بەرپرسێکی یەکێتی: ده‌بێ یه‌كێتى مه‌رجه‌عێكى هه‌بێ تا هه‌موومان پابه‌ندى بین و كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین

"بارزانى و كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ پۆستى پارێزگارى كه‌ركووك یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه‌"

 

12/03/2019 - 14:51 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

سیروانى كوێخا نه‌جم، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا ڕای گه‌یاند: "ڕێككه‌وتنى سیاسیی یه‌كێتى و پارتى هاوشێوه‌ى ڕێكکه‌وتنى ستراتییه‌ و ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ى به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى و كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ نه‌بوایه‌، مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى و پارتى نه‌یان ده‌توانى ڕێككه‌وتنێكى ئاوا گرنگ واژۆ بكه‌ن“. گوتیشى: ”پۆستى پارێزگارى كه‌ركووك وه‌كوو خۆى ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى بارزانى و كۆسره‌ت ڕه‌سووڵدا، یه‌كلا ده‌کرێته‌وه‌“.

 

(باس) بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕێككه‌وتنێكیان واژۆ كرد، ئەمە چۆن سەری گرت؟
سیروانى كوێخا نه‌جم: ڕێككه‌وتنى سیاسیی پارتى و یه‌كێتى به‌ كارێكى گرنگ و چاره‌نووسساز ده‌زانم، چونكه‌ یه‌كێتى و پارتى چه‌نده ناكۆكیش بن، دواجار ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ده‌بێ تاوه‌كوو خاڵى كۆتایی پێكه‌وه‌ بن و له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ كێشه‌ و گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ڕێككه‌وتنى سیاسی ئه‌نجام بده‌ن، بێ گومان ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌وه‌دا خۆى ده‌بینێته‌وه‌، یه‌كێتى و پارتى ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردستان بكه‌ن و ئاشتى و ئارامى بۆ خه‌ڵكى كوردستان دابین بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر یه‌كێتى بیویستایه‌ ته‌نیا بۆ پۆست له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان ڕێك بكه‌وێت، زۆر ئاسان بوو، به‌ جۆرێك ئێمه‌ ده‌مانتوانى هه‌ر یه‌كه‌م ڕۆژ له‌گه‌ڵ پارتى ڕێك بكه‌وین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێمه‌ به‌لامانه‌وه‌ گرنگ بووه‌، خۆى له‌ خزمه‌تكردتى خه‌ڵكى كوردستان ده‌بینێته‌وه.

(باس) پێشتر په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى و یه‌كێتى گرژیى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، چۆن بوو ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌نجام درا؟
سیروانى كوێخا نه‌جم: ڕاسته‌ پێشتر په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى و یه‌كێتى به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان گرژى و ئاڵۆزیى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین یه‌كێتى و پارتى دوو حزبی خاوه‌نى پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى و هێزى چه‌كدار و ئاسایش و پۆلیسن، له‌دواى ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، كه‌ حكوومه‌تى كوردستان پێكهێنراوه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ پێكه‌وه‌ بوون، هه‌روه‌ها له‌ سه‌رده‌مى خوالێخۆشبوو هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، ڕێككه‌وتنى ستراتیژی له‌نێوان پارتى و یه‌كێتى هه‌بووه‌، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ شه‌ڕى نه‌گریسى ناوخۆى میلله‌ته‌كه‌مانى له‌ كۆڵ كردینه‌وه‌، بۆیه‌ دواجار گه‌شتینه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ى كه‌ ناتوانین به‌بێ یه‌كترى حوكمڕانییه‌كى ته‌ندروست و باش و سه‌رتاسه‌رى بكه‌ین، بۆیه‌ به‌پێویستمان زانى بیر له‌ ڕێككه‌وتن بكه‌ینه‌وه‌، خۆشبه‌ختانه‌ دواجار یه‌كێتى و پارتى پێكه‌وه‌ ڕێك كه‌وتن و ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتى زۆر باشه‌ و هیچ گرفتێكمان نه‌ماوه.

(باس) كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى و كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ، تا چه‌ند هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى جارێكى دیكه‌ بیر له‌ ڕێككه‌وتن بكه‌نه‌وه‌؟
سیروانى كوێخا نه‌جم: ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ى به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى و كاك كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ نه‌بوایه‌، قورس بوو هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسیی پارتى و یه‌كێتى بتوانن بگه‌ن به‌و ڕێككه‌وتنه‌ى كه‌ ئێواره‌ى چوارى ئه‌م مانگه‌ واژۆى له‌سه‌ر كرا، بۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى بارزانى و كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ كاریگه‌ریى به‌هێزى له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنى سیاسیی پارتى و یه‌كێتى هه‌بووه‌.

(باس) هیچ ڕێككه‌وتنێكى دیكه‌ له‌نێوان پارتى و یه‌كێتیدا ده‌كرێت؟
سیروانى كوێخا نه‌جم: به‌ڵێ، ڕێككه‌وتنێكى ئیدارى له‌سه‌ر پۆسته‌كان له‌گه‌ڵ برایانى پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى بزانین یه‌كێتى چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك به‌شداریى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێم بكات، هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى پێشوومان هاوشێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتژییه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ وه‌كوو ڕێككه‌وتنى ستراتیژی خەسڵەتی درێژخایه‌نیی نه‌بێت.

(باس) وا بڕیاره‌ یه‌كێتى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت وه‌ربگرێت، بۆچى یه‌كێتى کاندیدانی بۆ ئەو پۆستە رانەگەیاندووە؟
سیروانى كوێخا نه‌جم: تاوه‌كوو ئێستا یه‌كێتى له‌سه‌ر پۆسته‌كانى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هیچ وتووێژێكى له‌گه‌ڵ برایانى پارتى نه‌كردووه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ یه‌كێتى پۆستى سه‌رۆكى پەرلەمانى كوردستان وه‌ربگرێت، چونكه‌ كابینه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم خۆى له‌ پێنج پۆستى باڵاى سه‌رۆكایه‌تیدا ده‌بینێته‌وه‌، بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ له‌و پێنج پۆسته‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌ پۆستێكى باڵا وه‌ربگرین.

(باس) به‌ڵام یه‌كێتى پشكى خۆى له‌م كابینه‌یه‌ وه‌رده‌گرێت، بۆچى ئێوه‌ سی ڤى وه‌رناگرن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پۆستانه‌ى پێتان ده‌درێت پڕى بكه‌نه‌وه‌؟
سیروانى كوێخا نه‌جم: ئه‌م كابینه‌یه‌ هاوشێوه‌ى كابینه‌كه‌ى پێشوو نابێت، چونكه‌ كابینه‌كه‌ى پێشوو چه‌ندین كێشه‌ى بۆ دروست بوو، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ پێشتر كۆمه‌ڵێك شوێنمان هه‌بوو به‌ به‌تاڵى ماوبووه‌وه‌ و ئه‌ركى ستافه‌كه‌ى ئێمه‌ بوو پڕى بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ى به‌ر یه‌كێتى ده‌كه‌وێت، هه‌مووى ده‌چێته‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى و به‌پێى پسپۆڕى و شاره‌زایى له‌ ڕێگه‌ى سی ڤییه‌وه‌ ئه‌و پۆستانه‌ پڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

(باس) بۆچى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى، بێگه‌رد تاڵه‌بانى و ڕێواس فایه‌ق، بۆ پۆستى سه‌رۆكى پەرلەمانى كوردستان یه‌كلایى ناكاته‌وه‌؟
سیروانى كوێخا نه‌جم: یه‌كێتى دوو خانمی بەڕێزی كاندیده‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكى پەرلەمانى كوردستان، بێگه‌رد تاڵه‌بانى و ڕێواس فایه‌ق، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیی نیشتمانین، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ به‌م زووانه‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێك له‌و دوو كاندیده‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكى پەرلەمانى كوردستان هه‌ڵبژێرێت.

(باس) یه‌كێتى زۆر جه‌خت له‌ پۆستى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا كاندیده‌كتان بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌ڵنه‌بژاردووه‌، ئێوه‌ كه‌ى پرسی پۆستى پارێزگاى كه‌ركووك یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه‌؟
سیروانى كوێخا نه‌جم: له‌ دانیشتى داهاتووى به‌ڕێزان مه‌سعود بارزانى و كاك كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ، بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ ده‌درێت، هه‌روه‌ها حه‌وت ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسی و سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتی به‌خۆشمه‌وه‌، خۆمان كاندید كردووه‌ بۆ پۆستى پارێزگاى كه‌ركووك، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر ڕزگار عه‌لى، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ و هه‌موومان له‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ده‌نگمان پێ دا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌ به‌غدا هه‌وڵه‌كه‌ى جێبه‌جێ كردین و نه‌ پارتى بۆ ئه‌و پرسه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌، دواتر داواى زیادكردنى كاندیده‌كانیان لێ كردین، دواجار یه‌كێتى ژماره‌ى كاندیده‌كانى بۆ پۆستى پارێزگارى كه‌ركووك زیاد كردووه‌ و یه‌كێتى هه‌ر كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌ڵبژێرێت، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ پشتگیریى ده‌كه‌م.

(باس) یه‌كێتى زۆر باس له‌ به‌ستنى كۆنگره‌ ده‌كات، ئایا هیچ قسه‌ و باسێكتان له‌سه‌ر به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌م كردووه‌؟
سیروانى كوێخا نه‌جم: كۆنگره‌ى یه‌كێتى زه‌ڕووریه‌تێكى گرنگه‌ و له‌دواى پێكهێنانى كابینه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ته‌واوه‌تى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ قسه‌ و باس ده‌كرێت، هه‌نگاوه‌كانمان چڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌ تا بتوانین به‌زوویى كۆنگره‌ى چواره‌م ببه‌ستین و یه‌كێتى نوێ بكه‌ینه‌وه‌.

(باس) ئه‌گه‌ر یه‌كێتى كۆنگره‌ ببه‌ستێت، كێ ده‌كات به‌ سكرتێرى گشتى؟ ئایا پۆستى سكرتێرى گشتى ده‌مێنێت؟ یاخود سیسته‌مى هاوسه‌رۆكى جێگه‌ى پۆستى سكرتێرى گشتى ده‌گرێته‌وه‌؟
سیروانى كوێخا نه‌جم: جارێ زووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر پۆستى سكرتێرى گشتى بكه‌ین، چونكه‌ كۆنگره‌ بڕیار له‌سه‌ر پۆستى سكرتێرى گشتى ده‌دات، به‌ڵام ده‌بێ یه‌كێتى مه‌رجه‌عێكى هه‌بێت و دوابڕیارى یه‌كێتى لابێت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موومان پابه‌ندى بڕیاره‌كانى بین، بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و یه‌كێتى به‌هێز بكه‌ینه‌وه‌.