حامیدی حاجی غالی: ھێرۆخان تەندروستیی باش نییە و بەشداریی کۆنگرەی داھاتوومان ناکات

 

"ئەو پشکانەی بۆ یەکێتی دانراوە، پێی ڕازین و ھیچ کێشەمان نییە"

23/04/2019 - 10:53 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

 

حامیدی حاجی غالی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دیمانەیەکی تایبەتدا بە (باس)ی ڕاگەیاند: «ئەو پشکانەی بۆ یەکێتی دانراوە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، پێی ڕازین و ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵیدا نییە و چاوەڕێ دەکەین پارتی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەمان بێتە پێشەوە“. گوتیشی: «دوای پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکێتی ھەوڵەکانی خۆی بۆ بەستنی کۆنگرە چڕ دەکاتەوە و کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەمان دەبەستین“. 

 

(باس) دوای ڕێککەوتنەکەتان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھەڵسەنگاندنی بۆ ڕێککەوتنەکە کرد و پەسەندی کرد، بۆچی تاوەکوو ئێستا واژۆ نەکراوە؟

حامیدی حاجی غالی: یەکێتی و پارتی ساڵانێکی دوورودرێژە پێکەوە حوکمڕانیی ئەم وڵاتە دەکەن، ئەم دوو حزبە پێکەوە بەشەریکی حکوومەتیان دروست کردووە و دەسەڵاتی ئەم وڵاتەیان بەڕێوە بردووە، بێ گومان ئەرکی قورسی ئەم حکوومەتە لەسەر شانی ھەردولامان بووە، ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان، دەنگی لە یەکێتی زیاتر ھێناوە و ڕێژەی کورسییەکانی لە ئێمە زیاترە، بۆیە پارتی مافی خۆیەتی ھەندێک شت ھەیە داوای بکات، بەڵام ئێمەش خۆمان بە ماندوو دەزانین و شتێکی کەممان بۆ ئەم حکوومەتە نەکردووە، بۆیە ئێمە پێداگریمان لەسەر ڕێککەوتنێکی سیاسی کردووە لەگەڵ پارتی، بۆ ئەوەی شەریکی ڕاستەقینەی حکوومەتی داھاتوو بین و نامانەوێت ھاوشێوەی حزبێکی سیاسی تەماشا بکرێین، کە تازە ھاتووەتە پێشەوە، یان حسابی ئەو حزبە بۆ ئێمە بکرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکێتی و پارتی توانییان ڕێککەوتن بکەن و چاوەڕێی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین، ڕێککەوتنەکەمان واژۆ بکەین.

 

(باس) ئەگەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ نەبوایە، یەکێتی و پارتی ڕێکدەکەوتن؟

حامیدی حاجی غالی: ئەگەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی کاک مەسعود بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ نەبوایە، پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی دەرەنجامی خراپی بەخۆیەوە دەبینی و ڕێک نەدەکەوتن، بەڵام پەیوەندییە تەلەفۆنیی‌کەی کاک مەسعود بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ، ھۆکاری سەرەکی بوو بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی.

 

(باس) یەکێتی لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمدا ژمارەیەک وەزارەتی بۆ دیاری کراوە، ئێوە بەو پشکانەی خۆتان ڕازین؟

حامیدی حاجی غالی: ئەو پشکانەی لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم پێمان دراوە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، پێی ڕازین و ئەوەی یەکێتی و پارتی لەسەر ڕێک کەوتوون ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵیدا نییە، ئیتر پارتی دیموکراتی کوردستان، لەناو خۆیدا پۆستی زیادە دەدات بە بزووتنەوەی گۆڕان، پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و ئێمە داوای پشکی خۆمان کردووە و بە پشکەکانی خۆمان ڕازین.

 

(باس) ئێوە جەخت لەسەر زیادکردنی جێگرێک بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم دەکەنەوە، ئایا بزووتنەوەی گۆڕان ڕازی بووە بەوەی، سەرۆکی ھەرێم دوو جێگری ھەبێت؟

حامیدی حاجی غالی: ئەوە پەیوەندیی بە پارتییەوە ھەیە و پەیوەندیی بە یەکێتییەوە نییە، بەڵام ئەو پۆستەی ئێمە داوای دەکەین بۆ یەکێتی زەڕوورە، چونکە ئێمە ھێزی چەکدارمان ھەیە و پێویستە ئەو ھێزانەی ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ پێگەیان ھەبێت، ھەروەھا ئەو پۆستانەی ئێمە داوای دەکەین، لە ڕێککەوتنەکەدا قسە و باسیان لێوە کراوە.

 

(باس) چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن، یەکێتی شەڕی کورسی دەکات و دەیەوێت بە ٢١ کورسی، زۆریترین پۆست وەزارەتە سیادییەکان وەربگرێت، تۆ چی دەڵێیت؟

حامیدی حاجی غالی: ئەگەر یەکێتی ھەقی خۆی وەرنەگرێت، یان شەریکی ڕاستەقینەی دەسەڵات نەبێت، پێم خۆشە یەکێتی ئۆپۆزسیۆن بێت، نەوەکوو بەو شێوەیە بەشداریی کابینەی حکوومەتی ھەرێم بکات، تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنەکەمان جێبەجێ نەکرێت، پێم باشە بەشداریی حکوومەت نەکەین و ڕێگای ئۆپۆزسیۆن ھەڵبژێرین.

 

(باس) کەواتە ئەگەر پۆستی زیادە وەرنەگرن، ئامادەن ببن بە ئۆپۆزسیۆن؟ ھەست ناکەی ئۆپۆزسیۆنبوونی یەکێتی سەخت بێت؟

حامدیی حاجی غالی: نەخێر ئەوە قورس نییە، ھەموو حزبێکی سیاسی بۆی ھەیە ئۆپۆزسیۆن بێت و بۆشی ھەیە بەشداریی حکوومەت بکات.

 

(باس) بۆچی یەکێتی تاوەکوو ئێستا کاندیدەکانی خۆی بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی بۆتان دیاری کراوە، یەکلای نەکردووەتەوە؟

حامیدی حاجی غالی: ھەر کاتێک ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی واژۆ کرد، ئەو کاتە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆ دەبێتەوە و کاندیدەکانی خۆمان بە یەک ڕۆژ یەکلایی دەکەینەوە، بێ گومان خەڵکێکی زۆر خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستەکان کاندید کردووە، بەڵام ئەنجومەنی سەرکردایەتی ھەر کەسێکی بە دڵ بێت، ئەو کەسە بۆ پۆستێکی دیاریکراو ھەڵدەبژێرێت.

 

(باس) چاودێرانی سیاسی دەڵێن، باڵ و ئاڕاستە جیاوازەکانی ناو یەکێتی، داوای پشکی خۆیان دەکەن، بۆیە یەکێتی ناتوانێت کاندیدەکانی یەکلایی بکاتەوە، ئێوە چۆن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن؟

حامیدی حاجی غالی: بۆ وەرگرتنی پۆستەکان نە باڵی تێدایە و نە ئاڕاستەی جیاوازی تێدایە، ھەروەھا بڕیارە بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان، ئەمجارە دەموچاوی نوێ و گەنج بێنە پێشەوە.

 

(باس) یەکێتی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چاوی بڕیوەتە پشکەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و پێی ناخۆشە گۆڕان بەشداریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، بۆچی ئێوە بەو شێوەیە تەماشای گۆڕان دەکەن؟

حامیدی حاجی غالی: نەخێر ئێمە پێمان ناخۆش نییە، گۆڕان ئەو پۆستانەی وەرگرتووە، چونکە گۆڕان بەھۆی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی ئەو پۆستانەی وەرگرتووە، ئێمەش داوای ھەقی خۆمان کردووە و لەسەر پۆستەکانمان ڕێک کەوتووین، ئیتر بۆچی پێمان ناخۆش بێت ئەوانەی تاوەکوو دوێنێ برامان بوون مافی کەمتر وەربگرن، بەڵکوو پێمان خۆشە گۆڕان ھێندەی پارتی لەم کابینەیەدا پشکی ھەبێت و پۆستی باشتر وەربگرێت.

 

(باس) پێشتر گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، ئێستا پەیوەندیی ئێوە و گۆڕان لە چ ئاستێکدایە؟

حامیدی حاجی غالی: پەیوەندیمان لەگەڵ گۆڕان باش نییە و ھەست بە ساردی دەکرێت.

 

(باس) ھۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانتان بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

حامیدی حاجی غالی: ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کەسمان بە نیەتێکی باشەوە نایەینە پێشەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتن بکەین، ھەرچەندە من ھەمیشە پێم خۆش بووە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕێک بکەوین، ئەگەر زەرەریش بکەین، بەڵام تەنیا گۆڕان گوناحی نییە، بەڵکوو یەکێتییش گوناحی ھەیە.

 

(باس) ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، ساڵی ڕابردوو بڕیاری بەستنی کۆنگرەی چوارەمی دەرکرد،بۆچی بەستنی کۆنگرە دوا خرا؟

حامیدی حاجی غالی: دوای پێکھێنانی کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەوڵی بەستنی کۆنگرە دەدەین و لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا قسە و باسی لەسەر دەکەین، چونکە یەکێتی وەکوو ھەموو حزبەکانی دیکە، پێویستی بە کۆنگرە ھەیە.

 

(باس) ئەگەر کۆنگرە ببەستن، کێ بۆ پۆستی سکرتێری گشتی دیاری دەکەن؟ ئایا پۆستی سکرتێری گشتی دەمێنێتەوە؟

حامبدی حاجی غالی: لەناو یەکێتی کەس ناتوانێت باسی پۆستی سکرتێری گشتی بکات، چونکە کۆنگرە  ئەو پۆستە یەکلایی دەکاتەوە و نازانم پۆستی سکرتێری گشتی دەمێنێت یان نا، بەڵام ھەموو پرسێکی سیاسیی یەکێتی، لەناو کۆنگرە یەکلایی دەکرێنەوە.

 

(باس) زانیاریمان لایە، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، بەشداریی کۆنگرەی داھاتووی یەکێتی نەکات و خۆیشی بۆ ھیچ پۆستێکی یەکێتی کاندید نەکات، ھۆکاری ئەوە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

حامیدی حاجی غالی: بەداخەوە ھێرۆخان تەندروستیی باش نییە و ناتوانێت بەشداریی کۆنگرە بکات، ئەگەر بەربەژێریشی بکەین، خۆی ناتوانێت ھیچ پۆستێکی ناو یەکێتی بەڕێوە بەرێت.