مستەفا چاوڕەش: 
ئەوە لە بەرهەم ساڵح قبووڵ ناکەین بڵێ نابێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک

"پێویستە بەرهەم ساڵح پرس بە کاک مەسعود بکات"


20/11/2018 - 15:59 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

لەم دیدارە تایبەتەدا، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی، بەڕاشکاوی لەبارەی چەندین پرسی جیاوازی کوردستان و عێراق و دۆخی نێوخۆیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بابەتی دیکە دەکات.

 

(باس) لەدوای کۆچی دوایی مام جەلالەوە کێشەکان بە جۆرێک زەق بوونەتەوە کە بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی زۆر، ئایا نەمانی مام جەلال هێندە کاریگەریی لەسەر یەکێتی جێ هێشتووە؟
مستەفا چاوڕەش: هەموو کەسێک ڕۆڵی مام جەلال دەزانێت، هەم لە ڕابردوودا لە شۆڕشی ئەیلوول، هەم لەناو شۆڕشی نوێ و سەرۆکایەتیی کۆمار و لەناو یەکێتی و کورددا، پێشتر ماڵی مام جەلال هەموو ئەحزابەکانی سوننە و شیعە و لایەنەکانی کۆ دەکردەوە، بەڵام کاتێک نەخۆش کەوت، دانیشتنێک لە ماڵی ئەوانی دیکەدا نەکرا و چەندین ئەزمەی بەدوادا هات و شەڕی داعشیش دروست بوو.


لەلایەکی دیکەشەوە، کاتێک لە ماڵێکدا گەورەی ماڵەکە نەخۆش دەکەوێت یان وەفات دەکات، ئەو ماڵە وەک خۆی نامێنێت، بۆیە تا مام جەلال مابوو، هەموومان لە دەوری ئەو کۆ دەبووینەوە و بڕیار لە دەستی ئەودا بوو، دوای نەخۆشکەوتنی ئێمە پێمانەوە دیار بوو، چونکە مرۆڤ نەعامە نییە تا سەری بکاتە ژێر لم و پێیەوە دیار نەبێت، کێشە دروست بووە، بەڵام نەبووەتە مایەی ئەوەی لێکترازانی گەورەی تێدا بێت، بە هیمەتی هەموو لایەک کۆمەڵێک شت کراوە و ئەو هەموو ململانێ و دەنگە دەنگەی هەبوو ئێستا نەماوە.


نەک تەنیا بۆ یەکێتی، بەڵکوو بۆ هەر حزبێکی دیکە، ١٠٠٪ ئەگەر فرە ڕایی نەبێت ئەوا ئەو حزبە مردووە، لەوانەیە لە زۆر شوێن ئەمە پەردەپۆش بکرێت و قسەی لێ نەکرێت، بەڵام لەلای ئێمە بۆچوونی جیاواز لەسەر زۆر شت هەیە.

 

(باس) چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن، لەدوای مام جەلال سەنتەری بڕیار لەناو یەکێتیی نیشتمانیدا نەماوە، ئەمە ڕاستە؟
مستەفا چاوڕەش: ئەوەی تۆ گوتت، ناتوانم ئینکاریی لێ بکەم، ئێمە ڕێزمان بۆ هەموو ئەو هەڤاڵانە هەیە، وەک چۆن ئەڵێن بۆچوونی جیاواز ئەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە سەرکردایەتییەکمان هەیە، کە پێی دەڵێن سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی، هەروەها مەکتەبی سیاسیمان هەیە و شتە سەرەکی و چارەنووسسازەکان لەگەڵ هەموو ئەو بۆچوونە جیاوازانانەی باسی دەکەیت، کە لەملا و ئەولا لێدوان و قسە دەکرێت، هەمووی لە دەستی سەرکردایەتیی یەکێتیدایە و کۆبوونەوە دەکرێت و بۆچوونەکان وەردەگیرێن و گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، هەرچەندە هەندێک خەڵک لەناو یەکێتیدا بڕیاریش بدات، بەڵام بڕیاری کۆتایی سەرکردایەتی دەیدات و دەبێ بگەڕێنەوە بۆ سەرکردایەتی.

 

(باس) باس لەوە دەکرێت کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی وای کردووە، کە ئەگەر کێشەتان لەگەڵ پارتی یان گۆڕان یان لایەنێکی دیکە هەبێ، ئەوا ناتوانێت بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن، بۆ؟
مستەفا چاوڕەش: من وای نابینم، بڕیاری چارەنووسساز لەلای سەرکردایەتییە و پێشتریش گوتم، کە بە نەمانی مام جەلال مەرکەزەکە وەک خۆی نەماوە، ئێستا کاک کۆسرەت جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتییە و هەموو پرس و ڕایەکی پێ دەکەین، ئەویش کۆمان دەکاتەوە و پرسمان پێ دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا، جاری واش هەیە لەلایەکەوە شتێک دەکرێت، بەڵام ئەوە مەرکەزی نییە و نابێتە مایەی ئەوەی کە ئێمە ئیتر دەستەوەستان بین.


(باس) پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، زۆر قسە لەسەر بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دەکرا، بۆچی نەکرا؟
مستەفا چاوڕەش: لە هەموو حزبێکدا هەموو بڕیارەکان لە کۆنگرەوە دەردەچن و کۆتا بڕیار لەوێوە دەبێت، کۆنگرە سێ چوار ساڵ تێپەڕیوە و نەکراوە، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کوردستانیش گوتمان با هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام کۆمەڵێک ڕای جیاواز لەناو یەکێتیدا هەبوو، نەدەکرا بەو جۆرە بچینە ناو کۆنگرەوە، چونکە کۆنگرە ئەگەر بکرێت بۆ یەکڕیزی و یەکێتییە و بۆ ئەوەیە کە بڕیاری باش بدەین و سەرکردایەتیی باش هەڵبژێرین، ئەگەر بەو نەفەسەی پێشوو بچووینایەتە کۆنگرەوە، ئەوا ڕەنگە کۆنگرە سەرکەوتوو نەبوایە.


بۆیە تەمەننا دەکەم لەدوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و لە کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی نوێوە کۆنگرە ببەستین، هەروەها کۆنگرەیەک بێت بۆ هەمووان بێت، نەک بۆ ملشکاندنی یەکتری، ئەگەر لە ڕابردوودا کۆنگرەمان ببەستایە، ئەبوایە بە سێ چوار باڵ بهاتینایەتە دەرەوە و ئینشیقاقمان بکردایە.


سەرەڕای ئەوەش، کۆنگرە بۆ ئەوە نییە کە کێ دەچێتە سەرکردایەتیی یەکێتی، بەڵکوو بۆ ئەوەیە کە بەرنامەیەکی باش دابنێی و سیاسەتت لەسەر دۆخی کوردستان، عێراق، ناوچەکە بنیات بنێی، هەروەها پەیڕەو و پرۆگرامت بگۆڕی و پیاچوونەوەی بۆ بکەیت، نەک بۆ ئەوەی کە فڵان خەڵکێکی زۆر بێنێتە ناو کۆنگرە، یان لە تەکەتولی فڵان ئەوە هەبێت، چونکە ئەگەر کۆنگرەی وا بکرێت ئەوا نەکردنەکەی باشترە، لێرەدا تەنیا یەکێتی گیری نەخواردووە، بەڵکوو میللەت بەدەست هەموومانەوە گیری خواردووە، بۆیە پێویستە کۆنگرەیەک ببەستین بەرنامەی باش دابنێین و لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکە بتوانین ئەو دۆخە چارەسەر بکەین.

 

(باس) پۆستی جێگری دووەمی سکرتێری گشتی بە بەرهەم ساڵح دراوەتەوە؟
مستەفا چاوڕەش: ئەو ڕۆژەی کاک بەرهەم گەڕایەوە، خۆم لەناو ئەو کۆبوونەوەیە بووم، ئاماژە بەوە نەکرا کە پۆست وەربگرێتەوە، چونکە بەو بەرپرسیارێتییەی کە لەناو یەکێتی ڕۆیشت، هەر بەو جۆرەش گەڕاوەتەوە، واتە ئێستا جێگری دووەمی سکرتێری گشتییە، لەگەڵ ئەوەشدا کەسیش نەیگوتووە کە جێگر نیت. بە حوکمی ئەوەی ئێستا ئەو بەرپرسیارێتییەکی هەیە، ڕەنگە نەتوانێت ئیش و کارەکانی لێرە بکات. یەکێک لە گرفتەکانی ئێمە، کە ئەو هەموو کێشەیەی لەناو یەکێتیدا دروست کرد، غیابی مام جەلال بوو، کە لە بەغدا سەرکۆمار بوو. 


دکتۆر بەرهەم لە کۆبونەوەکانی پەیوەندیدار بە یەکێتی بەشدار دەبێت و لە کاتی گەڕانەوەیشی و بوون بە سەرکۆماریش بەشداریی لە کۆبوونەوەکان کردووە.

 

(باس) ئەو بڕیارانەی کە بەرهەم ساڵح، وەک جێگری سکرتێری گشتی و سەرکۆمار دەیدات، هیچ ڕاوێژێک بە سەرکردایەتیی یەکێتی دەکات؟
مستەفا چاوڕەش: ئەگەر ئەوە بکات کەواتە کادرێکی باشی یەکێتی و سەرکردەیەکی باشی حزبییە، ئەگەر نەیکات ئەوا زوڵم لە خۆی دەکات و ڕەنگە لێشی قبووڵ نەکرێت، چونکە بەتەنیا ئەو دەسەڵاتەی نییە، بۆ ئیشوکاری یەکێتی، مەکتەبی سیاسی و کاک کۆسرەت و هەموو هەڤاڵانی سەرکردایەتی، کادر و پلە و ئیشەکان دەکەن، هەر بۆیە بەرهەم بۆی نییە هەموو بڕیارێک خۆی بیدات، جگە لەوەی پەیوەندیی بە کاری حکوومیی خۆیەوە هەیە.


ماوەیەکی کورتە بەرهەم ڕۆیشتووەتە ئەو پۆستە، بەڵام ئەگەر کادرێکی باش و سەرکۆمارێکی باش بێت، وەک ئەوەی ئێستا ئێمە ئەڵێین سەرکەوتوو دەبێت، ئەوا پێویستە خۆی هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکات، نەک تەنیا پرس بە ئێمە بکات، بەڵکوو پێویستە پرس بە کاک مەسعودیش بکات، چونکە ئێمە بەشێک نین دابڕابین لەوە، لەگەڵ ئەوەشدا من وای ئەبینم کە دەبێ بۆ دۆخی ئێستای کوردستان یەکگرتوو بین، شتێک کە پەیوەستە بە کوردستان، ئەگەر خۆی نەتوانێت بێتەوە، ئەوا هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لەسەر بابەتی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان و هەموو شتە چارەنووسسازەکان دانیشن و قسەی لەسەر بکەین.
ئەو کە لەوێیە هەموو شتێکی کورد نییە، بەڵکوو نوێنەری کوردە و سەرکۆمارە، هەروەها هەموو بڕیارەکان خۆ لەلای ئەو نیین.

 

(باس) یەکێتی تا چ ئەندازەیەک ئومێدی لەسەر ئەوە هەڵچنیوە، کە رۆڵی بەرهەم ساڵح هاوشێوەی رۆڵی مام جەلال بێت؟
مستەفا چاوڕەش: ئەگەر ئەوەندەی بۆی بکرێت بە قەد دەرزییەک کەمتەرخەمی لەو بابەتانەی پەیوەندیدارە بە کورد بکات و بەرگریی لێ نەکات، ئەوا پێم وایە زوڵم لە خۆی و یەکێتی و دواتر لە کوردی دەکات، ئەو لەوێیە و ئەوەندەی پێویستە دەبێ خزمەتی هەم عێراق و هەم هەرێمی کوردستان بکات، بۆ هەموو ئەو شتانە پێویستە پشت و پەنای پەرلەمانتاران و وەزیرەکانی خۆمان بێت لە بەغدا، ئەگەر نەیکات ئەوا دەکەوێتە سەر زمانی خەڵک.


من ناڵێم دەتوانێت وەک مام جەلال بکات، چونکە توانای مام جەلال زیاتر بوو و پێش بوون بە سەرکۆمار لە خەباتی نهێنیدا سەرۆکی هەموو وڵاتانی ناسیوە، بەرهەم لە چاو ئەودا گەنجە و تەمەنا دەکەم بتوانیت ڕێچکەی مام جەلال بگرێت، بەڵام وەک مام جەلالی پێ ناکرێت. 

 

(باس) بەشێک لەوانەی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەشدار بوون، ئێستا ئەو پرۆسەیە بە هەڵە ناو دەبەن، چۆن ئەمە دەبینیت؟
مستەفا چاوڕەش: من بە هەڵەی نازانم، ئەگەر جارێکی دیکە ڕیفراندۆم بکرێتەوە، ئەوا بە هەردوو دەستم واژۆی بۆ دەکەم و ١٠٠٪ دەنگی (بەڵێ)ی پێ دەدەم، چونکە ڕیفراندۆم مافی هەموو میللەتێکە، ئێمە نەچووین جیا ببینەوە، بەڵکوو داوای مافی خۆمان کردووە، بەڵام ئەوان زوڵمێکی گەورەیان لێ کردین و پەلاماری کەرکوویان دا و ئەو دۆخەیان بەسەر کوردستاندا هێنا، کە ئێستا دەیبینین.


لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتی، بۆ بابەتی ڕیفراندۆم یەک کەس بەرهەڵست نەبووە، لە دروشمی یەکێتیشدا و لەناو ئاڵاکەماندا مافی چارەی خۆنووسین لە هەشتاکانەوە هەیە.

 

(باس) پێت وایە کورد لەداهاتوودا ڕیفراندۆم وەک کارتێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەکار بهێنێت و سوودی لێ ببینێت؟
مستەفا چاوڕەش: ١٠٠٪، لەبەر ئەوەی میللەت بڕیاری داوە و کەس ناتوانێت ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەو بڕیارە لەوانەیە لە ٥٠ ساڵی داهاتوودا سوودی لێ ببینین، ڕەنگە هەندێک بڵێن ڕیفراندۆم ماڵی وێران کردین، دەپرسم، باشە خۆ لە ساڵی ٢٠٠٨دا کاتێک مالیکی پەلاماری کوردستانی دا، ئەو کاتە ڕیفراندۆم نەکرابوو، بەڵکوو لە ساڵی ٢٠١٧ ئێمە ڕیفراندۆممان کرد، بەڵام عێراق ئەو دەمارگیری و دوژمنایەتییەی کوردیان لە مێژووەوە هێناوە.


هەرچەندە خەڵک دەیگوت عەبادی لە مالیکی باشترە، بەڵام هەموویان یەک تاس و حەمامن، من پێم وایە دژایەتیی کورد لە خوێنیاندایە، ئەگەر هەرچیی دادوەری دونیایە بە کورد و شیعە و سوننەشەوە بیهێننە سەر حوکم، ناتوانن بڵێن کەرکووک کوردستانی نییە، چونکە کاک مەسعود، کاک کۆسرەت و کاکەکانی دیکەی دوای ئێمەش، ئەوە بە خیانەتی نیشتمانیی ناو دەبەن.

 

(باس) سبەی ئەگەر سەرۆک بارزانی، یان هەر کەسێکی دیکە دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنێت، وەک مستەفا چاوڕەش پاڵپشتی دەبیت؟ ئەی هاتنی هێز و ڕادەستکردنی کەرکووک کوردی بۆ چ قۆناغێک گەڕاندەوە؟
مستەفا چاوڕەش: من لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا لە هۆڵندا بووم و لێرە نەبووم، دوای ئەو کاتەش ئەوە بوو فڕۆکەخانەکان داخران و ڕێی هاتنەوەم لێ گیرا، بەڵام نەمدەوێرا لەڕێی عێراقیشەوە بێمەوە، تا تەواو دڵنیا بوومەوە و برادەران لە فڕۆکەخانە منیان هێنایەوە.


بۆیە هەر کەسێک دەوڵەتی کوردی دروست بکات، پشتیوانیم، ئایا کەس هەیە دەنگ بەوە نەدات کە دەوڵەتی کوردستان دروست بکات؟، ١٠٠٪ دەنگی پێ دەدەین، هەر وەک چۆن دەنگمان بە ڕیفراندۆم دا.


ئەوەی حکوومەتی عێراق لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە کردیان و پەلاماریان داین، لە ساڵی ٢٠٠٨ بە هەمان شێوە پەلاماریان داین و ئەو کاتە خۆم لە خانەقین بووم، حکوومەتی عێراق لە هەر کاتێک پێی بکرێت وەک ئەوەی بە کەرکووکیان کرد، ئاواش پەلاماری سلێمانی و شوێنەکانی دیکەش دەدەن.


هەر کەسێک کوردستان ڕادەستی دوژمن بکات ئەوا خائینە، جا ئەوە من بم یان هەر کەسێکی دیکە بێت، من پێم وایە کە مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات.

 

(باس) یەکێتی بۆ دانانی سەرکۆمار پشتی بە زۆرینە و کەمینە بەست، ئەی ئێستا بۆچی بۆ پێکهینانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوە ڕازی نییە کە پارتی بەپێی زۆرینە حکوومەت پێکبهێنێت؟
مستەفا چاوڕەش: من ناڵێم ڕازی نییە، تەمەننا دەکەم ئێمە و پارتی و لایەنەکانی دیکە بیر لە بەرژەوەندیی میللەت بکەینەوە، سەردەمێک ٥٠+٥٠ بووین، لە سەردەمێکی دیکەش خەڵکی دیکە هاتووەتە ناوەوە و لە نیوەی ڕێگا جێیان هێشتووین، ئێستاش پارتی ٤٥ کورسیی هێناوە و یەکێتی ٢١ کورسی، ئێمە گوتمان سەرکۆمار پشکی ئێمەیە، ئینجا ئەیانەوێ بەرامبەر ئەوە لێرە لە کوردستان ئەوە بکەن؟ ئێمە پێشتر بە ڕێککەوتن سەرکۆمارمان داناوە، هەرچەندە ئێستا ئەو ڕێککەوتنە کۆتایی هاتووە، بەڵام ئێمە دوو هێزی گەورەین و خەڵک با بە بیرێکی فراوانەوە بیر بکاتەوە، دوو هێزی چەکدارین، بەقەد یەک پێشمەرگەمان هەیە و چەکیان پێیە، شەڕێک دروست دەبێ، یەک تفەنگ هەڵی دەگیرسێنێت، یاخوا قەت ئەو ڕۆژانە نەیەتەوە، ڕەنگە هەموومان دەورمان هەبووبێت لەو دەورە ناخۆشانەی کە ڕوویان داوە، بۆیە با دابنیشین و ئیتر ٢١٪ بە یەکێتی دەدەن یان نە، با بەڕێککەوتنی سیاسی بێ و کۆ ببنەوە، بۆ ئەوەی خەڵک لەوە زیاتر تووشی ناڕەحەتی نەیەت.


 ئێمە حکوومەتی ٥٠+٥٠مان پێکهێنا و لە هەمووی سەرکەوتووتر بوو، ئەو کاتە هەموو خەڵکەکە خەڵکی بەتوانا بوون و خۆم یەکەم کورد بووم لە مێژووی کوردستان، کە بووم بە پارێزگاری کەرکووک.

 

(باس) باس لە دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکوومەت دەکرێت، گۆڕان و تورکمانەکانیش داوای ئەو پۆستە دەکەن، ئێوە بۆ بەوە ڕازی نین و ناتانەوێت سەرۆکی حکوومەت دوو جێگری هەبێت؟
مستەفا چاوڕەش: لەبنەڕەتدا جێگر لەلای من ئەوەندە بەهێز نییە، ئەگەر جێگریش نەبێت زۆر ئاساییە و ئەگەر هەشبێت ئەوا ئەو هەموو جێگرەی بۆ چییە، چونکە وای لێ دێت تامی تێدا نامێنیت، هەرچەندە ئەوە خۆیان دەزانن و نامەوێت لێرەوە موناقەشەی بکەم، بەڵام ئەگەر جێگریش نەبێت و حکوومەت هی هەموو میللەت بێ و ئیشی بۆ خەڵک بکرێت، ئەوە گرنگە. 


 
(باس) پێتوایە ئەگەر پارتی و یەکێتی حکوومەت پێکبهێنن، حکوومەتێکی بەهێز دەبێت؟ 
مستەفا چاوڕەش: بەڵێ، ئەگەر حکوومەت لە لایەن ئەو دوو لایەنەوە پێکبهێنرێت، ئەوا لە حکوومەتی پێشتر باشتر دەبێت، دەبێ بەرنامە بۆ باشکردنی ژیانی خەڵک دابنێین و کادری باش بۆ شوێنەکان دابنێین، نەک خەڵک لەسەر بنەمای خزم خزمێنە بۆ پێگەکان دابنێین، واتە مەرجیش نییە ئەو کەسانەی دادەنرێن لە یەکێتی و پارتی بن، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە پیشەیی و پسپۆڕ بن، نەک کەسانێک بێنن ببنە بار بەسەر میللەتەوە.

 

(باس) ئایا قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت لە چوار ساڵی ئایندەدا کاندیدی یەکێتی دەبێت؟
مستەفا چاوڕەش: نازانم، هێشتا کۆبوونەوە لەسەر ئەوە نەکراوە و یەکلایی نەکراوەتەوە ئاخۆ دەبێت یان نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەبێت ئێمە لەناو خۆماندا دانیشتن بکەین و بە بڕیار کەسێک دابنێین، جا قوبادە یان کەسێکی دیکەیە.

 

(باس) خەڵک گلەیی لە قوباد تاڵەبانی دەکات، کە بەشدارییان لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان نەکردووە، قسەت لەسەر بەشدارینەکردنی قوباد تاڵەبانی چییە؟
مستەفا چاوڕەش: جارێکی دیکە دەنگیان پێ مەدەن و بڵێن درۆتان لەگەڵ کردین، هەرچەندە ئاگام لەوە نییە بۆ بەشدارییان نەکردووە، ئاخۆ هۆکاری سیاسییە یان چی، بەڵام ئەگەرێک هەیە قوباد بۆ جێگری سەرۆک وەزیران خۆی دانابێت و لە پەرلەمان کەسێکی دیکە بچێتە شوێنەکەی.

 

(باس) لەناو یەکێتیدا جۆرێک لە ململانێ بۆ دانانی کەسەکان، بۆ نموونە ڕێواز فایەق و بێگەرد تاڵەبانی هەیە بۆ پۆست، کەی یەکلایی دەکەنەوە؟
مستەفا چاوڕەش: هەردووکیان کادری باش و لێهاتوون و خۆیانیان پێگەیاندووە، ڕێواس یەکێکە لە کادیرە هەرە باشەکانی یەکێتی و بێگەردیش بچووک بووە کە بەشداریی لە کۆبووونەوەکاندا کردووە، بۆ من جیاوازییان نییە، بەڵام دەبێ سەرکردایەتیی بڕیار بدات کامیان لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دابنیرێن، هەر یەکێکیشیان دانرا ئەوا دەبێ ئەوی دیکە قبووڵی بکات، مەرجیش نییە کە بێگەرد لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەی تاڵەبانییە دەبێ دەنگی پێ بدەن، چونکە ڕێوازیش بە خەبات و ماندووبوونی خۆی هاتووەتە پێش.

 

(باس) تا ئێستا پۆستی پارێزگاری کەرکووک یەکلایی نەکراوەتەوە، لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەریش ئاراس و لاهوور جەنگی دەیانگوت ناوی پارێزگاری کەرکووک لە گیرفانماندایە، ئەی بۆ داینانێن، خۆ ڕاکان سەعید تەعریبێکی چڕی لە کەرکووک دەست پێ کردووە، یەکێتی بۆ هەڵوێستی نییە؟
مستەفا چاوڕەش: ئەوێ تەعریب کراوە، هەفتەی ڕابردوو کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، بۆ ئەو دۆخەی کە لەدوای داگیرکردنی کەرکووکەوە دروست بووە، هەروەها داواکاریی ئێمە ئەوەیە، تا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ شوێنەکانی خۆیان نەگەڕێنەوە ئەوا ئەو دۆخە بەردەوام دەبێت.


بۆ بابەتی پارێزگاریش، من نازانم کێ ناوی لە گیرفانە و ئاگام لەوە نییە، بەڵام پێویستە چارەسەری بکەین و پارتی و یەکێتی دانیشتنی لەسەر بکەن، چونکە دوو هێزی سەرەکیین، جا ئەو کاتە کێ دادەنێن، گرنگ ئەوەیە بە دڵی هەمووان بێت و خزمەت بکات، لەلایەکی دیکەشەوە، یەکێتی لە هەڵبژاردندا لە کەرکووک شەش کورسیی بەدەست هێناوە، کە زۆرینەیە، بەو واتایە بێت ئێمە لەوێ بڕیارەکە دیدەین، چونکە پارتی لە هەڵبژاردندا کشایەوە، سەرەڕای ئەوەش کەرکووک هی هەموو کوردە و بەتەنیا هی یەک حزب نییە، ئەو زوڵمەش کە دەکرێ لە هەموو کورد دەکرێت. 


ئێستا لە کەرکووک ڕاکان جبوورییەکیان هێناوە کە لە خوێنیدا هیچ نەبووە، بەڵام ئێستا هەموو مامەڵەکانی لە دژی کوردە، بۆیە پێویستە هەموومان یەکگرتوو بین و بتوانین بە ڕێککەوتنی سیاسی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتی بچینەوە ئەو شوێنانە، بۆ ئەوەی کورد زیاتر لەوە مەحرووم نەبێ، بۆیە دەبێ بە هەموو لایەکمان پارێزگارێک دابنێین.

 

(باس) دوای کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ پێکهاتەکانی کەرکووک، لەلایەن ئەرشەد ساڵحی بڵاو کرایەوە، کە بەرهەم ساڵح بەڵێنی پێ داون ڕێگری لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک بکات، ئایا ئێوە وەک یەکێتی تا چەند بەمە ڕازین؟
مستەفا چاوڕەش: ئێمە ئەوەی لێ قبووڵ ناکەین، هەروەها ئەوەش شتێک نییە قبوڵ بکرێت، من بەرگری لە بەرهەم ناکەم، بەڵام ئەو قسانە هیچ بنەمایەکیان نییە، یەکێتیش ئەمە قبووڵ ناکات، چونکە تا ئەو کاتەی پێشمەرگە بە ڕێکوپێکی نەگەڕێتەوە بۆ شوێنەکانی خۆی، ئەوا دەبێ چاوەڕێی لەوە خراپتر بکەین کە هەیە، چونکە لەوەتەی ئەو بۆشاییە گەورەیە لە نەبوونی پێشمەرگەدا دروست بووە، جووڵە و ژمارەی داعش زیادی کردووە، تەقینەوە دەکەن و خەڵک دەکوژن و زەوی داگیر دەکەن و عەرەب دەهێنن، بۆیە کەس ناتوانێت بڕیاری ئەوە بدات کە بڵێ نابێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک. هیچ گەرنتییەک نییە ئێستا بچینە کەرکووک، ساڵیادی ئازاد هەورامی بوو لە کەرکووک و بانگیان کردم، بەڵام من نەڕۆیشتم، تا ئەو دۆخە بەردەوام بێت من ناڕۆمە کەرکووک و متمانەم بە دۆخی ئەمنیی کەرکووک نییە.

 

(باس) یەکێتی جارێکی دیکە نەجمەدین کەریم بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دیاری دەکاتەوە؟
مستەفا چاوڕەش: دۆخێکی دەروونیی وا دروست بووە، کە لەملا و ئەولا ئەو قسە دەکات و لەناو یەکێتیش وەڵام دەدرێتەوە، شتێکی وا دروست بووە کە نازانرێت چۆن دەبێت، پێم وایە ئەوە ئاسان نابێت، بۆیە پێوستە دانیشتن بکرێت و ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، بۆیە تا ئێستا نازانم ئایا دکتۆر نەجمەدین هەڵدەبژێرنەوە یان نا، هەرچەندە کاتی خۆی مام جەلال ئەوی دانا و خەڵکی کەرکووکیش قبووڵیانە.

 

(باس) بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران، ناڕەزایەتیی هەندێک لە سەرانی یەکێتیی لێ کەوتەوە، لەوانە لاهوور و ئاراس جەنگی، ئایا ڕاگرتنی هەناردەی نەوت هیچ زیانێک بە یەکێتی دەگەیەنێت؟
مستەفا چاوڕەش: بچن لە خۆیان بپرسن، من ئاگام لە نەوت نییە، نازانم کێ نەوت دەبات و چۆن ڕێککەوتن کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئابڵووقەی لەسەر ئێران دانراوە من گوێم لێ بووە، کە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ئیتر نەوت دەچێتە دەرەوە، بۆیە ئەگەر خەڵکێک بەرهەڵستکار بێ، ئەوا دەبێ خۆیان بڵێن بۆ، من لە بابەتی نەوت نازانم و شەریکیان نیم.

 

(باس) بەرهەم ساڵح ناوی هەرێمی کوردستانی بە (شیمالی عێراق) هێنا هاوشێوەی سەدام کە بە ”شیمالونا ئەلحەبیب“، ئەمە لە کاتێکدایە هەرێم لە دەستوور دانی پێدا نراوە، هەڵوێستتان چییە؟
مستەفا چاوڕەش: ئەبێ لە خۆی بپرسین بۆچی وای گوتووە، من بەقەد دەنکە شقارتەیەک بەرگری لە بەرهەم ناکەم، چونکە هەرێمی کودستان لە دەستووردا جیا کراوەتەوە و ناوی هێنراوە، ئەوەش نە بە بڕیاری بەرهەمە، نە بە بڕیاری کەسی دیکەیە، ئەگەر ئەو نەڵێت کوردستان ئەوا زوڵم لە خۆی دەکات.

 

(باس) ناوە ناوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد قسە لەسەر بەڕیزت یان بەرهەم ساڵح یان مەحموود سەنگاوی و ئەوانی دیکە دەکات، هۆکاری ئەم ناکۆییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
مستەفا چاوڕەش: لە ژیانمدا ڕەنگە تا ئێستا دوو جار لەگەڵ ئەو بەڕێزە دانەنیشتبم، لەگەڵ ئەوەشدا من دوو جار سەردانی بەرهەم ساڵحم کرد، کاتێک بوو بە سەرکۆمار، جارێک لەگەڵ نزیکەی ١٥ ئەندامی سەرکردایەتی و دواتر لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندە، لە هەردوو بارەکەشدا من قسەم کرد، ئاماژەم بەوە کرد ئەو بە خوێنی شەهیدان و لەوانەش حوسێن مەنسوور، شێرکۆی فاتیح شوانی، سەڵاح دیلمانی و کەمال حاجی لێرەیت، ئەبێ بەوەفا بیت بۆ کورد و کوردستان و خزمەت بکەیت، واتە من بۆ کیسە دوورین نەڕۆیشتووم، ڕەنگە هەر کەسێکی دیکە بوایە، کە لەو پێگەیە دانرا بڕۆیشتبام بۆ لای و سەردانم کردبا.


ئەو بەڕێزەش کە ئەو قسانەی کرد، من وەڵامم داوە و کاک مەحموود سەنگاوییش وەڵامی دایەوە، من لە وەڵامەکەمدا گوتوومە، کوردستانە، بە هیمەتی ئەو کەسانەی ئەو بە (مەیموون) ناویان دەبات، دەتوانن لێرە بژین، بۆیە ئەو زوڵم دەکات، چونکە ئێمە هەموو تەمەنی خۆمان لەپێناو کورد و کوردایەتیدا بەسەر برد، ئەگەر هەڵەشمان هەبێ ئەوا ملمان لە موو باریکترە، بەڵام ئەو بۆی نییە قسە لەسەر ئێمە بکات، کاتێک من لەسەر کوردایەتی لە ماڵەکەی خۆم لەگەڵ دایکم و خێزانەکەماندا ژەهرخوارد کراین، ئەو لە لەندەن بوو. ئەو پۆستی ئەندامی سەرکردایەتیی نییە، ئیتر ململانێی چی لەگەڵ ئێمەدا دەکات!

 

(باس) باسی ڕێککەوتنێک لەنێوان یەکێتی و تورکیا دەکرێت، کە گوایە ئێوە ڕازی بوون ڕێگری لە چالاکییەکانی پەکەکە لە سنووری خۆتان بکەن و زەبریان لێ بدەن، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەکەتان ڕێگەی پێ بدرێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە تورکیا، ئەمە چۆن کراوە؟
مستەفا چاوڕەش: من ئاگاداری هیچ ڕێککەوتنێک نیم، سەرکردایەتیش کۆبوونەوەی تا ئێستا نەکردووە، سەرەڕای ئەوەش، زیاتر لە مانگێکە هیچ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ ئەوان نەکردووە، ئەم قسانەش هی ئەم چەند ڕۆژەیە.


ئێمە لەگەڵ تورکیا ساردیی کەوتووەتە نێوانمان و نازانم چی بووە کە ئەوان نوێنەرەکەی ئێمەیان دەرکردووە و نوێنەرایەتییەکەیان داخستووە.

 

(باس) گۆڕان گلەیی ئەوە دەکات، کە یەکێتی سوودی لە پەیوەندیی نێوان گۆڕان و کۆمەڵ وەرگرتووە و کۆمەڵ لە دژی گۆڕان بەکار دەهێنێت و زانیاریی کۆبوونەوەکانی لێ وەردەگرێت، تا چەند راستە؟
مستەفا چاوڕەش: جا بۆ ئەوە دەکەن، کە کۆبوونەوەش دەکەن دیارە خەڵکێکی خەت مایلیان تێدایە، بۆ پەنجەی تۆمەت بۆ یەکێتی درێژ دەکەن، ئەوە کێشەی خۆیانە.

 

(باس) پەیوەندییەکانی گۆڕان و یەکێتی ئێستا لە چ ئاستێکدایە؟
مستەفا چاوڕەش: هیچ کۆبوونەوەیەکمان نییە، مەگەر تەلەفۆنێک هەبێ ئەگەر نا هیچ شتێکی فەرمی نییە.


تەمەنا دەکەم خۆپیشاندان و ١٧ی شوباتێکی دیکە دروست نەبێتەوە و ئەم وڵاتە پێکەوە بەڕێوە ببەین، ئێمە لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکەش زەمینەی پێکەوەژیان دروست بکەین.


پشتیوانییش لە گۆڕان دەکەین کە بگەڕێتەوە ناو یەکێتی، چونکە قازانجمانە و زەرەرمان نییە، بەڵام ئێستا هیچ زەمینەیەک لەبار نییە و ئەگەر بشبینەوە بە یەک لە قۆناغێکی دووردایە.

 

(باس) پێت وایە لەناو بنەماڵەی مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەددا کێ ببێتە سکرتێری گشتیی یەکێتی، ئایا ئەگەر هەیە لەدەرەوەی ئەو دوو بنەماڵەیە کەسی دیکە بخرێتە ئەو پۆستەوە؟
مستەفا چاوڕەش: کۆنگرە ئەوە یەکلایی دەکاتەوە، کە کێ هەڵدەبژێرێت، لە کۆنگرەدا سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێت و دواتر لەناو سەرکردایەتیدا سکرتێری گشتی هەڵدەبژێردرێت، هەر لەلایەن سەرکردایەتییەوە مەکتەبی سیاسییش هەڵدەبژێردرێت.

 

(باس) پێشتر قسە لەسەر ئەوە کرا، کە مەکتەبی سیاسیتان هەڵدەوەشێتەوە و تەنیا سەرکردایەتیتان دەمێنێتەوە، بۆ ئەمە کاری پێ نەکرا؟
مستەفا چاوڕەش: ئەم بڕیارە سەرکەوتوو نەبوو، دوای ئەوەی چەند کۆبوونەوەیەک کرا، گەیشتینە ئەو بڕیارەی کە مەکتەبی سیاسی وەک خۆی بمێنێتەوە و خۆی ئیشی خۆی بکات، ئەو بڕیارەش کاتی ململانێیەکان بوو.

 

(باس) ناوە ناوە حاکم قادر سەردانی دامودەزگا حکوومییەکان دەکات و کۆبوونەوەیان پێ دەکات، بە چ سیفەتێک کۆبوونەوەیان پێ دەکات؟
مستەفا چاوڕەش: شەڵا هەر حاکم قادر بوایە، خەڵکی دیکەش ئەوە دەکات، بەڵام لێرەدا شتێک هەیە، بۆ نموونە من پێشمەرگەکانم ئەندامی خۆم بوون کردوومن بە پێشمەرگە، لە کاتی دەنگدانیش دەنگ بە خۆم دەدەن، جا حاکم قادریش کۆبوونەوە بە مامۆستایان یان بەڕێوەبەرایەتیەک دەکات، کاکە بەرپرسی مەڵبەندێک لێرە قیادەی وڵاتێ دەکات، بۆیە ئەوە خەیاڵە، جاری وا هەیە دەڵێن پێشمەرگە حزبیی نەبێت و هی میللەت بێت.

 

(باس) جێهێشتنی کۆبوونەوە بۆ دیاریکردنی کاندید بۆ سەرکۆمار لەلایەن مەلا بەختیارەوە، لەداهاتوودا گرفت بۆ کۆنگرەی ئێوە دروست ناکات؟ 
مستەفا چاوڕەش: پێش ئەوەی بچینە کۆبوونەوەکەوە، مەلا بەختیار گوتی من حەز دەکەم بزانم نەفەسی کۆبوونەوەکە چۆنە، ئەگەر نا بەنیازی سەرکۆماری نیم، ئەوە قسەی خۆیەتی و بەرگریی لێ ناکەم، چونکە ئەو یەکێکە لە پیاوە ماندووەکانی ناو یەکێتی، کە لە زۆر کەس ماندووترە، دڵگرانیی هەبووە، بەڵام لەسەر ئەو بابەتە نەبووە. ئێستاش بێدەنگە و تەماننا دەکەین ئەویش بێتەوە و شان بداتە ژێر ئەو بارە قورسەی لەسەر شانی یەکێتییەکانە و چارەسەری ئەو دۆخە بکەین.

 

(باس) بزووتنەوەی گۆڕان زۆر باس لە جیابوونەوەی باڵێکی دیکەی ناو یەکێتی دەکات، شتی وا هەیە؟
مستەفا چاوڕەش: ئەوە ژەهرە و ڕاست نییە، کە جیاش بوونەوە، دواتر گەڕانەوە و بوون بە سەرکۆمار، ئێستا جیابوونەوە لەناو یەکێتیدا نییە، هیچ باڵێک بەنیازی جیابوونەوە نییە.