بەرپرسێکی پارتی: باوەڕ ناكه‌ین و مه‌نتقیش نییه‌ یه‌كێتی داوای (50+50)مان لێ بكات

"هیچ لایەنێکی کوردستانی ناخەینە دەرەوەی بازنە، بەڵام ئەمە مانای حکوومەتی بنکەفراوان یان ففتی ففتی نییە"

14/11/2018 - 17:54 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییه‌كانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەم دیمانە تایبەتەی (باس)دا، باسی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکان دەکات، هەروەها قسە لەسەر ئامادەکارییەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و بەستنی کۆنگرەی حزبەکەی، لەدوای پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.



(باس): پارتی بە (٤٥) کورسیی پەرلەمانییەوە دەتوانێت گۆڕانکاری لە حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا بکات؟
عەلی حوسێن: پارتی (٥٠+١)ی کورسیی پەرلەمانییش تەواو بکات، بۆ ئەوە نییە کە خۆی به‌ ته‌نیا حکوومەت پێك بێنێت، ئامانجی پارتی ئەوەیە، کە بەهێز بێ بۆ ئەوەی کوردستان بەهێز بێت، پارتی خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، عێراق، هەرێمایەتی هەیە.


لە خولی پێشوودا ئیستقراری پەرلەمانی نەبوو، هەم لە ڕووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتیشەوە، بۆیە ئەو شێوازی مامەڵەیەی کە پێویست بوو بکرێت و لە بەرژەوەندیی هەموو کوردستاندا بێت، لە هەموو ڕوویەکەوە نەکرا، لەلایەک ئێمە لە دۆخێکی شەڕدا بووین لەگەڵ داعش، لەلایەکی دیکەشەوە گرفتمان لەگەڵ بەغدا هەبوو و ماڵی کوردیش پێویستی بە یەکڕیزی هەبوو، بەشێک لەو کێشانەش وایان کرد کە ئێمە لە هەندێک بواردا دوا بکەوین، بەتایبەت بابەتی چاکسازی و بەسیستەمکردنی دامودەزگاکانی حوکمڕانی و چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا.


هەڵبژاردنی ئەمجارەش گۆڕانکاریی لە نەخشەی سیاسیدا کرد، پێگەی پارتی لە هەندێک لایەنی دیکە جیا کردووەتەوە، ئێمە هەوڵ دەدەین هیچ لایەنێکی کوردستانی نەخەینە دەرەوەی بازنەی کارکردن، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نایەت کە حکوومەتی بنکەفراوان، یان حکوومەتی (٥٠+٥٠) دروست بکەین، چونکە هەردووکیان ئەزموون کراون، ئێمە وەک پارتی دەمانەوێت ئیستقرار لە پەرلەماندا هەبێت، بەوەش ئیستقرار لە حکوومەت و کۆمەڵگەش دروست دەبێت، کۆمەڵێک یاسا و پرۆژەش هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین دەستکراوە بین و لەم خولەدا ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مڕۆی ئه‌زموونی كوردستاندایە‌ تێیانبپەڕێنین.


ئەگەر ئێمە پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین و حکوومەتیش گوزارشت لە خەڵک بکات، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەتوانین پێداگری لەسەر ئەو مادە دەستوورییانەش بکەین، کە لەلایەن عێراقەوە پێشێل کراون، ئەوەی بە ڕێککەوتن پێمان بکرێ ڕێک دەکەوین، ئەوانی دیکەش بۆ یەکلاییکردنەوەیان پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببەین. لەگەڵ ئەوانەشدا تا ئێستا بابەتی وەزارەتی پێشمەرگە، بابەتی ئەمنیی وەک پێویست نەبوون بە دامودەزگای خەڵک، هەروەها دوو ئیدارەیی لە هەندێک شوێن و بواردا هێشتا ڕەنگ دەداتەوە، بۆیە دەمانەوێت وردە وردە بە قۆناغ تێیان بپەڕێنین، جگە لەوەش، مادام ئێمە باوەڕمان بە بنەماکانی دیموکراسی لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە، دەمانەوێت ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و تەندروست هەبێت، کە لە ئاستی قۆناغەکەدا بێت.

 

(باس): ئێوە ناتانەوێ حکوومەت بە شێوەی (٥٠+٥٠) لەگەڵ یەکێتی پێکبهێنن، ئەمە چۆن دەکەن؟
عه‌لی حوسێن: هه‌لومه‌رجی سیاسی و پێكه‌وه‌ كاركردن به‌پێی قۆناخه‌كان ره‌چاوی پێگه‌ی مێژوویی و ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین و باوەڕ ناكه‌ین و مه‌نتقیش نییه‌ یه‌كێتی داوای (50+50)مان لێ بكات، به‌ڵام ئاساییه‌ داوای شه‌راكه‌تمان لێ بكات، چونكه‌ ئێمه‌ و یه‌كێتی له‌ زۆر بوار و بابه‌تدا پێویستمان به‌ یه‌كتره‌ و ته‌واوكه‌ری یه‌كترین.


لە شۆڕشی ئەیلوولدا کورد پێنج وەزیری هەبوو، ئەگەر سێ لە وەزیرەکان بێلایەن نەبووبن، ئەوا دووانیان بێلایەن بوون، بارزانیی نەمر نوێنەری لە ئەمەریکا و ئەورووپاش هەبوو، کە کوردی نیشتمانپەروەری سەربەخۆ بوون، مەرج نییە ئیلا پارتی بن، بۆیە ئەبێ پارتی لەوەدا ڕەچاوی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بکات، هەروەها ڕەچاوی هاوبەشەکانی بەپێی لەیەکتێگەیشتن دەکات.
کاتێک ئێمە پێکەوە کارمان دەکرد و ڕێککەوتنی ستراتیژیمان هەبوو، دەستکەوتی گەورەمان هەبوو، بەڵام لە هەندێک قۆناغدا لێکترازان هەبوو و بۆشایی دروست بوو.

 

(باس) تا چەند پابەندی بەڵێنەکانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبن، کە بەڵێنی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای دەستوور، پرۆژە یاسای چاکسازیتان بە خەڵک دا؟
عەلی حوسێن: ڕێنمایی سەرۆک بارزانی ئەوە بوو کە ئێمە بەڵێنی بێ بنەما و بەڵێنێک کە پێمان جێبەجێ نەکرێ بە خەڵکی نەدەین، چونکە پارتی حزبێک نییە کە تازە خەڵک تاقی بکاتەوە، لەبەر ئەوەی لە هەموو قۆناغەکاندا تاقی کراوەتەوە، بۆیە دەبێ ئێمە واقیع لەگەڵ دروشمەکانماندا ببینین، تا ئەوانەی ڕێیان تێدەچێ لە چوار ساڵی داهاتوودا جێبەجێیان بکەین، ئەوەیشی جێبەجێ ناکرێت لەبەرچاوی خەڵک ڕوون بێت، کە پارتی هۆکاری جێبەجێ نەبوونیان نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک بابەتی دیکە ڕێگر بوون، بۆ نموونە، مادەیەک هەیە پێی دەگوترێت (قوە قاهرە) لە ڕووی یاساییەوە ئەبێ وابێ، بەڵام هێزێک دێت لە پێشیدا ڕێگر دەبێت، لەو کاتەدا لە ڕووی یاساییشەوە تاوانت لەسەر نییە.


بۆیە هەر یەکە لە پرۆژەکانی چاکسازی، دەستوور هەروەها کۆمەڵێک بابەتی دیکە کە پەیوەستن بە کۆمیسیۆنەوە، لە ئەولەویەتی پارتیدان و کەسانی پسپۆر لە پەرلەمان کاری لەسەر دەکەن.

 

(باس) بۆ پێکهینانی حکوومەت پارتی لە کام لایەنەوە زیاتر نزیکە؟
عەلی حوسێن: ئێمە ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەنێکی سیاسی، لەوانەی کە کورسییان بەدەست هێناوە، لەدەرەوەی بازنەی لەیەکتێگەیشتنی ئێمە نین، ڕەنگە تێبینیمان لەسەر هەندێک لایەن هەبووبێت، بەڵام ڤیتۆ و تێبینی جیاوازن.


ئێمە دەمانەویست دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان جێگیر کرا و پەرلەمان (كاندیدی پارتی) بۆ سەرۆک وەزیران دەستنیشان دەکات، ئەوا سەردانی هەموو لایەنەکان بکەین، بەڵام لە ئێستاوە هەندێک لایەن ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، بەو پێیەش ڕەنگە نەیانەوێت بچین و بیاندوێنێن، سەرەڕای ئەوەش، ئێمە گفتوگۆی خۆمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا دەکەین، بەدڵنیاییەوە سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بەرنامەی دەبێت و بەرنامەی خۆی پێشکەش دەکات، ئەوەی ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت کە هاوبەشی بەرنامەکە بکات، ئەوا پارتی ئامادەیە گفتوگۆی لەگەڵ بکات و لە حکوومەتدا بەشدار بێت.

 

(باس): یەکێتی دەڵێت مەرجمان بۆ کەس نییە و مەرج لە کەسیش قبوڵ ناکەین، ئێوە وەک پارتی مەرجتان بۆ ئەو لایەنە چییە کە بتانەوێ حکوومەتی لەگەڵدا پێکبهێنن؟
عەلی حوسێن: ئێمە به‌رنامه‌مان هەیە نەک مەرج، ئەو به‌رنامه‌یه‌ش پێشبینی دەکەین هەموو لایەنەکان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە لەگەڵیدا بن، چونکە پەیوەستە بە ژیانی خەڵکەوە و پرۆژەیەکی گشتگیرە، هەم لە بوار حوکمڕانی، بواری تەندروستی، پەروەردە، ئەمنییەتی ناوخۆ، مووچە، وزرە، ئاو، کارەبا، گرفتەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا. بەدڵنیاییەوە ئەوەی بەشدار دەبێ لە حوکمڕانیدا دەبێت بەکردەیی بەشدار بێت، نەک وەک پێشتر پێیەکی لەناو حکوومەتدا بێت و پێیەکەی دیکەی لەدەرەوە بێ و ئۆپۆزسیۆن بێت.

 

(باس): دوای بابەتی سەرکۆماری عێراق، گرژییەک لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی دروست بوو، ئێستا پەیوەندیتان چۆنە؟
عەلی حوسێن: ئێمە لە سێ خولی پێشووی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقدا، کە له دوواندا خوالێخۆشبوو مام جەلال و ئەوی دیکە به‌ڕێز فواد مەعسوم بوو، لە ماوەی دوو خولەکەی مام جەلالدا سەرکردە سەرەکییەکانی یەکێتی و ئەوانەی لەناو ڕووداوەکانن و شارەزان، دەزانن ڕۆڵی پارتی و بەتایبەت خودی سەرۆک بارزانی چۆن بوو، بۆ ئەوەی جەنابی مام جەلال وەک سەرکۆمار جێگیر ببێت، لە خولەکەی فواد مەعسومیشدا، بڕیار بەدەستەکانی ناو یەکێتی دەزانن ڕۆڵی پارتی چۆن و بە چ شێوەیەک بوو. لەبارەی ئەم خولەشەوە، پارتی پەیامێکی لەدوای ڕیفراندۆم هەم بۆ پێکهاتەکانی عێراق، هەم بۆ وڵاتانی هەرێمی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەبوو، کە ئەویش پیشاندانی نییەتپاکیی خۆی و چاره‌سه‌رکردنی گرفتەکانی ئێمەیە لەگەڵ بەغدا، ئەمەشمان بەڕاشکاوی لەگەڵ یەکێتیدا باس کرد، کە بۆ ئەمجارە دەمانەوێت سەرکۆمار لە پارتی بێت، هەڵبەتە پۆستی سەرکۆماریش بۆ ئەوە نەبووە کە چی لە دۆخی پارتی دەگۆڕێت، چونکە خۆم بە حوکمی ئەوەی لە پەیوەندییەکانم، دەزانم، سەرکردایەتیی سیاسیی عێراق چەند داوایان لە جەنابی سەرۆک و کاک نێچیرڤان دەکرد، بۆ ئەوەی یه‌كێك لەوان ببێ بە سەرکۆمار.


هەرچی لەبارەی خودی دکتۆر بەرهەم ساڵحیشە، ئێمە کێشەمان لەگەڵیدا نەبووە، چونکە ئەو کاتەی بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیران بوو، ئێمە هاوکاریمان کرد، یەکێتی لە دۆخێکی خراپدا بوو، چونکە گۆڕان 25 کورسیی بەدەست هێنابوو، جەنابی مام جەلال تەکلیفی لە جەنابی سەرۆک بارزانی کرد، کە دکتۆر بەرهەم لە یەکێتی بکاتە سەرۆک وەزیران، سەرۆک بارزانییش ڕازی بوو و هاوکارییەکی تەواوی بەرهەم ساڵحیشی کرد، ئەو کاتەی کە لە یەکێتیش جیا بووەوە، جەنابی سەرۆک بارزانی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە خۆی قسەی لەگەڵ به‌ڕێز بەرهەم ساڵح کرد، بۆ ئەوەی جیا نەبێتەوە و بگەڕێتەوە ناو یەکێتی، بۆ ئەوەی یەکێتی بەهێز بێت، تا بتوانێ هاوپەیمانی پارتی بێ، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ئارامیی کوردستاندایە، بەڵام شێوەی گەڕانەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی و شێوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی عێراق و متمانەدان پێی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، لەجیاتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ئەمە جێی تێبینی ئێمە بوو.


واتە تێبینییە بۆ ئایندە، خوانەخواستە گرفتەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا بگەنە ئاستێک خەڵکێکی دیکەی سەر بەخۆیان واته‌ سه‌ر به‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بێنن و لەسەر کورد بیسەپێنن، بۆیە ئەمە سەرەتایەکی خراپە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا بەرهەم ساڵح سەرکۆمارە، ئەوەش مانای ئەوە نییە، کە لەدوای ئەو بابەتە نێوانی ئێمە و یەکێتی بەتەواوی تێکدەچێت و ناتوانین پێکەوە کار بکەین، بەدڵنیاییەوە تا چ شوێنێک هاوپەیمانیی ئێمە کەمتەرخەمیی هەبووە، ئەوا حەقە لە ئایندەدا ڕەچاوی کەمتەرخەمیی خۆی بکات، بەڵام لەکۆتاییشدا ئێمە پرسێکمان هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە عێراقدا هەیە، لێرە هەر یەک بەپێی قەبارەی خۆی بەرپرسیارێتی لەسەرە، لە بەغداش سەرۆک کۆمار، وەزیرەکان و پەرلەمانتارەکان ڕۆڵیان گرنگە و ئەگەر توانییان لە ئاستی بەرپرسیارێتیی قۆناغەکەدا بن، بڕوام وایە هەرێمی کوردستان ئیعادەی نەزەری لێ دەکات.

 

(باس) سێ وەزارەت بۆ کورد لە بەغدا دیاری کراون، دووانیان بۆ پارتی یەکلایی بوونەتەوە و وەزارەتی کۆچ ماوە، یەکێتیش داوای وەزارەتێک دەکات، ئایای ئێوە نەرمیی دەنوێنن بۆ پێدانی ئەو وەزارەتە بە یەکێتی؟
عەلی حوسێن: ئێمە وەک پارتی کە نوێنەرایەتیی کوردمان دەکرد لە ساڵی ١٩٧٠ پێنج وەزارەتمان هەبوو، ئێستاش بەپێی شایستەی خۆمان پێنج وەزارەتمان پێویسته‌ هه‌بێت، تا ئێستا پارتی دووانی وەرگرتووە و پێداگرین بۆ وەزارەتەکەی دیکەش و یەکلاییش بووەتەوە کە پارتی وەری بگرێت، چونکە مەبدەئییەن لەگەڵ بەغدا ڕێک کەوتووین کە ئەو وەزارەتە بدرێت بە پارتی. ئەگەر بێت و یەکێتیی نیشتمانی وەزارەتێک وەربگرێت ئەوا دەبێتە چوار وەزارەت بۆ کورد، بەڵام هێشتا حەقی کورد پێنج وەزارەتە.

 

(باس) گۆڕان مەیلی نزیکبوونەوەی لە پارتی زیاترە لە جاران، نەخاسمە بۆ بەشداری لە حکوومەتدا؟
عەلی حوسین: هۆکارەکانی دابەزینی ڕێژەی دەنگی گۆڕان، شێوه‌ی مامه‌ڵه‌ی ئه‌وانە له‌ حوكمڕانی و هه‌روه‌ها له‌ ئۆپۆزسیۆنبوون و ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان کە لە دەباشان کردیان، چونکە جەماوەرەکەی گۆڕان ئەو کەسە ناڕازییانە بوون کە لەناو یەکێتی هاتبوونە دەرەوە، کاتێ گۆڕان بیانگەڕێنێتەوە بۆ ناو ئەو نیگەرانییانەی کە خەڵک پێی ناڕازییە، بێ گومان ئەمە کاریگەریی خۆی هەبوو، لێرەشدا یەکێتی سوودی پێ گەیی و گۆڕانیش زیانی کرد.


هەرچی لەبارەی متمانەی گۆڕان یان لایەنەکانی دیکە هەیە بۆ پارتی، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لەگەڵ پارتی ئەزموونیان هەیە و دەزانن حزبێکی بە ستراتیژە و بە بەرنامەیە و ئەو ڕێککەوتنەی دەیکات پێیەوە پابەند دەبێت و وەک خۆی جێبەجێی دەکات، هەروەها ئامانجمان ئەوە نییە کە ئەو لایەنەی هاوپەیمانە لەگەڵماندا بیشکێنین، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، دەمانەوێت بەهێز بێت، تا هاپەیمانێتییەکەمان بەردەوام بێت.

 

(باس) ئایا پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش هاوشێوەی سەرۆکایەتیی حکوومەت بۆ پارتی دەبێت؟
عەلی حوسێن: ئێمە ڕەچاوی دەستکەوت و ئیستقراری پەرلەمانی و حوکمڕانی و کۆمەڵگایش دەکەین، بەو پێیەش ڕەنگە لە هەندێک شوێندا پارتی موراعات بکات، موراعاتیش لە دەستکەوت جیایە، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیش له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت و وه‌زیره‌كان یه‌ك پاكێجه‌، وه‌كوو باسمان كرد له‌ پۆسته‌كاندا ره‌چاوی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن و شێوه‌ی شه‌راكه‌ت ده‌كرێت.

 

(باس) پێش ماوەیەک دکتۆر بەرهەم ساڵح سەردانی کەرکووکی کرد، لەگەڵ هەندێک لایەندا کۆبووەوە و دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە، کە بەڵێنی بە تورکمانەکانی کەرکووک داوە، ڕێگری لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک بکات، ئێوە بەمە ڕازی دەبن؟
عەلی حوسێن: بە بۆچوونی ئێمە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە شنگال، دەشتی نەینەوا، خانەقین، خورماتوو، لەلایەن حەشد و سوپاوە داگیر کراون، بۆیە دەبێ بارودۆخی ئەو شوێنانە ئاسایی بکرێتەوە و دەسەڵاتی مەدەنی بەپێی دەستوور بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و شوێنانه، ئه‌و كات رێكکه‌وتنی سیاسی بۆ ئه‌و شوێنانه‌ بكرێت، له‌و خولەی په‌رله‌مانیش هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی مادەی (140)ی ده‌ستوور بدرێت. بابەتی کەرکووک و هەندێک شوێن تا ڕادەیەک ئێستا بووەتە بابەتێکی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییش، چونکە تەداخولاتێکی زۆری تیایە، سەرەڕای ئەوەش، ئێمە ڕەچاوی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بە تورکمان، عەرەب، مەسیحی و به‌ كلد و ئاشووری و سریان دەکەین، واتە نەمانگوتووە کە کەرکووک بەتەنیا هی کوردە و ئێستاش ناڵێین، بەڵکوو گوتوومانە ناسنامه‌ی كه‌ركووك كوردستانییه.


بەدرێژایی شۆڕشی کوردیش گرفتەکانی ئێمە لەگەڵ حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکان ئەوە بووە، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە دۆخی کەرکووک بە شێوازێک ئاسایی بکرێتەوە، کە کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحی و به كلد و ئاشووری و سریان کە خەڵکی ڕەسەنی کەرکووکن هەست بەوە بکەن، کە شارەکە هی خۆیانە، جا ئەمە چۆن بکەین؟ پارتی بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک و دەستیشی پێ کردووە، تا ئاستێکیش گفتوگۆکان ئەرێنیین و تێگەیشتن هەیە، ئومێدیش دەکەین بگەینە چارەسەرێک.


کەرکووک نابێت لە ڕوانگەی حزبایەتییەوە تەماشا بکرێت، یەکێتی و پارتی و حزبەکانی دیکە دەبێ لە ڕوانگەی کورد و کوردستانییەوە سەیری کەرکووک بکەین.

 

(باس) یەکێتی باس لەوە دەکات، پارتی ڕێگرە لە دانانی پارێزگاری کەرکووک، ئێوە بۆ ڕێگرن لە دانانی پارێزگار؟
عەلی حوسێن: پارێزگاری کەرکووک کورد بوو، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی بوو، ئێمە هۆکار نەبووین تا پارێزگار ڕووبەڕووی ئەو دۆخە ببێتەوە و هۆکاری ١٦ی ئۆکتۆبەریش نەبووین، بەڵکوو خۆیان بەرپرسیارن لەوەی کردوویانە، چ بەرامبەر پارێزگار و چ بەرامبەر ئەو دۆخەی کە ڕووبەڕووی کەرکووکیان کردەوە، ئێستاش ئێمە قەناعەتمان وایە، کە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ مەنتیق و بە مەنتیق مامەڵە بکەین، هەروەها هەوڵ نەدرێت لە ڕوانگەی حزبییەوە یەکێتی تەماشای کەرکووک بکات و بە هی یەکێتی بزانێت، چونکە کەرکووک هی کوردە و کورستانییە و به‌ هه‌مان شێوه‌ هی پێكهاته‌كانی دیکەی كه‌ركووكه‌. دەبێت ئەو کەسەی ڕۆڵ دەبینێت و دەبێتە پارێزگار، یان سەرۆکی ئەنجومەن، کەسێکی بێ لایەن بێ و بۆ هەموو کەرکووکییەکان بێت نەک حزبێکی دیاریکراو، پارتیش بڕوای وایە ئەو خەڵکانەی کە کەرکووکیان بەو دۆخە گەیاند، سوودیان بۆ ئایندەی کەرکووک و پێکەوە کارکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێمە و بەغداش نابێت.

 

(باس) پارتی کەی بە نیازی بەستنی کۆنگرەیە؟
عەلی حوسێن: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بەستنی کۆنگرە دواکەوتووە، چونکە دەبوو زووتر کۆنگرەمان ببەستایە، بەڵام بەهۆی هاتنی شەڕی داعش و ئەو دۆخانەی بەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا هاتن، ئەمانە کاریگەرییان هەبوو، تا ئێستا بڕیارمان نەداوە کە کەی کۆنگرە ببەستین، بەڵام پێم وایە لەدوای پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە دەست بە ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە دەکەین، پێشبینییش دەکەین ساڵی داهاتوو ٢٠١٩ کۆنگرە ببەستین.

 

(باس) گۆڕانکارییەکانی ناو پارتی بە کوێ گەیشتوون؟
عەلی حوسێن: بڕوامان وایە کە ئەو گۆڕانکارییانە بەردەوام دەبن، ئەوەش تەنیا بۆ چاککردن لەناو پارتیدا نییە وەک حزب، بەڵکوو لەناو حوکمڕانییشدا، هەر بۆیە پێوستە کۆمەڵێک بنەما دابنرێن، بە سیستەم بکرێت، واتە بۆ نموونە فلان کەس چوار ساڵی بۆ دانراوە هەر ئەوەندەیە و تەنیا یەکجار بۆی هەیە دووبارە ببێتەوە، ئەو چاکسازییەی کە ئێمە باسی دەکەین ئەمە یەکێکە لەوانە.