به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی كه‌ركووك: له‌ بازگه‌كان میلیشیاكان سه‌رانه‌ له‌ شۆفێران و كاسبكاران وه‌رده‌گرن

"به‌ سه‌دان كه‌س كه‌ ئێستا نیشته‌جێی شارى كه‌ركووكن‌ به‌پێی ماده‌ى 4ی تیرۆر داواكراون"

17/12/2018 - 13:46 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

له‌ دیمانه‌یه‌كى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا عه‌مید ئیدریس ره‌فعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی كه‌ركووك، باس له‌ دۆخی هه‌نووكه‌یی شارى كه‌ركووك ده‌وروبه‌رى ده‌كات و ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، داعش له‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك به‌ ئاره‌زووی خۆیان ده‌سووڕێنه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ حیسابێك بۆ ده‌زگا ئەمنییەکانی ئێستاى كه‌ركووك بكه‌ن و له‌ناو شاریش شانه‌ نووستووه‌كانیان به‌هێز كردووه‌.

 

(باس) ڕه‌وشی هه‌نووكه‌یی شاری كه‌ركووك له‌ ڕووی ته‌ناهییه‌وه‌ چۆنه‌؟
ئیدریس رفعه‌ت: له‌دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی رابردوو، كه‌ كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ داگیر كرا و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت دۆخی ته‌ناهیی شارى كه‌ركووك باش نییه‌، به‌ حوكمى بوونى گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان و مه‌فره‌زه‌كانى داعش له‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك جموجۆڵیان هه‌یه‌ و ده‌سووڕێنه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ حیسابێك بۆ ده‌زگا ئەمنییەکانی ئێستاى ناو كه‌ركووك بكه‌، هه‌روه‌ها داعش له‌ناو كه‌ركووكیش ده‌ستیان به‌ خۆ رێكخستنه‌وه‌ كردووه‌ و شانه‌ نووستووه‌كانیشیان به‌هێز كردووه‌ و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ دزى و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان بووه‌ته‌ دیاره‌ و شه‌وانه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ و ژماره‌ى ته‌قینه‌وه‌ و كوشتن و بڕین و رفاندنیش زیادى كردووه‌.

 

(باس) ئه‌ى دۆخی ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك به‌تایبه‌ت جموجۆڵه‌كانی داعش چۆنه‌؟
ئیدریس ره‌فعه‌ت: ئێستا ناو شارى كه‌ركووك هێزه‌كانى دژه‌ تیرۆری عێراقی لێیه‌ و ده‌ره‌وه‌ی شارى كه‌ركووكیش میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی و پۆلیسی فیدڕاڵی سه‌ر به‌ حكوومه‌تى عێراقی لێیه‌، كه‌چی تیرۆریستانى داعش به‌ ئاره‌زووى خۆیان ده‌سووڕێنه‌وه‌ و كرده‌وه‌ى توندوتیژی دژ به‌ هاووڵاتییان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌وان له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ ئاماژه‌م بۆ كردن، هیچ رێگرییه‌كیان لێ ناكرێت، بۆیه‌ تیرۆریستان جموجۆڵیان زیادی كردووه‌، چونكه‌ ده‌زانن هیچ هێزێك نییه‌ رووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ته‌نیا مه‌گه‌ر پارێزگارى له‌ خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام زۆر جار ئه‌وانیش له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ لێیان ده‌درێت.

 

(باس) تاوه‌كوو هێزه‌كانى ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سنوورى كه‌ركووك، دۆخی ته‌ناهیی پارێزگاكه‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌؟
ئیدریس ره‌فعه‌ت: نه‌خێر ئاسایی نابێته‌وه‌، پێش 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی ڕابردوو، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ته‌وقێكى ته‌ناهییان له‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك دروست كردبوو و له‌ناو شاریش هێزه‌كانى ئاسایش رۆڵێكى به‌رچاویان هه‌بوو بۆ به‌رقه‌راربوونی دۆخی ته‌ناهیی شاره‌كه‌، به‌ڵام له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی رابردووه‌وه‌، كه‌ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش له‌ سنوورى كه‌ركووك نه‌مان، بۆیه‌ دۆخی ته‌ناهیی پارێزگاكه‌ تێك چووه‌ و باش نابێت تا ئه‌وكاته‌ى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

 

(باس) به‌پێی زانیارییه‌كانى ئێوه‌ هیچ هه‌وڵێكى جدیی هه‌یه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی كه‌ركووك؟
ئیدریس ره‌فعه‌ت: سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌غدا، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌شێكى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی كه‌ركووك بووه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ ئێمه‌ بیزانین هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركووك و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لێژنه‌ش پێكهێنراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك لایه‌نى ئه‌منى له‌و لێژنه‌یه‌دا نیین، به‌ڵكوو ته‌نیا ئاگادارین كه‌ هه‌وڵی به‌و شێوه‌یه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دۆخی كه‌ركووك ئاسایی بكرێته‌وه‌ و كۆتایی به‌ داگیركارى و به‌سه‌ربازگه‌كردنى كه‌ركووك بهێنرێت.

 

(باس) دەگوترێ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی له‌ سنوورى كه‌ركووك سه‌رانه‌ له‌ كاسبكاران وه‌رده‌گرن؟
ئیدریس ره‌فعه‌ت: هه‌ر له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا، میلیشیاكان له‌ كه‌ركووك چه‌ندین ماڵیان به‌تاڵان بردووه‌، پاش ئه‌وه‌ى هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و ماڵانه‌، هه‌چی پاره‌ و زێڕی هەیانبووە بردوویانە، ئه‌وانیش پاڵپشتی ده‌كرێن، له‌ بازگه‌كانیش میلیشیاكان سه‌رانه‌ له‌ شۆفێران و كاسبكاران وه‌رده‌گرن.

 

(باس) پرۆسه‌ى ته‌عریب چۆن له‌ پارێزگاى كه‌ركووك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت؟
ئیدریس ره‌فعه‌ت: كه‌ركووك ئێستا رووبه‌ڕووى ته‌عریب بووه‌ته‌وه‌ و میلیشیاكان و پارێزگارى سه‌پێنراوى كه‌ركووك ژمارەیەکی زۆر عه‌ره‌بیان هێناوه‌ته‌ كه‌ركووك، به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌به‌كانى سنوورى قه‌زاى حه‌ویجه‌، كورده‌كان له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ ته‌هدید ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ى شاره‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن، هه‌روه‌ها به‌ سه‌دان كه‌س كه‌ ئێستا نیشته‌جێی شارى كه‌ركووكن، داواكراون به‌ ماده‌ى 4ی تیرۆری یاسای سزادانی عێراقی، به‌ڵام ئه‌وان ئێستا ئازادانه‌ له‌ناو شارى كه‌ركووك ده‌سووڕێنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ناوى ئه‌و كه‌سانه‌مان لایه‌ و زانیاریمان له‌سه‌ریان هه‌یه‌ كه‌ تۆمه‌تبارن.

 

(باس) ئه‌ى سه‌باره‌ت به‌ داگیركردنى زه‌ویى جووتیارانی كورد له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك؟
ئیدریس ره‌فعه‌ت: ئه‌وه‌ش ته‌عریبێكى تره‌ و هانى ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان ده‌ده‌ن جارێكى تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ سنوورى كه‌ركووك و ئه‌وان به‌ نووسراوى كاتى به‌عس ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زه‌ویى جووتیارانى كورد، له‌دواى ساڵی 2005ه‌وه‌ ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى بڕگه‌یه‌كى ماده‌ى 140ی ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراق قه‌رەبوو كرانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ زێدى خۆیان، به‌ڵام ئێستا جارێكى تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك، ئه‌وان له‌لایه‌ن ئیداره‌ى كه‌ركووكه‌وه‌ پاڵپشتییه‌كى ته‌واو ده‌كرێن.