جێگری هەڵبژێردراوی پارێزگاری نەینەوا: کاری لە پێشینەمان هەوڵدانە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان

"مووسڵ پڕکێشەترین پارێزگای عێراقە"

14/05/2019 - 16:36 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

دوێنێ دووشەممە، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەی دەنگ هەر یەک لە مەنسوور مورعید-ى بە پارێزگاری نەینەوا و سیروان محەمەد رۆژبەیانی کاندیدی لیستی پارتی بە جێگری یەکەمی پارێزگار هەڵبژارد، کە لە کۆی 39 ئەندام لە ئەنجومەنی پارێزگاکە 28 ئەندامیان ئامادە بوون و دەنگیان بە هەڵبژاردنی ئەو دوو کاندیدە دا، کە ژمارەی کاندیدەکان بۆ پۆستی ئەو پارێزگایە نزیکەی 40 کاندید دەبوون.

پێشتر لە ٢٤ــ ٣ ــ ٢٠١٩، بەلەمێكی گەشتیاری لە شاری موسڵ نقوم بوو، كە بە سەدان كەس بوونە قوربانی و ئەمەش كاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی عێراق بە دوای خۆیدا هێنا، هەر بەو هۆیەشەوە پارێزگار و جێگرەكانی لەسەر كار لابران.

لەبارەی وەرگرتنی ئەو پۆستەش لەسەر پشکی کورد و لیستی پارتی، لە گفتوگۆیەکدا (باس) چەند پرسیارێکی رووبەرووی سیروان محەمەد رۆژبەیانی جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، سەبارەت بە دۆخی پارێزگاکە و بەرنامەی کاری ئەوان بۆ داهاتووی نەینەوا کرد کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەت.

(باس) پێش ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرن هیچ بەرنامەکتان هەبووە بۆ ئەو پارێزگایە، یان لەمەودوا بەرنامەی خۆتان دەبێت؟
سیروان محەمەد: بەڵێ پێش ئەوەی ئەو پۆستەش وەربگرم، بەرنامەمان هەبووە، بەڵام بەرنامەی زیاترمان کە دەستبەکار دەبین و هاتنە سەر رێڕەوی کارەکان دەبێت، ئەولەویەتی کارەکانمان بۆ خزمەتکردنی شارەکەیە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، ئەوە یەکێکە لە کارو بەرنامە هەرە گەورەکانی ئێمە، کە دەمانەوێ لە ئاستی ئەو متمانەیەدا بین کە خەڵک پێمانی دەکات و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکە وەکوو نوێنەری خەڵکی مووسڵ پێیان داوین، بەڵێنیش دەدەین بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو ناوچەکانی مووسڵ بکەین.

(باس) کێشەی سەرەکیی پارێزگای نەینەوا چییە؟
سیروان محەمەد: مووسڵ پڕکێشەترین پارێزگاکانی عێراقە لە نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ خەڵکەکەی و هەروەها نەگەڕانەوەی ئاوارەکان کە ئەولەویەتی کارمان هەوڵدانە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، کە زۆربەی خەڵکی ناو سەنتەری مووسڵ ئێستاش ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە، ئەوەش پەیوەندیی بە خراپیی دۆخی ئەمنی و ناسەقامگیری و تەواوی خزمەتگوزارییەکان لەو پارێزگایە هەیە، لە نەبوونی کارەبا و پەروەردە و ئاو و تەندوروستی، کەوابێت ئەرکی سەرشانمان قورسە و دەبێ خۆمانی بۆ ئامادە بکەین و هەوڵی باشکردن و گۆڕینی بدەین، هەروەها بوونی هێزی چەکداری میلیشیایی کە لە پارێزگاکەدا هەن و پێویستە ئەمنیەتی شارەکە رادەست بە خەڵکەکە بکرێتەوە و دوور بخریتەوە لەو فەوزایەی کە هەیە.

(باس) ئەو دۆخە لە شنگال خراپترە، دەسەڵات بە دەستی پەکەکە و حەشدی شەعبیەوە هەیە، شنگالیش سەر بە پارێزگای مووسڵە، پێتانوایە تا دۆخی شنگال ئاسایی نەبێتەوە بتوانرێ ئەو ناوچەیە ئارام بێت و جیاوازتر بێت لەو دۆخەی لە مووسڵ باسی دەکەن، یان خراپیی دۆخی شنکال پەیوەندیی بە خراپترکردنی دۆخی مووسڵەوە هەیە؟
سیروان محەمەد: بێگومان پەیوەندیی بە دۆخی مووسڵەوە هەیە، هەر ناسەقامگیرییەک لە چواردەورەی مووسڵ یان بەتایبەتی لە قەزایەکی ستراتیژیی وەکوو شنگال کاریگەریی خراپی بۆ سەر دۆخی مووسڵ هەیە و پێویستە چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، ئێمە وەکوو پارێزگاری مووسڵ دان بەو دەسەڵاتەی کە ئێستا لە شنگال هەیە نانێین، تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی شەرعی شنگال دەکەین و پەیوەندی فەرمیمان لەگەڵ ئەو ئیدارەیە دەبێت، پێویستە دۆخی شنگال کاری بەپەلەی بۆ بکەین و چارەسەر بکرێت، دۆخەکە بە شێوەیەکی لێ بکرێتەوە کە ئاوارە ئێزیدییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵک و زێدی خۆیان.

(باس) ئێستا قسە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا یان سڕکردنی هەیە، پێتانوایە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دۆخی پارێزگاکە بەرەو باشتر دەبات یان خراپتری لێ دەکات؟
سیروان محەمەد: بە دڵنیاییەوە هەڵوەشاندنەوەی پارێزگای نەینەوا دۆخەکە بەرەو خراپتر دەبات و و وێرانی دەکات، چونکە مووسڵ لە دوای رووداوی بەلەمەکە کە پارێزگار و جێگرەکەی لە کار لادران، لەو ماوەیە کێشەکان زیاتر بوون، ئەگەر یەکە کارگێڕییەکان نەمێنن، بێگومان خراپتریش دەبێت، لەبەرئەوە ئێستا کە پارێزگار و جێگرەکەی دانراونەتەوە دەبێت هەوڵی هەموو لایەک بۆ راستکردنەوەی دۆخی شارەکە بێت نەوەک خراپترکردنی، لەگەڵ ئەوەش پێمانوایە ئەو هەناگوە سەر ناگرێت چونکە زۆرینەی راکانی هێزە سیاسیەکانی عێراق لەگەڵ ئەوەدا نیین ئەنجومەنی پارێزگاکە هەڵوەشێتەوە، ئەوانەشی باسی دەکەن کەمینەن، ئەوانەشی دەڵێن ئەو هەڵبژاردنەی ئەنجومەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەوا و جێگرەکەی کردوویەتی دەبێت هەڵوەشێتەوە، ئەوە تەنیا قسەی میدیاکانە چونکە لە رووی یاساییەوە هەرگیز ناتوانێ ئەوە بکرێ، ئەوەی کە کراوە تەواو یاساییە و زیاتر لە پەنجا لە سەدای دەنگی داوە و زۆرینەش ئامادە بوون، ئەو ئەنجومەنەی کە هەیە شەرعییە و هەڵبژێردراوی خەڵکەکەیە.

(باس) زۆر لە سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، ئاماژە بە ئەگەری کەوتنی مووسڵ دەدەن هاوشێوەی ٢٠١٤، ئێوە خوێندنەوەتان چۆنە و پێتانوایە ئەگەر ئەو هەڕەشە جدیە هەبێت دەبێ بەپەلە چی بکرێت؟
سیروان محەمەد: بە دڵنیاییەوە دۆخی مووسڵ لە رووی خزمەتگوزارییەوە خراپە و زۆربەی ئەو هێزانەی لە شارەکەن وایان کردووە ناتەنزیمی و ناسەقامگیری دروست بێت لە شارەکە، لە فەراغی ئەوەشدا بێگومان ئیرهاب و شانەی تیرۆرستی دروست دەبێت، لەبەرئەوە هەر لە کۆبوونەوەی دوێنێ لە کاتی دەنگدانەکە باسمان لەوە کرد کە دەبێت ئەو دۆخە کۆنتڕۆڵ بکرێت و ئەو دیاردە چەکدارییە ناڕێکخراوە لە مووسڵدا نەهێڵین، چونکە بوونی ئەو هەموو میلیشیا و چەکدارە لەبری ئەوەی ئاسایشی شارەکە بپارێزن خۆیان بوونەتە مەترسی و بوونی فەوزا لە شارەکە، بەڵام ئەگەر سەنتەری شارەکە تەنیا تیایدا پۆلیسی ناوخۆیی هەبێت و بدرێتەوە دەست خەڵکەکە، ئەوحاڵ بارودۆخی مووسڵ بەرەو باشی و سەقامگیری دەڕوات و و خزمەتگوزارییەکانیش باشتر و ئاسانتر بە خەڵکەکەی دەگەن.


سیروان محه‌مه‌د خدر رۆژبه‌یانی

- له‌دایکبووی ١٩٨٣یە له‌ قه‌زای شێخان.
- زمانی کوردی و عه‌ره‌بی و تاڕاده‌یه‌ک ئینگلیزییش ده‌زانێت.
- ده‌رچووی کۆلیژی یاسای زانکۆی سه‌ڵاحه‌دینه‌.
- به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌کانی (که‌ورگۆسک، قه‌راج، گوێڕ، وه‌رتێ و دواتر قایمقامی قه‌زای رواندز به‌وه‌کاله‌ت) بووه‌.
- به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌، له‌ دیوانی پارێزگای هه‌ولێر و قایمقامیه‌تی ناوەندیی هه‌ولێر کاری کردووه‌.
- وه‌ک (معاون قضائي) له‌ وه‌زاره‌تی دادی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، کاری کردووه‌.

- دوێنێ دووشەممە، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نەینەوا، وه‌ک کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ جێگری یه‌که‌می پارێزگاری نەینەوا (بۆ کاروباری ئیداری) هه‌ڵبژێردرا.