کەسایەتییەکی هۆزى جبوور: رەفتار و بڕیارەکانی راکان جبووری ناڕه‌وا و نایاسایین

"ئەوەی راکان جبووری لە کەرکووک دەیکات، نه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كه‌ركووكه‌ و نه‌ خزمه‌ت به‌ پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تیى نێو پێكهاته‌كان ده‌كات"

22/12/2018 - 16:02 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

مه‌سرور ناجى ئه‌لجبوورى، سه‌رۆك هۆزى ئه‌لجبوور له‌ كه‌ركووك، له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ (باس)، باس له‌ خراپیى بارودۆخى كه‌ركووك و سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، بۆ لاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ ده‌كات.

 

(باس) بۆچوونتان به‌رامبه‌ر به‌ هه‌وڵدان بۆ گۆڕێنى دیموگرافیی ناوچه‌کە له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقەوه‌ چییه‌؟
مه‌سرور ئه‌لجبوورى: به‌ڵێ هه‌وڵ له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆى كارێكى خراپ و ناڕه‌وایه‌، بۆ نموونه‌، ئێستا ده‌ست به‌سه‌ر زه‌ویوزارى كورددا ده‌گیرێت كه‌ له‌ لای ئێمه‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێك ئه‌و هه‌نگاوه‌ى ده‌رباره‌ بكرێت، ره‌تى ده‌كاته‌وه‌ و دژى ده‌وه‌ستێت، هه‌نگاوى له‌و شێوه‌یه‌ به‌ ته‌عەدا و غه‌در ده‌زانین و له‌گه‌ڵیدا نین به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بێك زه‌ویوزارى كوردێك داگیر بكات، ئه‌وا به‌توندى ره‌تى ده‌كه‌ینه‌وه‌ و دژى ده‌وه‌ستینه‌وه‌، ده‌بێت ئێستا هه‌نگاوه‌كان له‌ كه‌ركووك به‌ ئاراسته‌ى برایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیاندا بڕوات، نه‌ك هه‌وڵدان بۆ گۆڕینى دیموگرافیاى شاره‌كه‌ و داگیركردنى سه‌روه‌ت و سامانى خه‌ڵك، ئه‌وه‌ى ئێستا له‌كه‌ركووك ڕوو ده‌دات هه‌ڵه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ دژى كورد ئه‌نجام ده‌درێت، چونكه‌ ئێمه‌ و كورد براین و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ ناكه‌ین، نه‌ ده‌ست به‌سه‌ر زه‌ویوزاریدا بگیرێ و نه‌ خانووى بڕووخێنرێت له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌م دوو هه‌نگاوه‌ ئاكامى خراپیان به‌دواوه‌ ده‌بێت.

 

(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى بۆ لاى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان؟
مه‌سرور ئه‌لجبوورى: سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وته‌ بۆ ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌ت بۆ كه‌ركووك و كه‌ركووكییه‌كان و له‌هه‌مان كاتدا هیوابه‌خشه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك، من پێم وایه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ به‌رهه‌مى باشى ده‌بێت و ده‌بێته‌ كردنه‌وه‌ى ده‌رگایه‌كى نوێ بۆ عێراق به‌گشتى و ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تى، به‌تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ى عه‌ره‌ب، كه‌ وه‌كوو برا له‌گه‌ڵ كورد بارزانى به‌ سه‌رۆك و رابه‌رى خۆمانى ده‌زانین، ئامانجى سه‌رۆك ئاشكرا و ڕوونه‌، كه‌ هه‌وڵ ده‌دات ناوچه‌كه‌ سه‌قامگیر بێت و ته‌بایى و پێكه‌وه‌ژیان و خۆشگوزه‌رانى له‌ناو پێکهاتەکانیدا هه‌بێت.

 

(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ بارودۆخى ئێستاى كه‌ركووك؟
مه‌سرور ئه‌لجبوورى: بارودۆخى ئێستاى كه‌ركووك زور خراپ و ناله‌باره‌، ڕۆژانه‌ له‌و شاره‌ كێشه‌ و گرفتى ئه‌منى ڕوو ده‌دات، ته‌عەدا له‌ خه‌ڵك ده‌كرێت و كوشتن و دزى و ڕفاندن و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵى هاووڵاتییان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووى به‌ڕاستى بارودۆخه‌كه‌ى تێكداوه‌، خوازیارین بارودۆخى كه‌ركووك بگه‌ڕێته‌وه‌ پێش ڕووداوه‌كه‌ى 16ى ئوكتۆبه‌ر، چونكه‌ پێش ئه‌و ڕووداوه‌، كه‌ركووك سه‌د قات له‌ ئێستاكه‌ى باشتر و ئارامتر بوو.

 

(باس) له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ته‌عریبدایت له‌ كه‌ركووك؟
مه‌سرور ئه‌لجبوورى: نه‌خێر به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین كه‌ پرۆسه‌ى ته‌عریبكردنى كه‌ركووك به‌ڕێوه‌ بچێت، چونكه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ خزمه‌ت به‌ هیچ لایه‌نێك ناكات و دووبه‌ره‌كى و كێشه‌ و گرفت له‌ شاره‌كه‌ دروست ده‌كات، هه‌ر كارێكیش ببێته‌ هۆكارى دووبه‌ره‌كى لەنێوان پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌كانى كه‌ركووك به‌توندى ره‌تى ده‌كه‌ینه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیدا نابین، چونكه‌ زه‌ره‌ر به‌ هه‌موو لایه‌ك دەگەیەنێت و ئاکامى خراپى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، ئێمه‌ لە دژى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ین.

 

(باس) له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌دان بۆ كه‌ركووك؟
مه‌سرور ئه‌لجبوورى: به‌ڵێ، پێشمه‌رگه‌ هێزێكى سه‌ره‌كییه‌ بۆ پاراستنى ناوچه‌كه‌ له‌ ده‌ست تیرۆرستان، ئه‌و به‌رگرى له‌ كه‌ركووك كرد و قوربانی دا له‌پێناو ئه‌وه‌ى نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست تیرۆرستان و ناحه‌زان، ڕێگریى كرد له‌ تێكدانى بارى ئه‌منیى شاره‌كه‌، تا ئێستاكه‌ش ئه‌و خوێنه‌ى كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌خشى له‌ سنوورى كه‌ركووك ماوه‌ته‌وه‌ و وشك نه‌بووه‌ته‌وه‌، هیچ گرفتێكمان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا نییه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وان به‌ براى خۆمان ده‌زانین و پێمان خۆشه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كه.

 

(باس) ئه‌ى سەبارەت بە مانەوەی حه‌شدى شه‌عبى له‌ كه‌ركووك؟
مه‌سرور ئه‌لجبوورى: ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ یه‌ كگرتوو نین و سه‌ر به‌ لایه‌نه‌كانن و ئێستا له‌ناو كه‌ركووك جێگیرن، زیاتر كێشه‌ و گرفت دروست ده‌كه‌ن و ناتوانن كه‌ركووك بپارێزن، له‌گه‌ڵ هێزێكداین كه‌ فه‌رمانى له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ پێ بكرێت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هێزى پێشمه‌رگه‌داین، له‌گه‌ڵ هێزێكدا نین كه‌ نیزامى نه‌بێت، به‌پێى یاسا ده‌بێت پۆلیس بارودۆخى ناوخۆى شاره‌كان بپارێزێت.

 

(باس) راتان له‌سه‌ر ره‌فتاره‌كانى راكان جبووری، پارێزگاره‌ سه‌پێندراوه‌كه‌ى كه‌ركووك چییه‌، كه‌ سه‌ر به‌ هۆزه‌كه‌تانه‌؟
مه‌سرور جبووری: نكۆڵى له‌وه‌ ناكه‌ین كه‌ ئه‌و سه‌ر به‌ هۆزه‌كه‌مانه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌كى گشتى له‌گه‌ڵ ره‌فتاره‌كانیدا نین، چونكه‌ ناڕه‌وا و نایاسایین، ئه‌وه‌ى ئه‌و ئێستا له‌ كه‌ركووك و ده‌وروبه‌رى ده‌یكات، نه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كه‌ركووكه‌ و نه‌ خزمه‌ت به‌ پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تیى نێو پێكهاته‌كان ده‌كات، ئه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌نجامى ده‌دات ره‌تى ده‌كه‌ینه‌وه‌ و پشتگیریى ناكه‌ین.