سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ (باس): بارزانی ھەوڵی زۆری بۆ یەکێتیی نەتەوەیی دا

”تکای لێ دەکەم وازی لێ نەھێنێت“

رووکەن خاتوون تورهەللی 05/03/2019 - 10:31 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

 وەرگێڕانی لە تورکییەوە: کارزان گلی

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی ھەدەپە، زیاتر لە دوو ساڵە لە زیندانی ئێدیرنا لە تورکیا زیندانی کراوە، چەندین تۆمەتی دراوەتە پاڵ، کە لە ھەموویاندا وەکوو پاڵپشتیکار لە تیرۆریست کە مەبەستیان لە (پەکەکە)‌یە، تۆمەتبار کراوە. ھەفتەنامەی (باس) وەک یەکەمین دەزگای میدیایی کوردستانی باشوور، لە رێگەی راوێژکارەکەیەوە، ئەم چەند پرسیارەی ئاراستە سەڵاحەدین دەمیرتاش کرد و ئەویش بەخۆشحاڵییەوە وەڵامی دایەوە. دەمیرتاش داوا لە سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات واز لە یەکێتیی نەتەوەیی کورد نەھێنێت، چونکە رزگاربوون لەو بەڵایانەی بەسەر کورددا دێت، ھەموویان بەھۆی نەبوونی ئەو یەکێتیی نەتەوەییەیە، کە بارزانی بۆ خۆی ھەوڵی زۆری بۆ داوە. ھەروەھا دەمیرتاش داوا لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات، کە بۆی نیگەران نەبن کە لە زیندانە، چونکە ئیدی ئەم سەدەیە سەدەی کوردە و ھیچ ھێزێک ناتوانێت بەر بە کورد بگرێت، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. لە رێگەی ھەفتەنامەی (باس)یشەوە، سڵاو بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەنێرێت.

  

رێگای ئاشتی

 

(باس) سەرەتا دەمەوێت لەبارەی دۆخی تەندروستی و ژیانی زیندانەوە پرسیارت لێ بکەم، لە زیندان ژیانی رۆژانەت چۆن بەڕێ دەکەیت؟

دەمیرتاش: تەندروستی و مەعنەویاتم زۆر باشە، ئەگەر مەرجەکانی زیندان قورسیش بن، زۆر ئاگاداری خۆم دەبم. لێرە بەھۆی ئەوەی ئاسایشی زیندانەکە زۆر بەرزە و زۆر توندە، بۆیە مەرجەکانی زیندان بەدڵنیاییەوە قورسن، ئیمکانییەتەکانیش زۆر کورتکراوە و سنووردارن، بەڵام من و ھاوڕێم عەبدوڵا زەیدان، کە ئەویش ئەندام پەرلەمانی ھەدەپەیە لەسەر بازنەی ھەکاری، زۆربەی کاتەکانمان بە خوێندنەوەی کتێب و نووسین بەسەر دەبەین.

ئەوەی کە ئێمەی بە بەھێزی ھێشتووەتەوە و وای کردووە لەسەر پێی خۆمان بوەستین، ئەو خەباتەیە، کە خەڵکەکەمان سەرەڕای ھەموو لەنگەر و قورساییەک، کە بۆیان دروست کردوون، ھەر بەردەوامن لە خەبات. ئێمە رووداوەکانی دەرەوەی زیندان، لە رێگەی خوێندنەوەی رۆژنامە و تەماشاکردنی تەلەڤزیۆن و لە رێگەی پارێزەرەکانمانەوە دەبیستین و چاودێریی دەکەین. لەڕاستیدا لێرە بە سیاسەت ھەڵدەستین و بە سیاسەتیش دەنووین، تەنانەت بۆ چرکەیەکیش رۆحی خەباتمان نەپچڕاوە. ھەموو ساتێکمان بە پلان و دیسپلین گونجاندووە و کاتەکانمان بە (خوێندنەوە، گفتوگۆ، نووسین، وەرزش) بەڕێ دەکەین.

لە ھەفتەیەکدا رۆژێک لەگەڵ خانەوادەکەماندا دادەنیشن، ئەمەش ھێزێکی زۆر و مەعنەویاتێکی زۆرمان دەداتێ، چونکە خانەوادەکەمان لەم ماوەیەدا ھەڵوێستیان زۆر مایەی شانازی و بایەخە.

 

لە دەرەوە کاتم نییە بۆ نووسین

 

(باس) لە زیندان رووبەڕووی دەمیرتاشێکی جیاواز بووینەوە، پڕۆفایلی سیاسییت تێپەڕاند و بووی بە ئاوازدانەر و وێنەکێش، ھەروەھا بە نووسینی چیرۆک و دنیای ئەدەبیاتی تۆ شاد بووین. لەبارەی ئەدەبیاتی تورکیاوە دەڵێن «ئەگەر ئەدەبیاتی زیندان دەربھێنیت، لە تورکیا شتێک نامێنێتەوە بە ناوی ئەدەبیات» تۆ لەو بارەیەوە چی دەڵێیت؟ ئایە ئەمە بەسەر تۆدا جێبەجێ دەکرێت؟ دەمیرتاش لە دەرەوەی زیندانیش نەیدەنووسی؟

دەمیرتاش: نابێ ئێمە ناحەقی بەرامبەر بە دنیای ئەدەبیاتی تورکیا بکەین، لە تورکیا ئەدەبیاتی زۆر گەورە و باش دروست بووە، بەدڵنیاییەوە زیندان رۆڵێکی باشی لە بەرەوپێشچوونی ئەو ئەدەبیاتە بینیوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی لە تورکیا ئۆپۆزسیۆنەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان رێگەیان بە زینداندا تێپەڕیوە، بۆیە لەناوەوە بەرھەمی ئەدەبیات و ھونەرمەندان زیاتر بووە. کە دێتە سەر منیش، لەدەرەوەی زیندان نانووسم، چونکە کاتم نییە و لەبەر سیاسەتیش سەرقاڵی بەرپرسیارییەتیی خۆمم و سیاسەت رێگەم نادات بنووسم، بەڵام کاتێک نووسینم لە بەرژەوەندیی سیاسەت بووبێت، کاتم دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی بنووسم.

 

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا

 

(باس) دوای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی دۆسێی دەستگیرکردنەکەتەوە بڕیاریان دا، ھەندێک لە پارێزەرەکان باس لەوە دەکەن، ئەو بڕیارە دوو لایەنی ھەیە، لە بڕیارەکەدا ھەڵگرتنی پارێزبەندی و دادگاییکردنت بە ڕاست نازانن و داوای ئازادکردنت دەکەن، بەبێ ھیچ مەرجێک و پێیان وایە ھیچ بۆشاییەکی یاسایی نەماوە بۆ ئازادکردنت. لە لایەکی ترەوە، دەڵێن ئەو بڕیارە دەبرێتە بەردەم دادگای باڵای تورکیا و ئەوان دەتوانن بڕیاری کۆتایی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە بدەن، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟

دەمیرتاش: ئاشکرایە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارێکی زۆر ھاوسەنگی داوە، لەڕاستیدا دەبوایە زۆر باسی ئەو پێشێلکارییەیان بکردایە کە حکوومەتی تورکیا بەرامبەرمان کردوویەتی، بەڵام بەداخەوە ئەو دادگایە ھەموو ئەو پێشێلکارییانەی باس نەکردووە و وەکوو بڵێی ئاگای لێ نییە، بەدڵنیاییشەوە ئەمە رووی سیاسیی ھەیە، کۆنسەی ئەوروپا نایانەوێت بەتەواوی رووبەڕووی تورکیا ببنەوە و لە روویدا بوەستنەوە. لە ٢٠-٢-٢٠١٩ لە رێگەی پارێزەرەکەمەوە بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپام لەو دادگایە ھێناوەتەوە بەرباس، تا دادگا دووبارە بڕیاری لەبارەوە بدات، بۆیە لە رۆژانی داھاتوودا ھەموومان دەیبینین، کە چی روو دەدات.

لەگەڵ مندا ١١ ئەندام پەرلەمانی تری ھەدەپە بە ھەمان شێوە دۆسێکەیان لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بڕیاری لەبارەیەوە نەدراوە.

 

پرسی چارەسەری

 

(باس) لە ١٢ و ١٣-١٢-٢٠١٨ لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دادگاییکردنەکەتدا بە دادوەرت گوت «ئەگەر سەرم بۆ ئەردۆغان شۆڕ بکردایە، ئێستا لە کۆشکەکەیدا پۆستی وەزیریم دەبوو». ئایە بۆ تۆ و پارتەکەت پێشتر داوایەکی لەو شێوەتان بۆ ھاتووە؟ ئاخۆ داوات لێ کراوە ببیت بە وەزیر؟

دەمیرتاش: لەناو ئاکپارتیدا ھیچ داوایەکی لەو شێوەیە بۆ من نەھاتووە، چونکە بە ھیچ شێوەیەک دەرگام بۆ داوایەکی لەو شێوەیە نەکردووەتەوە. لە تورکیا سەرۆکی دوو پارت (پارتی دیموکرات و پارتی ھاس) دەستیان لە سەرۆکی پارتەکەیان کێشایەوە و پاشان چوونە ناو ئاکپارتی و بوونە وەزیر، یەکێکیان ئێستا وەزیری ناوەخۆی تورکیایە و ئەوی تریش بۆ ماوەیەکی زۆر پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەبووە. لەو گوتەیەمدا بەرامبەر بە دادوەر، مەبەستی من ئەوە بووە.

بەدڵنیاییەوە نەچوومەتەوە ناو یارییەکی واوە و بە ھیچ شێوەیەک شتی وا بە مێشکمدا نەھاتووە، ئێمە بەردەوام بووین لەوەی بە ھەڵە بڵێین ھەڵە و سەرمان دانەنواند.

 

توندوتیژی ‌

 

(باس) لە شکستی پرسی چارەسەریدا کام لایەن ئەوەی لەسەر شانی بوو نەیگەیاندە جێ؟

دەمیرتاش: ئەگەر بھاتبوایە ئەو پرسە بە شێوەیەکی شەفاف و کراوە بە خەڵک بگوترایە و بیانکردایەتە ماڵ بۆ خەڵک، ھەروەھا لە ھەر بەرەپێشچوونێکدا پارێزگارییان لێ بکردایە و ھەنگاوی جدییان بھاوێشتایە و خەڵکیش ھەستی بەو جدییەتە بکردایە، ئاشتییەکی زۆر پارێزراو دەھاتە کایەوە. ھەموو لایەنەکان لەو سەردەمەدا کەموکوڕییان ھەبووە، بەڵام ھەموو کەس بە شێوەیەک ئاشکرا و روون بینییان و بە گوێی خۆشیان گوێیان لێ بوو، کە ئەو پرسە ئاکپارتی کۆتایی پێ ھێنا و کورد کۆتایی پێ نەھێنا. من ئێستاش بڕوام وایە، رێگای ئاشتی و بەرپاکردنی ئاشتی ھەرگیز نابێت وازی لێ بھێنرێت، رۆژێکیش دێت لەوبارەیەوە سەرکەوتن بەدەست دەھێنین. خۆی ئەگەر ئیمکان ھەبوایە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بکرابوایە و بگەیشتایەتە ئازادیی خۆی، ئەوەی زۆر ھەوڵی بۆ ئەو پرسە دەدا ئەو بوو و دەشزانم کە لەو رووەوە سەر دەکەوتین.

 

ناسنامەی کورد و مەزڵوومەکان

 

(باس) ھیچ کاتێک لە زینداندا خۆت دادگایی کردووە بەوەی، لێرەدا راست بوویت و لەوێدا ھەڵە بوویت؟

دەمیرتاش: چۆن نەبووە! بووە بەدڵنیاییەوە، لەناو زیندان کاتێک دێیتە سەر مێز و کورسییەکەت، کاتێکی زۆرت دەبێت، بەڵام ئەمە لە حەیفوون زیاتر، ھەوڵی زۆر باشتر و زۆر راستی بوونە. ئەگەر تایبەتمەندیت نەبێت، پێشکەوتنیش روو نادات، تاوەکوو ئێستا ئەوەی لە سیاسەتدا کردوومە، ھیچ شتێکیان وەکوو سەرکەوتن نابینم، چونکە بەردەوام گوتوومە، دەتوانم لەو باشترم بکردایە، بەڵام نەمکردووە. دەکرێت ئەوەش بڵێم، لە رووی بڕوابوونمەوە لە ھیچ شتێک کە لە رووی سیاسییەوە کردوومە، پەشیمانیی بەدوادا نەھاتووە. بەدڵنیاییشەوە کاتێک بوومەتە پارچەیەک لەو خەباتە یاساییەی خەڵک کردوویەتی و وەکوو رۆڵەیەک خەباتم کردووە بۆ ئەوەی ناسنامەی کورد و مەزڵوومەکان بپارێزم، بۆ ئەوەیان شانازی بەخۆمەوە دەکەم.

 

(باس) لە تورکیا بزووتنەوەی چالاکیی کورد مەبەست لێی پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپەیە، لە لایەک لەگەڵ ھێزی دیموکراتی(١) و لەلایەکی تریش لەگەڵ چەند پارتێکی کوردی، ھاوپەیمانییەکیان پێک ھێناوە، بە بۆچوونی ئێوە ئەو لێک نزیکبوونەوەیە راستە؟ ھەروەھا کوردەکان لەگەڵ ھێزی دیموکراتدا کار دەکەن بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان، ئایە ئەمە تواندنەوەی کوردی بەدوادا نایەت؟

دەمیرتاش: بەداخەوە ھاوپەیمانیی ھەموو کاتێک لە بەرژەوەندیی دەسەڵات کۆتایی پێ ھاتووە و نەمانتوانیوە لێی رزگار بین. ھیچ کاتێک ھاوپەیمانیمان لەپێناو ئامانجێکی ستراتیژی نەبەستووە، ئەمەش ھەموو پارتەکان لێی بەرپرسیارن و ھەر کەسە و لای خۆیەوە بێ حیسابی و بێ بڕوایی ھەیە، بۆیە ئەنجامێکی کاریگەر نەھاتووەتە کایەوە.

پێویست بە تواندنەوەی ھیچ پارتێک، یان نەمانی ھیچ پارتێک ناکات، نابێ ھەل بدەینە دەست بۆ ئامانجێکی لەو شێوەیە و پێویستە ھەر کەسە و بە رەنگی خۆی و ئەو دروشمەی لە سیاسەتدا ھەڵی گرتووە، تا سەرکەوتن شان بە شانی یەکترییەوە بڕۆین. دەبێ ئێمە بەیەکەوە خەبات بکەین، تا بتوانین سەرکەوتن بەدەست بھێنن.

 

پارێزگاریکردن لە خۆم بە کوردی زۆر گرنگە

 

(باس) لە دوا دانیشتنی یاساییتدا، کاتێک داوات کرد بە کوردی پارێزگاری لە خۆت بکەیت، دڵی زۆر کوردت خۆش کرد. کاتێک ئەو پارێزگارییەت لە خۆت کرد، ھەستت بە چی کرد؟ لەناو زینداندا چۆن توانیت زمانە کوردییەکەت بەو شێوەیە باش بکەیت و سەرکەویت؟

دەمیرتاش: تاوەکوو ئێستا لەبارەی سەدان لاپەڕەوە، کە لەسەرم بەرز کراوەتەوە، پارێزگاریم لە خۆم کردووە، بەڵام بەبایەخترین و بەماناترین پارێزگاریم، ئەو پارێزگارییە بوو، کە بە زمانی خۆم بە کوردی کردم، چونکە بەھۆی ئەوەی کوردم بۆیە ئەو جۆرە مامەڵەیەم لەگەڵدا دەکەن. بۆیە داکۆکیم کرد لەوەی کە کوردم و لەبەردەم دادگادا دەبوایە ئەو داوایە بکەم کە بە کوردی پارێزگاری لە خۆم بکەم، بۆیە بەشێکی دانیشتنەکە و پارێزگاریکرنەکەم بە کوردی بوو.

وەکوو ئەوەی من دەمەوێت، تاوەکوو ئێستا کوردییەکەم باش نییە، بەڵام بەردەوام دەخوێنم و خۆم فێر دەکەم، ئەمەش لەگەڵ عەبدوڵا زەیدانی ھاوڕێم ھەوڵی بۆ دەدەین و دەیخوێنین. لە رێگەی رۆمان و چیرۆک و گرامەرەوە زمانی کوردیی خۆمان برەو پێ دەدەین.

 

(باس) لەناو کورد و ھێزە دیموکراتییەکانی تورکیادا کەسایەتییەکی دیاریت، بەڵام لەو رۆژەوەی دەستگیر کراویت، بێدەنگییەک لەبارەی دەستگیرکردنەکەت ھەیە، دڵت نەشکاوە لەو بێدەنگییەی بەرامبەرت ھەیە؟

دەمیرتاش: ئێمە حەدی ئەوەمان نییە دڵمان لە خەڵکی خۆمان زویر بێت، ئێمە دەبینە قوربانیی خەڵکەکەمان و داوای ھیچ شتێکیشیان لێ ناکەین و چاوەڕێ ناکەین پاداشتەکەی وەربگرینەوە. تەنیا دەمانەوێت، کە ئەوان لە خەبات پاشەکشە نەکەن، ئەمەش دڵی ئێمە خۆش دەکات و ئەوی تر لە لای ئێمە ھیچ نییە. لە ماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا، خەڵکەکەمان سەدان رۆڵەیان لەپێناو ئازادیدا فیدا کردووە و ماندووش نەبوونە، ئێمە کاتێک دەبینە مایەی دڵخۆشیی ئەوان و ئێمە بە شایا‌ن بزانن، ئەمە بۆ ئێمە مایەی شانازییە. کاری ئێمە ئەوە نییە لە خەڵک دڵگران بین، بەڵکوو پێویستە بۆ بەرپاکردنی ئازادیی خەڵک گیانی خۆمان بکەینە قوربانی.

 

گەورەترین خەڵات

 

(باس) لە فەڕەنسادا خەڵاتی (Montluc) بۆ بەرگری و ئازادیت وەرگرت. دەتوانم لەو رووەوە ھەستی بەڕێزتان بزانم؟

دەمیرتاش: بە دڵسۆزییەکی زۆر و بە بڕوابوونێکی زۆرەوە دەیڵێم، ئەو خەڵکەی کە شوێنێکی دڵی خۆی بۆ کردوومەتەوە، ئەو خەڵاتە گەورەیەی باسی دەکەیت، ناگاتە ئەو خەڵاتەی خەڵک. من گەورەترین خەڵاتی خۆمم لە خەڵک وەرگرتووە و ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوە سێبەری ئەو خەڵاتە گەورەیەیە، کە باسم کرد. دیسان رای گشتیی نێودەوڵەتی و دۆستەکانمان بۆ ئێمە مایەی شانازییە و ئەمە بە مانایەکی زۆر و بایەخێکی زۆر لێک دەدەمەوە. ھەر خەڵاتێکی کە بە منی دەدەن، بە ناوی ئەوانەی لە وڵاتەکەمدا لەپێناو ئازادیدا رەنجیان کێشاوە و قوربانییان داوە، ھەروەھا بە ناوی خانەوادەکەم قبووڵی دەکەم. خەڵات بۆ من نییە، بۆ ئەو خەڵکە بەشەرەفەیە، کە بەرگرییان کردووە.

 

بارزانی و یەکێتیی نەتەوەیی

 

(باس) دوای ئەوەی خرایتە زیندانەوە، لە لایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە ھیچ پەیامێکت پێ گەیشت؟ ئەگەر پێت گەیشتووە بۆمانی باس دەکەیت؟

دەمیرتاش: کاتێک ھاتە تورکیا و ھەروەھا کاتێک لیژنەیەکی ھەدەپە سەردانی ھەولێری کرد و چوونە لای بەڕێزیان، لە رێگەی ئەوانەوە سەلامی پڕ بایەخی ئەویان بۆ ھێنام. لەوە زیاتر ھیچ پەیامێکی تر لەنێوانماندا نەبووە، بەڵام ھەمیشە ھەستم کردووە کە بارزانی بەرامبەر بە من وەکوو خۆشەویست و برا سەیری کردووم، پێچەوانەکەشی ھەر وایە، منیش بەرامبەر بە بارزانی خۆشەویستی و رێز و حورمەتێکی بێ سنوورم ھەیە بۆی. من لە زیندانەوە لە رێگەی ھەفتەنامەی (باس)ەوە سەلامێکی گەرم بۆ بارزانی دەنێرم. کاتێک بارودۆخ زۆر بەرتەسک دەبێتەوە بۆ کورد، لە ھەموو لایەکیشەوە پەلاماری کورد دەدرێت ئاگادارم، بەڵام ئەو پیلان و بەڵایەی بەسەر کورددا دێت، کۆتایی پێھێنانی یەک رێگەیە، ئەویش دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی کوردە. بەڕێزیان لەو رووەوە زۆر ھەوڵیان دا و زۆر پاڵپشتی ئەو پرسە بوون، بۆیە تکای لێ دەکەم وازی لێ نەھێنێت و با رۆحی یەکێتیی نەتەوەیی کورد لەدەست نەچێت. داواکارم بارزانی ھەمیشە تەندروست باش بێت و سەرکەوتوو بێت.

 

(باس) کاتێک دەستگیر کرایت، ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان زۆر دڵگران بوون بۆت، شتێکت ھەیە بۆ ئەو خەڵکە؟

دەمیرتاش: با ئەوان دڵگران نەبن و خەمبار نەبن، بەڵکوو تووڕە بن و تووڕەبوونەکەشیان خەباتکردن بێت لەپێناو ئازادی. کام لە رۆشنبیر و سیاسی و سەرکردەی کورد، زیندان و ئاوارەیی و ئەشکەنجەی نەبینیوە و نەناسیوە؟ بەڵام ئەمە تا ئەبەد قەدەری ئێمە نییە، ئێمە ئەو قەدەرەی فەلەک دەشکێنین و قەدەری خۆمان دەگۆڕین.

ئێمە بێ ھێز و بێچارە و بێ ئومێد نین، کەس با دڵگران نەبێت، چونکە بە بەرگریمان، بەدڵنیاییەوە ھەر دەگەینە سەرکەوتن. لەم زیندانە ساردەمەوە، بۆ ھەموو ھاووڵاتییەکی ھەرێمی کوردستان سڵاوێکی گەرم دەنێرم و خۆشەویستیی خۆمیان بۆ دەنێرم. خەڵکەکەشمان خەباتی لەسەر حەقیان پێ خۆشە و شانازی بەو خەباتەوە دەکەن. با ھەمووتان دڵتان ئاسوودە بێت و ھێز بدەنە ئەو خەباتەی ھاتووەتە ئاراوە، چونکە ئەم سەدەیە لەگەڵ ئێمەدایە و ھیچ ھێزێکیش لە دنیادا ناتوانێت بەرمان پێ بگرێت.

 

(١) مەبەست لێی جەھەپەیە، چونکە ھەدەپە بڕیاری داوە بۆ سەرۆکی شارەوانیی (ئیستا‌نبۆڵ، ئەنکەرا، ئیزمیر، روحا، ئەدەنا، عەتتاب) ھیچ کاندیدێکی نەبێت و گوتی، پشتگیری لە ھێزی دیموکرات دەکەین، کە مەبەستی لە جەھەپە بوو. (کارزان گلی).