بەرپرسێکی گۆڕان: هیوادارین مه‌سرور بارزانى شاده‌مارى گه‌نده‌ڵى له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵبكێشێت

 

05/02/2019 - 16:25 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

چالاك موهه‌ندیس، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌م دیمانەیەی هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا ڕای دەگه‌یەنێت: "پارتى سوورە له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێم به‌زوویى پێكبهێندرێت، به‌ڵام كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتى وایان كردووه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ دوا بكه‌وێت“. گوتیشى: "خه‌ونى یه‌كێتى ئه‌وه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى په‌نجا به‌ په‌نجا، به‌ڵام ئه‌وه‌ خه‌ونى حوشتره‌ و چیتر كارى پێ ناكرێت“.

 

(باس) بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، وه‌كوو لایه‌نێكى سیاسی خواستى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ به‌شداریى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكات؟
چالاك موهه‌ندیس: كه‌ى شاندى دانوستكارمان گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى، كه‌ به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌ى ئێمه‌ له‌ كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌و كاته‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ڕاوبۆچوونى جڤاتى نیشتمانى و له‌وێوه‌ بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یه‌ بكه‌ین.

 

(باس) به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا چوار جار بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌سه‌ر پرسی پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌م كۆبوونه‌ته‌وه‌، دانوستانه‌كانتان له‌گه‌ڵ پارتی به‌ كوێ گه‌یشتووه‌؟
چالاك موهه‌ندیس: ئه‌وه‌نده‌ى من ئاگادارم، كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتى باش بووه‌ و گفتوگۆى باشى تێدا كراوه‌، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا وه‌كوو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان نه‌گه‌شتووینه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى تا چه‌ند گفتوگۆباشه‌كانمان ده‌كرێن به‌ كردار، كه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ ئێمه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شداریى كابینه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم بكه‌ین.

 

(باس) بەشێک لە چاودێرانى سیاسی پێیان وایه‌، یه‌كێتى هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات پرسی پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێ دوا بخات، ئێوه‌ هه‌ستتان به‌و كاره‌ى یه‌كێتى كردووه‌؟
چالاك موهه‌ندیس: باشتره‌ ئه‌و پرسیاره‌ ئاڕاسته‌ى براده‌رانى یه‌كێتى بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بزانین بۆچى هه‌وڵى دواخستنى كابینه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌ده‌ن! هه‌رچه‌نده‌ براده‌رانى پارتى دیموكراتى كوردستان، وه‌كوو براوه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كابینه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم زوو پێكبهێندرێت، به‌ڵام كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتى وایان كردووه‌ ئه‌وان له‌ناو خۆیاندا ته‌با نه‌بن و له‌سه‌ر دروستكردنى حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان ڕێك نه‌كه‌ون.

 

(باس) كه‌واته‌ بە بۆچوونی ئێوە کێشەکە ململانێی باڵەکانی ناو یەکێتییە؟
چالاك موهه‌نیس: بەڵێ به‌ بۆچوونى من ئه‌و كێشه‌یه‌ زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ململانێى ناو باڵه‌كانى یه‌كێتى، چونكه‌ ئه‌و حزبه‌ له‌ چه‌ند باڵ و لایه‌نێكى دیاریكراو پێكهاتووه‌ و تاوه‌كوو ئێستا ئه‌و باڵانه‌ له‌سه‌ر پشكه‌كانیان له‌ كابینه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كۆك نین.

 

(باس) یه‌كێتى تا چه‌ند حه‌ز ده‌كات بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شداریى حكوومه‌ت بكات؟
چالاك موهه‌ندیس: بێ گومان یه‌كێتى خۆشحاڵ نییه‌ به‌ به‌شداریكردنى گۆڕان له‌م كابینه‌یه‌دا، چونكه‌ یه‌كێتى پێى وایه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یه‌ بكات، نیوه‌ى پۆسته‌كانى ده‌بات، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ شتێكى دیكه‌ى ده‌بینین و پێمان وایه‌ به‌هۆى ململانێى ناعادیلانه‌ و نادیموكراسییانه‌ى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى، بڕیار به‌ده‌سته‌كانى ناو یه‌كێتى به‌رامبه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، ئه‌مانه‌ وای كردووه‌ یه‌كێتیى نیشتمانى پێى باش نه‌بێت بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شداریى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌ت بكات.

 

(باس) هەندێ جار وا دەبینرێت یه‌كێتى خوازیاری‌ سیسته‌مى په‌نجا به‌ په‌نجاکەی جاران بێته‌وه‌، ئێوە چۆنی دەبینن؟
چالاك موهه‌ندیس: بێ گومان سیسته‌مى په‌نجا به‌ په‌نجا یه‌كێكه‌ له‌ خه‌ونه‌كانى یه‌كێتى، به‌ڵام خه‌ونى حوشتره‌ بۆ یه‌كێتى، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى پە‌نچا به‌ په‌نجا، چونكه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ به‌سه‌ر چووه‌ و له‌سه‌ر ده‌ستى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان نه‌ماوه‌ و تازه‌ كارى پێ ناكرێت.

 

(باس) ئێوه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یه‌ بكه‌ن، ده‌تانه‌وێ چی بکەن؟
چالاك موهه‌ندیس: ئه‌گه‌ر ئه‌م حكوومه‌ته‌ حكوومه‌تى هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان نه‌بێت، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ به‌شدارى ناكه‌ین و به‌ حكوومه‌تى خۆمانى نازانین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بچینه‌ ناو حكوومه‌ته‌وه‌، به‌ حكوومه‌تى خۆمانى ده‌زانین و به‌ هه‌موو هێز و تواناى خۆمانه‌وه‌ به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ین.

 

(باس) به‌ڵام پێشتر گله‌یى ئه‌وه‌تان لێ ده‌كرا، كه‌ به‌ ڕۆژ شه‌ریكى ده‌سه‌ڵات بوون و به‌ شه‌ویش ئۆپۆزسیۆن بوون، ئایا ئه‌مجاره‌ ئه‌وه‌ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟
چالاك موهه‌ندیس: ئه‌وه‌ تێڕوانینى سه‌قه‌تى حزبەکانی دەسەڵاتە‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى ئۆپۆزسیۆن، چونكه‌ ئه‌وان خۆیان هیچ كات ناتوانن ئۆپۆزسیۆن بن، بۆیه‌ ڕێ و شوێن بۆ ئۆپۆزسیۆن داده‌نێن، بێ گومان ئه‌و لایه‌نه‌ى ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن خۆى ده‌زانێت چ جۆره‌ ئۆپۆزسیۆنێك ده‌بێت.

 

(باس) ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت چ وه‌زاره‌تێك وه‌ربگرن؟ ئایا كه‌ستان بۆ وه‌زاره‌ت و پۆسته‌كان دیارى كردووه‌؟
چالاك موهه‌ندیس: سیسته‌مێكى گونجاومان دیارى كردووه‌ بۆ دابه‌شكردنى ئه‌و پۆستانه‌ى به‌رمان ده‌كه‌وێت، سیسته‌مه‌كه‌مان خۆى له‌ سیسته‌مى وه‌رگرتنى (سی ڤى)دا ده‌بینێته‌وه‌.

 

(باس) ) یه‌كێتى داواى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت به‌بێ دوو جێگر ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داواى ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌تى سیادى و پۆستى باڵا دەکات، 21 كورسییه‌كه‌ى یه‌كێتى ئه‌و هه‌موو پۆسته‌ی بەردەکەوێت؟
چالاك موهه‌ندس: باوه‌ڕ ناكه‌م 21 كورسییه‌كه‌ى یه‌كێتى ئه‌و هه‌موو پۆسته‌ی بەرکەوێت، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر باسی ئه‌وه‌م كرد، كه‌ یه‌كێتى خوازیاره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى په‌نجا به‌ په‌نجا، به‌ڵام سەردەمی ئه‌و خه‌ونه‌ى یه‌كێتى به‌سه‌ر چووه‌.

 

(باس) مه‌سرور بارزانى، به‌ربه‌ژێرى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئێوه‌ پێتان باشه‌ له‌م كابینه‌یه‌دا چى بكات؟
چالاك موهه‌ندیس: بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ به‌رنامه‌یه‌كى چاكسازیى سیاسیی گرنگه‌وه‌ دێته‌ ناو حكوومه‌ته‌كه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ى من ئاگادار بم، شاندى دانوستكارى پارتى دیموكراتى كوردستان، خۆشحاڵ بووه‌ به‌ بینین و به‌ بیستنى ئه‌و به‌رنامه‌ چاكسازییه‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، بۆیه‌ هیوادارین سه‌رۆكى حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان به‌رنامه‌ چاكسازییه‌كه‌مان له‌ کارنامەی حكوومه‌ته‌كه‌ىدا جێگه‌ بكاته‌وه‌، ئێمه‌ وه‌كوو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، پاڵپشتییه‌كى به‌هێزى ئه‌م كابینه‌یه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر كار بۆ ڕیشه‌كێشكردنى گه‌نده‌ڵى بكات و حه‌ز ده‌كه‌ین مه‌سرور بارزانى، شاده‌مارى گه‌نده‌ڵى له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵبكێشێت.