رەهبەر سەید برایم: کۆسرەت ڕەسووڵ ڕازی نەبێت ئێمە هیچ شتێک ناکەین

”مەلا بەختیار لە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو یەکێتی نیگەرانە“

29/11/2018 - 13:40 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

 

ڕەھەبەر سەید براھیم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنی ئەو حزبە، لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا ڕای گەیاند، کۆسرەت ڕەسووڵ لەناو یەکێتی خاوەنی بڕیارە و ھیچ کەسێک ناتوانێ جێگە بە کۆسرەت ڕەسووڵ لێژ بکات، یان دەسەڵاتەکانی سنووردار بکات.

 

 

(باسنیوز): بەھۆی کۆچی دوایی مام جەلال، کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی بە شێوەیەکی بەرچاو زەق بوونەتەوە و ناکۆکی زۆری لەناو ڕیزەکانی یەکێتی دروست کردووە و ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بوایە یەکێتی ڕووبەڕوی ئەم کێشانە دەبوویەوە؟

ڕەھبەر سەید براھیم: کۆچی دوایی ھەڤاڵ مام جەلال، نەوەکوو بۆ یەکێتی، بەڵکوو بۆ کوردستان و عێراقیش بۆشاییەکی گەورەی دروست کردووە، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی گشتی بارودۆخی یەکێتی زۆر باشە و ڕیزەکانی یەکێتی ھێندەی ئێستا ڕێکوپێک نەبووە، ڕەنگە بۆچوونی جیاواز لەسەر ھەندێک شتی لاوەکی ھەبێت، بێگومان ئەوە حاڵەتێکی ئاساییە و یەکێتی ھەمیشە بۆچوونی جیاوازی ھەبووە، بەڵام وەکوو کێشەی ناوخۆیی، ئێستا کێشەی ناوخۆییمان نییە". 

 

(باسنیوز) ئێستا لەناو یەکێتی کێ خاوەنی بڕیارە؟

ڕەھبەر سەید براھیم: بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەنابی کۆسرەت ڕەسووڵ ئێستا لەناو یەکێتی خاوەنی بڕیارە، بێگومان کاک کۆسرەت بڕیاری فەرمی دەردەکات، بەڵام بۆ زۆربەی پرسەکان ڕاوێژ بە مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی ڕێکخستن و کوڕەکانی مام جەلال و لاھوور جەنگی دەکرێت".

 

(باسنیوز) بەڵام کوڕەکانی مام جەلال لەناو یەکێتی پۆستێکی دیاریکراویان نییە، ئایا پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی ڕێگەی بەوە داوە کوڕەکانی مام جەلال سیاسەت بۆ یەکێتی دابڕێژن؟

ڕەھبەر سەید براھیم: لە مێژووی خۆماندا ھەمیشە ئەو کەسانە ڕێزیان لێگیراوە و حیسابی تایبەتیی خۆیان ھەیە، بێگومان ئەوانیش دەتوانن کاری باش بکەن، چونکە ئارەزوویانە خزمەتی یەکێتی بکەن، بۆیە لەبەر ڕێز و گەورەیی ھەڤاڵ مام جەلال، ھەموومان ڕێزێکی زۆر لە کوڕەکانی بەڕێز مام جەلال دەگرین".

 

(باسنیوز) تا چەند قەبووڵی دەکەن کوڕەکانی تاڵەبانی دەست وەربدەنە ئیش و کارەکانی یەکێتی؟

ڕەھبەر سەید براھیم: کوڕەکانی مام جەلال، دەستیان وەرنەداوەتە ئیش و کارەکانی یەکێتی، ھەموو شتێک لەناو یەکێتیدا بە ڕاوێژ و گفتوگۆ بووە، مەسەلەن بوونی بەرھەم ساڵح بە سەرۆک کۆمار، بڕیاری سەرکردایەتی بووە و ئەوانیش کاریان بۆ کردووە.

 

(باسنیوز) چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن، بەھۆی فراوانبوونی دەسەڵاتی  کوڕەکانی مام جەلالەوە، ڕۆڵی کۆسرەت ڕەسوڵ لاواز بووە، ئەوە کێشە بۆ یەکێتی دروست ناکات؟

ڕەھبەر سەید براھیم: بەڕێز کاک کۆسرەت، لەگەڵ کوڕەکانی مام جەلال نێوانی زۆر خۆشە و دەسەڵاتی کاک کۆسرەت لاواز نەبووە، چونکە تاوەکوو ئێستا کە نووسراومان بۆ دێت، واژۆی کۆسرەت ڕەسووڵی پێوەیە و خودی خۆم بە فەرمانی کاک کۆسرەت کراوم بە لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی. هەروەها قادر عەزیز و بەرپرسی مەڵبەندەکان بە واژۆی کۆسرەت ڕەسووڵ پۆستیان وەگرتووە، بۆیە ھیچ کەسێک لەناو یەکێتی ناتوانێ جێگە بە کاک کۆسرەت لێژ بکات. ھەرچەندە ئێستا کاک کۆسرەت تەندروستی وەک جاران باش نییە و گڕوتینەکەی جارانی نەماوە، بەڵام بۆ کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، ئەو بڕیار دەدات، تاوەکو ئەو ڕازی نەبێت، ئێمە ھیچ شتێک ناکەین.

 

(باسنیوز) بەھۆی گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ناو ڕیزەکانی یەکێتی کۆمەڵێک نیگەرانی درووست بوو، ئایا ئەو نیگەرانییانە کێشەکانی یەکێتی زەق ناکاتەوە؟

ڕەھبەر سەید براھیم: لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتیدا بە کۆی دەنگ بەرھەم ساڵح بوو بە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ڕاستە ھەندێک کەس لەناو یەکێتی پێی ناخۆش بوو، بەڵام زیاتر کاک مەلا بەختیار پێی ناخۆش بوو، بۆیە ئێستا لە ماڵەوە دانیشتووە و بەشداریی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی ناکات. ھەرچەندە کاک کۆسرەت ڕەسوڵ دوو جار سەردانی کاک بەختیاری کردووە، بەڵام ئامادە نەبووە بگەڕێتەوە کۆبوونەوەکانی ناو یەکێتی، بۆیە ئێستا مەلا بەختیار دڵی لە یەکێتی شکاوە، ھەرچەندە ئەو کەسێکی تێکۆشەر بووە، یەکێکە لە کەسایەتییە سیاسییەکان و لە مەیدانی عەمەلیدا پیاوێکی قارەمان بووە و بەشداریی ھەموو شەڕەکانی یەکێتی کردووە. بێگومان ڕاستە کە مەلا بەختیار شەڕی ٢٢ کۆپتەری کردووە، ھەرچەندە  ٢٢ کۆپتەر نەبووە و زیاتر بووە، بەڵام ئەوە مێژووە و کاک ئازادی سەگرمە و سامان گەرمیانی شاھیدن، دواجار ئەوکاتە شەڕی ئێران و عێراق بووە، ھەموو دونیا پشتگیریی عێراقی کردووە و کۆپتەر لە ڕیشۆڵە زۆرتر بووە، بۆیە ئەوەی مەلا بەختیار ڕاستە و شەڕی ٢٢ کۆپتەر زیاتری کردووە، بەڵام ئەو شەڕانەی ڕابردوو ناتوانین بگێڕینەوە. خودی خۆم ڕۆژێک بە کاک بەختیارم گوت، بە حەوت پێشمەرگەوە مەعەسکەرێکم گرتووە، بەڵام لەبەر کۆپتەرەکان ناوێرم بیگێڕمەوە، ئەترسم خەڵک بیکات بە ھەرا".

 

(باسنیوز) ئەوانەی پێشر لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوون، ئێستا ئەو پڕۆسەیە بە ھەڵە ناو دەبەن، تا چەند گەشبینی لە ئایندەدا کورد ڕیفراندۆم وەک کارتێکی فشار بەکار دەھێنێت؟

ڕەھبەر سەید براھیم: ھەموومان لەگەڵ ڕیفراندۆم بووین، ئەوانەشی لەدڵەوە لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبوون، بەڵگە ھەیە کە لەگەڵ ڕیفراندۆم بوون، بەتایبەتی مامۆستا عەلی باپیر و عومەری سەید عەلی دەنگیان بە ڕیفراندۆم داوە، دواجار ڕیفراندۆم بووە بە بەڵگەیەکی مێژوویی و تازە کورد ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامداوە، بۆیە ھیوادارین بۆ ئایندە گەلی کورد سوود لەو ڕیفراندۆمە ببینێت.

 

(باسنیوز) ئەگەر سەرۆک بارزانی دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنێت، تۆ پاڵپشتی دەکەیت؟

ڕەھبەر سەید براھیم: بەڵێ، ئەگەر بارزانی یان ھەر کەسێک دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنێت پشتگیری دەکەم، خوا دەکات ئەو ئاواتەمان دێتە دی، بە ئاواتەوەم خەونی دەوڵەتی کوردی بێتە دی، چونکە ئەوە ئاواتی حەزرەتی حاجی قادری کۆیی و ئەحمەدی خانییە، بۆیە بەھەموو شێوەیەک پشتگیری دەکەم.

 

(باسنیوز) یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پشتی بە سیستەمی زۆرینە و کەمینە بەست، بۆچی ئێستا ڕازی نابن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پارتی وەک زۆرینە حکوومەت پێکبھێتێت؟

ڕەھبەر سەید براھیم: ھەرچەندە من ئەندامی وەفدی دانوستکاری کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی نیم، بەڵام یەکێتی قورسایی خۆی ھەیە و ئێمە خۆمان بە سەرکەوتوو دەزانین، چونکە سەرۆکی لیستەکەمان دەنگی زیاتری لە ھەموو سەرۆک لیستەکان ھێناوە، ھەروەھا لە زۆنی سەوز ئێمە بووینەتەوە بە ھێزی یەکەم و بێگومان لە کوردستان دەبینەوە بە حزبی دووەم.

 

(باسنیوز) دەنگۆی ئەوە ھەیە کە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دوو جێگری ھەبێت، بزووتنەوەی گۆڕان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ داوای جێگرێک دەکات، ئایا ئەمە کێشە بۆ ئێوە و یەکێتی دروست ناکات؟

ڕەھبەر سەید براھیم: ئێمە باوەڕمان بە شەراکەتی ڕاستەقینە ھەیە، ھەرچەندە ھەندێک لایەنی سیاسی خۆیان دەڵێن ئێمە دەبینەوە بە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران پێویستی بە یەک جێگر ھەیە.

 

(باسنیوز) ئەگەر یەکێتی و پارتی پێکەوە حکوومەت پێکبھێنن، تا چەند حکوومەتێکی بەھێز دەبێت؟

ڕەھبەر سەید براھیم: پێشتر یەکێتی و پارتی پێکەوە حکوومەتیان بە شێوەیەکی باش بەڕێوە بردووە و ھیچ کێشەی ئارامی و مووچە ڕووی نەداوە، بێگومان ئێستاش یەکێتی و پارتی پێکەوە دەتوانن حکوومەت بەڕێوە بەرن کە حکوومەتەکە لە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت.

 

(باسنیوز) بەھۆی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان ساردی کەوتە نێوان پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، ئێستا پەیوەندیی پارتی و یەکێتی لە چ ئاستێکدایە؟

ڕەھبەر سەید براھیم: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی ئاسایی بووەتەوە، ھەرچەندە گلەیی و نیگەرانی ھەبووە، بەڵام کار نەگەیشتووەتە ئەوەی کە ئەو دوو حزبە بایکۆتی یەکتری بکەن، چونکە یەکێتی و پارتی بەبێ یەکتر ھەڵناکەن و نامانەوێ پەیوەندییەکانمان ساردییان تێ بکەوێت.

 

(باسنیوز) ئەگەر پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرن، کێ بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکەن؟

ڕەھبەر سەید براھیم: تاوەکو ئێستا قوباد تاڵەبانی بۆ ئەو پۆستە دیاری کراوە، چونکە یەکێتی و لایەنگرەکانمان لێی ڕازی بوون.

(باسنیوز) وابڕیارە دوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکێتی کۆنگرەی چوارەم ببەستێت، ئایا ئەمجارە لەناو یەکێتی شتێک دەمێنێ بەناوی پۆستی سکرتێری گشتی؟

ڕەھبەر سەید براھیم: پڕۆژەی کۆنگرە ئامادە کراوە، بەڵام کۆنگرە بڕیار لەسەر پۆستی سکرتێری گشتی دەدات، بۆیە تاوەکوو بەستنی کۆنگرە، ئێمە ناتوانین قسە و باس لەسەر پۆستەکانی یەکێتی بکەین.