌ به‌ر، به‌ڵام یاسا ده‌ورى خۆى نه‌بینى، بۆیه‌ ئێستا بڕیارمان داوه‌ به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یه‌دا بكه‌ین و خزمه‌تى هاووڵاتیانی بكه‌ین.

(باس) بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌م كابینه‌یه‌دا ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ى جۆراوجۆرى وه‌رگرتووه‌، ئێوه‌ كاندیده‌كانتان بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و پۆستانه‌ یه‌كلایی كردوونەته‌وه‌؟
خه‌لیل سه‌ركانى: ئێمه‌ له‌ جڤاتى نیشتمانى كۆبوونه‌یه‌كمان كردووه‌، میكانیزمى ئه‌وه‌مان دیاری كردووه‌ كه‌ چۆن كاندیده‌كانى خۆمان بۆ پۆسته‌كان دیارى بكه‌ین، سه‌رنج و تێبینیى خۆمان داوه‌ته‌ جڤاتى نیشتمانى، كه‌ به‌ چ ئالیه‌تێكه‌وه‌ كاندیدى ئه‌و پۆستانه‌ هه‌ڵبژێرین، بۆیه‌ لیژنه‌یه‌كى باڵا له‌ هه‌موو ئۆرگانه‌كانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان پێكهێنراوه‌ و سه‌رپشكمان كردوون كه‌ چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك كاندیده‌كان دیاری بكه‌ن. بێ گومان هه‌موو كاندیده‌كانمان له‌ رێگه‌ى سی ڤییه‌وه‌ هاتوون بۆ ژوورى په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، ڕه‌نگه‌ 400 سی ڤیى خه‌ڵكى به‌شمه‌ینه‌تى ئه‌م وڵاته‌ بن كه‌ خوێندنیان ته‌واو كردووه‌ و داواى دامه‌زراندن ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش هه‌موو سی ڤییه‌كانمان خستووەته‌ به‌رده‌م لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، هه‌ركاتێكیش مه‌سرور بارزانى بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى هه‌رێم ڕاسپێردرا، ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ هه‌موو سی ڤییه‌كانمان ئامه‌ده‌یه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان له‌ كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

(باس) پێتان وا نییه‌ كات دره‌نگه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیده‌كان؟
خه‌لیل سه‌ركانى: ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ یه‌كه‌مین لایه‌نى سیاسی بووین له‌گه‌ڵ لایه‌نى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ ته‌كلیف كراوه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌باره‌ى پێكهێنانى حكوومه‌ته‌وه‌ دانوستانمان كردووه‌، ئێمه‌ په‌رۆشى ئه‌وه‌ بووین، كه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ به ‌زووترین كات پێك بهێنرێت، هه‌روه‌ها خه‌ڵكى تامه‌زرۆى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ كابینه‌یه‌كى خزمه‌تگوزاری بێت، بۆ ئه‌وه‌ى بارى ژیانى هاووڵاتیان ئاسایی بكاته‌وه‌، دواجار بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌رپرسیارانه‌ به‌ره‌و پیرى پێكهێنانى حكوومه‌ت ڕۆیشتووه‌.

(باس) تا چه‌ند گه‌شبینیت به‌وه‌ى ئه‌م كابینه‌یه‌ خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردستان بكات؟
خه‌لیل سه‌ركانى: ڕاسته‌ پارتى دیموكراتى كوردستان براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كان بووه‌ و ته‌كلیف له‌وان كراوه كه‌ حكوومه‌تى نوێ پێكبهێنن، سه‌ركه‌وتنى ئه‌م كابینه‌یه‌ش په‌یوه‌ندیى به‌ تاك به‌ تاكى ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى به‌شداریى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كارنامه‌یه‌كى سیاسیی هاوبه‌شمان نه‌بێت، ناتوانین سه‌ركه‌وتوو بین، چونكه‌ به‌رپرسیارێتى له‌سه‌ر شانى هه‌موومانه‌ و ئه‌ركى مێژوویى و نیشتمانیى هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنى كاره‌كانى حكوومه‌تى نوێ، پێویسته‌ ته‌نانه‌ت لایه‌نى ئۆپۆزسیۆن رۆڵى خۆى هه‌بێت، ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ى ئۆپۆزسیۆن بووین ماناى ئه‌وه‌ نه‌بوو ڕقمان له‌ یه‌كێتى و پارتى بووبێت، ئێمه‌ مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌بوو كه‌ گرفت هه‌یه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت. وه‌ك بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر شانمانه‌ به‌رپرسیارانه‌ شان ده‌خه‌ینه‌ ژێر هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ى وه‌ری ده‌گرین، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردستان بكه‌ین، به‌ڵام من پێم وایه‌، ده‌ستى ده‌ره‌كى له‌ دروستكردنى كێشه‌ بۆ ئه‌م كابینه‌یه‌ ده‌ورى خۆى ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان باش بزانن، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى میلله‌ته‌كه‌مان له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌.

(باس) ئەی ئەدای یەکێتی لە کابینەی نویدا چۆن دەبینیت‌؟
خه‌لیل سه‌ركانى: یه‌كێتى هێزێكه‌ خاوه‌نى ده‌یان ساڵ خه‌بات و ده‌یان هه‌زار شه‌هیده‌، گه‌ر هاتوو یه‌كێتى به‌رپرسیارێتى نه‌خاته‌ سه‌ر شانى خۆى، یان په‌رۆشی میلله‌ته‌كه‌ى نه‌بێت، ئه‌وا به‌رپرسیارێتیى مێژوویى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ و یه‌ك به‌ یه‌كى به‌رپرسانى یه‌كێتى.

(باس) بەپێی دروشمەکانی هەلبژاردن، یه‌كێك له‌ کارە گرنگەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، به‌گژداچوونەوەی گه‌نده‌ڵییە، ڕاى ئێوه‌ چییه‌؟
خه‌لیل سه‌ركانى: جارێ زووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین، به‌ڵام له‌ڕاستیدا مه‌سرور بارزانى، پیاوێكى گه‌نجه‌ و ده‌یه‌وێت پاشه‌ڕۆژێكى باش و دروست بۆ خۆى و کارەکانی بنیات بنێت، پێشى خۆشه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت و دوور بێت له‌ شكست، چونكه‌ ئه‌وان براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كانن و سه‌ره‌ڕاى تێبینییه‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌و حزبه‌، به‌ڵام ده‌شیانه‌وێت چاكسازى ڕیشه‌یی بکەن، هه‌روه‌ها له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى گۆڕان و پارتى قسه‌ى پارتى ئه‌وه‌ بووه كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت وه‌كوو لایه‌نێكى براوه‌ چاكسازى له‌م كابینه‌ نوێیه‌دا بكه‌ن و ده‌شیانه‌وێت كابینه‌ی نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كابینه‌یه‌كى خزمه‌تگوزار و سه‌ركه‌وتوو بێت.

(باس) ئه‌و پۆستانه‌ى بۆتان دیارى كراوه‌، تا چه‌ند هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردستانی پێ بكه‌ن؟
خه‌لیل سه‌ركانى: ئێمه‌ یه‌كێك له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ هه‌ر به‌رپرسێكى ئێمه‌ له‌ هه‌ر پۆستێكى باڵا و لاوه‌كیدا بێت، ئه‌گه‌ر له‌ كارنامه‌ى سیاسیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان لابدات، یان ئه‌جێنداى بزووتنه‌وه‌كه‌مان جێبه‌جێ نه‌كات، یاخود له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى میلله‌ته‌كه‌مان كار نه‌كات، ئێمه‌ ئیجرائاتى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و خه‌ڵكى دیكه‌ له‌ شوێنه‌كه‌ى داده‌نێین، چونكه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌مان هیواى میلله‌ته‌كه‌مانه‌ و قبووڵ ناكه‌ین هیچ كه‌سێكى گۆڕان ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رى ده‌گرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى به‌كارى بهێنێت.

(باس) بۆچى پارتى دیموكراتى كوردستان، حه‌ز ده‌كات گۆڕان به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یه‌ بكات؟
خه‌لیل سه‌ركانى: پارتى دیموكراتى كوردستان، حزبێكه‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر شانه‌، سه‌ره‌ڕاى تێبینییه‌كانمان له‌سه‌ر پارتى، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ قوربانیى داوه‌ و ماڵوێرانیى به‌سه‌ردا هاتووه‌ و شه‌هیدى هه‌بووه‌ و پێى خۆشه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت، بۆیه‌ داواى له‌ گۆڕان كردووه‌ به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یه‌ بكات، هه‌روه‌ها پێم وایه‌ کاک مه‌سعود بارزانى، حەز دەکات لە ژیانی سیاسیی خۆیدا سه‌ركه‌وتنى گه‌له‌كه‌ى به‌ چاوى خۆى ببینێت، دواجار گۆڕانكارى به‌ هه‌موو لایه‌كمان ده‌كرێت، پێویسته‌ هه‌موومان كارنامه‌یه‌كى سیاسیمان هه‌بێت و له‌سه‌رى كۆك بین، چونكه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌توانین ئاینده‌یه‌كى گه‌ش بۆ میلله‌ته‌كه‌مان مسۆگه‌ر بكه‌ین.

(باس) هەست دەکەن یه‌كێتى پێى ناخۆش بێت کە‌ گۆڕان به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یه‌ى كردووه‌؟
خه‌لیل سه‌ركانى: ئێمه‌ ڕقمان له‌ یه‌كێتى نییه‌ و خۆمان به‌ نەیارى ئه‌و حزبه‌ نازانین، به‌ڵكوو پێمان خۆشه‌ بۆ ئاینده‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى یه‌كترى قبووڵ بكه‌ین و خوێندنه‌وه‌مان بۆ یه‌كترى هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌ هه‌موومان ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌ و گه‌لى كوردستان له‌ كه‌شتییه‌كدایه‌، جڵه‌وى كه‌شتییه‌كه‌ به ‌ده‌ستى لایه‌نه‌ سیاسییەكانه‌وه‌یه‌ و به‌ره‌و كه‌نارى ئارامی ده‌ڕوات، ئه‌گه‌ر زه‌ره‌ر بكه‌ین هه‌موومان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌ره‌و كه‌نارى ئارامى بڕۆین، هه‌موومان به‌ره‌و ئاسووده‌یى ده‌ڕۆین، بۆیه‌ هیوادارم یه‌كێتى وا بیر نه‌كاته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ نه‌ كه‌ممان كردووه‌ و نه‌ دره‌نگ هاتووین، دواجار وه‌زن و قورسایی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ كورسییه‌كانى په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌دى ناكرێت، چونكه‌ ئێمه‌ قورساییه‌كى جه‌ماوه‌رى و سیاسیمان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك به‌ چه‌ك ده‌نازێت، ئێمه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێك زیاتر ده‌توانین چه‌ك به‌كار بهێنین، به‌ڵام ئێمه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى میلله‌ته‌كه‌مان، بڕیارمان داوه‌ جارێكى دیكه‌ چه‌ك به‌كار نه‌هێنین، مه‌گه‌ر زۆرمان لێ بكه‌ن.

(باس) به‌هۆى به‌شداریكردنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵاى گۆڕان ده‌ستیان له ‌كار كێشایه‌وه‌، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ كار ناكاته‌ سه‌ر دابه‌زینى كێرڤى جه‌ماوه‌ریى گۆڕان؟
خه‌لیل سه‌ركانى: بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، سه‌ربه‌خۆیى سیاسی به‌ ده‌ستى خۆیه‌تى، ئه‌و براده‌رانه‌ى ده‌ستیان له‌ كار كێشاوه‌ته‌وه‌، باشتره‌ پێمان بڵێن، هه‌ڵه‌ى گۆڕان چییه‌ كاتێك به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یه‌ى كردووه؟ هه‌روه‌ها ئیجابییاتى ئه‌وه‌ چییه‌ ئەگەر ئێمه‌ به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یه‌ نه‌كه‌ین؟ بۆیه‌ ئه‌و براده‌رانه‌ هیچ پاساوێكیان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ به‌شدارى له‌م كابینه‌دا بكه‌ین یان نه‌كه‌ین، بۆیه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ تاوه‌كوو ئه‌و جێگه‌یه‌ى له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بوون براى خۆشه‌ویستى ئێمه‌ن، ئێمه‌ ڕێز له‌ خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌وان ده‌گرین، هیوادارین له‌ هه‌ر شوێنێكى دیكه‌ كار ده‌كه‌ن، سه‌ركه‌وتوو بن و به‌ ڕۆحیه‌تى گۆڕانكارییه‌وه‌ كار بكه‌ن.

(باس) كه‌واته‌ وازهێنانى ئه‌و كه‌سانه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كى خراپى بۆ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان نابێت؟
خه‌لیل سه‌ركانى: كاروانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، بۆ هه‌میشه‌یی گه‌شاوه‌ ده‌بێت، ساڵیادى كۆچى دوایی ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا، بۆ هه‌موو لایه‌كى دووپات كرده‌وه كه‌ گۆڕان له‌ هه‌ناوى خه‌ڵكه‌وه‌ دروست بووه‌ و هیچ كات ڕووبه‌ڕووى شكست نابێته‌وه‌، چونكه‌ كاریزمایه‌كى به‌هێزى وه‌كوو نه‌وشیروان مسته‌فا، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ى دروست كردووه‌ و گه‌له‌كه‌مان پێویستى به‌ گۆڕانه‌ و هه‌رگیز چۆك بۆ هیچ كه‌سێك دانادات.

(باس) عه‌بدوڵاى كوێخا موباره‌ك، هه‌ڵسوڕاوى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، ده‌ڵێت، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان پاره‌ى له‌ یه‌كێتى وه‌رگرتووه‌، ئایا گۆڕان هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كى له‌ یه‌كێتى وه‌رگرتووه‌؟
خه‌لیل سه‌ركانى: پێویسته‌ ئێوه‌ بڕۆن ئه‌و پرسیاره‌ له‌ ئیداره‌ى گشتیى یه‌كێتى بكه‌ن، بزانن ئایا گۆڕان تاوه‌كوو ئێستا پاره‌ى له‌ یه‌كێتى وه‌رگرتووه‌؟ بێ گومان دواى ئه‌و ته‌قانه‌ى له‌ گرده‌كه‌ كراوه‌، عه‌بدوڵاى كوێخا موباره‌ك باس له‌وه‌ ده‌كات، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان مانگى یەک ملیۆن دۆلارى له‌ یه‌كێتى وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام هه‌قه‌ ژوورى یاسایی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، سكاڵاى یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و براده‌ره‌ تۆمار بكات، چونكه‌ هیچ هه‌ڵسووڕاوێكى گۆڕان قبووڵى ناكات، یه‌كێتى ته‌قه‌ له‌ باره‌گا سەرەکییەکەی و وێنه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا بكات، به‌ڵام ئێمه‌ له‌به‌رامبه‌ردا بڕۆین پاره‌ له‌ یه‌كێتى وه‌ربگرین، بۆیه‌ هیوادارم ئه‌و براده‌ره‌ واز له‌و چه‌واشه‌كارییانه‌ بهێنێت. هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د عه‌زیز، به‌رپرسی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانى ده‌روه‌ى هه‌رێمى كوردستان، هاتووه‌ باسی كه‌ركووك ده‌كات، له‌كاتێكدا بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ناو كه‌ركووكدا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌یاننامه‌یه‌كى ده‌ركردووه‌ و باسی ئه‌وه‌ ده‌كات گوایه‌ ئه‌وان له‌ سیاسه‌تى گۆڕان ڕازى نین، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ناچێته‌ ژێر بارى شكستێكه‌وه كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌، بێ گومان ئه‌و براده‌رانه‌ى ئێمه‌ ئه‌وكاته‌ى له‌ كه‌ركووك كاریان كردووه‌، ئه‌دایه‌كى خراپیان هه‌بووه‌ و خه‌ڵكى لێیان ناڕازى بووه‌.

(باس) یه‌كێتى هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات ڕێككه‌وتنێكى نوێ له‌گه‌ڵ گۆڕاندا بکات، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى بكه‌ن، گره‌نتى چییه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ هه‌مان چاره‌نووسی ڕێكکه‌وتنه‌كانى پێشووى نا‌بێت؟
خه‌لیل سه‌ركانى: بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، نه‌ک دوو ڕێككه‌وتن، به‌ڵكوو چوار ڕێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى كردووه‌ و هیچ ده‌ره‌نجامێكى نه‌بووه‌، هۆكارى جێبه‌جێنه‌كردنى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ئێمه‌ نه‌بووین و یه‌كێتى بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ له‌سه‌ر ده‌ستى به‌ڕێز مام جه‌لال و ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا کراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ بێ ئومێدین له‌ یه‌كێتى، ئه‌گه‌ر لێكتێگه‌یشتن و یه‌كتر قبووڵكردن له‌نێوانمان هه‌بێت، پێمانخۆشه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى كرانه‌وه‌ له‌نێوانماندا هه‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ یه‌كێتى مه‌رجه‌عى نییه‌ و ناوه‌ندى بڕیاردانى نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ كۆبوونه‌وه‌یان لەگەڵدا بكه‌ین و دانوستان بکەین، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكى ناو یه‌كێتى به‌ دڵ پێیان خۆش بوو ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بکرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى له‌ناو یه‌كێتى دژى ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بوون، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان پارێزراو نه‌بووه‌، ئه‌گین به‌شێكى زۆرى ناو یه‌كێتى له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بوون‌.

(باس) به‌ڵام پاڤڵ تاڵه‌بانى، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى ته‌له‌ڤزیۆنیدا ده‌ڵێت، له‌ سیاسه‌تى گۆڕان ناڕازیم و گۆڕان هه‌ڵه‌ى ستراتیژى ده‌كات، ئێوه‌ چیتان كردووه‌ تاوه‌كوو پاڤڵ تاڵه‌بانى له‌ سیاسه‌تى ئێوه‌ ڕازى نه‌بێت؟
خه‌لیل سه‌ركانى: هه‌موو كه‌سێك بۆ خۆى ئازاده‌ چۆن قسه‌ ده‌كات، ئێمه‌ كۆمێنتمان له‌سه‌ر قسه‌ى هیچ كه‌سێكى دیاریكراو نییه‌! پێویسته‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات، باشتره‌ زمانى زبر به‌كار نه‌هێنێت، دواجار بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان هیچ هه‌ڵه‌یه‌كى سیاسی و ستراتیجیى نه‌كردووه‌، ئه‌و په‌یامانه‌شى، كه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانى له‌سه‌ر دانراوه‌، ئێمه‌ له‌و په‌یامانه‌ى خۆمان لامان نه‌داوه‌، هه‌روه‌ها پاڤڵ تاڵه‌بانى، كوڕى مام جه‌لاله‌، مام جه‌لال یه‌كێك بووه‌ له‌ پیاوه‌ دیاره‌كانى جووڵانه‌وه‌ى میلله‌تى ئێمه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ى كه‌ خه‌ڵكى قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كات، زیاتر له‌ به‌رنامه‌یه‌كى موخابه‌راتى ده‌چێت، چونكه‌ هه‌ندێك شت هه‌یه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كان باس ناكرێت، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا به‌ فرتروفێڵى ڕۆژنامه‌وانى زانیارییه‌كان دزه‌ پێ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ته‌نیا به‌رپرسانى زۆنى سه‌وزى گرتووه‌ته‌وه‌ و هیچ به‌رپرسێكى پارتى له‌و به‌رنامه‌یه‌دا چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه‌، بۆیه‌ هیوادارم خه‌ڵكى له‌ ناوه‌ڕۆكى به‌رنامه‌كه‌ تێبگات.