ئارام قادر: دۆخێکی نوێ و دەرفەتێکی گرنگ بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە

"کابینەی نوێ و پەرلەمان دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنرێت، دەتوانن هەرێمی کوردستان بخەنە سەر ڕێچکەیەکی تەندروستتری حوکمڕانی"

27/02/2019 - 15:51 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا، چەندین پرسی گرنگی حزبەکەیان و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەخاتە ڕوو.

 

(باس) باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئارام قادر: دوای شەڕی داعش و خاوبوونەوەی قەیرانی ئەمنی و دارایی، ئێستا لە ئاستە سیاسییەکەدا دۆخێکی نوێ ھاتووەتە پێشەوە و دەرفەتێکی گرنگە بۆ کورد و ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاریی ئەرێنی و باشتر و جیاواز لە قۆناغی ڕابردوو، بۆیە ئەگەر حکوومەتی ھەرێم واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی سیاسی و ئابووریدا بکات و گرژییەکان خاو بکەنەوە، ئەوە بە سوودی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستانە، چونکە تا چەند بتوانین گونجاندن لە ئاستە سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنییەکان دروست بکەین، ڕەنگدانەوەی باشتری دەبێت بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان، ئەمەش خواستی خەڵک و تەنانەت ئەو وڵاتانەشە کە هەژموونیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەت ئەمەریکا و ئێران و تورکیا.


گرنگە حکوومەتی فیدراڵی و هەرێم، بەپێی دەستوور لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سامانی سروشتی و ئەمنی و سەربازییەوە مامەڵە بکەن، هەردوولا هەوڵ بدەن بگەنە داڕشتەیەکی گونجاو بۆ شێوازی پەیوەندی و مامەڵەی نێوان هەردوولا لەسەر هەموو ئاستەکان، ئەگەر هێزە سیاسییەکان لە پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق و هەرێم بەم شێوەیە مامەڵە بکەن، لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا ئەم شێوازە مامەڵە تەندروستە لە هێزە سیاسییەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ خوارەوە و ئاشتەواییەکی کۆمەڵایەتی دێتە دی، ئەمە ڕێگە دروستەکەی پێکەوەژیانە.

 

(باس) پێتان وایە ئێستاش وڵاتانی ناوچەکە نایەونەوێت چارەسەری کێشەکانی کورد بکەن؟
ئارام قادر: بەداخەوە، پرسی کورد یەکێکە لە کۆنترین پرسەکانی ئەم ناوچەیە، کورد تا ئێستاش تاکە نەتەوەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، نەیتوانیوە بە مافە نەتەوەییەکانی بگات، پێویستە وڵاتانی ناوچەکە واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکەن، کوردیش بەشێوەیەکی واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بکات و بەشێوەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ دەرفەتە سیاسییەکان بکات، هەوڵ بدات بۆ دروستکردنی پێکەوەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، تا بتوانێت لە ڕێگەی دیپلۆماسی و سیاسییەوە و لە ڕێگەی دروستکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی نێوان گەلان، بگاتە مافەکانی خۆی، لەهەمان کاتدا وڵاتانی ناوچەکە مافە سروشتییەکانی گەلی کورد دابین بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی مرۆییدا کێشەکان چارەسەر بکەن.

 

(باس) ئەی خوێندنەوەتان بۆ دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چۆنە؟
ئارام قادر: دۆخی کوردستان پاش ئەو قەیرانە ماندووکەرانەی بەخۆیەوە بینی، ئێستا دەرفەت و ھەلی زۆر ھەیە تا ھەڵە و کەموکورتییەکان چارەسەر بکرێن، تا ڕاددەیەک دۆخەکە لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە لە بەرژەوەندیی حکوومەتی ھەرێمدایە، بە مەرجی مامەڵەی تەندروست، چونکە دۆخی کوردستان بەستراوە بە دۆخی عێراق و ناوچەکە و جیهان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە تازەکان کە دێنە پێشەوە، بۆیە پێویستە بە دروستی مامەڵە لەگەڵ دۆخە ناوخۆیی و جیهانییەکان بکرێت، لەناوخۆشدا بتوانرێت تەبایی سیاسی بنیات بنرێت، دەوڵەتداری و کاری حوکمڕانی و پەرلەمانی، ڕێچکە سروشتییەکەی خۆی وەربگرێت، حزب وەکوو بەرپرس مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەت و پەرلەمان و دادگاکاندا نەکات، ڕێگە بۆ حکومەت و پەرلەمان خۆش بکرێت کاری دامەزراوەیی و سروشتیی خۆیان بکەن، نەک کێشەی لابەلایان بۆ دروست بکرێت، چونکە کابینەی نوێ و ئەم خولەی پەرلەمان، گەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنرێت، دەتوانن هەرێمی کوردستان بخەنە سەر ڕێچکەیەکی تەندروستتری حوکمڕانیکردن و دامەزراوەکان بە نیشتمانی بکەن و کار بۆ گێڕانەوەی ھیوا و ئومێد بکەن.

 

(باس) هاوپەیمانیی نیشتمانی دەیەوێت چی بکات کە نەکرابێت؟
ئارام قادر: هاوپەیمانیی نیشتمانی مۆدێلێکی نوێیە لە کاری حزبایەتی و دیاریکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی حزب، هەوڵی دروستکردنی جیاوازی دەدەین و نامانەوێت ببینە هێزێکی تەقلیدی، لەو چوارچێوەیەشدا زۆر شتمان کردووە جیاوازە لە کۆی هێزەکانی دیکە، هەر لە تێپەڕاندنی ئەو نەریتە باوانەی، کە دەیان ساڵە حزبی کوردی لەسەر دامەزراوە و پڕیەتی لە نەریتی دابەشکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی، یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی هاوپەیمانی لە هێزەکانی دیکە جیا بکاتەوە، بەسەنتەرکردنی مرۆڤە، بەو مانایەی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی، مرۆڤەکان و هێزەکان و دۆخەکان و هەڵوێستەکان و پێشهاتەکان ناپێوین، بەڵکوو هەموو ئەمانە لە سیاقی سروشتی خۆی سەیر دەکەین، بێ گومان ئەمە بە مانای ڕەتکردنەوەی ئایدۆلۆژیا نایەت و هاوپەیمانیی دژی هیچ ئایدۆلۆژیایەک نییە.


جیاوازییەکی دیکەی هاوپەیمانیی ئەوەیە، کار لەسەر هاتنەپێشەوەی دەستەبژێرێکی ئەکادیمی و پسپۆڕ و شارەزا دەکات و دەیەوێت ئەو دەستەبژێرە کاری سیاسەت و حوکمڕانی و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان بباتە دۆخێکی سروشتی و باشتر لەوەی ئێستا هەیە.


بەهۆی ئەو بارودۆخە ناوخۆییەی بەسەر هاوپەیمانیدا هێنرا بۆ لەباربردن و کۆتاییهێنان بە پرۆژەکەمان، ئەم چەند مانگەی رابردوو، سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوە و کۆکردنەوەی هاودیدانمان بووین، ئێستا هاوپەیمانیمان چووەتە سەر ڕێچکەی خۆی و گەیاندمانە قۆناغی بەهێزکردن و گەشەکردن، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکاریی ناوخۆیین بۆ خۆسازکردن بۆ هەر هەڵبژاردنێک بێتە پێشەوە ئێمە ئامادە بین. ئێمە لە پەرلەمان و حکوومەت بین یان نا، لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا توانای مرۆیی گەورەمان هەیە و دەتوانین پڕۆژە بۆ سێکتەر و بوارە جیاواز و پێویستەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە بکەین و بیدەین بە هەر فراکسیۆن و لایەنێک لە پەرلەمان، تا ببێتە خزمەتگوزارییەک بۆ کوردستان و عێراق.


ئێستا ئۆفیسی سەرەکیی هاوپەیمانی لە هەولێری پایتەختە، جگە لەوەی لە سلێمانی، دهۆک، کەرکووک، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەرین ئۆفیسمان هەیە و هاودیدانمان کار دەکەن. هەولێریش پایتەختی سیاسیی هەرێمی کوردستانە و چەقی جووڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانە، بۆ ئێمە گرنگە و بە بایەخەوە مامەڵە لەگەڵ هەولێر دەکەین.

 

(باس) کەواتە بۆ قۆناغی داهاتوو چی دەکەن؟ ئایا ئێستا ئۆپۆزسیۆنن؟
ئارام قادر: سیاسەت دەکەین، کار لەسەر پێگەیاندنی دەستەبژێرێکی سیاسی و ئابووری و کارگێڕی و دەوڵەتمەداری دەکەین، پڕۆژەمان دەبێت، لە پڕۆژەی کورتخایەنەوە تا پرۆژەی ستراتیژی و گرنگ، پەیوەندیی ناوخۆیی و دەرەکیمان بەستووە و دەبەستین، هەوڵ دەدەین دەستکاریی شێواز و نەریتی ململانێی سیاسی و حزبایەتیی هەرێمی کوردستان بکەین و دەیکەین، تەنیا سێ شتیشمان پێویستە بۆ جێبەجێکردنی دید و پڕۆژەکانمان، پشتگیریی هاووڵاتییان، ئیرادەی هاودیدان، سیاسەتکردن لە چوارچێوەی ئاکاری سیاسیدا.


ئێمە لە هاوپەیمانی، دیدێکی جیاوازمان هەیە بۆ ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، کە پێویستە پەیوەندیی هەردوولا ڕێک بخرێتەوە، نەک ئەوەی لە کوردستاندا پیادە دەکرێت، ئۆپۆزسیۆن دەسەڵات بە دوژمن دەزانێت و دەسەڵاتیش ئۆپۆزسیۆن بە رووخێنەر و دوژمن ناودێر دەکات، لەکاتێکدا ئێمە ئۆپۆزسیۆن بە بەشێک لە سیستمی سیاسی دەزانین و پێویستە لە دەستووری هەرێمی کوردستان و یاساکاندا مافی سیاسی و یاسایی و مادیی ئۆپۆزسیۆن پارێزراو بێت، پێویستیشە هەردوولا لە پرسە نیشتمانییەکانیشدا یەک هەڵوێست و یەک ئاراستە بن. بەهیچ شێوەیەک بڕوامان بە تەخوین و تەشهیر جوێندان نییە و دوورین لە هەلپەرستیی سیاسی، تەنانەت ئێمە لەناو پەرلەمانی کوردستان، بە هاوکاریی هەموو فراکسیۆنەکان، هەوڵی پێشکەشکردنی هەندێک پڕۆژەیاسای گرنگ دەدەین، کە خۆمان ئامادەیان دەکەین و پێشکەشیان دەکەین، هەوڵ دەدەین مۆدێلێکی سیاسیی جیاواز لە پێشوو پیشان بدەین.