رۆمیۆ هه‌كارى، سكرتێرى گشتیى حزبى دیمو‌كراتى بێت نه‌هرێن، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا، ئاماژه به خراپیی بارودۆخى مەسیحییهكانى ده‌شتى نه‌ینه‌وا به ده‌ست حه‌شدى شه‌عبییه‌وه و چه‌ند پرسێكى دیكه، ده‌كات.
(باس) چۆن ده‌ڕوانیته مه‌ترسییه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له‌سه‌ر مه‌سیحییه‌كان؟
ڕۆمیۆ هه‌كاری: ئه‌و ناوچانه‌ى كه نزیكن له هه‌رێمى كوردستانه‌وه، هیچ مه‌ترسییان له‌سه‌ر نییه، به‌ڵام ئه‌و ناوچانه‌ى كه له حكوومه‌تى عێراقه‌وه نزیكن، وه‌كوو ناوچه‌ى ده‌شتى نه‌ینه‌وا، به‌ڵێ مه‌ترسی له‌سه‌ر مه‌سیحییه‌كان هه‌یه، چونكه له ڕووى ئه‌منییه‌وه سه‌قامگیریى ته‌واوى به‌خۆوه نه‌بینیوه، كه ئه‌مه‌ش بوه‌ته هۆكارى ئه‌وه‌ى ئه‌و خێزانه مه‌سیحییانه‌ى له‌سه‌رده‌مى داعش ئاواره بوون، ئێستا نه‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانیان، ئێمه پێمان وایه، كه ناكرێت حه‌شدى شه‌عبى وه‌كوو هێزێكى سه‌ربازى له‌ناو شار و شارۆچكه‌كاندا جێگیر بكرێت، به‌تایبه‌ت له گونده‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و ده‌بێ له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه بن، چونكه ئه‌وان ئه‌ركیان پاراستنى ناوچه‌كانه، نه‌ك فایلى ئه‌منیى ئه‌و ناوچانه بگرنه ده‌ست، دواى ڕزگاركردنى ده‌شتى نه‌ینه‌وا له ده‌ستى داعش له لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه، كێشه بۆ مه‌سیحییه‌كانى ئه‌و ناوچه‌كه دروست بووه.
(باس) دۆخى مه‌سیحییه‌كانى كه‌ركووك چۆنه؟
ڕۆمیۆ هه‌كارى: ئێستا مه‌سیحى به ڕێژه‌یه‌كى زۆر كه‌م له‌ناو شارى كه‌ركووك ماون و زۆرینه‌یان ئه‌و شاره‌یان به‌جێ هێڵشتووە و ڕوویان له ناوچه ئارامه‌كان كردووه، ئه‌وه‌یشى كه له كه‌ركووك ماوه‌ته‌وه، دۆخى وه‌كوو دۆخى ئه‌و هاووڵاتییانه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه، به‌ڵام پێشووتریش كۆچكردنى مه‌سیحى له كه‌ركووك هه‌ر هه‌بووه.
(باس) حكوومه‌تى عێراق تا چه‌ند هاوكاریى مه‌سیحییه‌كانى كردووه؟
ڕۆمیۆ هه‌كارى: به‌داخه‌وه حكوومه‌تى عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ك هاوكاریى مەسیحییهكانى نه‌كردووه، سەرەڕای ئەوەی زۆرمان هه‌وڵ داوه و داوامان كردووه، به‌ڵام حكوومه‌تى هه‌رێم هاوكاریى كردووین، به‌تایبه‌ت له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ده‌شتى نه‌ینه‌وا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناوچه‌كه‌مان سه‌ر به پارێزگاى مووسڵ و حكوومه‌تى ناوه‌نده، حكوومه‌تى عێراق ئاماده نه‌بووه، یاخود خه‌مى ئه‌وه‌ى نه‌بووه كه ئه‌و ناوچانه ئاوه‌دان بكاته‌وه.
(باس) 16ى ئۆكتۆبه‌ر به‌لاى ئێوە چى ده‌گه‌یه‌نێت؟
ڕۆمیۆ هه‌كاری: 16ى ئۆكتۆبه‌ر یه‌كێكه له‌و ڕۆژه ناخۆشخانهى كه ڕووی دا، ئه‌وه‌ى له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌نجام درا زوڵمێكى گه‌وره بوو دژ به كه‌ركووك و كه‌ركووكییه‌كان، حاڵه‌تێكى نادروست بوو ڕووی دا، جا ئه‌گه‌ر موئامه‌ره بێت یاخود خیانه‌ت بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م لایه‌ن و هێزه كوردستانییه‌كان یه‌ك بگرن و یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ڕه‌نگ بن، ئه‌وا جارێكى دیكه 16ى ئۆكتۆبه‌ر دووباره نابێته‌وه.
(باس) ئایا حكوومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌توانێت خزمه‌تى هاووڵاتییان بكات؟
ڕۆمیۆ هه‌كارى: تاكوو ئێستاكه ئه‌و حكوومه‌ته ته‌واو یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه، تا ئێستا چه‌ند وه‌زاره‌تێك ماون و وه‌زیرى بۆ دانه‌نراوه، ئه‌ویش به هۆى ململانێى لایه‌نه سیاسییه‌كان و موحاسه‌سه له‌سه‌ر پۆست ڕێك نه‌كه‌وتوون، بۆ حه‌وت مانگ ده‌چێت ناتوانن حكوومه‌ت یه‌كلا بكه‌نه‌وه، هیوادارین حكوومه‌ته‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدی له حكوومه‌ته‌كانى ڕابردوو جیاوازتر بێت، چونكه ئه‌وانه‌ى رابردوو له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ڕاستگۆ نه‌بوون و به ده‌یان به‌ڵێنیان دا و دواتر حێبهجێیان نه‌كرد و دوژمنانه سه‌یرى كوردستانیان ده‌كرد.
(باس) تا چه‌ند له‌گه‌ڵ مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندان؟
ڕۆمیۆ هه‌كارى: ئێمه وه‌كوو مه‌سیحییه‌كان خۆمان به به‌شێكى زیندوو له هه‌رێمى كوردستان ده‌زانین، هه‌ر حاڵه‌تێكى نه‌خوازراو ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى كوردستان ببێته‌وه، ئه‌وا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئێمه‌ش ده‌بێت، له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستانداین و له هه‌موو ڕووێكه‌وه پشتیوانیى لێ ده‌كه‌ین، هه‌رێمى كوردستان ته‌نیا هى كورد نییه و هى ئێمه‌ى مه‌سیحیشه و له ڕیفڕاندۆمهكهى ساڵى ڕابردووش‌دا وه‌كوو مه‌سیحییه‌كانى كوردستان به‌شداریمان تێدا كرد و ده‌نگمان به ئازادی و سه‌ربه‌خۆیى و دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردی دا.
(باس) ژماره‌ى مه‌سیحییه ئازادنهكراوهكانى ده‌ستى داعش چه‌ندن؟
ڕۆمیۆ هه‌كارى: ئامارێكى وردم له به‌رده‌ستدا نییه، به‌ڵام تاكوو ئێستاكه به ده‌یان منداڵ و ئافره‌تى ئێمه له لایه‌ن داعشه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون و ئازاد نه‌كراون و هه‌موویان له زیندانهكانى داعشن له سووریا‌ن، بەوردییش نازانین كه ئاخۆ ماون یان نا.