پەرلەمانتارێک: دوای پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت ده‌سته‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان كارا ده‌كرێته‌وه‌

 

15/05/2019 - 13:48 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

له‌ دیمانه‌یه‌كى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا، جوان رۆژبه‌یانی، سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، هێشتا به‌شێكی به‌رچاو له‌ ئاواره‌كانى 16ی ئۆكتۆبه‌ر، نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدى خۆیان، ده‌شڵێت: "له‌سایەی نه‌بوونى پێشمه‌رگه‌ و ده‌سه‌ڵاتى كوردیدا، عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان له‌پاڵ حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ زه‌ویوزارى كورد له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كانى دیكه‌ داگیر ده‌كه‌ن". هەر لەو گفتوگۆیەدا باس له‌ چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ش ده‌كرێت.

(باس) دۆخی هه‌نووكه‌یی ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیركراوه‌كان له‌ ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ چۆنه‌؟
جوان رۆژبه‌یانی: له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، ناوچه‌ دابڕاوه‌كان میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی تێدایه‌ و ئه‌وان باڵاده‌ستن، بۆیه‌ دۆخی ئه‌منیى ئه‌و سنوورانه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ركووك، ناله‌باره‌ و ئێمه‌ش بڕیارمان داوه كه‌ كار بكه‌ین بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى بارودۆخى ئه‌و ناوچانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌ ده‌رچوونى حه‌شدى شه‌عبی و گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌و سنوورانه‌ ده‌بێت، هه‌روه‌ها هێشتا به‌شێكی به‌رچاو له‌ ئاواره‌كانى ناوچه‌ جیاجیاكان، كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر هاتنه‌ هه‌رێمى كوردستان، نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدی خۆیان، پێویسته‌ دۆخه‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌، تاوه‌كوو ئه‌و خه‌ڵكه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدى خۆیان، به‌ڵام ئێمه‌ چاوه‌ڕێی پێكهێنانی سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانین، ئینجا ده‌ست به‌ هه‌نگاوه‌كانمان ده‌كه‌ین، كه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاومان كار ده‌بێت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى ئه‌و ناوچانه‌، كه‌ سه‌ره‌تا به‌ نه‌مانى حه‌شدى شه‌عبی و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بۆ زێدى خۆیان ده‌ست پێ ده‌كات.

(باس) هۆكارى زۆریى جموجۆڵی داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیركراوه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌ سنوورى كه‌ركووك بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
جوان رۆژبه‌یانی: لەسایەی‌ نه‌بوونى پێشمه‌رگه‌وه‌، جموجۆڵی داعش له‌و ناوچانه‌، به‌تایبه‌ت له‌ سنوورى كه‌ركووك زیادیان كرده‌وه‌، كه‌ى دۆخی ناوچه‌كان ئاسایی بكرێته‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه‌وا زۆرترین رێژه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان دابنرێت، بۆ پاراستنی خاك و خه‌ڵك له‌ داعش و بۆ ئه‌وه‌ى داعش نه‌توانن نزیكى شاره‌كان ببنه‌وه‌. به‌ بوونى پێشمه‌رگه‌، بێ گومان داعش له‌و ناوچانه‌ كه‌م دەبێته‌وه‌ و چاودێریی داعشه‌كان ده‌كرێت، ئه‌مانه‌ ده‌كه‌ونه‌ دواى پێكهێنانى کابینەی نوێێ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌رچه‌نده‌ ئێستاش ئاگادارى ئه‌وه‌ین كه‌ داعش جموجۆڵی زیاد كردووه‌، ئێمه‌ خۆمان ئاماده‌ى قۆناخی داهاتوو ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و سنوورانه‌.

(باس) ئەی دەربارەی پرۆسه‌ى ته‌عریب له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كان؟
جوان رۆژبه‌یانی: ته‌عریبكردن له‌ ناوچه‌ جیاجیاكان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌وه‌ش هه‌ڵبه‌ته‌ به‌هۆی ئه‌و رووداوانه‌ى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ روویان دا، كه‌ ده‌سه‌ڵاتى كوردى به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركووكدا نه‌ماوه‌ و ئێستا کەسێکی ناشه‌رعی پارێزگارى كه‌ركووكه‌، به‌ڵام عه‌ره‌به‌كان كه‌ زه‌ویوزارى كورده‌كان داگیر ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش لەسایەی‌ نه‌بوونى پێشمه‌رگه‌ و ده‌سه‌ڵاتى كوردییه‌ له‌و ناوچانه‌ و عه‌ره‌به‌كان له‌پاڵ حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و زه‌ویى كورد داگیر ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین بۆ نه‌هێشتنی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ وه‌ك لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان سه‌ردانى به‌غداش ده‌كه‌ین، و له‌وێ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و لیژنه‌ى ماده‌ی 140 كۆ ده‌بینه‌وه‌ و ده‌مانه‌وێت ئه‌و لیژنه‌یه‌ كارا بكه‌ینه‌وه‌، هەورەها سه‌رۆكه‌كه‌یشی بگۆڕدێت، چونكه‌ ئێستا سه‌رۆكى ئه‌و لیژنەیە‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ و ناكرێت كه‌سێك په‌رله‌مانتار بێت و له‌ هه‌مانكدا سه‌رۆكى لیژنه‌یه‌كى به‌و شێوه‌یه‌ بێت، كاره‌كانمان به‌ هاوئاهه‌نگیی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى چتر دۆخى ناوچه‌ دابڕاوه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ى ئێستا نه‌مێنێته‌وه‌.

(باس) بۆچی ده‌سته‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان كارا ناكرێته‌وه‌؟
جوان رۆژبه‌یانى: ئه‌و ده‌سته‌یه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كارا نییه‌، پێشتر هاوشێوه‌ى وه‌زاره‌تێك بوو، پاشان به‌ یاسایه‌ك له‌ په‌رله‌مان كرا به‌ ده‌سته‌، ئێمه‌ پڕۆژه‌یاسایه‌كمان ئاماده‌ كردووه بۆ ئه‌وه‌ى مادده‌كان و یاساكانى ئه‌و ده‌سته‌یه‌ هه‌موار بكه‌ینه‌وه و زیاتر به‌ره‌و پێشی ببه‌ین و ده‌سته‌كه‌ كارا بكه‌ینه‌وه. له‌گه‌ڵ پێكهێنانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌سته‌كه‌ كارا ده‌كرێته‌وه‌ و ئێمه‌ش چاودێر ده‌بین به‌سه‌ر ئه‌و ده‌سته‌یه‌وە، چونكه‌ پێشتر ئه‌وه‌ى كه‌ حكوومه‌تى عێراق له‌گه‌ڵ هه‌رێم ناكۆكیى هه‌بووه‌، به‌غدا پشتی له‌ هه‌رێم كردبوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كێشه‌كانى كه‌ گرێدراون به‌و ناوچانەوە كه‌متر كاریان له‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڵام ئێستا خۆشبه‌ختانه‌ به‌غدا هاوكارێكى باشمانه‌ و ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ى پێشووتریش نه‌كراوه‌ له‌و ناوچانه‌، ئێمه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو كارى له‌سه‌ر بكه‌ین.

(باس) ئایا كاره‌كانی شاندى پارتى و یه‌كێتی، كه‌ راسپێردراون به‌ كاركردن بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیركراوه‌كان، به‌ تایبه‌ت كه‌ركووك، به‌ كوێ گه‌یشتووه‌؟
جوان رۆژبه‌یانی: هه‌وڵه‌كان زۆر جدین و من له‌نزیكه‌وه‌ كۆنتاكتم له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنه‌یه‌دا هه‌یه‌، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنه‌یه‌ هاوكار ده‌بین و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا دۆخى ئه‌و ناوچانه‌ ئاسایی ده‌كرێنه‌وه‌.

(باس) ده‌گوترێ له‌ سنوورى كه‌ركووك و خورماتوو، بازرگانیكردن و به‌كارهێنانى ماده‌ى هۆشبه‌ر زیادى كردووه‌، ڕاتان له‌و باره‌یه‌وه؟
جوان رۆژبه‌یانی: ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ش بۆ حه‌شدى شه‌عبی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وەى میلیشیاكانى حه‌شد جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌یان داگیر كرد، ده‌یانه‌وێت خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌و مادده‌ هۆشبه‌رانه‌ له‌ناو ببه‌ن، ئه‌و مادانه‌ لە ئێرانەوە هاورده‌ى ئه‌و سنوورانه‌ى ده‌كه‌ن و بازرگانیى پێوه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ شیرازه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى تێك بده‌ن.

(باس) كارى داهاتووى لیژنه‌ى ناچه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان چی ده‌بێت؟
جوان رۆژبه‌یانى: به‌رنامه‌ى چڕ و باشمان هه‌یه‌، كه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ سه‌ردانیكردنى ناوچه‌كان و ئاماده‌كردنى راپۆرت له‌سه‌ر دۆخی ناوچه‌ جیاجیاكان، به‌ڵام هه‌م چاوه‌ڕێی پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێی هه‌رێم ده‌كه‌ین و هه‌میش كاراكردنه‌وه‌ى ده‌سته‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، چونكه‌ كاره‌كان ده‌بێت به‌ هاوئاهه‌نگی بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ و ئیتر لیژنه‌یه‌ك داده‌نێین هه‌م له‌ په‌رله‌مان و هه‌میش له‌ ده‌سته‌كه‌، واتا پێكه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش پێكده‌هێنین و سه‌ردانى مه‌یدانیى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و راپۆرتانه‌ى كه‌ هه‌شبووه‌ گۆڕانكاریى زۆریان به‌سه‌ردا كراوه‌، ئیتر پێویسته‌ سه‌رله‌نوێ راپۆرتی نوێ له‌سه‌ر دۆخی هه‌نووكه‌یی ئه‌و ناوچانه‌ ئاماده‌ بكرێت، پێشتر كۆمه‌ڵێك نووسینگه‌ی سه‌ر به‌ ده‌سته‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له‌و ناوچانه‌ هه‌بوون، ئێستا به‌هۆی بارودۆخه‌كه‌وه‌، نووسینه‌گه‌كان له‌و ناوچانه‌ش نه‌ماون و زانیاریی پێویستمان نییه‌ چی ده‌گوزه‌رێت، بەڵام ئێمە نووسینه‌گه‌كان كارا ده‌كه‌ینه‌وه‌ و سه‌ردانى مه‌یدانییش ده‌كه‌ین، به‌ڵام وەک گوتم ئه‌مانه‌ دواى پێكهێنانی حكوومه‌تى نوێی هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت.