مستەفا حەریری: ھەولێر پایتەختی ڕاستەقینەی ئابووریی عێراقە

”ئەو حاڵەتانەی گەندەڵی کە لە لوبنان و بەغدا ھەن لە کوردستاندا نین“

22/01/2019 - 11:47 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

لەم چاوپێکەوتنەی هەفتەنامەی (باس)دا، مستەفا حەریری، سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی لوبنانی لە هەرێمی کوردستان و یەکێک لە دیارترین وەبەرهێنەرە لوبنانییەکان لە هەولێر، باس لە دۆخی وەبەرهێنانی لوبنانییەکان و تایبەتمەندیی بازاڕی کوردستان دەکات و هەولێر بە پایتەختی راستەقینەی ئابووریی عێراق وەسف دەکات. هاوکات ئایندەیەکی گەش بۆ کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات.

 

(باس) کۆمەڵەی رەوەندی لوبنانی لە ھەرێمی کوردستان کارەکانی چییە و بۆچی دامەزراوە؟

 

مستەفا حەریری: لە کۆتایی ٢٠١٧دا، لەسەر داوای ژمارەیەک وەبەرھێنەر و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان ئەو کۆمەڵەیەمان دروست کرد. بۆ ھاوکاریکردنی لوبنانییەکان و ڕێکخستنی کاروبارەکان و یارمەتیدانی لوبنانییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشە ئاساییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ھەروەک ڕووبەڕووی ھەر ڕەوەندێک دەبێتەوە. ئامانجێکی دیکەشمان ھەبوو، کە پەیوەندیی کوردی - لوبنانی گەشە پێ بدەین و وەبەرھێنان زیاد بکەین، لەمبارەیەشەوە ڕۆڵێکی باشمان گێڕاوە. لوبنانییەکانی کە لە کوردستان نیشتەجێن، ھەست بە ئاسوودەیی دەکەن. لەم ماوەیەدا چەند بۆنەیەکمان بۆ لوبنانییەکان ڕێکخستووە. ھەروەھا لەدوای ڕیفراندۆمەکەی کوردستان، ئەو کێشە و شەڕانەی کە کرانە سەر ھەولێر، ئێمە ڕۆڵی خۆمان گێڕا بەوەی، خەڵکی خۆمان لەباوەش بگرین. ھەروەھا نزیکەی ١٠٠ حاڵەتمان چارەسەر کردووە. وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھەموو ئەو کێشانەی رووبەڕوومان دەبنەوە زۆر ھاوکارییان کردووین. پەیوەندییەکی پتەویشمان لەگەڵ باڵوێزخانەی لوبنان لە عێراق ھەیە و خودی باڵوێز سەردانی کردووین و سەرسامیی خۆی بە توانای ئێمە بۆ ئەو کارانە دەربڕیوە. ئێمە ئاھەنگێکمان بە بۆنەی جەژنی سەربەخۆیی لوبنانی ئەنجام دا و ژمارەیەک لە وەزیر و پارێزگار و پیاوانی کار تێیدا بەشدار بوون.

ھەروەھا وەک دەزانرێ ئێستا چوونە لوبنان پێویستی بە ڤیزا نییە، بەڵام ھاووڵاتییانی کوردستان ئەگەر ھەر ڕاوێژێکی دیکەیان ھەبووبێت، ئێمە ھاوکاریمان کردوون.

(باس) نھێنیی دواکەوتنی لوبنان لە کردنەوەی کونسوڵخانەی خۆی لە ھەولێر چییە؟

 

مستەفا حەریری: ڕاستە لوبنان لە کردنەوەی کونسوڵخانەی خۆی دوا کەوتووە، ئێمە زیاتر لە ١٠ ساڵە دەمانەوێت کونسوڵخانەی لوبنان بکرێتەوە، بەڵام بە ھۆکاری سیاسی و ئابووری، ئەو بڕیارە دواکەوتووە، بەتایبەتیش دانانی کونسوڵ لە ھەولێر، پێویستی بەوەیە لە ھەمان کاتدا کونسوڵخانە لە نەجەف و بەسڕە بکرێتەوە، حکوومەتی ئێمەش لە توانایدا نییە خەرجیی ئەو کونسوڵخانانە بکات.

 

(باس) قەبارەی وەبەرھێنانی لوبنانییەکان لە ھەرێمی کوردستان چەندە و زۆرتر لە چ بوارێکدا وەبەرھێنان دەکەن؟

 

مستەفا حەریری: رەوەندی لوبنانی لە ھەموو خەڵکی زیاتر وەبەرھێنانیان لە کوردستاندا کردووە، ٩ بانکی لوبنانی لە ھەولێر و سلێمانی ھەن، کە کەمترینیان سەدان ملیۆن دۆلاریان خستووەتە کار و ڕۆڵیان لە زیادکردنی بەرھەمھێنانی نیشتمانیی کوردستانی ھەبووە. لە ئاستی بیناکاریدا کۆمەڵێک وەبەرھێنەر بە پرۆژەی مامناوەند دەستیان پێ کرد، کە گەورەترینیان گوندی لوبنانیی ھەولێر بوو، کە نزیکەی ١٥٠ ملیۆن دۆلاری تێچووە و ٧٠٪مان تائێستا جێبەجێ کردووە. ئەو پرۆژانە ھاوکار بوون لە چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون. دەتوانم بڵێم لە ٢٠١٤ەوە تا ئێستا و ئەو کاتەی داعش ھاتە مووسڵ و بۆ سنووری ھەولێر نزیک بوونەوە لە مانگی ٨ی ٢٠١٤، ئێمە لەو کاتەوە نزیکەی ١٥٠ ملیۆن دۆلارمان لە ھەولێر خەرج کرد و نەمانوەستاند.

 

لە بواری گەشتوگوزاردا چەندان ھۆتێلی بەناوبانگ و گرنگی لوبنانی لە ھەرێمی کوردستاندا کراونەتەوە و کاریش لەسەر گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار دەکەین. لە بواری پیشەسازیدا کۆمەڵێک پیشەگەری لە بواری کارتۆن و کلینێکس و بابەتی دایبیی منداڵان و بۆیە و چەندان بواری دیکەی گرنگ کار دەکەن. ھەروەھا کۆمپانیای دابەشکردن و ھاوردەکردنی جۆراوجۆرمان ھەیە، کە ساڵانە قەبارەی کارەکانیان لە سەدان ملیۆن دۆلاری کەمتر نییە.

لە بواری خوێندن و فێرکردن، گەورەترین قوتابخانە بیانییەکان لوبنانین، وەک قوتابخانەی سابیس، یان زانکۆکان کە لە گەشەپێدانی ئاستی خەڵکدا ھاوکاریی دەکەن.

لە کەرتی پەیوەندییەکان و بیمەکردن و ھەموو کەرتەکاندا، کە دەتوانم بڵێم ھیچ بوارێک نییە لوبنانی تێیدا ڕۆڵی خۆیان نەگێڕن.

 

(باس) زۆرتر لوبنانییەکان لە کام شاری ھەرێمی کوردستاندا وەبەرھێنان دەکەن و بۆچی؟

 

مستەفا حەریری: لوبنانییەکان زۆربەی وەبەرھێنانەکانیان لە ھەولێرە، کە دەتوانم بڵێم ٨٥%یە، چونکە ھەولێر پایتەختە و ئەو ئاسانکارییانەش کە دەکرێت، ھەروەھا سەرەتا لە ھەولێر دەستمان پێ کرد و ھاندانێکی باشتر ھەبوو. حکوومەت و پارێزگار و بەرپرسەکان باشتر ھاوکارییان کردین، کە من ھاتم پێشوازییەکەیان بە جۆرێک لێ کردم، کە ھانی دام زۆرتر کار بکەم.

 

کۆمەڵێک وەبەرھێنەریشمان ھەیە لە سلێمانی، بەڵام بەم شێوەیە نییە، بۆ نموونە زۆرتر بانکەکان لقێک لە بەغدا دەکەنەوە، دواتر لقەکە لە ھەولێر و پاشان لە سلێمانی دەکەنەوە.

 

سەرۆک مەسعود بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانی و سەرجەم بەرپرسانی دیکە، کاریان لەسەر ئەوە کرد، کە کار لەسەر بنیاتنانەوەی (بەرد و مرۆڤ) بکەن، ئەمڕۆ دەبینین کە ئاستی پێشکەوتنی زانستی لە کۆمەڵگەی کوردستان چەندە و ھەموو ساڵێک دەرچووانی زانکۆکان زیاد دەکەن و فێرکردن پێش دەکەوێت. حکوومەت تەنیا کاری لەسەر باڵاخانە و ژێرخانی شارەکان نەکردووە، بەڵکوو کاری لەسەر گەشەپێدانی خەڵکیش کردووە.

 

(باس) خاڵی جیاوازی ھەرێمی کوردستان کامەیە، کە وادەکات وەبەرھێنەری لوبنانی بۆ ھەرێمی کوردستان کێش بکات؟

 

مستەفا حەریری: یەکەمینیان سەقامگیریی ئەمنییە. ھەموو وەبەرھێنەرێک بەدوای سەقامگیریی ئەمنیدا دەگەڕێت. دووەمیشیان ئیدارە کە ئەرکی خۆی ڕادەپەڕێنێت، ئیدارەیەکە کە گەندەڵیی زۆر کەمترە بە بەراورد لەگەڵ بەغدا. لە ھەموو دونیا گەندەڵی ھەیە، بەڵام ڕێژەی گەندەڵی لە کوردستان، زۆر کەمترە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و بەغدا، من کارم لە بەغداش ھەیە و چوومەتە ھەموو فەرمانگەکان، ئەو حاڵەتانەی گەندەڵی لە کوردستاندا نییە، کە لە لوبنان و بەغدا ھەیە. بەدڵنیاییەوە کوردستان کۆماری ئەفڵاتوون نییە و گەندەڵی ھەیە، بەڵام ئەو قەیرانەی کە وڵاتەکە پێیدا تێ پەڕیوە، ڕەنگە ھۆکار بێت بۆ ھەندێک گەندەڵی لە ئاستێکی کەمدا.

 

خاڵێکی دیکەی ڕاکێشانی وەبەرھێنەران، ئاسانکارییەکانی ئیدارەیە. من یەکێکم لەوانەی کە وەبەرھێنانم لە ھەولێر پێ باشتر بووە لەوەی بچمە بەغدا، پێشتر پرۆژەی زۆرم ھەبووە، بەڵام ھۆکاری ئاسایش و سەقامگیریی ئەمنی ھاوکار بووە لەمەدا. ھەروەھا ھەلی وەبەرھێنان لە کوردستان زۆرترە، بەھۆی ئەو ھۆکارانەی دیکەش کە باسمان کرد، لە بەغدا ھەلی باشتر و پڕقازانجتر ھەبووە، بەڵام دڵنیا نیت لەوەی دەیکەیت.

 

لە کوردستان دڵنیاین کە سەقامگیریی ئەمنی بەردەوام دەبێت، مادام دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان بەو ئاستە بەرزە لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان چاوکراوەن، دۆخی ئەمنی بە سەقامگیری دەمێنێتەوە. بەپێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە ھەموو ڕۆژێک ئەگەری ھەموو شتێکی تێدایە. لە ئەنجامدا ئەوە بابەتێکی سیاسییە و دەسەڵاتی سیاسی بڕیاری لێ دەدات.

(باس) بە بڕوای تۆ دۆخی ئابووریی کوردستان لەماوەی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باشتر دەبێت؟

 

مستەفا حەریری: بەڵێ، حکوومەتی ئێستا کوردستانی بە قورسترین دۆخی مێژوودا تێپەڕاند. لەو ماوەیەدا مووچەی ملیۆنان خەڵک بڕدرا، حکوومەت توانی ئەو قەیرانە تێپەڕێنێت. ئەمڕۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا ھەیە و پارە دەگەڕێتەوە، متمانەش بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە، ئەمەش زیاتر ھانی خەڵک دەدات بۆ کارکردن. لەژێر ڕۆشنایی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و کۆتاییھاتنی شەڕی داعش، دەتوانین بڵێین حکوومەت وڵاتی لە مەترسیی گەورە دەرباز کردووە. من لە ٢٠١٤ خەریکی جێبەجێکردنی ٥٠%ی پرۆژەکەم بووم، بەڵام لە ڕێی پەیوەندییەکانم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کوردستان، سەرەتا ھەستم کرد کە ڕوئیایەکی ڕوون ھەیە و بڕیار ھەیە کە سەرلەنوێ وڵاتەکە ئاوەدان بکرێتەوە و ئاسایش و سەقامگیریی بەرقەرار بێت، ئەوەش وایکرد، بڕوام بەوە ھەبێت کە وەبەرھێنان لە کوردستان بکەم. جگە لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر زەویی کوردستاندان و کوردستانیش بە بڕیاری نێودەوڵەتی حوکمێکی خۆیی ھەیە و کەس ناتوانێت ئەوە تێپەڕێنێت. ھەرچەندە ھێرشەکانی ئەم دواییەی، کە کرانە سەر ھەرێمی کوردستان، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بوو.

 

لە ٢٠١٤ زۆر کەس گرەویان لەسەر ئەوە دەکرد، کە من لەو پرۆژانەم شکست دەھێنم، تەنانەت ئەو کاتەی فڕۆکەخانەکان داخران، من ھۆتێلم دەکردەوە، بەڵام بە ستافەکەم گوت کارەکانتان تەواو بکەن و ئاشتی بەرقەرار دەبێتەوە و دۆخەکە وەک خۆی لێ دێتەوە. من باوەڕم بەو وڵاتە و سەرکردایەتییەکەی ھەیە و بڕوام بە پێشکەوتن ھەیە. من دەزانم چی لە بەغدا و باشوور ڕوو دەدات. باوەڕوام وایە ھەولێر پایتەختی ئابووریی راستەقینەی عێراقە و نموونەیەکی شارستانیی گەشەپێدانە و دەبێ ھەر بەرپرسێک لەم وڵاتە شانازی بە دەستکەوتەکانی ھەولێرەوە بکات و منیش شانازی دەکەم، کە لە بەشێکی ئەو ئینجازاتانەدا ڕۆڵم ھەبووە.

 

لەبارەی سەرۆکایەتیی حکوومەتەوە، بەردەوام دەڵێین حکوومەتداری مانای بەردەوامییە. بڕیاری دانانی مەسرور بارزانی، بڕیارێکی تەواوکاریی سیاسەتی جێگیرە، تەنیا ئەوەی کە نەوەی نوێ دێت، خۆی گۆڕانکارییەکە و پێشبینیی گەشەکردن و گەشانەوە دەکەین و بێکاری کەم دەبێتەوە، کرانەوە لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھاوکار دەبێت، لابردنی ئاستەنگەکان لە بواری نشینگە و موڵکداریکردن و ئەوانەدا ھاوکار دەبن و ھیوای سەرکەوتن بۆ مەسرور بارزانی دەخوازین.

 

(باس) خەڵکی کوردستان لەگەڵ ھەندێک لە وەبەرھێنەرانی بیانی ئەزموونێکی تاڵیان ھەیە، چونکە بەشێک لە وەبەرھێنەکان پارەی خەڵکیان برد و ڕۆیشتن، بە ڕای تۆ ھۆکاری ئەمە چییە؟

 

مستەفا حەریری: دەبێ زەوابت و ڕێوشوێن ھەبێت بۆ ھەموو سێکتەرەکان، لە بواری بیناکاریدا حکوومەت پێشتر ڕێوشوێنی دیاری کرد بەوەی، کە دەبێت نووسینگەی ڕاوێژکاری ھەبێت و بەرپرسێک ھەبێت گرێبەست بکات و ئەمانە، بەڵام لە ٢٠١٤ حکوومەت پلانێکی دانا، کە دەبێ حیسابێک بکرێتەوە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە پارە لە خەڵک وەردەگرن، بەڵام ئەو ھەڵەیەی کرا لە بڕیارەکە و وایکرد پرۆژەکە شکست بھێنێت، ئەوەبوو کە دەبێت کۆمپانیاکان بچن لە ژمارە حیسابێکی بانکی جیھان پارەکانیان دابنێن، ئێمە ناڕەزاییمان دەربڕی، گوتمان بۆچی بانکی جیھان؟ من بانکی سەر بە خۆم ھەیە و ھەموو وەبەرھێنەرێک بانکێکی لەپشتەوەیە، بۆیە پێویستە ئەو بابەتە ھەموار بکەنەوە و چاودێریی لەسەر وەبەرھێنەرەکان دابنێن و رسوومات وەربگرن و ئەو ڕێوشوێنانە لەبەرچاو بگرن.