بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر: هەندێ مادە هەیە چوار ساڵیش دەبێ لە بەغداوە بۆمان نەهاتووە

"مامەڵەکردن لەگەڵ کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بەشێکە لە چاکسازییەکە و دەبێ بکرێ"

06/03/2019 - 14:38 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن
فۆتۆ: پۆڵا شوانی فۆتۆ: پۆڵا شوانی

سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لەم چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەی هەفتەنامەی (باس)دا، لەبارەی گرفت و کەموکوڕییەکان لە کەرتی تەندروستی دەدوێت.



(باس) سنووری پارێزگای هەولێر چەند نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستیی تێدایە؟
د. سامان بەرزنجی: پارێزگای ئێمە هەشت قەزا لەخۆ دەگرێت، لەو هەشت قەزایەدا هەشت بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەیە، کە تێیاندا 22 نەخۆشخانەی حکوومی، 19 سەنتەری تایبەتمەندی حکوومی، ٢21 نەخۆشخانەی ئەهلی هەیە، کۆی گشتی 373 دامودەزگای سەرەکی و لاوەکی لە ناوشار و دەرەوەی شاردا هەیە.


سەنتەرەکانمان 84 بنکەی سەرەکیی تەندروستی، 134 بنکەی سەرەکیی لاوەکی، 102 هۆڵی نەشتەرگەریمان لەناو شار و دەرەوەی شاردا هەیە، لەگەڵ 12 هۆڵی لەدایکبوون، لە کۆی گشتی لە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیدا سێ هەزار و 647 قەرەوێڵەی نەخۆشمان هەیە، کە هەزار و 105 یان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان و دوو هەزار و 542یان لە کەرتی حکوومییدان.


هەروەها نزیکەی 19 هەزار فەرمانبەرمان هەیە، کە 538 کەسیان گرێبەست و 632 کەسیان خۆبەخشن، ژمارەیەکی زۆریشیان مۆڵەتیان وەرگرتووە، هی هەندێکیان مۆڵەتی دایکایەتییە، هەندێکیان مۆڵەتی بێ مووچەیە، مۆڵەتی خوێندنی باڵایە، لەناویاندا دابڕانیش هەیە، بۆیە کەمتر لە 15 هەزار فەرمانبەر لە سنووری پارێزگای هەولێر لە کارکردن بەردەوامن.


بۆیە دوو هەزار و 612 پزیشکی گشتی بە جۆرەکانی پزیشکی پسپۆڕ، نیشتەجێی دێرین و نیشتەجێی خولاو دابەش کراون، هەروەها 759 پزیشکی ددان ، ٥٨588 دەرمانساز، کارمەندەکانی دیکەی تەندروستیش بریتین لە ئەوانەی لە تاقیگە، دەرمانخانە، قاوشەکان، کە ڕێژەکەیان 29%ە، کارمەندەکانی دیکەش فەرمانبەری کارگێڕی و خزمەتگوزاریین.

 

(باس) گلەیی لە نەبوون و کەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی دەرمان و پزیشکی پسپۆڕ و ئامێرە گرنگەکانی نەشتەرگەری لە بنکە تەندروستییەکانی ناوشار و دەرەوەی شار دەکرێت، بۆچی؟
د. سامان بەرزنجی: لە ڕووی ئامێر، پزیشک، کارمەندی تەندروستی، بینا و ژێرخانەوە کەموکوڕیمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەشێک لە گوندەکان بنکەی تەندروستیمان نییە، هەروەها لە هەندێ لە گوندەکانیش بنکەمان هەیە، بەڵام کۆنن و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە، یان ڕووخاندن و دروستکردنەوەیان هەیە، بۆیە هەم ژێرخان، هەم پزیشک و هەم ئامێرمان پێویستە.


دوو جۆر بنکەمان هەیە، سەرەکی و لاوەکی، بنکەی سەرەکی ئەو بنکانەن کە تەواوی پرۆگرامەکانی چاودێریی سەلامەتی و پزیشکی پسپۆڕیان تێدایە، وەک چاودێریی دایکی دووگیان، چاودێریی منداڵی تازە لەدایکبوو و منداڵی بەدخۆراک، کوتان و تەندروستیی قوتابخانە، چاودێریی شوێنە گشتییەکان، هەروەها بنکەی پۆلە کلینکمان لەناو شار و دەشتی هەولێر و خەباتدا هەیە، پۆلە کلینک واتە عیادەیەکی دەرەکییە، کە ڕۆڵی نەخۆشخانەیەک دەبینێ و چەند نۆرینگەیەک و پزیشکی پسپۆڕ تێدایە، بەڵام بنکە لاوەکییەکان لە گوندەکان و شوێنە دوورەدەستەکان هەیە.

 

(باس) گلەیی لە نەبوون و کەمیی ئامێری سۆنەر لە نەخۆشخانەکان دەکرێت، دەگوترێ ئەوانەیشی سۆنەریان بۆ دەکرێ، دەبێ بە مانگ چاوەڕێ بکەن، ئەوانەی حاڵەتی بەپەلەیان هەیە ناچارن پەنا ببەنە بەر سەنتەرە ئەهلییەکان، ئەی ئەوانەی هەژارن دەبێ چی بکەن؟
د. سامان بەرزنجی: ئامێری سۆنەرمان ئەوەندە زۆرە، لە زۆریدا کێشەمان بۆ دروست بووە، هیچ بنکەیەی ناو شارمان نییە سۆنەری تێدا نەبێ، لە نەخۆشخانە گشتییەکان 10 سۆنەری لێیە و فشارێکی زۆریش لەسەر شاری هەولێر هەیە، بەڵام پزیشکی سۆنەر هەموو کاتێک نیمانە، لەبەر ئەوەی کە دەرفەتی خوێندنی بۆ ڕێک دەکەوێت ئێمە هانی دەدەین، بۆیە ماوەیەک بێ پزیشک دەبین، بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئامار وەرمگرتووە،  لە ساڵی 2010 تەنیا ژمارەی دانیشتووانی خۆمان دوو ملیۆن و 126 هەزار و 163 هاووڵاتیی بووین، هەروەها دوایین ئاماری ئاوارەکانیش لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرمانگرتووە 678 هەزار و 145 ئاوارە و پەنابەر لەناو هەولێر نیشتەجێن، کە ئەمەش دەکاتە 50%ی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان، واتە کۆی گشتی دەکاتە دوو ملیۆن، هەموو ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەو فشارەی لەسەر ئێمە هەیە، هەروەها زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتیی لە پارێزگای هەولێر خزمەتگوزاریی تەندروستی وەردەگرن، واتە بەقەدەر دوو پارێزگا فشارمان لەسەرە و نەخۆشەکانی دەرەوەی هەولێر و تەنانەت سووریاش دێن.


کێشەی ئێمە لە سۆنەر نییە، بەڵکوو زیاتر لە سیتی سکان و ئیمارەیە، بەڵام بە جۆرێ چارەسەرمان کردووە، کە پرۆژەیەکی نیمچە تایبەتمان کردووەتەوە، لەدوای کاتژمێر 1:00ی نیوەڕۆ تا کاتژمێر 8:00ی ئێوارە سیتی سکان کار دەکات، ئەویش لە بەیانییان نرخێکی ڕەمزییە و15 هەزار دینار لە هاووڵاتی وەردەگیرێت و بە پرۆژەی نیمچە تایبەتەکە بە 40 هەزار بۆی دەکرێت، بەڵام لە کەرتی تایبەت بە 150 و 200 دۆلار دەکرێت، بۆیە ئەو پرۆژەیە بۆ هەژارەکانە و داهاتیشە بۆ کارمەندەکان، کە پاشەکەوتی مووچەیان بوو.


پرۆژەی نیمچە تایبەت پێکهاتووە لە بەکارهێنانی نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی، کە تێیدا دکتۆرەکان کار دەکەن و لەبری ئەوەی نەشتەرگەرییەک لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی بە دوو هەزار دۆلار بکەن، لێرە بە 200 دۆلار دەکەن، بەمەش نۆرە کەم دەبێتەوە و مەنافەسەی نرخ لەگەڵ کەرتی تایبەت دەکات، لە کاتی قەیران و پاشەکەوتی مووچە، داهاتێکی کەم بوو بۆ دکتۆرەکان، هەروەها دەرفەتی کارە بۆ پزیشکەکان لەدوای دەوام، لەگەڵ ئەوەشدا 10%ی ئەو پارەیە داهاتە بۆ نەخۆشخانەکان، کە خۆی پێ بەڕێوە دەبرد، 10%ی بۆ حکوومەت و 80%ی بۆ پزیشک و کارمەند و تا دەگاتە کارگوزارەکان، بەو پرۆژەی نیمچە تایبەتە، لە ماوەی ساڵی 2018دا 23 هەزار نەشتەرگەری ئەنجام دراوە، نزیکەی 84 هەزار نەشتەرگەرییش بەیانییان بە بەلاش کراوە.

 

(باس) ئەو پزیشکە پسپۆرانەی دەچنە دەرەوە بۆ خوێندن، شوێنەکەیان هەر بە بەتاڵی دەمێنێتەوە؟
د. سامان بەرزنجی: بەڵێ، جاری وا هەبووە چەند مانگێک بێ پزیشک بووین، بەڵام سەرۆکی حکوومەت لە کاتی قەیرانەکەشدا دامەزراندنی پزیشکانی ڕانەگرت، بۆیە کاتێک پزیشکیشمان کەم بووە، هەوڵمان داوە چارەسەری بکەین، بەشێوەیەکی گشتیش پزیشک کەمە و دەبێ ژمارەی پزیشک زۆر لەوە زیاتر بێ کە هەیە.

 

(باس) ئەو نەخۆشە دەگمەنانەی لە نەخۆشخانە حکوومییەکان چارەسەریان بۆ ناکرێ و پەنا بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی یان دەرەوەی وڵات دەبەن، ئێوە بەرنامە و پلانتان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئەمانە چییە؟
د. سامان بەرزنجی: شتی وامان نییە و نەشتەرگەرییەکان هەمووی لە نەخۆشخانەی حکوومی دەکرێ، بۆ نموونە 95%ی شوشتنی گورچیلە لەسەر حکوومەتە، خەڵکیش بۆ خۆی ئازادە و هەیە خواپێداوە و دەچێ لە ئەڵمانیا نەشتەرگەری دەکات، یان ئەمەریکا یان هندستان، ئەوەش پێی دەگوترێ گەشتیاریی تەندروستی، جیا لەوەش لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێ، کە بڵێم نەخۆش پێویستی بە دەرەوەی وڵاتە و بە بەرپرسیارێتییەوە قسە دەکەم، کوالێتیی دەرمان و لێهاتوویی و توانای زانستی لە کەرتی حکوومی لە ئەهلی زۆر باشترە لە پێداویستییەکانی کەرتی تایبەت، لەبەر ئەوەی بە کوالێتیی دەرمان و پێداویستییەکانی ئێمە بە فلتەری زۆردا دەڕوات، بەڵام لە ئەهلیدا ئازادی هەر دەرمانێ دەکڕی، تەنانەت هەر کەسێ کە پێویستی بە چارەسەر هەبووە، کەسوکاری خۆمان هەوڵم داوە لە حکوومی چارەسەریان بۆ بکرێ، هەندێک نەخۆشیش هەیە بچێتە دەرەوەش چارەسەر ناکرێت بەداخەوە، بۆ نموونە نەخۆشێک ٨٠٪ یان ١٠٠٪ سووتاوە، ئەمانە بێ هیوان و ناتوانی بیگەڕێنییەوە، یان ئەوانەی کە لەژێر هەناسەدانی تایبەتدان، خەڵکێک فڕۆکەی تایبەتی بۆ دەگرێ بیباتە درەوە، کەچی هەمان چارەسەری ئێرەی بۆ دەکرێ. 

 

(باس) ژمارەیەکی زۆر نەخۆشخانەی ئەهلی و سەنتەر هەن، ئایا باج بە حکوومەت دەدەن، ئەی لەژێر چاودێریی ئێوەدا کار دەکەن؟
د. سامان بەرزنجی: نەخێر باج نادەن، بەڵکوو تێکەڵبوونێک لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا هەیە، ئێمە زیاتر هاوکاریی ئەوان دەکەین و خوێنی هەموو نەخۆشخانە ئەهلییەکان ئێمە دابینی دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا من دەڵێم پێویستە بە نیزامێک سیستەمەکە چاک بکرێ و تێکەڵبوونەکە بە سیستەم بێ، تێکەڵبوون واتە تێکەڵکردن لە خزمەتگوزاری و لە چاودێریکردن و خۆ بەخاوەن کردن، بەڵام لە ڕووی میلاکەوە، ناکرێ دکتۆرێک لە ئەهلی و لە چەند شوێنێک کار بکات، واتە هاوشێوەی وڵاتی ئوردن و تورکیا، کە پێش 15 ساڵ ئەو گرفتانەی ئێمەیان هەبوو، ئێستا خۆیان ڕێک خستووە، ئومێدمان هەیە لەداهاتوودا چاکسازی لە سیستەمی تەندروستیدا بکرێ، مامەڵەکردن لەگەڵ کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بەشێکە لە چاکسازییەکە و دەبێ بکرێ. بەداخەوە ئێمە سیستەمی بیمەی تەندروستیشمان نییە، کە خۆی دەسەڵات و حکوومەتێکە، چاودێریی بەسەر کەرتی تایبەت و گشتیدا دەکات.

 

(باس) خەڵکێک گلەیی لەوە دەکەن کە زۆر لە دکتۆرەکان لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا داوا لە نەخۆشەکان دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر بچنە عەیادەکانیان، ئێوە چ ڕێکارێ بەرامبەر ئەم جۆرانە دەگرنە بەر؟
د. سامان بەرزنجی: لە دونیادا ئەوە نەماوە و دەبێ ڕێک بخرێت، چونکە ناکرێ تا کاتژمێر یەک لە لای من کار بکات و کەچی هەمان نەخۆشی من بچێتە لای لە عیادەکەی، جیا لەوەش، نەخۆشەکانیش دەبێ ڕێک بخرێن، ئەو ڕێکخستنەش سیستەمی ئیحالەکردن و جیاکردنەوەی پزیشکە لە کەرتی گشتی و تایبەت، بۆ ئەوەی کاتێک بۆ من کار دەکات، بۆی نەبێت لە شوێنێکی دیکە کار بکات.

 

(باس) کارکردن لەسەر کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان بە کوێ گەیشتووە؟
د. سامان بەرزنجی: ئەو پرۆژەیە بۆ ئێمە نوێیە و چەند ساڵێکە دروست بووە، سەر بە وەزارەتی تەندروستییە نەک بەڕێوەبەرایەتیی ئێمە، بەڵام وەک لە نزیکەوە ئاگادارم، کاری باشیان کردووە و ڕێژەیەکی باش لە دەرمان و پێداویستییەکان پشکنینیان بۆ کراوە، لە ڕێگەی ستیکەر و پێدانی بڕوانامەکەوە، ئەوا ئێمە ١٠٠٪ هیچ دەرمانێ بەبێ ئەو ئەوراقانە داخلی کۆگا ناکەین، ئەوە وەک لایەنی حکوومی، لایەنی بازاڕیش ئێستە کۆمەڵێک بڕیاری باش لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و حکوومەت دەرچووە و وردە وردە جێبەجێ دەکرێن، کە خۆیان لە هێنانی دەرمان، مۆڵەتپێدان، کوالێتیی دەرمان، بە قاچاخ هێنان، نرخ، نۆرینگە نایاساییەکان، دەبینێتەوە.

 

(باس) ئەو دەرمانانەی لە کوالێتیی کۆنترۆڵ دەرناچن، ئایا دەسەڵاتی قەدەغەکردنیانتان پێ دراوە؟
د. سامان بەرزنجی: بۆ کەرتی گشتی بە هیچ شێوەیەک نابێ مامەڵە لەگەڵ ئەو دەرمانە بکرێ، ئێمە ئەو دەرمانەی کوالێتی کۆنترۆڵی نەبێ ناتوانین بیکڕین، بۆ کەرتی تایبەتییش ئێستە بڕیارەکان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، هێنانی دەرمانەکان لە مەدخەرەکان، پێشتر کۆمەڵێک دەرمان هەبوو لە بازاڕ بەئاسانی دەست دەکەوتن، ئێستە بەدەست ناکەون، چونکە ئەوانەی کاری دەرمان دەکەن، دەرمانێک ناهێنن کە ئەوراقی نەبێ، بۆیە قەدەغەیە و لە کەرتی گشتی بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام کەرتی تایبەت هێشتا پێویستی بە زیاتر کۆنترۆڵکردن هەیە، بۆ ئەمە دائیرەی (کەی ئێم سی) کوالێتیی کۆنترۆڵ تیمی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێناوە و دەست بەسەر ئەو دەرمانانەدا دەگرن کە قاچاخن.

 

 (باس) ئەو دەرمانانەی لە کوالێتیی کۆنترۆڵ دەرناچن، چۆن لەناویان دەبەن؟
د. سامان بەرزنجی: بۆ نموونە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو کۆمەڵێک دەرمان لە گەڕەکی موفتی فڕێ درابوو، بەشی پشکنینی ئێمە دەستبەجێ چوون دەستیان بەسەردا گرت، دەرمانەکەش دەبێ لەناو ببرێ، بەڵام دەبێت ئەو کارە بە ڕێگای یاسایی بکرێ، لە ڕووی کارگێڕی و یاساییەوە دەبێ سێ لێژنەی بۆ دابنرێ، یەکەم لێژنەی تێڕوانین، لێژنەی بەدواداچوون، لێژنەی جێبەجێکردن، کە لەناوی دەبات، لەناوبردنەکەش چەند جۆرێکی هەیە و بەگوێرەی جۆرەکانی دەرمانەکە دەکرێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، وەک پاشماوەی دەرمان لە ئامێری ئۆتۆ کلێب، کە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی و لەدایکبوون هەن، دەرمانەکان ورد دەکەن و دەبێتە زبڵێکی ئاسایی.

 

(باس) ئەو بڕە دەرمانەی پێشتر لەلایەن بەغداوە دابین دەکرا، ئێستاش بەردەوامە؟
د. سامان بەرزنجی: دەرمان و پێداویستی لە بەغداوە دابین دەکرێ، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم کە پێداویستیی ئێمە پڕ ناکاتەوە، بودجەی وڵاتیکی وەک عێراق سیادییە و بەدەرە لەو پشکەی بۆ هەرێم دیاری دەکرێت، ئەو بەشە بودجەیەی بۆ هەرێم دادەنرێ، پارەی دەرمانی تێدا نییە، بەڵکوو پارەی دەرمان مەرکەزییە، واتە لە زاخۆ تا بەسڕە دەبێ بە ڕێژەی ١٠٠٪ دەرمان و پێداویستییەکان بۆ هەموو پارێزگاکان دابین بکات، بەڵام دابینکردنی پێداویستییەکان قەت نەگەیشتووەتە ١٠٠٪، واتە لە کاتێک بۆ کاتێکی دیکە دەگۆڕێ، هەندێ مادە هەیە چوار ساڵیش دەبێ لە بەغداوە بۆمان نەهاتووە و هەندێ مادەش 80% دەنێرێ و هەندێکی دیکە 100%


دەرمانی چارەسەری کیمیایی، دەرمان بۆ چارەسەر، دەرمان بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەردەوام لەنێوان 40% بۆ 50%دایە، بۆشاییەکەی دیکەی کە دەکاتە 50% بۆ 60% حکوومەتی هەرێم لە ڕێی بودجەی خۆیەوە بڕی شەش ملیار دیناری بۆ دابین کردووە.


(باس) لەسەر نەخۆشخانەی لەدایکبوون گلەیی هەیە، وایە؟
د. سامان بەرزنجی: زۆر جار ئافرەت گلەیی ئەوە دەکەن، ئێمە چاودێرییان دەکەین و هەر سکاڵا و گلەییەک هەبێ وەری دەگرین و سزای کارمەندیشمان داوە، بەڵام پێویستە هاووڵاتییش لەو حاڵەتانە ئاگادارمان بکاتەوە، ئەگەر قسەی نەشیاو بەکار هێنرا، دەستبەجێ ئیدارەی نەخۆشخانەکان ئاگادار بکەنەوە و لای ئێمەش ئەوە جێی قبوڵکردن نییە و بەگشتیش ئێمە لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە نەهێڵین.


لێرەوە دەڵێم هاووڵاتیی دەتوانێت دوو شت بکات، یەکەم، کە منداڵیان دەبێ بەخشیش و پارە نەدەن بە ئەوانەی خزمەتگوزارن یان هەر کەسێک کە هەبێ، چونکە ئەوە قەدەغەیە. دووەم، هەر دیاردەیەکی ناشارستانی و قسەی ناڕێکی بەرامبەر کرا، دەستبەجێ ئیدارەی نەخۆشخانە ئاگادار بکاتەوە، تا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسە بگیرێتە بەر.