به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى ئەلقووش: کوردستان بۆ ئاوارە مەسیحییەکان وەک بەهەشتە

"به‌هۆی پاراستنی له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشه‌وه‌، دۆخی ئه‌منیی ناحیه‌ی ئالقووش باشه‌"

19/12/2018 - 14:55 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

 له‌ دیمانه‌یه‌كى هه‌فته‌نامه‌ی (باس)دا، لارا یوسف زارا، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى (ئه‌لئالقووش)ی سه‌ر به‌ قه‌زاى ته‌لكێفی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، كه‌ له‌ پێكهاته‌ى مه‌سیحی ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتووه‌، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی پاراستنی ناحیه‌ى ئالقووش له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشی کوردستانه‌وه‌، دۆخی ئه‌منی ناحییه‌كه‌ باشه‌، ده‌شڵێت: "مه‌سیحییه‌كان له‌ عێراق رووبه‌ڕووى زنجیره‌یه‌ك توندوتیژی بوونه‌تەوه‌، كه‌ بریتین له‌ كوشتن و رفاندن و سه‌ربڕینیان و هه‌ڕه‌شه‌كردن لێیان، ئه‌وانه‌ش هۆكارن بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، به‌ڵام له‌ هه‌رێمى كوردستان دۆخیان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ باشه‌". چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ش ده‌خرێنه‌ به‌ر باس.

 

(باس) دۆخی هه‌نووكه‌ی ته‌ناهیی ناحیه‌ى ئالقووش چۆنه‌؟
لارا یوسف: دۆخی ئه‌منیى ناحیه‌ى ئالقووش باشه‌ و له‌ رووى ئه‌منییه‌وه‌ ناحیه‌كه‌ هێزه‌كانى ئاسایشی کوردستان ده‌یپارێزن، به‌ڵام له‌ ناوچه‌ جیاجیا هاوسنوورییه‌كانمان، دۆخی ئه‌منییان پێچه‌وانه‌ى ناحیه‌ى ئالقووشه‌ و ئه‌وان دۆخی ئه‌منییان باش نییه‌، به‌ڵام له‌ كاتی داگیركاریی داعشدا، كه‌ مووسڵ و چه‌ندین ناوچه‌ى دیكه‌ی داگیر كرد، هه‌ندێك پێشێلكاریى ئەمنی روویان دا، هه‌روه‌ها خەڵک له‌ به‌غدێده‌ و قه‌ره‌قۆش و به‌رتڵه‌ كه‌ ناوچه‌ى مه‌سیحییەکانن، رووبه‌ڕووى پێشێلكارى بوونه‌وه‌، باشبوونى دۆخى ئه‌منى له‌ سه‌نته‌رى ناحیه‌ی ئالقووش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هێزه‌كانى ئاسایش و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ کە له‌ سنوورى هه‌رێم و ده‌شتی نه‌ینه‌وادان و له‌ ناوچه‌كه‌ى ئێمه‌وه‌ نزیكن.

 

(باس) ئه‌و كاته‌ى كه‌ داعش مووسڵی داگیر كرد، دانیشتوانى ناحیه‌ى ئالقووش و ده‌وروبه‌رى ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون؟
لارا یوسف: كاتێك تیرۆریستانی داعش له‌ 6/8/2018 هاتنه‌ ناو سنوورى ده‌شتی نه‌ینه‌وا و چه‌ندین ناوچه‌یان داگیر كرد، خه‌ڵكى ده‌شتی نه‌ینه‌وا و هه‌روه‌ها دانیشتووانى ناحیه‌ى ئالقووش ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون، به‌ڵام پاشان كه‌ پێشمه‌رگه‌ توانیی ته‌له‌سقۆف رزگار بكاته‌وه‌، دانیشتوانى ناحیه‌ى ئالقووش له‌ مه‌سیحی و ئێزیدى گه‌ڕانه‌وه‌ زێدى خۆیان، به‌ڵام به‌هۆی بوونى پێشمه‌رگه‌وه‌ داعش نه‌یتوانى سه‌نته‌رى ناحیه‌ى ئالقووش داگیر بكات و لە کاتێکدا تەنیا 10 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌رى ناحیه‌كه‌وه‌ دوور بوون.

 

(باس) چه‌ند نه‌ته‌وه‌ له‌ ناحیه‌ى ئالقووشدا ده‌ژین؟
لارا یوسف: له‌ سه‌نته‌رى ناحیه‌ى ئالقووش مه‌سیحی و كلدانى هه‌ن و له‌ ده‌وروبه‌رى ناحیه‌كه‌ش له‌ %80ى پێكهاته‌ى ئێزدین و %10ی له‌ پێكهاته‌ى عه‌ره‌بن و رێژه‌یه‌كى كوردی موسڵمانیش هه‌ر له‌ سنوورى گونده‌كانى ناحیه‌ى ئالقووشدا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها رێژه‌یه‌كى كه‌مى ئاشووریش له‌ سنوورى ناحیه‌كه‌ هه‌ن و ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵداین بۆ بره‌ودانى ژیانێكى ئاشتییانه‌ له‌نێوان نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ و ئایینه‌ جیاجیاكانى سنوورى ناحیه‌ى ئالقووش، بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر ببێته‌ نموونه‌یه‌كى جوان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌گشتی.

 

(باس) بۆچی مه‌سیحییه‌كانى عێراق رۆژ له‌دواى رۆژ زیاتریان به‌ره‌و هه‌نده‌ران ده‌ڕۆن؟
لارا یوسف: ئه‌وان بۆ ژیانێكى باشتر روو له‌ هه‌نده‌ران ده‌كه‌ن، بۆ ژیانێك كه‌ مرۆڤ تیایدا ئازاد بێت، مه‌سیحییه‌كان له‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو رووبه‌ڕووى پێشێلكارى ده‌بنه‌وه‌ و حكوومه‌تیش مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر ناكات، مه‌سیحییه‌كان له‌ عێراق رووبه‌ڕووى كوشتن و رفاندن و سه‌ربڕین و هه‌ڕه‌شه‌ دەبنەوە، ئه‌وانه‌ش هۆكارن بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، هه‌روه‌ها پێكهاته‌ى ئێزیدیش رووبه‌ڕووى ئه‌و پێشێلكارییانه‌ بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دۆخى مه‌سیحییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان زۆر باشه‌ و ئه‌وان له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ له‌ ژیانێكى باشدان و له‌ هه‌رێم جیاوازى له‌نێوان هاووڵاتییاندا ناكرێت، واتا هاووڵاتیی پله‌ یه‌ك و پله‌ دوو نییه‌، ته‌نانه‌ت له‌ بازگه‌كاندا كاتێك مه‌سیحییه‌كان له‌ شاره‌كانى عێراقه‌وه‌ روو له‌ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، هه‌ر كه‌ بزانن مه‌سیحین پێشوازییه‌كى باشیان لێ ده‌كرێت.

 

(باس) ده‌گوترێ مه‌سیحییه‌كانى شارى مووسڵ تا ئێستاش ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌یان؟
لارا یوسف: تا ئێستاش مه‌سیحییه‌كان ژیانیان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌ و هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مووسڵ، مه‌سیحییه‌كان له‌ قوربانیداندا پشكی شێریان به‌ركه‌وتووه‌، ئه‌وان ژیانیان مسۆگه‌ر نییه‌ تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ و كه‌سیش نییه‌ ژیانی ئاواره‌یی پێ خۆش بێت، هه‌ر باشه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستانمان هه‌یه‌ و مه‌سیحییه‌كان له‌وێ ئاواره‌ن، ده‌توانم بڵێم بووه‌ته‌ به‌هەشت بۆ مه‌سیحییه‌كان، به‌ڵام هه‌ر ئاواره‌ن، چونكه‌ خه‌ڵكى مووسڵ و شوێنه‌كانى دیكه‌ن و له‌ ناوچه‌كانی خۆشیان هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره‌.

 

(باس) له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا سه‌ردانى كونسوڵخانەی ئه‌مەریكاتان له‌ هه‌ولێر كرد، ئامانج له‌و سه‌ردانه‌تان چی بوو؟
لارا یوسف: كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ سه‌ركونسوڵی ئه‌مەریكا له‌ شارى هه‌ولێر ساز دا و تیایدا بارودۆخی مه‌سیحییه‌كانمان تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها باسی لایه‌نه‌كانى ئه‌منى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تی و دۆخى مه‌سیحییه‌كانمان كرد به‌گشتی، هه‌روه‌ها لایه‌نى گه‌شتیارى كه‌ بتوانرێ په‌ره‌ى پێ بدرێت و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌ مه‌سیحییه‌كانیش فه‌رامۆش كراون، قسه‌مان كرد كه‌ چۆن بتوانین كار بكه‌ین بۆ بوژانه‌وه‌ى ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌ مه‌سیحییه‌كان، كه‌ به‌شێكن له‌ كولتوورى مه‌سیحییه‌كان، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌لایه‌ن كونسوڵخانەی ئه‌مەریكاوه‌ بایه‌خ به‌و بابه‌تانه‌ درا، به‌تایبه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندن كرا بۆ ئه‌وه‌ى میكانزیمێك بدۆزرێته‌وه‌ بۆ بره‌ودان به‌ ناوچه‌ گه‌شتیارى و مێژووى و كولتوورییه‌كان، هه‌روه‌ها قسه‌مان ده‌رباره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان كرد بۆ زێدى خۆیان، ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانیى به‌كرداركردنی ئه‌و پێشنیار و هه‌ڵسه‌نگاندانه‌ین له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع.

 

(باس) وه‌زیری نوێی نیشته‌جێكردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى حكوومه‌تی عێراق، هیچ كارێكى بۆ ناوچه‌كه‌تان كردووه‌؟
لارا یوسف: داوام له‌ وه‌زیری نیشته‌جێكردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق كرد، كه‌ رێگه‌مان بدا به‌گوێره‌ى یاسا بۆ دابه‌شكردنى زه‌وى به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا له‌ ناحیه‌ى ئالقووش، هه‌روه‌ها ئه‌و زه‌وییانه‌ش هه‌ر بدرێت به‌ خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌ له‌ گۆڕینی دیموگرافیاى ناوچه‌كه‌ بگرین، له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زیری نیشته‌جێكردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ هه‌ر زوو وه‌ڵامى داواكارییه‌كه‌مانى دایه‌وه‌ و ره‌زامه‌ندیى نیشان دا و یه‌كسه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیی شاره‌وانیى نه‌ینه‌وای راسپارد بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و زه‌وییانه‌ له‌ ناحیه‌ى قوش دابه‌ش بكرێ، له‌م چه‌ند رۆژه‌ى داهاتوودا ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ دابه‌شكردنى زه‌وییه‌كان.

 

(باس) چ ئومێدێكتان به‌ حكوومه‌تى داهاتووى هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، كه‌ ده‌ستی خزمه‌تگوزارى بگه‌یه‌نێته‌ ناحیه‌ى ئالقووش و ده‌وروبه‌رى؟
لارا یوسف: حكوومه‌تى خۆجێیی نه‌ینه‌وا له‌ رووى خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ناوچه‌كه‌مانى فه‌رامۆش كردووه‌ و ئه‌وه‌یشی كه‌ كرابێت وه‌ك پێویست نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، پێش قه‌یرانى دارایی پاڵپشتی كراوین بۆ جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كان، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانه‌وه‌ ئه‌وه‌ش نه‌ما و ئومێدمان به‌ كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌دا به‌ سه‌رۆكایه‌تیى رێزدار مه‌سرور بارزانى، پێكبهێنرێت و ده‌ستی ئاوه‌دانى بگه‌یه‌ننه‌ ناحیه‌ى ئالقووش.

 

(باس) ئایا میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی له‌ پێشێلكارییه‌كانیان له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا هەر به‌رده‌وامن؟
لارا یوسف: حه‌شدى شه‌عبی له‌ چه‌ندین ناوچه‌ى جیاجیای سنوورى ده‌شتی نه‌ینه‌وادا هەن و ئه‌وان رێز له‌ هاووڵاتییان ناگرن و پێشێلكاریى جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌ده‌ن.