ئەندامێکی سەرکردایەتیی یه‌كێتی: به‌م زووانه‌ یه‌كێتى و پارتى رێككه‌وتنێكى سیاسی واژۆ ده‌كه‌ن

"په‌یامه‌كه‌ى بارزانى بووه‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى نێوان پارتى و یه‌كێتى ئاسایی بێته‌وه‌"

26/02/2019 - 14:45 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

ئاسۆس عه‌لى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا ڕای دەگه‌یەنێ:" په‌یامه‌كه‌ى بارزانى، په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى و یه‌كێتى ئاسایی کردەوه‌“ و گوتیشى: "یه‌كێتى و پارتى تێگه‌یشتنى هاوبه‌شیان دروست كردووه‌ و به‌م زووانه‌ ڕێككه‌وتنێكى سیاسی له‌نێوانیاندا واژۆ ده‌كرێت“.

 

(باس) دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ١٨ی شوباتی په‌رله‌مانی كوردستان، ساردی كه‌وته‌ نێو په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی، ئێستا په‌یوه‌ندیی پارتی و یه‌كێتی له‌ چ ئاستێكدایه‌؟
ئاسۆس عه‌لی: په‌یوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانی ئاسایی بووه‌ته‌وه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له‌نێوانماندا نییه‌، ڕاسته‌ له‌ دانوستانه‌كاندا یه‌كێتی و پارتی نه‌گه‌شتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن، به‌ڵام ئه‌و ھه‌وڵانه‌ی كه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی دراون، هه‌وڵی جدی بوون و جێگه‌ی خۆیشیان گرتووه‌، به‌تایبه‌تی هه‌وڵه‌كانی كاك كۆسره‌ت و كاك باڤڵ و ئه‌و براده‌رانه‌ی پارتی، كه‌ له‌ خه‌می ئه‌وه‌دا بوون په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ئاسایی بێته‌وه‌، به‌رده‌وام له‌ ھه‌وڵدا بوون و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا یه‌كێتی و پارتی ڕێككه‌وتنێكی سیاسی بۆ مه‌سه‌له‌ی پێكھێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌ و دۆخه‌كه‌ش ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.

 

(باس) ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ئاسایی نه‌بێته‌وه‌، ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوێ ده‌گات؟
ئاسۆس عه‌لی: ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕووی گه‌شه‌كردنی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و دیموكراسی و ئازادییەوە په‌یوه‌سته‌ به‌ باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی، هه‌روه‌ها سه‌نگی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی وابه‌سته‌یه‌ به‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزیی پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی، چونكه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ چه‌ند ساڵێكی دوورودرێژه‌ پێكه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، بۆیه‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌رپرسن له‌ پاراستنی ئه‌م هاوسه‌نگییه‌، له‌ ئه‌همیه‌ت و ڕاستیی ئه‌م قسه‌یه‌ تێ ده‌گه‌ن، بۆیه‌ پێم وایه‌ چیتر ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای یه‌كه‌م كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی به‌ قۆناغێكی خراپ و هه‌ستیاردا تێپه‌ڕی و خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وپه‌ڕى نیگه‌ران بوون، ڕاسته‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ پێشتر نه‌مان ده‌توانی له‌سه‌ری ڕێك بكه‌وین، تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش دروست بووه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا شاندی دانوستكاری پارتی و یه‌كێتی كۆ ده‌بنه‌وه‌ و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كێشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن. ئه‌زموونی ڕابردوومان سه‌لماندوویه‌تی، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و پارتی له‌ناو خۆیاندا ته‌با بن، ده‌توانن سیاسه‌تی ئه‌م وڵاته‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌ به‌رن و ده‌توانن پێكه‌وه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی بكه‌ن، هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌كه‌یشی ڕاسته‌، له‌ ئه‌گه‌رى دووركه‌وتنه‌وه‌ى یه‌كێتی و پارتی، خۆیان و خه‌ڵكی كوردستان زه‌رەریان كردووه‌.

 

(باس) چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا سه‌رۆك بارزانی، په‌یامێكی ده‌ستپێشخه‌رانه‌ی ئاڕاسته‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ كرد، ئه‌و په‌یامه‌ بارزانی، تا چه‌ند هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی پارتی و یه‌كێتی ئاسایی بێته‌وه‌؟
ئاسۆس عه‌لی: په‌یامه‌كه‌ی بارزانی بۆ كاك كۆسره‌ت له‌و دۆخه‌دا په‌یامێكی باش بووه‌، به‌ جۆرێك ئه‌و په‌یامه‌ بووه‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى پارتى و یه‌كێتى ئاسایی بێته‌وه‌، دواتر كاك كۆسره‌ت به‌ سه‌نگی ئه‌و نامه‌یه‌ وه‌ڵامی بارزانیی داوه‌ته‌وه‌، بێ گومان وه‌ڵامه‌كه‌ی كاك كۆسره‌ت، وه‌ڵامێكی دۆستانه‌ و برایانه‌ بووه‌، بۆیه‌ هه‌ردوو نامه‌كه‌ ده‌لیلی ئه‌وه‌ن كه‌ یه‌كێتی و پارتی ڕێك ده‌كه‌ون و ئه‌و گرفتانه‌ی له‌ كاتی دانوستانه‌كانه‌كانی ئه‌م دواییه‌دا هاتوونه‌ته‌ ئارا، چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌، دواجار ئه‌مه‌ واقیعه‌، پارتی و یه‌كێتی چه‌نده‌ ناكۆك بن، به‌ڵام له‌دواییدا ئه‌و دوو هێزه‌ ڕێك ده‌كه‌ون و كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

 

(باس) هه‌وڵێكی جدی له‌ئارادایه‌ بۆ ڕێككه‌وتنێكی سیاسی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كه‌؟
ئاسۆس عه‌لی: ڕێككه‌وتنی سیاسیی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆژه‌یه‌كه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ڕێككه‌وتنێكی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتی واژۆ بكه‌ین، بێ گومان ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ په‌یوه‌سته‌ بە ژیانی هه‌موو تاكێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه‌، به‌ جۆرێك ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ ژیانی هاونیشتمانییان بگۆڕین، دواجار له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا دروستكردنی بڕیاری سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌مان و هه‌موو ئه‌و خیلافاتانه‌ی له‌نێوان هه‌ردوولاماندا هه‌یه‌، ئه‌بێت به‌ ڕێككه‌وتن چاره‌سه‌ر بكرێت، بێ گومان ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ش بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌كانی داهاتووی پارتی و یه‌كێتی و باشتربوونی ئاینده‌ی كوردستان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، بۆیه‌ یه‌كێتی زۆر سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ڕێككه‌وتنه‌كه‌مان واژۆ بكرێت.

 

(باس) خه‌ڵكی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كات، كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێم پێكبهێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی خه‌ڵكى چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام یه‌كێتی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، پرسی (به‌غدا، كه‌ركووك، هه‌رێمی كوردستان) یه‌ك پاكێچ بێت، ئایا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی خه‌ڵك گرنكه‌ یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆتان؟
ئاسۆس عه‌لى: به‌ڵێ، ئه‌وه‌ داواكاریى یه‌كێتییه‌ و تاوه‌كوو ئه‌م چركه‌ساته‌ سوورین له‌سه‌ر پاكێجه‌كانى خۆمان، پێم وایه‌ براده‌رانى پارتى ته‌فه‌هومى ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئێمه‌ دوو هێزى كارا و سه‌ره‌كیى ئه‌م وڵاته‌ین، ناكرێ له‌ به‌غدا ناكۆك بین و له‌ هه‌رێمى كوردستان براى یه‌كتر بین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێ سیاسه‌ت و دۆستایه‌تى بكه‌ین، پێویسته‌ كۆتایی به‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كانمان بهێنین و په‌یوه‌ندییه‌كانمان تۆكمه‌ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هیچ دوڕیانێكدا له‌گه‌ڵ یه‌كترى تووشى گرفت و به‌ریه‌ككه‌وتن نه‌بینه‌وه‌، بێ گومان ئه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى یه‌كێتى نییه‌، به‌ڵكوو له‌ خه‌مى په‌یوه‌ندییه‌كانى داهاتوومانه‌ له‌گه‌ڵ پارتى و هێزه‌كانى دیكه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێ له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كان یه‌ك هه‌ڵوێست بین.

 

(باس) یه‌كێتى سێ كه‌سى بۆ پۆستى پارێزگاى كه‌ركووك كاندید كردووه‌ و شاڵاوى عه‌لى عه‌سكه‌رى-یش به‌ نووسراوى فه‌رمى خۆى بۆ پۆستى پارێزگارى كه‌ركووك كاندید كردووه‌، یه‌كێتى كێ ده‌كات به‌ پارێزگاى كه‌ركووك؟
ئاسۆس عه‌لى: یه‌كێتى چوار كاندیدى بۆ پۆستى پارێزگاى كه‌ركووك دیارى كردووه‌ و یه‌كێكیان ده‌بێته‌ پارێزگاى كه‌ركووك، ڕاسته‌ كاك شاڵاوى عه‌لى عه‌سكه‌رى خۆى بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید كردووه‌، به‌ڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌ و ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌درێت.

 

(باس) یه‌كێتى ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێ نه‌كرێت، یان شه‌ریكى ڕاسته‌قینه‌ى حكوومه‌ت نه‌بین، به‌شداریى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێم ناكه‌ین، ئایا یه‌كێتى ئاماده‌یه‌ ببێته‌ هێزێكى ئۆپۆزسیۆن؟
ئاسۆس عه‌لى: یه‌كێتى هێزێكى حوكمڕانه‌، ئه‌گه‌ر به‌شداریى كابینه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم نه‌كه‌ین، وه‌كوو هێزێكى حوكمڕانى ئه‌م وڵاته‌ ده‌سه‌ڵاتى سیاسی و ئیداریى هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ زیاتر ته‌ركیز له‌سه‌ر باشتربوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى و یه‌كێتى ده‌كه‌ینەوە، بۆ ئه‌وه‌ى ئاینده‌ى ئه‌م وڵاته‌ پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رین و بتوانین خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردستان بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ر كاتێك ئێمه‌ بڕیارمان دا به‌شداریى ئه‌م حكوومه‌ته‌ نه‌كه‌ین، ئه‌وكاته‌ په‌یامى خۆمان بۆ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ده‌بێت.

 

(باس) یه‌كێتى داواى کام پۆستانە دەکات؟
ئاسۆس عه‌لى: هیچ وه‌زاره‌ت و پۆستێكى باڵاى دیارىكراو له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى قسه‌ و باسی له‌باره‌وه‌ نه‌كراوه‌ و هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ى، كه‌ ده‌گوترێ گوایه‌ بۆ یه‌كێتى دانراوه‌، هه‌مووى قسه‌ى دروست كراوه‌.

 

(باس) ئه‌گه‌ر پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌تی هه‌رێم وه‌ربگرن، كێ بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید ده‌كه‌ن؟
ئاسۆس عه‌لى: شاندى دانوستكارى یه‌كێتى و پارتى تاوه‌كوو ئێستا گفتوگۆیان له‌سه‌ر پۆسته‌كان نه‌كردووه‌، بۆیه‌ نازانین ئێمه‌ چ پۆست و وه‌زاره‌تێكی سیادى وه‌رده‌گرین، به‌ڵام بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت، جگه‌ له‌ قوباد تاڵه‌بانى، هیچ كه‌سێكى دیكه‌ كاندید نه‌كراوه‌.

 

(باس) زۆر جار به‌رپرسه‌كانى یه‌كێتى له‌ ئه‌گه‌رى ڕێكنه‌كه‌وتنى پارتى و یه‌كێتى زه‌نگى دوو ئیداره‌یى لێ ده‌ده‌ن، دوو ئیداره‌یى چ زیانێكى بۆ هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت؟
ئاسۆس عه‌لى: ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ یه‌كێتى و پارتى ڕێك نه‌كه‌ون، جارێكى دیكه‌ دوو ئیداره‌یی ڕوو ناداته‌وه‌، به‌ڵام دوو ئیداره‌یی بژاره‌ى یه‌كێتى نه‌بووه‌ و هیچ كات ئێمه‌ باسی دوو ئیداره‌یی ناكه‌ین و ناحه‌زه‌كانى ئه‌م وڵاته‌ باسی دوو ئیداره‌یی ده‌كه‌ن، چونكه‌ دوو ئیداره‌یی قێزه‌ونترین قۆناغى خه‌باتى سیاسیی ئه‌م میلله‌ته‌ بووه‌ و هیوادارین به‌بیرى خۆمانى نه‌هێنینه‌وه‌.