جەنەڕالێکی پێشووی سۆڤیەت: کۆمۆنیستە کوردەکان دوای کڵاوی بابردوو کەوتوون

”مەلا مستەفا سەرکردەیەکی ئازا و کەسایەتییەکی خۆڕاگر بوو“

پێداچوونەوەی: دیار 03/01/2019 - 19:57 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

 

ئەم چاوپێکەوتنە کە نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد جەزا چنگیانی لە ساڵی ٢٠٠٢ لەگەڵ ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ، جەنەڕاڵ لە دەزگای پاراستنی نهێنیی سۆڤیەت (K.G.B) و یاوەری مەلا مستەفا بارزانی لە کاتی گەڕانەوەی لە سۆڤیەت لە ١٩٥٩ و لێپرسراوی پەیوەندییە نهێییەکان و گەیشتنی کەشتییە چەکهەڵگرەکان بۆ شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١، ئەنجامی داوە، بەهۆی گرنگییەکەی (باسنیوز) جارێکی دیکە بڵاوی دەکاتەوە.

 

پرسیار:  ئێوە لەنزیکەوە مەلا مستەفا بارزانیتان دیوە، لەگەڵیدا قسەتان کردووە و کارتان لەگەڵ کردووە، وەک جەنەڕاڵێکی دەزگایەکی نهێنیی وڵاتێکی مەزنی وەک سۆڤیەت، لەبارەی مەلا مستەفاوە چی دەڵێن؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: من لە پەرتووکەکەمدا بە ناوی (شاندێکی نهێنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)* بۆچوونی خۆم لەبارەی مەلا مستەفا بارزانی بە ڕوونی نووسیوە، ئەو یەکێکە لە ڕێبەر و پیاوە مەزنەکانی کورد، هۆشیار و چالاک و سەرکردەیەکی نەتەوەیی، ئەو کەسێکی سادە نەبوو، بۆیە ناتوانین هەروا بە ئاسانی لە لایەنێکەوە لەسەری قسە بکەین. مەلا مستەفا بارزانی بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ خەباتی کردووە، خەباتەکەی ئاسان و سادە نەبوو، بۆچی؟ چونکە کێشەی کورد پەیوەندی بە بابەتێکەوە هەیە کە وابەستەیە بە سەرجەم کێشەکانی ئەمڕۆی مرۆڤەوە، ئەویش بابەتی پەتڕۆڵە.

 

نەوت مانای بەرژەوەندییە، کوردستانیش کانگای ئەم کاڵا بەنرخەیە، خەباتکردن تێیدا گاڵتە نییە. ئەرکی مەلا مستەفا لە نێوان بەرژەوەندی و چاوچنۆکیی زلهێزەکان و مافی کورد و خەباتەکەیدا ئەرکێکی ئاسان و سەرپێیی نەبوو. راستە مەلا مستەفا ڕووبەڕووی ڕژێمەکانی عێراق بووەوە، وەلێ لە پشت ئەوانەوە کۆمەڵێک بەرژەوەندی هەبوون کە پەیوەندییان بە زلهێزەکانی جیهانەوە هەبوو و زلهێزەکانی جیهان بە سۆڤیەتیشەوە لە سەر ئاستی بەرژەوەندییان، پەیوەندییان لەگەڵ مەلا مستەفادا دەبەست و دەیانڕوانییە گرفتی کورد. مەلا مستەفا لە دوای ڕمانی کۆماری مەهاباد، گەیشتە لای ئێمە، زۆر هەوڵماندا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆمان بەکاری بهێنین، پێش گەڕانەوەشی بۆ عێراق و کوردستان، گفتوگۆمان لەگەڵدا دەکرد، بێگومان من لە زۆربەی گفتوگۆکاندا ئامادە دەبوون.

 

هەرچەندە ئێمە بەنیازی ئەوەبووین کە ئەم کەسایەتییە بکەینە ئامرازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان چ وەک دوژمنی ئیمپریالیزم، چ وەک سەرکردەی گەلێک کە خاوەنی کانگای پەتڕۆڵن، بەڵام مەلا مستەفا زۆر هۆشیار بوو، هەموو جارێک وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی دەدایەوە و دەیگوت من ئامادەم پارە و چەکتان لێوەربگرم و هاوکاریی سیاسەتتان لە ناوچەکەدا بکەم، بەو مەرجەی ئێوەش بەرژەوەندیی کورد بپارێزن. مانای وایە کە دەیویست سۆڤیەتیش وەک زلهێزێک بەڵێنی پێ بدات کە کۆمەکی شۆڕشی کورد و ئامانجەکانی بکەن. ئەم داش بە داشەی مەلا مستەفا لەگەڵ ئێمەدا هۆشیاریی دیپلۆماسیی ئەو پیاوەی نیشان دەدا. من زۆر لێیەوە نزیک بوو، ئەرکی من ئەوە بوو کە چاودێری بکەم.

 

ئێمە وەکوو ڕووسییەکان پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەریش چاومان بڕیوەتە کوردستان، بەتایبەتیش پاش ئەوەی زانیمان کە خاکەکەی پڕە لە پەتڕۆڵ. بێگومان جگە لە ئێمە، زلهێزەکانی دیکەی دونیاش بە هەمان شێوە چاویان لە کوردستان بڕیبوو، بۆیە لەو دۆخەدا خەباتی سەرکردەیەک لە وڵاتێکی پڕ لە پەتڕۆڵدا زۆر زەحمەتە.

 

مەلا مستەفا بەڕاستی پاڵەوانی سەردەمی خۆی بوو، هاوکات میراتگری سەرکردەکانی پێش خۆیشی بوو، بەڵام بارودۆخ و کاتی مەلا مستەفا دژوارتربوو وەک لەوانەی پێش خۆی، بۆچی؟ چونکە لە سەردەمی ئەودا کاڵای پەتڕۆڵ وەک کاڵایەتی ستراتیژیی نێودەوڵەتی مامەڵەی پێوە دەکرا، بێگومان ئێستاش بەو جۆرەیە. مەلا مستەفا کەسێکی هۆشیار بوو، کارێکی نەکرد بە تەواوەتی گەلەکەی بسووتێنێت، ڕاستە ئەو سەرکردەیەکی سەربازی بوو، بەڵام لە بوارەکانی تریشدا توانای هەبوو. وەک باسم کرد، لەگەڵ ئێمەدا دەیویست داش بە داشی بەرژەوەندی بکات، ئەمەش کارێکی دیپلۆماسییانەیە. بەهۆی پەیوەندی و نزیمکبوونەوە، دۆستایەتییەکمان درووست کردبوو. زۆرجار خۆی داوای منی دەکرد، لە پەرتووکەکەشمدا من ئاماژەم بەو نموونەیە کردووە:

یەکەم لە ساڵی ١٩٥٩ من یاوەریی گەڕانەوەی و لێپرسراوی سیاسیی ئەو پاپۆڕە بووم کە بارزانییەکان پێی گەڕانەوە. دووەم ساڵی ١٩٦١ من لێپرسراوی گەیاندنی ئەو چەکانە بووم کە کۆمەکی بۆ شۆڕشی کورد گەیاند.

 

پرسیار : دەتوانی بە کورتی باسی چۆنیەتیی گەیاندی ئەو چەکانە بکەیت؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: بەڵێ. ئەمە چیرۆکیکی گەلیک گرنگە و سەیرە. کاتێک سەرکردایەتیی بڕیاری کۆمەککردنی شۆڕشی کوردی دا، لەسەر ئەو بەڵێنە بوو کە کاتی خۆی بە مەلا مستەفای دابوو. بێگومان ناردنی چەک و تەقەمەنی لە وڵاتێکی وەک سۆڤیەتەوە بۆ کوردستان لە ڕێگەی ئاو و بە تێپەڕبوونی سنووری ئاویی چەند وڵاتێکدا کە زۆربەیان لە بەرەی دوژمنانماندا بوون (لە سەردەمی جەنگی سارد) ئاسان نەبوو. سیناریۆکە بەم شێوەیە داڕێژرا کە ئەنجازیارەکەی (K.G.B) بوو. لە شاری (نیکۆڵای) ئۆکراینەوە دەستی پێکرد. ئێمە نەماندەتوانی ئەو هەموو چەک و تەقەمەنییە بە پاپۆڕی ئاسایی، ناچار کۆمەڵێک کەشتیی ماسیگرمان بۆ ئامادەکرد، بە شێوەیەکی ئاسایی پڕمانکرد لە سندووقی ماسی و لەژێر ماسییەکانەوە چەک و تەقەمەنیمان دانا. بە کەشتییەکان بە دوای یەکدا ڕۆشتین تا هەموومان گەیشتینە بەندەری (لازقییە)ی سووریا و لەوێشەوە بە یارمەتیی کوردەکانی سووریا، چەکە و تەقەمەنییەکانمان گەیشاندە کوردستان، بەڵام لەناو کورداندا سیخوڕی ئینگلیز هەبوو، بۆیە لۆرییەکان کە گەیشتنە سنووری عێراق، ئینگلیز عەبدولکەریم قاسم (سەرۆک کۆماری ئەوسای عێراق)ی ئاگادار کردەوە و فڕۆکەکانی عێراق لە کاروانەکەیان دا.**

 

پرسیار: سۆڤیەتییەکان بە کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسم دڵخۆش بوون و بە گورزوەشاندنێک لە ئیمپریالیزم لە قەڵەمی دەدات، لە هەمان کاتیشدا ئێوە هاوکاریی مەلا مستەفا و شۆڕشەکەیتان دەکرد، ئایا ئەمە هاوکاریکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی بوو یان لاوازیی دەسەڵاتی کۆمپانیا پەتڕۆڵییەکانی بەریتانیا؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: ھیواش ھیواش. ڕاستە ئێمە بە کودەتاکەی قاسم دڵخۆش بووین، بەڵام لە بیرت نەچێ، قاسمی ساڵی ١٩٥٨ لەگەڵ قاسمی ساڵی ١٩٦١ کە ساڵی کۆمەککردنی بزووتنەوەی کوردی و مەلا مستەفا بوو، دوو قاسمی جیابوون. قاسم بەرامبەر بە ئێمە و کورد گۆڕا و نیازی زۆر خراپی ھەبوو. مەلا مستەفا ئەمەی چاک دەزانی، بۆیە لە مانگی تەمووزی ١٩٦١دا پەیوەندی بە ئۆفیسی (K.G.B) لە بەغدا کرد و داوای یارمەتی لێکردین و سەرکردایەتیی ئێمەش بڕوایان بە مەلا مستەفا کرد، من ئەو ساتە واتە ساڵی ١٩٦١ لە لەندەن لێپرسراوی (K.G.B بووم، لەبەرئەوەی مەلا مستەفا منی بۆ ئەم کارە دەستنیشان کردبوو، بۆیە سەرکردایەتیمان بانگیان کردمەوە بۆ مۆسکۆ تا نەگیشتمە مۆسکۆش، نەمزانی کارێکی وام پێدەسپێرن.

 

پرسیار:  ساڵی ١٩٦١ ساڵی گەیشتنی چەکەکان، عەبدولکەریم قاسم و حزبی شیوعیی عێراق لە بەرەیەکدا بوون، زۆر دڕندانە دژی بزووتنەوەی کوردی دەجەنگین و بە ھەزارەھا جووتیار و ئافرەت و منداڵی کوردی دێھاتەکانی کوردستان بە دەستی ئەفسەرە کۆمۆنیستەکان خەڵتانی خوێن کران. ئێوە ھەمیشە پشتیوانیتان لە حزبی شیوعیی عێراق دەکرد. لە ھەمان کاتیشدا چەکتان بە مەلا مستەفا بارزانی دەدا. ئەم یارمەتییەشتان لە شیوعییەکانی عێراق دەشاردەوە، باش نەبوو کارێک لەگەڵ کۆمۆنیستە عێراقییەکان بکەن کە ھیچ نەبێ ئەوەندە دڕندە نەبن بەرامبەر بە مرۆڤی کورد و بزووتنەوەکەی؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: ڕاستە من وەک جەنەڕالێک و ئەندامێکی دەزگایەکی وەک (K.G.B) کارم کردووە، وەلی ئاگام لە ھەموو نھێنییەکان سەرەوە نەبووە، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەم بەرزی و نزیمییە لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندیمان بووە.

 

پرسیار:  ھەڵەکانی کورد لە ئەزموونی ١١ مانگەی کۆماری مەھاباد بە بۆچوونی تۆ چییە؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ:  بە داخەوە من پسپۆڕ نیم لە میژووی کورددا ببورە.

 

پرسیار: دەبێ ئاگات لە بارودۆخی ئیستای کوردستان بێت؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: کەمێک سەرچاوەکانم ڕۆژنامە و ھەواڵەکانی میدیایە. بەڵام وەک جاران کاربەدەست نیم و خانەنشینم.

 

پرسیار: با لەسەر باشووری کوردستان کە ساڵانیکی زۆر جێ سەرنجتان بووە، قسە بکەین. ئەمریکا بەبێ پەتڕۆڵی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناتوانی بژی. پەتڕۆڵی کوردستان مەبەستم پەتڕۆڵی ڕۆژھەڵاتی کوردستان (ئێران) و باشووری کوردستان (عێراق) بە لێکدانی ھەردووکیان، کوردستان دوای سعودیە لە پلەی دووھەمدایە لە پەتڕۆڵی یەدەگدا، ئەمەش لە لای ئێوە و ئەمریکییەکان ئاشکرایە. ١٢ ساڵە ئەمریکا و بەریتانیا کوردستان لە بەعس دەپارێزن (ساڵی ٢٠٠٢ ئەم دیدارە کراوە)، پێت وایە دەوڵەمەندیی کوردستان بە پەتڕۆڵ دەبێتە ھۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی؟ بە تایبەتی لەم سەدەیەدا. جۆرج بۆش (باوک) لە سەردەمی دەسەڵاـتی خۆیدا گوتی سەدەی داھاتوو سەدەی ئەمریکییە، مانای سەدەی پەتڕۆڵە؟

 

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: بێگومان بەرژەوەندییە هەموو شتێک درووست دەکات، ناتوانین ڕاستەوخۆ بڵێین بەڵێ یان نەخێر، بەڵام دڵنیام لەوەی ئەگەر عێراق بیەوێت جارێکتر دەست لە کورد بوەشێنێت، ئەوە ئەمریکا بێدەنگ نابێت و کورد دەپارێزێت. بۆ کرۆکی پرسیارەکەت و دەوڵەتی کوردی، دەبێ بە وریاییەوە وەڵام بدەمەوە.

پێموایە ئەمریکا بەبێ داڕشتن و خۆشکردنی زەمینەیەکی نێودەوڵەتی ناتوانێت بەتەنیا دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنێت، چونکە کۆمەڵێک گەل لە دونیادا ھەن وەک کورد شەیدای دەوڵەتن، ئەوانیش (ئێرلەندییەکان، باسکەکانی ئیسپانیا، چیچانییەکانی ئێمە)، دەکرێ جیاوازی ھەبێ و بڕواشم وایە کە ئەمریکا بەتەنیا ناتوانێت سەرپێچیی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکات، بەڵام دەکرێ ئەمریکا زەمینەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی خۆش کردبێت، ئەویش بەھۆی دەوڵەتی عێراقی دوای سەدامەوە، بێگومان و بە دڵنیاییەوە دەوڵەتێکی ئەمریکی دەبێت، ئەوساتە ئەمریکا لەڕێگەی دەوڵەتی عێراقەوە دەوڵەتی کوردی دادەمەزرێنێت. ئەگەر ئەمەش دروست ببێت، ئەوە نە ئێران و نە سووریا و تورکیا، ناتوانن دژی دەوڵەتی کوری فززە بکەن، چونکە دەزانن ئەمریکا لە پێناوی بەرژەوەندیی پەتڕۆڵیی خۆیدا لە کوردستان ئامادەیە بەرەنگاری ھەموویان بە تیژی ببێتەوە.

 

پرسیار: ئەی ئێوە ڕووسەکان لە دامەزراندی دەوڵەتی کوردیدا بێدەنگ دەبن؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: ئێمە تووشی دووڕیانێک دەبین. یەکەم ناتوانین دژی دەوڵەتی کوردی بین، چونکە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی پەیوەندی بە مافی مرۆڤەوە ھەیە، دەبێ ئێمە ڕێزی لێبگرین. دووەم، ڕووسیا بیر لەوەدەکاتەوە بە شێوەیەکی ھێمن و دیپلۆماسی دانپێدانان بە دەوڵەتی کوردیدا بەرژەوەندی و بازاڕی خۆی لە تەک کومپانیا پەتڕۆڵییەکانی کوردستاندا ڕێک بخات، یانی کاسبی دەکەین.

 

پرسیار:  ئاشکرایە ھیچ وڵاتێکی عەرەبی نییە بتوانێت سەرپێچیی سیاسەتی ئەمریکی لە ناوچەکەدا بکات. وەک ئێوەش ئاماژەتان بۆ کرد، تورکیاش ھەروەھا. ئێران ھەندێکجار لە ڕێگەی میدیا و لە وتاری نوێژی ھەینیدا نقورچە لە سیاسەتی ئەمریکا دەدات. ئێستا سنووری ئێران لە (ئەفغانستان، کەنداوی فارسی، باشووری کوردستان، تورکیا، ئازرباینجان، تورکمانستان و جۆرجیا) بەھێزی ئەمریکی چنراوە. لە ئێرانیشدا کۆمەڵی کێشەی بێ چارەسەری ئاوساو  وەک کورد، ئازەری، عەرەب، بەلوج و...ھتد ھەیە، ئێرانیش جگە لە پەتڕۆڵ، خاوەنی گازێکی سرووشتیی زۆرە، دەتوانێت (٥٠٠) ساڵ گازی سرووشتی بفرۆشێت. پێت وایە دوای نەمانی ڕژێمی سەدام، سەرە بێتە سەر ئێران؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: (چاوە شینە زرنگەکانی فراوان کرد و رووی کردە وەرگێڕەکە و چەند جارێک بە پشتی پەنجەکانی تاڵە مووەکانی چەپکە سمێڵە سپیەکەی لە سەر لێوەکانی بەرزکردەوە و وەک ئامادەی وەڵامێکی بەپێز بێت، ھەناسەیەکی قووڵی ھەڵکێشا). ئەم پرسیارە پێویستە بە وردی وەڵام بدرێتەوە. ئەنجامی ھەموو ھاوکێشە و ڕووداوەکان وا دەگەیەنن ئەمریکا بۆ سەیرانێکی کورت نەھاتۆتە ناوچەکە و کوردستان، بەئاسانیش ناوچەکە بەجێناھێڵێت، بەڵکوو بە دەسەڵاتەوە دەمێنێتەوە. لەمەڕ ئێران ئێستا زۆر بە تۆخی نا، بەڵام جاربەجار باسی خراپەی دەکەن. ئەگەر دوای نەمانی سەدام، ئەمریکا سیاسەتی عێراق قۆرخ بکات، دەیکات. دەبێ ئێمەی رووسیش بیرێک لە پاشەڕۆژی ئێران بکەینەوە، بۆ؟ چونکە یەکەم بیرکردنەوەی ئێمە و چاوبڕینمان بۆ ئێران میژوویەکی قووڵی ھەیە، ئەمریکاش ئەمە چاک دەزانێت، بۆیە قسەکردن لە سەر ئێران کات و تیڕوانێنکیتری دەوێت.

 

پرسیار: وەک جەنەڕاڵێکی سوپای سووری سۆڤیەت، خاوەنی (٥٠) ساڵ ئەزموونی کۆمۆنیستی و کارکردنی لە (B .K.G)، پێتوایە شکستی سۆڤیەت لە ئەفغانستان سەربازی بوو یان سیاسی؟

 

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: دەتوانرێ بەسەر سوپایەکدا سەرکەویت، بەڵام سەرکەوتن بەسەر گەلێکدا ناکرێت، وەک گەلی ئەفغانی بەڵێ شکستەکەمان سیاسی بوو، نەک سەربازی.

پرسیار: من دەڵیم  لە ڕیفۆرمەکەی گورباشۆفدا کەم و کوڕییەکی گەورە ھەیە، بەوەی زۆر دەرگای خستە سەرپشت بێ ئەلتەرناتیڤ. ئەمەش ئاژاوەیەکی لەناو ڕووسیا و دەرەوەشدا دروست کرد، پێت وایە من ڕاست بم؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: با بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە باسی ئەزموونی خۆمت بۆ بکەم. یەکێتیی سۆڤیەت ھەڵوەشایەوە، نە پەیوەندی بەئۆپۆزسیۆنی خۆمانەوە، نە بەھێزی ئەمریکییەوە، نە ئەوانەی ئێستا ناوی خۆیان ناوە دیموکراتە نوێیەکانەوە ھەبوو، بەڵکو کۆمیتەی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەت ھەڵیوەشاندەوە، دەزانی بۆ؟ لە بەر ئەوەی لە ناوەوە لە کرۆکماندا (داتەپیو بووین)، لەبەرئەوەی عەقڵی پارتی کۆمۆنیست عەقڵی سەردەم نەبوو، لەبەر ئەوەی سەرکردایەتیی پارتیمان سەرکردایەتییەکی درۆزن و ساختەچی بوون، درۆمان لەگەڵ خەڵکیدا دەکرد. ھەر پینچ ساڵ جارێک کۆنفرانسێکمان دەکرد و بەدرۆ باسی سەرکەوتن و دەستکەوت و پێشکەوتنمان دەکرد و لە ڕاستیشدا ھەمووی درۆ بوو. سەرانی  پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەت ببوونە چینێکی تایبەت لە کۆمەڵگادا، خاوەنی ھەموو شتێک بوون و خەڵکیش داماو و برسی. من خۆم ماوەی (٥٠) ساڵ کۆمۆنیست بووم، بڕواشم بەو ھەموو درۆیانە دەکرد. سەرکردە شتێکی دەگوت و شتێکی تری دەکرد و کۆمەڵگاش رۆژ بە رۆژ لە داماوی و خراپیدا بوو. خەڵکی گەرچی زاتی پرسیاریان نەبوو، بەڵام بەھیچ شێوەیەک بڕوایان بەئێمە نەدەکرد و لە درۆکانمان تێر ببوون، ئەمانە و سوپایەکی فراوان و ئەو ھەموو چەکە ئەتۆمییە بەھێزە، ئەو دەزگا فراوانە بیرۆکراتییەی دەوڵەت، ھەمووی مشەخۆر بوون. ئێمە پێنج ملیۆن سەربازمان لە ئەمریکا زیاتر هەبوو، ئەم ژمارەیە پارەی دەوێ، خزمەتی دەوێ، ئێمە (یەک لەسەر سێ)ی سامانی وڵاتمان دەکرد بە قورگی سوپادا. ئێمە وڵاـتێکی دەوڵەمەندین، بۆ وا بژین؟ بۆ ھەژار بین؟ بۆیە ڕما. کەس نەھاتە سەرشەقامەکان داکۆکی لە رژێمەکە بکات، ھەر دەسەڵاتێکی سیاسی گەر باوەڕی میللەتی دۆڕاند، تەمەنی کورتە و زوو دەڕمێ. بێگومان لەوەھا بارودۆخێکدا پڕۆیستڕۆیکا کەم وکوڕی ھەیە.

پرسیار : لەم ساتە ناسکەدا ڕوسیا پێیدا تێدەپەڕێ و پێویستی بە ئارامی و سەقامگیریی ئابووری ھەیە، تووشی شەڕی (چیچانییەکان) بووتەوە.  لە پشت کەوالیسی ئەم شەڕەوە وێنەیەکی (شیفەرناتزە) دوا وەزیری دەرەوەی سۆڤیەت و سەرۆکی کۆماری جۆرجیای ئێستا ھەیە. پێم ناڵێیت ئەم دوژمنایەتییەی (شیفەناتزە)  بەرامبەر بە ڕووسیا لە کوێوە ھاتووە؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ:(ھەستی توڕەبوونی جوڵا، پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەم بداتەوە، خۆی زیتکردەوە، خێراخێرا مووەکانی سمێڵی لادەدا، چاوە تیژەکانی لە نێوان من و وەرگێڕەکەدا دەگیڕا و بە دەنگێکی کەمێک تووڕەوە وەڵامی دایەوە) شیفەرناتزە سیخوڕی ئەمریکایە.

 

پرسیار: لە کەیەوە؟  ئاخر ئەو ماوە زۆرە سیاسەتی دەرەوەی سۆڤیەتی لە ژیر دەستدا بوو؟

 

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: ڕاست دەکەیت، لەکۆنەوە لە ساتی وەزیرییەوە ئەم کابرایە سیخوڕی ئەمەریکا بووە، بەڵام ئێمە نەمانتوانی بیگۆڕین، چونک لە پارتی کۆمۆنیستدا لە ئاستی بەرزدابوو، ئەمەش پەیوەندی بە بیرۆکراتیەت و دەسەڵاتی ڕەھای پارتی کۆمۆنیستەوە ھەیە. سۆڤیەت ڕما، ئەمریکا ئەم پیاوەی زیاتر دەستەمۆ کرد. ئێستا منداڵەکانی سەرجەمیان لە ئەمریکان، حیسابی تایبەتی لەوێ ھەیە، دوژمنایەتی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ ھۆیەک، پەیوەندی بە لەناوبردنی کۆمەڵێک لە کەسوکاری ژنەکەیەوە هەیە لە سەردەمی ستالیندا. بەڵێ تۆ باش بۆی چوویت، وایە(شیفەرناتزە) لە پشت شەڕی چیچانییەکانەوەیە.

 

پرسیار: پوتین ماوەی دوو مانگ زۆر ڕەق بوو بەرامبەر بە کۆرسی ئەمریکی و بەریتانی لە سەر لێدانی عێراق، لە ناکاو سیاسەتی گۆڕی، ڕازی بوو بە بڕیاری ژمارە (١٤٤١)، ئەم گۆڕانە کتوپڕەی پۆتین بۆ؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: ئاشکرایە ئێمە وەک زلھێزێک لە(کێکەکەی) عێراق بەشمان دەوێت. بێگومان ماوەی دوو مانگ ئێمە لە تەک ئەمریکییەکاندا لە گفتوگۆداین، (بۆش)یش تێگەیشتنی بەرامبەر بە بەرژەوەندیمان ئاشکرا کرد، ئێمەش ڕازی بووین.

 

پرسیار: من دڵنیام لەوەی عێراق ناتوانێت بڕیاری (١٤٤١) جێبەجێ بکات و لابردنی سەدام بۆتە شتێکی کۆنکریتی، ئەم هێنان و بردنە تەنیا یاریکردنە بەکات. ئەمریکا لە عێراق دەدات. سەدامیش دەڕوات. ئایا لە کاتی لێدانی عێراقدا ڕووسیا ھاوبەشیی سەربازی دەکات؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: نا پێویست بە ھاوبەشیی ئێمە ناکات.

 

پرسیار: بۆچی؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: چونکە ئەمرییکەکان (بۆش)، دەمێکە وەڵامی داوینەتەوە، بەوەی ڕێز لە بەرژەوەندیی ڕووسیا دەگرێت. ئیتر بۆچی ئێمە خۆمان تووشی ئەو سەرئیشەیە بکەین.

 

پرسیار: زۆر سوپاس بۆ ئەو ڕاستگۆییەت. گەرەکمە پرسیارێکت لێبکەم و بیکەم بە دیاری بۆ کۆمۆنیستە کوردەکان. ئێوە خاوەنی بەھێزترین چەکی ئەتۆمی و کۆمەڵکوژ و سوپایەکی مۆدیرن و خاوەنی ھێزێکی دیپلۆماسیی جیھانی و سنوورێکی فراوانی جوگرافیای ڕووسیا و وڵاتانی تری سۆسیالیستی بوون، ئەنجامەکەتان ئەوەبوو کە بەڕێزت ڕوونت کردەوە. ئایا پێت وایە کۆمۆنیستە کوردەکان و کۆمۆنیستی وڵاتانی تر لەم سەردەمی گلۆبالیزم و ھەڵشێلانەوە فراوانەی تەواوی جیھانی گرتۆتەوە، بتوانن شتیک بۆ پرۆلیتاریا بکەن و سیستەمێکی کۆمۆنیستی دابمەزرێنن؟

 

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: (وەک ئەوەی پرسیارەکەی لا جوان بێت، زەردەخەنەیەک گرتی و کەمێک خۆی جوڵاند و وەڵامی دایەوە) بە ھیچ شێوەیەک ناتوانن بگەنە ئاستی ئێمە و ھەرچیش بکەن پاشەڕۆژیان لە ھی ئێمە و نەتەوەی ڕووس باشتر نابێت. کاتی خۆیان و خەڵکی بەفیڕۆ دەدەن. دوای کڵاوی بابردوو کەوتوون.

 

پرسیار: بەڕێزتان گوتتان سیستەمی کۆمۆنیستی ڕما، کەس نەھاتە سەرشەقامەکان بۆ داکۆکیکردن لە کۆمۆنیست. کەچی تا ئێستاش لە مۆسکۆ و شارەکانی تری ڕووسیا لە مەیدان و شەقامەکاندا پەیکەرەکانی (لینین) بە پێوە ماوە؟ بۆ؟

 

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: شکاندن و لابردنی ئەوپەیکەرانە شتێکی گەمژانەیە. دەزانی بۆچی؟ چونکە ئەوانە بە چاک و خراپەوە سیمبۆڵی قۆناغێکی مێژوون. ئێستا ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٢دا دەژین، دەکرێ بە عەقڵی ساڵی ١٩١٧ ھەڵسوکەوت بکەین؟ بەلشەفییەکان زۆربەیان نەخوێندەوار و ساکاربوون، بۆیە کەنیسە و کۆشک و پەیکەری مێژوویەکیان خاپور کرد. دەبێ ئێمە بەژیرییەوە خۆمان لەتەک میژوودا بگونجێنین. ئەو پەیکەرانە گوزارشت لە مێژوویەکمان بە چاک و خراپەوە دەکەن.

 

* ئەم پەرتووکە ( شاندێکی نھێنی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) دووجار بە زمانی ڕووسی چاپ کراوەتەوە و لەلایەن دکتۆر ئەفراسیاو ھەورامییەوە وەرگیراوەتە سەر زمانی کوردی و چاپ نەکراوە.

** لەپاش پرسیار و وەڵامەکان. پرسیارێکی نوێم لا دروست بوو. لێم پرسی، گوتتان لەناو سەرکردایەتیی پارتیدا لە ١٩٦١، سیخوڕی بەریتانیا ھەبوو. ئەو سیخوڕە نهێنیی چەکەکانی بە ئینگلیز دا و ئەوانیش قاسمیان ئاگادار کردەوە، ئەو سیخوڕە کێ بوو؟

ئەلیکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ وەڵامی پرسیارەکەی زۆر لا گران بوو. سەیرێکی دکتۆر بەکر و دکتور ئەفراسیاوی کرد (هاوکات لەگەڵ نووسەر و ڕۆژنامەنووس جەزا چنگیانی لە کاتی چاوپێکەوتنەکە دانیشتبوون)، کەمێک بێ وەڵام چاوەکانی لە چاوم بڕی. من تێگەیشتم دەترسێ و مەبەستی نیە وەڵامی پرسیارەکەم بداتەوە. منیش وەڵامی خۆمم دایەوە. گوتم سیخوڕەکە جەلال تاڵەبانی بوو. زەردەخەنەیەک گرتی و ڕووی کردە  دکتۆر بەکر و دکتور ئەفراسیاو و گوتی ”ئەم ڕۆژنامەنووسەتان زۆر هۆشیارە:“. دکتور بەکریش بەدەم زەردخەنەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: ”بەڵی لە کوردیشدا زیرەکمان ھەیە“.