بەرپرسێکی پێشمه‌رگه‌: رۆژ بە رۆژ جموجۆڵ و ژماره‌ى تیرۆریستانی داعش له‌ سنوورى كه‌ركووك زیاد ده‌كات

"هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ هاوكاریكردنى پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕووى لۆجستی و ڕاهێنانه‌وه‌ به‌رده‌وامن"

30/11/2018 - 09:11 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

له‌ دیمانه‌یه‌كى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا، فه‌ریق جه‌مال ئیمنكی، سوپاسالاری وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، رۆژ له‌دواى رۆژ جموجۆڵ و ژماره‌ى تیرۆریستانی داعش له‌ سنوورى كه‌ركووك و شوێنه‌كانى تر زیاد ده‌كات و هێزه‌ عێراقییه‌كانیش وه‌ك پێشمه‌رگه‌ ناتوانن ناوچه‌كه‌ بپارێزن، ده‌شڵێت: "دواى كشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تر، پرۆسه‌ى ته‌عریب ده‌ستی پێ كردووه‌ و ته‌عه‌دا له‌ كورد ده‌كرێت".

 

(باس) جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیركراوه‌كان له‌ چ ئاستێكدایه‌؟
جه‌مال ئیمنكی: ئێستا رۆژ به‌ رۆژ جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش زیاد ده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌ سنوورى كه‌ركووك و خانه‌قین و مه‌خموور، هه‌روه‌ها سنوورى پارێزگاى نه‌ینه‌وا، زۆریی جموجۆڵی ئه‌و تیرۆریستانه‌ بۆ بۆشایی ته‌ناهی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌و ناوچانه‌، كه‌ هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانى عێراق ناتوانن هاوشێوه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ بیپارێزن، زۆر ده‌رڤه‌ر هه‌یه‌ له‌ سنوورى مه‌خموور و كه‌ركووك و خانه‌قین و چه‌ند شوێنێكى تر، تاوه‌كوو ئێستا له‌ داعش پاك نه‌كراونه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ناوچه‌ى حه‌مرین و چیای مه‌كحول و هه‌روه‌ها له‌ چیای ئه‌شكه‌وت له‌ ناوچه‌ى حه‌ربانه‌شدا هه‌ن و ژماره‌ى چه‌كداره‌ تیرۆریستییه‌كانیش له‌ زیادبووندایه‌، به‌پێی زانیارییه‌كان له‌ سنوورى سووریاوه‌ تیرۆریستان دێنه‌ ناو خاكى عێراقه‌وه‌، هه‌روه‌ها كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیشیان رۆژ له‌دواى رۆژ له‌زیادبووندان.

 

(باس) واتا دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی رابردوو، كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی داعش له‌و ناوچانه‌ى كه‌ ئاماژه‌ت بۆی كرد زیاتر بوونه‌؟
جه‌مال ئیمنكی: دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی ڕابردوو و هاتنی له‌شكرى عێراق بۆ كه‌ركووك و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانى تر، بۆشاییه‌كى ته‌ناهیی یه‌كجار زۆر دروست بوو و ئه‌وان توانایان نییه‌ وه‌ك پێویست رووبه‌ڕووى تیرۆریستان ببنه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و هێزانه‌ له‌توانیاداندا نییه‌ ئه‌و سنوورانه‌ تاوه‌كوو سنوورى سووریا كۆنترۆڵ بكه‌ن، ئێستا كار گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى تیرۆریستانى داعش له‌ زۆر ناوچه‌ به‌ ئاشكرا هاتوچۆ ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ هێزێك هه‌بێت رووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌.

 

(باس) ئایا ئێستا داعش له‌توانایدا هه‌یه‌ شار یاخود شارۆچكه‌یه‌ك داگیر بكات؟
جه‌مال ئیمینكی: هه‌ڵبه‌ته‌ ئێستا ئه‌و ئیمكانیه‌ته‌ى پێشتریان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، ئه‌وان ته‌كتیكی خۆیان گۆڕیوه‌ و بۆ ئه‌وان ڕوون بووه‌وه‌ كه‌ لە داگیركردنى شارێك یاخود شارۆچكه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو نابن و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانى دژ به‌ داعش تا ئێستا پاڵپشتیی هێزه‌كانى عێراقی ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ ڕووى هێرشی هه‌واییه‌وه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانى داعش له‌ ناوچه‌ جیاجیاكان، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ناتوانن وه‌ك پێشتر شار داگیر بكه‌ن، به‌ڵام ژماره‌یان رۆژ له‌دواى رۆژ زیاد ده‌كات، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات بۆ داهاتوو ڕه‌نگه‌ جارێكى تر شاریش بكه‌وێته‌وه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و داگیركردنیان، به‌تایبه‌ت شارێكى وه‌ك مووسڵ.

 

(باس) هێشتا هێزه‌كانى هاوپه‌یمان له‌ هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وامن؟
جه‌مال ئیمنكی: به‌ڵێ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ هاوكاریكردنى پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕووى لۆجستی و ڕاهێنانه‌وه‌ به‌رده‌وامن.

 

(باس) له‌م رۆژانه‌ى رابردوودا جارێكى تر باس له‌وه‌ ده‌كرا، كه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ى یه‌كه‌كانى حه‌فتا و هه‌شتا، ئایا ڕێكارى ئه‌و یه‌كگرتنه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌؟
جمال ئیمنكی: تا ئێستا هیچ ڕێكارێك سه‌باره‌ت به‌و یه‌كگرتنه‌ له‌ ئارادا نییه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى چاكسازى و راوێژكارانی ئه‌ڵمانى و به‌ریتانی، ماوه‌ى دوو ساڵه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كار ده‌كه‌ن بۆ 35 خاڵ بۆ چاكسازى، كه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو، یه‌كێك له‌و 35 خاڵه‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ى یه‌كه‌كانى حه‌فتا و هه‌شتای تێدایه‌، یه‌كگرتنه‌وه‌ى ئه‌و دوو یه‌كه‌یه‌ش كاتى ده‌وێت و بابه‌تێكى ئاسان نییه‌.

 

(باس) مۆڕاڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ پردێ و به‌ره‌كانى دیكه‌ چۆنه‌؟
جه‌مال ئیمنكی: پێشمه‌رگه‌ له‌ پردێوه‌ تاوه‌كوو رۆژئاواى دیجله‌ مۆڕاڵێكى به‌رزیان هه‌یه‌ و له‌ ئاماده‌باشیدان و به‌ره‌كانى جه‌نگ قایمتر ده‌كه‌ن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى روودانى هه‌ر ئه‌گه‌رێكى نه‌خوازراو، ئه‌وان بۆ پاراستنی خاكى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌نگه‌ره‌كاندان.

 

(باس) ناوبه‌ناو هاوپه‌یمانان له‌ چیای قه‌ره‌چۆخ بۆردومانى تیرۆریستانى داعش ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌و بۆردومانانه‌ به‌ هاوئاهەنگی و هاوكاریى پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێن؟
جه‌مال ئیمنكی: بەڵێ هاوئاهه‌نگیی باش له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانى هاوپه‌یماناندا هه‌یه‌ و تیمه‌كانى هاوپه‌یمانان به‌رده‌وام سه‌ردانى میحوه‌رى مه‌خموورى پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ زانیارییه‌كانیان له‌سه‌ر تیرۆریستانى داعش به‌ تایبه‌ت له‌ سنوورى ده‌شت و دۆڵه‌كانى قه‌ره‌چۆخ ده‌ده‌نه‌ هاوپه‌یمانان و ئه‌وانیش بۆردومانیان ده‌كه‌ن.

 

(باس) دواى‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی ڕابردوو له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیركراوه‌كانى تر، دۆخی خه‌ڵك له‌و سنوورانه‌ چۆنه‌؟
جه‌مال ئیمنكی: دۆخی ئه‌منیى خه‌ڵك له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانى تر له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ خراپه‌ و ئێستا هێزێكى سه‌ربازیى به‌سه‌ر كه‌ركووكدا سه‌پێنراوه‌ و پارێزگارێكى سه‌پێنراو بۆ ئه‌و شاره‌ سه‌پاوه‌ و له‌ سایه‌ى ئه‌واندا پرۆسه‌ى ته‌عریبكردن ده‌ستی پێ كردووه‌ و ئه‌و ته‌عریبه‌ش هاوشێوه‌ى ته‌عریبی سه‌رده‌مى به‌عس ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ته‌عه‌دا له‌ كورد ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركووك و داقووق و خورماتوو و ناوچه‌كانى تر، دۆخی كورد به‌بێ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و سنوورانه‌ رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات.