کەمال کەرکووکی: کەرکووک بەم دۆخەی ئێستای نامێنێتەوە و دۆخەکەی ئاسایی دەکرێتەوە

"بابەتی یەكلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار دوا خاڵی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك دەبێ"

07/02/2019 - 14:56 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن


لەم چاوپێکەوتنەی هەفتانەمی (باس)دا، کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، باس لە دوایین گۆڕانکارییەکانی کەرکووک و بابەتی دانانی پارێزگاری نوێ و گەڕانەوەی پێشمەرگە و هێزە کوردییەکان بۆ کەرکووک و دەرکردنی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان دەکات.

 

(باس) ئێوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە کوێ گەیشتوون و ئایا هیچ ڕێککەوتنێکتان لە نێواندا هەیە؟
 د. کەمال کەرکووکی: بابەتی یەكلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار، دوا خاڵی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك دەبێ، کاری گرنگ هەن پێشتر دەبێ ئەنجام بدرێن، تا ئێستاش پارێزگاری یاسایی کەرکووك بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریمە.

 

 (باس) ئەمەریکییەکان لەگەڵ پێکهاتەکانی ناو کەرکووک بە کورد، عەرەب، تورکمان و مەسیحییەکان کۆبوونەتەوە بۆ دەرکردنی حەشد لەناو شار، ئایا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئەمە کراوە؟
 د. کەمال کەرکووکی: ئێمە وەکوو پارتی بۆچوونی خۆمان بە ڕوونی ماوەیەکی زۆرە بۆ گەلی کوردستان بڵاو کردووەتەوە و لەگەڵ گشت لایەنەکانیش باسمان کردووە و پێیان گەیشتووە.

 

(باس) ئایا لەبارەی ڕێژەی دامەزراندنی کارمەند و فەرمانبەران لە کەرکووک، هیچ داواکارییەکی جیاواز هەیە کە جێی باس بێت؟
 د. کەمال کەرکووکی: هەندێک ناکۆکی لەسەردامەزراندنی کارمەندەکان هەیە، بۆچوون هەیە کە ٣٢٪بە ٣٢٪ بە ٣٢٪ بێت، ئەمەش هەڵەیە و بۆمان شی کردوونەتەوە، کە لەناو هەموو عێراق و هیچ شارێک ڕێژە بۆ دامەزراندن نییە و دانەنراوە، ئەگەر بە نموونە تەماشای بەغدا بکەین، کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحی و خەڵکی دیکەی تێدایە، لە هەولێر و شارەکانی دیکەش هەر وا، بەڵام ڕێژە بۆ دامەزراندن دانەنراوە، کەواتە ئەمە بۆ کەرکووک بکرێت، ئایا دەیانەوێت دامەزراندن ببێتە هۆیەك ناکۆکیی بکەوێتە نێوان پێکهاتەکان و شەڕی یەکتر بکەن؟ لێرەدا دەمەوێت بڵێم، هیچ لایەنێکی حزبی ناتوانێت لەبری گەل بڕیار بدات، چونکە گەل لەگەڵ یەکتر کێشەیان نییە و ئەوە حزبەکانن کە لەگەڵ یەکتر کێشەیان هەیە.


هەر بۆیە ئێمە دەمانەوێت دامەزراندن لە کەرکووکدا بەپێی توانا بێت، ئەگەر ئەوان قبووڵیان نەکرد، ئەوا بەپێی ڕێژەی دانیشتوان (تەناسوبی سوکانی) بێت، ئەگەر ئەوەشیان قبووڵ نەبوو ئەوا بەپێی ڕێژەی لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بێت، جیا لەمانە ئێمە پێمان وایە، کە کەرکووک ناوچەیەکی ئابووریی گەورەیە، ناوچەیەکە کارەساتی زۆری بەسەر هاتووە، بۆ ئەوەی خەڵکەکەی پێکەوە بەختەوەر بن، ئەوا دەبێ پابەندی یاسا و دەستوور بن.

 

(باس) ئایا ئێوە وەک پارتی هیچ وادەیەکتان بۆ گەڕانەوەی بارەگا و ئاسایش دیاری کردووە؟
 د. کەمال کەرکووکی: ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین، کە گوتوومانە پاش ئەنجامدانی ئەم کارانە بۆ ئاساییکردنەوە لە دانانی پێشمەرگە و سوپا لەدەرەوەی شار و ڕادەستکردنی دۆسێی ئەمنی و ئیداری بۆ کەرکووکییەکان و چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتیمان و لادانی بەربەست لەپێش ئالای کوردستان، ئەو جارهەموو شتێک بە سەربەرزی ئەنجام دەدرێ.

 

(باس) ئەمەریکا دەڵێت، نابێت نەوت بۆ ئێران هەناردە بکرێت، جیا لە حەشدی شەعبی چ لایەنێک بەدیاریکراوی هاوکارە و دەستی لە هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران هەیە؟
 د. کەمال کەرکووکی: ئەوانەی کە تا ئێستا کەرکووکیان داگیر کردووە و بە نادیموکراتی حوکمی کەرکووك دەکەن و ئەوانەیش کە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام دا و بەرامبەر بە هەندێك دۆلار خۆیان فرۆشت، کە بەشێکیان پێش ئەنجامدانی خیانەتەکەیان وەرگرت و بەشێکیشی دوای ئەنجامدانی خیانەتەکەیان نەوتیان پێ بدەن و بە قاچاخ بیبەن بیفرۆشن، لەبەرامبەر ئەوەی کەرکووك داگیر بکرێ و پایتەختی هەرێمی کوردستانیش داگیر بکرێ و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش نەمێنێ. سوپاس بۆ خوا و بۆ پێشمەرگە سەربەرزەکانی کوردستان، لە پردێ خەونی خیانەتکارانی ١٦ی ئوکتۆبەر نرایە چاڵ و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش ڕسوایی خیانەتکارانی شازدەی ئوکتۆبەر زیاتر دەردەکەوێت.

 

(باس) کە پارتی بگەڕێتەوە و کوردیش بچێتەوە کەرکووک، کێڵگە نەوتییەکانی هاڤانا و بای حەسەن دەکەوێتە دەستی کێ و کێ بەڕێوەیان دەبات؟ کورد یان عێراق؟
 د. کەمال کەرکووکی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر ئەو بابەتە ڕێك دەکەون و بڕیاری لێ دەدەن.

 

(باس) پرۆژی پارتی چییە؟
د. کەمال کەرکووکی: ئێمە ئەڵێین کەرکووک دەبێ ئاسایی بکرێتەوە و ئاساییکردنەوەکەش ئەوەیە، ئەو هێزانەی لە کات و لەپاش خیانەتی ١٦ی ئوکتۆبەر هاتوونەتە کەرکووك لابدرێن و بڕۆنە دەرەوە و پێشمەرگە و سوپا لەدەرەوەی شارەکە جێگیر بن و دۆسێی ئەمنی و ئیداریی کەرکووك بدرێتەوە کەرکووکییەکان و بارەگایەکانی پارتی بە دروستی بدرێنەوە پارتیمان و بەربەست لەپێش ئاڵای کوردستان لابدرێ، ئەوجا ئەنجومەنی پارێزگا دەست بە کارەکانی بکات و بابەتی پارێزگار یەكلا بکاتەوە و ئەو کارە نایاسایی و نادەستوورییانەی لە کەرکووك ئەنجام دراون چاك بکرێنەوە. بەتایبەت عقوودی زراعی و زۆر بابەتی دیکە، پاشتریش بۆ هەڵبژاردن ئامادەسازی بکرێ و گشت ڕێگایەك بگیرێتە بەر تا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە هیچ شێوەیەك هیچ حزبێك نەتوانێ تەزویر بکات.

 

(باس) چۆن قەرەبووی ئەو خەڵکە زیان لێکەوتووەی کەرکووک دەکەنەوە، کە لە سەردەمی داعش و ١٦ی ئۆکتۆبەردا ئاوارە و دەربەدەر بوون و ماڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەستی بەسەردا گیراوە؟ پلانتان چییە بۆ ئەمە؟
 د.کەمال کەرکووکی: لەبارەی زەویی کشتوکاڵی و زۆر جۆری دیکەی زیان، ئەوانەی زەرەرمەند بوون بەدڵنیاییەوە دەبێ قەرەبوو بکرێنەوە، کە چووینەوە کەرکووک دەست بەو کارە دەکەین و لە پلانماندایە، ئێستاش لە دانیشتنەکانمان باسی دەکەین، چونکە خەڵکێک ماڵی سووتاوە و شەهیدی داوە، بۆیە کەسانی پسپۆر لەسەر ئەو بابەتانە دەستبەکار دەبن و پرۆژەی خۆیان پێشنیار دەکەن.


ئێمە خەڵکی کەرکووک دڵنیا دەکەینەوە، کەرکووک بەم دۆخەی ئێستای نامێنێتەوە و دۆخی ئاسایی دەکرێتەوە، ئێستا بوارێکی باش لەم زرووفەدا هەیە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی و هاوپەیمانان و ئەمەریکییەکان، کە دەستڕۆیشتوون لەو ناوچەیە، هەتا لەگەڵ لایەنەکانی ناو عێراقیش، بۆچوون هەیە بۆ ئارامکردنەوە، ئومێدمان هەیە ئەمە جێبەجێ ببێت، بەڵام ئەگەر جێبەجێ نەکرا، ئەوا ئێمە ئەو کاتە قسەی دیکەمان دەبێت.


دەگوترێ کەرکووك دەسکەگووڵە، بەو مانایەی چەند نەتەوەیەکی تێدایە! باشە شارێكم بۆ بدۆزەوە لە دنیادا تەنها و تەنها یەك نەتەوەی تێدابێ؟ ئەنواع قەومیاتی تێدایە. باشە بۆ هەر ئێخەی کەرکووکیان گرتووە؟ هەمووی بۆ ئەوەیە نەتەوەکان بەگژ یەکدا بکەن. ئێمەش کە ئەڵێین کەرکووك کوردستانییە، بەو مانایە نییە تەنیا کوردی تێدا دەژێ، نەتەوەی دیکەشمان لەگەڵدا هەن، بەس خاکەکەی ناوی کوردستانە.