ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك: گەورەترین کێشەی ئێستای کەرکووک پارێزگارە سەپێنراوەکەیەتی

"عه‌ره‌ب ئه‌وه‌ى له‌ پێشووتر بۆى نه‌كراوه‌ له‌ كه‌ركووك، ئێستا به‌ ئاره‌زووى خۆیان ده‌یكات"

04/03/2019 - 17:56 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ (باس)دا، ئاماژه‌ به‌ خراپیی بارودۆخى ئێستاى شاره‌كه‌ به‌ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ ده‌كات.

(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ پرۆسه‌ى ته‌عریبكردن له‌ كه‌ركووك و ده‌وروبه‌رى؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ ئه‌نجامى ئه‌و بۆشاییه‌ سیاسییه‌ دروست بووه‌ كه‌ ئێستا له‌ كه‌ركووكدا هه‌یه‌، عه‌ره‌ب هه‌میشه‌ له‌ ده‌رفه‌ت گه‌ڕاوه‌ تا تەعریب بەردەوام بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ ڕێگریى لێ كردووه‌ و به‌رگریى له‌ كه‌ركووك كردووه‌، ده‌سه‌ڵاتى كوردى بووه‌، بەڵام ئێستا به‌هۆى ئه‌و بۆشاییه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵاتى كوردى له‌ كه‌ركووك دروست بووە‌، عه‌ره‌ب ئه‌وه‌ى له‌ پێشووتر بۆى نه‌كراوه‌ له‌ كه‌ركووك، ئێستا ده‌یكات.

(باس) مامه‌ڵه‌كردنى حكوومه‌تى عێراق له‌گه‌ڵ كه‌ركووك چۆنه‌؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: حكوومه‌تى عێراق مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كه‌ركووك باش نییه‌، ئه‌و به‌پێى یاسا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شاره‌كه‌دا ده‌كات، به‌ڵام بێ یاسایى زۆر ئه‌نجام ده‌درێت، بۆ نموونه‌، پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ مادده‌ى (140) و كۆمه‌ڵێك خاڵى دیكه‌، له‌وانه‌ نیزاعاتى موڵكییه‌، كه‌ له‌پێش چاوى حكوومه‌تى عێراق ئیداره‌ى ئێستاى كه‌ركووك دژى ده‌وه‌ستێت و ده‌یان سكاڵاش تۆمار كراوه‌، به‌ڵام هیچ ئیجرائاتێك نه‌كراوه‌، ئه‌و هه‌وڵانه‌ش كه‌ ئێستا ئیداره‌ى شارى كه‌ركووك ئه‌نجامى ده‌دات، به‌ ڕه‌زامه‌ندیى حكوومه‌تى عێراقه‌.

(باس) ڕاتان له‌سه‌ر كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چییه‌؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: پێویستە ئه‌م كابینه‌ تازه‌یه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌وڵ بدات ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى كه‌ هاتوونه‌ته‌ پێش حكوومه‌ته‌كانى ڕابردوو، ئه‌م نه‌هێڵێت دووباره‌ ببنه‌وه‌ و به‌رنامه‌یه‌كى باشترى هه‌بێت بۆ چاككردنى بژێویى هاووڵاتییان، به‌رنامه‌یه‌كى وه‌ها دابنێت، كه‌ گرفته‌كانى ئه‌م قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، هه‌ق وایه‌ حكوومه‌تى داهاتوو به‌ به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه‌ دابه‌زێته‌ ناو خه‌ڵك و ببێت به‌ حكوومه‌تى خه‌ڵك، هه‌روه‌ها به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ده‌توانێن زۆرینه‌ى ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ وه‌ستێنراون، بۆ خزمه‌تى هاووڵاتییان بیانخاته‌وه‌ گەڕ، هه‌روه‌ها ده‌توانێت وه‌زعێك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقیدا دروست بكات، كه‌ ئه‌و كێشانه‌ى تاكوو ئێستا به‌ هه‌ڵسپێردراوى ماونه‌ته‌وه‌ و چاره‌سه‌ر نه‌كراون، چاره‌سه‌ریان بكات.

(باس) حكوومه‌تى رژدە لەوەی کە ده‌ڵێت ده‌مه‌وێت كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌م؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: راستكردن پێوه‌رى هه‌یه‌، ده‌بێ هه‌ردوولا به‌ متمانه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان بچنه‌ پێشه‌وه‌، نه‌بوونى متمانه‌ ده‌بێته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى كێشه‌كان قووڵتر ببنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تى عێراق به‌ڕاستى كار به‌پێى یاسا و ده‌ستوور بكات، هه‌ق وایه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش به‌ متمانه‌وه‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكوومه‌تى عێراق یاساى پێشێل كردووه‌.

(باس) راتان له‌سه‌ر بارودۆخى ئێستاى كه‌ركووك چییه‌؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: له‌ ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رپێچیى ئه‌منى له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ناو كه‌ركووك هه‌ن ئه‌نجام ده‌درێن، به‌بێ ئه‌وه‌ى كه‌سێك هه‌بێت لێیان بكۆڵێته‌وه‌، هێزێك له‌ كه‌ركووك نییه‌ ئێستا به‌پێى یاسا هه‌ڵسوكه‌وت بكات، به‌هۆى ئه‌و فره‌هێزییه‌وه‌ خه‌ڵك نازانێت داواى مافه‌كانیان له‌ كێ بكه‌ن. له‌ ڕووى خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ زۆر خراپه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى لێپرسینه‌وه‌ ناكرێ له‌ سامانى گشتى، له‌ شاره‌كه‌ پاره‌یه‌كى زۆر به‌فیڕۆ ده‌چێت.

(باس) بۆچوونتان له‌سه‌ر پارێزگا سه‌پێندراوه‌كه‌ى كه‌ركووك و کردەوەکانی چییه‌؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: پارێزگایه‌كى خۆسه‌پێنەرە و به‌ ویستى خه‌ڵكى شاره‌كه‌ دانه‌نراوه‌ و ئه‌و كارانه‌ ئه‌نجام ده‌دات، كه‌ خه‌ڵك نایه‌وێت و دژایه‌تیى كورد ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ش هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر به‌و ڕفتارانه‌ى، كه‌ دژ به‌ كورد ده‌كرێت له‌ كه‌ركووك و ده‌وروبه‌رى نواندووه‌ و له‌ ڕێگه‌ى ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانه‌وه‌ سكاڵامان به‌رز كردووەته‌وه‌، ئه‌وه‌ى ئه‌م پارێزگا سه‌پێندراوه‌ ده‌یكات نایاسایى و ناده‌ستوورییه‌ و مافه‌كان پێشێل ده‌كات و نابێ بێده‌نگیى لێ بكرێت، ئه‌و ئێستا گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئێستاى كه‌ركووكه‌.