سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكرات: ئێمه‌ نابینه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر توركیا

"باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا به‌بێ عه‌فرین هه‌رگیز ئارامی به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت"

07/05/2019 - 14:01 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

(باس) روكه‌ن خاتوون تورهاللی
و. له‌ توركییه‌وه‌: كارزان گلی

ئه‌مەریكا به‌رپرسیاریه‌تیی دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارامی له‌سه‌ر سنووری نێوان توركیا و سووریا (رۆژئاوای کوردستان) گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، كه‌ ئه‌مەریكا نایه‌وێت شه‌ڕ له‌و ناوچه‌یه‌ دروست ببێت. هاوزەمان ئه‌مەریكا دڵنیایی ده‌داته‌ توركیا، كه‌ دروستكردنی ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ نابێته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر توركیا و خاكه‌كه‌ی، به‌ڵام توركیا به‌گومانه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ و ده‌ڵێت، پێویسته‌ ئاساییشی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بدرێته‌ هێزه‌كانی توركیا، لێ ئه‌مەریكا ئه‌و داوایه‌ی توركیای ره‌ت كردوو‌ته‌وه‌.


هەفتەنامەی (باس) دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئیلهام ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكرات كردووه‌ و به‌راشكاوی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دایه‌وه‌.

(باس) هاتیته‌ هه‌ولێر و كاتێك سه‌ردانی ناسر یاغز، كه‌ ئه‌ندامی هه‌ده‌په‌یه‌، كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی مانی له‌ خواردن گرتووه‌ و داوا ده‌كات گۆشه‌گیركردنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان هه‌ڵبگیرێت، له‌ سۆسیال میدیاش سه‌ردانه‌كه‌ی خۆتت بڵاو كرده‌وه‌. ده‌مه‌وێت بپرسم ئایه‌ هاتنه‌كه‌ت بۆ هه‌ولێر سیاسییه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی پرۆگرامێكی سیاسیدا هاتیته‌ ئێره‌؟
ئیلهام ئەحمەد: به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی نه‌هاتوومه‌ته‌ هه‌ولێر، ماوه‌ی 5 مانگ ده‌بێت له‌ توركیا كورد و تورك، دژی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ مافی مرۆڤ ده‌كرێت، مانیان له‌ خواردن گرتووه‌، ناسر یاغزیش یه‌كێكه‌ له‌ مانگرتووه‌كان و سه‌ردانم كردووه‌، سه‌ردانیكردنیش بۆ لای ئه‌و به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ به‌رپرسیارییه‌تێكی ئه‌خلاقییه‌. له‌و سه‌ردانه‌مدا سڵاوم بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ نارد كه‌ مانیان له‌ خواردن گرتووه‌ و تا ئه‌و كاته‌ی ده‌گه‌نه‌ ئامانجه‌كانیان، هیوادارم ده‌ست له‌ مانگرتن هه‌ڵبگرن. ئه‌مه‌ش ئاشتیترین رێگایه‌، ئه‌وانه‌یشی به‌وان ده‌ڵێن تیرۆریست پێویسته‌ به‌ خۆیدا بچێته‌وه‌، چونكه‌ ئیدی ئه‌و مانگرتنه‌ جموجۆڵێكی ویژدانی بۆ رای گشتی دروست كردووه‌، پێشم وایه‌، ئیدی كاتی هاتووه‌ له‌ توركیا ئه‌شكه‌نجه‌ كۆتایی پێ بێت.

(باس) سه‌ردانی ئه‌مەریكات كرد و هەندێ دیدارت ئەنجام دا، له‌وێ چۆن پێشوازییان لێ كردیت و ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ بوو، كه‌ پێشبینیت ده‌كرد؟
ئیلهام ئەحمەد: ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جارم نییه‌ سه‌ردانی ئه‌مەریكا ده‌كه‌م، ئه‌مەریكا وڵاتێكی گرنگ و به‌هێزه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌دا رووبه‌ڕووی گرووپی تیرۆریستی داعش بووینه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنمان به‌ده‌ست هێنا. ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش ئه‌گه‌ر بێت و ته‌دبیری ئیداری و سیاسی نه‌كرێت، سه‌رله‌نوێ ئه‌و گرووپه‌ دروست ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ بۆ له‌مه‌ودوا هاوكارییه‌كانی ئه‌مەریكا زۆر گرنگه‌. وه‌كوو هه‌موو جاره‌كانی تر ئه‌مجاره‌شیان به‌ باشی پێشوازییان لێ كردین، ده‌توانم بڵێم سه‌ردانه‌كه‌م زۆر ئه‌رێنی بوو و بۆ هه‌موو كورد پاڵپشتیمان داوا كرد، ته‌نانه‌ت له‌ رووی نێوه‌وڵه‌تیشه‌وه‌.

(باس) له‌ رۆژئاوا ئێوه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشدا رۆڵێكی ئاكتیڤتان بینی، ئێستا داعش له‌ رووی فیزیكییه‌وه‌ نه‌ماوه‌، ئامانجی داهاتووتان چییه‌؟
ئیلهام ئەحمەد: به‌ڵێ داعش له‌ رووی فیزیكییه‌وه‌ كۆتایی پێ هاتووه‌، به‌ڵام له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا تاوه‌كوو ئێستاش ژووری نهێنییان هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌مه‌ودوا خه‌باتی ئێمه‌ بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و ژووره‌ نهێنییانه‌یه كه‌ داعش دروستی كردوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ داعشمان پاك كردووه‌ته‌وه‌، بۆ خه‌ڵكه‌ سڤیله‌كه‌ی كار ده‌كه‌ین و به‌هێزیان ده‌كه‌ینه‌وه‌، نموونه‌، فه‌راهه‌مكردنی ژیانێكی خۆش، په‌روه‌رده‌یه‌كی باش. یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئێمه‌ش خۆبه‌ڕێوه‌بردنه‌. ئه‌و داعشانه‌ی له‌لای ئێمه‌ دیلن، كێشه‌یه‌كی تره‌ بۆ ئێمه‌، چونكه‌ ده‌بێت ده‌ست بكه‌ین به‌ دامه‌زراوه‌ییكردنی ده‌زگاكانمان، تا بتوانین به‌ شێوه‌یه‌كی عادیلانه‌ دادگاییان بكه‌ین، بۆ ئه‌مه‌شیان پێویستمان به‌ پاڵپشتیی وڵاتان ده‌بێـت.

(باس) داعش تاوانی زۆر كردووه‌ و تاوانه‌كانی ئه‌وانیش له‌ حافیزه‌ی مرۆڤایه‌تیدا ناسڕێته‌وه‌، بێ گومان دادگاییكردنی ئه‌وان به‌بێ سزا كۆتایی نایه‌ت. له‌ جه‌نگی جیهانیی دووه‌مدا، ئه‌ڵمانیا له‌ نۆرنبێرگ دادگایه‌كی بۆ دادگاییكردنی نازییه‌كان دامه‌زراند، ئایه‌ ئێوه‌ش ئاماده‌كاریتان كردووه‌ بۆ دامه‌زراندنی دادگایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێمه‌ پێشترش بۆ دادگاییكردنی داعشه‌ دیله‌كان داوامان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌ڵه‌تی كردبوو، دادگایه‌كمان بۆ دابمه‌زرێنن، له‌ ناوچه‌كه‌ماندا دادگای له‌و شێوه‌یه‌مان هه‌یه‌ و ده‌توانین دادگاییان بكه‌ین، به‌ڵام پێویستمان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌، تا پارێزه‌ر و دادوه‌رمان بۆ دابین بكه‌ن. ئێمه‌ به‌ڵگه‌ی زۆرمان هه‌یه‌ كه‌ داعش تاوانی قێزه‌ونی کردووە، بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ش ئاماده‌ن، وه‌كوو شایه‌د كه‌ تاوانه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر كراوه‌، به‌ڵام ده‌بێت زه‌مینه‌یه‌ك ساز بكرێت، بۆ كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی ئه‌وان، چونكه‌ سه‌دان ئافره‌ت و منداڵ و پیر هه‌ن، كه‌ تاوانیان به‌رامبه‌ر كراوه‌ و هه‌زارن خێزانیش له‌به‌ر داعش په‌رت و بڵاو بوونه‌.

(باس) پێشتر په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ رژێمی سووریادا هه‌بووه‌ و پاشان بڕا، به‌ڵام ده‌نگۆ هه‌یه‌ كه‌ په‌یوەندیتان له‌گه‌ڵ رژێمدا دروست كردووه‌ته‌وه‌، ئایه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كتان له‌گه‌ڵ رژێمی سووریادا هه‌یه‌؟
ئیلهام ئەحمەد: لێره‌وه‌ و له‌ رێگای ئێوه‌وه‌ ده‌مه‌وێت بۆ رای گشتی روون بكه‌مه‌وه‌، ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دیالۆك و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ رژێمی سووریادا نییه‌. ساڵی پار په‌یوه‌ندیمان هه‌بوو، به‌ڵام ئیتر په‌یوه‌ندییه‌كان پچڕان و ئێستا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دیالۆكمان دروست نه‌كردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سووریا نه‌یویستووه‌ كێشه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات، له‌كاتێكدا ئێمه‌ ده‌مانویست سووریا له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ رۆڵێكی باش ببینێت. هیوادارین سووریا به‌ شێوه‌یه‌كی دیموكراتی و ئاشتییانه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هاووڵاتییانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ هه‌نگاو بنێت.

(باس) توركیا و گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ توركیا عه‌فرینیان له‌ ده‌ستی ئێوه‌ ده‌رهێنا، رۆژانه‌ تراژیدیای خه‌ڵكی عه‌فرین له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌بیستین، ئێوه‌ له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هیچتان كردووه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی عه‌فرین؟ پلانتان هه‌یه‌ بۆ گۆڕینی ستاتۆی عه‌فرین؟
ئیلهام ئەحمەد: عه‌فرین شارێكی كۆنی كوردانه‌، توركیا هه‌موو یاسایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی پێشێل كرد و په‌لاماری عه‌فرینی دا و داگیری كرد، ئێستاش ده‌یه‌وێت دیموگرافیای ئه‌و شاره‌ بگۆڕێت و كاری بۆ كردووه‌. له‌ عه‌فرین كوردی ده‌ركرد، كه‌ زێدی باب و باپیرانی خۆیانه‌، ئێستاش ده‌یه‌وێت دیوارێك دروست بكات تا عه‌فرین به‌ته‌واوی بخاته‌ سه‌ر توركیا، بێ گومان ئه‌مه‌ش به‌ ته‌نیا ناكات، به‌ڵكوو كه‌وتوه‌ته‌ مامه‌ڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ تاوانبارن به‌ پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و بوونه‌ته‌ شه‌ریكی توركیا. دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێده‌نگیی نواند له‌ داگیركردنی عه‌فریندا، توركیا سوودی لێ بینی و پیلانی خۆی تێدا جێبه‌جێ كرد. باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا به‌بێ عه‌فرین هه‌رگیز ئارامی به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت، بۆیه‌ تا عه‌فرین نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌ست خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی خۆی، ده‌ستی لێ به‌ر ناده‌ین و له‌ ئامانجه‌كانمان پاشگه‌ز نابینه‌وه‌. له‌و رووه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستمان بێت ده‌یكه‌ین و عه‌فرین ده‌گێڕینه‌وه‌ ده‌ست خاوه‌نه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی.

(باس) ماوه‌یه‌كی زۆره‌ باس له‌ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام ده‌كرێت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ چۆن ده‌بێت و ئێوه‌ چۆن لێی ده‌ڕوانن؟
ئیلهام ئەحمەد: له‌و رووه‌وه‌ ئه‌مەریكا ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری بێت ده‌یكات و نایه‌وێت شه‌ڕ له‌و ناوچه‌یه‌ دروست ببێت. بوونی هێزی ئێمه‌ش له‌و ناوچه‌ ئارامه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته‌ كێشه‌ بۆ توركیا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سوودی ده‌بێت بۆ توركیا، چونكه‌ تاوه‌كوو ئێستا كه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر سنوورین و له‌ توركیا نزیكین، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌بووینه‌ته‌ كێشه‌ بۆیان و په‌لامارمان نه‌داون. ئه‌گه‌ر توركیا په‌لاماری ئێمه‌ نه‌دات، ئێمه‌ش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك په‌لاماریان ناده‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌لاماری داین، ئێمه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه‌. ده‌بێت خه‌ڵكی توركیا بزانن كه‌ تاوه‌كوو ئێستا ته‌نیا توركیا بووه‌ زمانی شه‌ڕی به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه‌ به‌كار هێناوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌نیا به‌رگریمان له‌ خۆمان كردووه‌، هه‌روه‌ها ئێمه‌ وه‌كوو دراوسێی وڵاتی توركیا، هه‌میشه‌ داوای دایالۆكمان لێ كردوون.
له‌كۆتاییدا دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام تاوه‌كوو ئێستا هه‌ر له‌ گفتوگۆدایه‌ و هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه‌، ئه‌وەی گرنگیشه‌ دروستكرنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ نه‌بێته‌ مایه‌ی كێشه‌، به‌ڵكوو ببێته‌ مایه‌ی هێنانه‌ دی ئاشتی و ئارامی.

(باس) به‌ هۆی بوونی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له‌ مه‌نبه‌ج، توركیا ده‌یه‌وێت په‌لاماری مه‌نبه‌ج بدات، ئایه‌ ئه‌و هێرشە ده‌بێته‌ راستی؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێمه‌ بڕوامان به‌وه‌ هه‌یه كه‌ توركیا له‌ رووی سیاسه‌تی ناوه‌خۆیی و ده‌ره‌وه‌یدا پێویسته‌ به ‌خۆیدا بچێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ سه‌رچاوه‌ی سیاسه‌تی ناوه‌خۆیه‌تی. تاوه‌كوو ئێستا په‌لاماری هه‌ر شوێنێكیان دابێت له‌ده‌ره‌وه‌ی توركیا، به‌ مافی خۆیان زانیوه‌، باجی ئه‌و په‌لاماره‌ش هاووڵاتییانی تورك و كورد داویانه‌، به‌وه‌ی شاره‌كانی ئێمه‌یان رووخاندووه‌ و تێكیان داوه‌. ئه‌م ره‌فتارانه‌ی توركیا زیانی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوه‌ده‌وڵه‌تیش گه‌یاندووه‌ و ئه‌م سیاسه‌ته‌ی توركیا حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌خاته‌ بارێكی زۆر خراپ. توركیا هه‌رچه‌نده‌ په‌لاماری هێزی دیموكرات بدات، عاقیبه‌ته‌كه‌ی به‌ زیان بۆ خۆی ده‌شكێته‌وه‌.

(باس) په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ ئه‌نه‌كه‌سه‌دا هیچ به‌ره‌وپێشبردنێكی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌؟ ئایه‌ بیرتان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن؟
ئیلهام ئەحمەد: له‌گه‌ڵ ئه‌نه‌كه‌سه‌دا په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌، ئێمه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نه‌كه‌سه‌دا به‌ گرنگ و بایه‌خ وه‌سف ده‌كه‌ین. ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ بایه‌خ به‌ ئه‌نجامدانی دیالۆك له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌دات و ئێمه‌ش ئه‌و موباده‌ره‌یه‌مان پێ خۆشه‌.

(باس) ئه‌ی په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا چۆنه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌ چی ئاستێكدایه‌؟
ئیلهام ئەحمەد: په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك فه‌رمی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا به‌رده‌وامه‌، به‌دڵنیاییشه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌و جۆره‌ دیالۆك و په‌یوه‌ندییانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان بره‌و پێ ده‌ده‌ین و ده‌مانه‌وێت له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمان بێت ده‌یكەین.