بەرپرسێکی گۆڕان: یه‌كێتى ته‌نازولى بۆ پارتى كردووه بەرامبەر بەوەی گۆڕان به‌شداریى حكوومه‌ت نه‌كات

"یه‌كێتى موئامه‌ره‌یه‌كى گه‌وره‌ى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و هه‌وڵى لەناوبردنی گۆڕان دەدات"

13/11/2018 - 20:30 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

نزار مه‌حموود، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕای گه‌یاند: "یه‌كێتى هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات گۆڕان به‌شداریى حكوومه‌ت نه‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تێكى زیاده‌ وه‌ربگرێت. گوتیشى: "یه‌كێتى به‌رامبه‌ر پارتى شكستى هێناوه‌ و ده‌ترسێ په‌راوێز بخرێت“.

 

(باس) وا بڕیاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو، شاندى باڵاى پارتى بە جیا به‌ مه‌به‌ستى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا كۆ بێنه‌وه‌، ئایا بڕیارتان داوه‌ به‌شداریى حكوومه‌ت بكه‌ن، یاخود ده‌بنه‌وه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆن؟
نزار مه‌حموود: بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، حزبێكه‌ هه‌موو شتێكى خۆى به‌ به‌رنامه‌ ده‌كات، بێ گومان جڤاتى نیشتمانى به‌زوویى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌ و بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌دات، به‌ڵام پرسی به‌شداریكردن و به‌شدارینه‌كردنى گۆڕان له‌ كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دانوستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ى كه‌ ده‌یەوێ حكوومه‌ت پێكبهێنێت، بێ گومان شاندى دانوستكارى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ى پارتى و یه‌كێتىیش كۆ ده‌بنه‌وه‌ و گفتوگۆ له‌باره‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئاخۆ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ به‌رنامه‌ و كارنامەیان چییه‌ بۆ حكوومه‌تى ئاینده‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ زانیمان به‌شداریكردنمان له‌م حكوومه‌ته‌ له‌ قه‌زانجى خه‌ڵكى كوردستاندا ده‌بێت، ئه‌وكاته‌ له‌گه‌ڵ شاندى پێكهێنانى حكوومه‌ت، جۆرێك له‌ تێگه‌یشتن دروست ده‌بێت، دواتر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ دێته‌ ناو جڤاتى نیشتمانى و له‌ كۆبوونه‌وه‌ى جڤاتدا به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگى ئه‌ندامان بڕیارى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین، به‌شدارى ده‌كه‌ین، یان ده‌بینه‌وه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كى ئۆپۆزسیۆن و چاودێریى ئیش و كاره‌كانى حكوومه‌ت ده‌كه‌ین.

 

(باس) هه‌فته‌ى ڕابردوو، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر ئاستى ئۆرگانه‌كانى خۆى ڕاپرسییه‌كى ئه‌نجام داوه‌ و زۆربه‌ى هه‌ڵسوڕاوه‌كانى گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوون كه‌ به‌شداریى حكوومه‌ت بكات، ئیتر بۆچى دوای ده‌خه‌ن؟
نزار مه‌حموود: ئه‌و ڕاپرسییه‌ به‌ شێوازى جۆراوجۆر كراوه‌، له‌ هه‌ندێك شوێندا كۆبوونه‌وه‌ى فراوان بۆ لایه‌نگر و هه‌ڵسوڕاوه‌كانمان ڕێكخراوه‌، بێ گومان پرسی به‌شداریكردنى گۆڕان خراوه‌ته‌ به‌ر باس و گفتوگۆى تێروته‌سه‌لى له‌باره‌وه‌ كراوه‌، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا ده‌ره‌نجامى ڕاپرسییه‌كه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌، هه‌رچەنده‌ ئێمه‌ ڕاوێژمان به‌ ژماره‌یه‌ك لایه‌نگرى خۆمان كردووه‌، به‌شێكى هه‌ڵسوڕاوه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یه‌ بكه‌ین، به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ به‌ باشى ده‌زانن تاوه‌كوو دواى گفتوگۆکانمان هیچ قسه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌كه‌ین، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ ته‌نیا بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وەى جڤاتى نیشتمانییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌شداریى ئه‌م كابینه‌ بكه‌ین.

 

(باس) ئه‌گه‌ر كارنامه‌ى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كارنامه‌یه‌كى باش بێت، ئێوه‌ به‌شداریى ده‌كه‌ن؟
نزار مه‌حموود: ئه‌گه‌ر بزانین كارنامه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم كارنامه‌یه‌كى باشه‌ و خزمه‌تى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كات، به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یه‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ جڤاتى نیشتمانى ده‌نگى پێ ده‌دات و په‌سه‌ندى ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بزانین لایه‌نى ده‌سه‌ڵات داواكارییه‌كانى ئێمه‌ جێبه‌جێ ناكات، نه‌خێر به‌شداریى حكوومه‌ت ناكه‌ین، چونكه‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌، یان چه‌ند وه‌زاره‌تێك وه‌ربگرین و وه‌زیره‌كانیشمان ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بێت، به‌ڵكوو ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ وه‌زاره‌تێك وه‌ربگرین ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بێت، یان بتوانین كارنامه‌كانى خۆمان له‌ناو ئه‌و حكوومه‌ته‌ وه‌كوو خۆى جێبه‌جێ بكه‌ین، چونكه‌ حه‌ز ناكه‌ین به‌ گۆتره‌ و به‌ میزاجى شه‌خسییه‌وه‌ بڕۆینه‌ ناو ئه‌م حكوومه‌ته‌وه‌، بێ گومان ئه‌گه‌ر به‌شێكى كارنامه‌كانى خۆمان له‌ناو حكوومه‌تدا جێبه‌جێ بكه‌ین، ئه‌وكاته‌ به‌رپرسیار ده‌بین له‌ هه‌موو كارێكى ئه‌م حكوومه‌ته‌.

 

(باس) بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان زیاتر مه‌یلى به‌شداریكردنى حكوومه‌ت ده‌كات، ئێوه‌ ده‌تانه‌وێ چ وه‌زاره‌تێك وه‌ربگرن؟
نزار مه‌حموود: هه‌موو حزبێكى سیاسی مه‌یلى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست، به‌ڵام ئێمه‌ تاوه‌كوو ئێستا مناقه‌شه‌ى هیچ وه‌زاره‌ت و پۆستێكمان نه‌كردووه‌، چونكه‌ كارنامه‌ى حكوومه‌ته‌كه‌ به‌ لاى ئێمه‌وه‌ گرنگه‌، نه‌ک پۆست و وه‌زاره‌ت، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر وه‌زاره‌تى دارایی لاى ئێمه‌ بووه‌، به‌ڵام ده‌ركه‌وت ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ هیچ ئه‌همییه‌تێكى نه‌بووه‌، چونكه‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان خۆى نه‌وته‌كه‌ ده‌فرۆشێ و خۆیشى پاره‌كه‌ى كۆ ده‌كاته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ چاودێرییه‌كى له‌سه‌ر بێت، هه‌روه‌ها ئێمه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌مان وه‌رگرت، بڕیارى ئه‌وه‌ درابوو كه‌ چاكسازى له‌ناو هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌دا ده‌كرێت، به‌ڵام نه‌ک چاكسازی له‌ناو هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌دا نه‌كرا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان به‌و جۆره‌ بێت، هیچ وه‌زاره‌تێك به‌ لاى ئێمه‌ گرنگ نییه‌، ته‌نیا كارنامه‌ى حكوومه‌ته‌كه‌ به‌ لاى ئێمه‌وه‌ گرنگه‌.

 

(باس) ده‌گوترێ یه‌كێتى رێگرى له‌ به‌شداریكردنى گۆڕان له‌ كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمدا ده‌كات، به‌ بۆچوونى تۆ ئه‌م ڕێگرییه‌ى یه‌كێتى بۆ چى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
نزار مه‌حموود: به‌داخه‌وه‌ یه‌كێتى وا بیر ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر گۆڕان به‌شداریى حكوومه‌ت بكات، یان ئه‌گه‌ر گۆڕان هه‌ر پۆست و وه‌زاره‌تێك وه‌ربگرێت، له‌ پشكى یه‌كێتى كه‌م ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئێستا یه‌كێتى له‌به‌رامبه‌ر پارتى خۆى به‌ شكستخواردوو ده‌زانێت، بۆیه‌ یه‌كێتى ده‌ترسێت په‌راوێز بخرێت، هه‌وره‌ها هه‌ده‌فێكى دیكه‌ى كه‌ ئێمه‌ به‌ موئامه‌ره‌یه‌كى گه‌وره‌ى ده‌بینین، هه‌ده‌فه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتى هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ناو به‌رێت! به‌ڵام یه‌كێتى خۆى وه‌كوو حزب نه‌ماوه‌ و پێگه‌ى لاواز بووه‌، بێ گومان ئه‌و حزبێك كه‌ تواناى به‌ڕێوه‌بردنى خۆى نه‌بێت، هیچ كاتێك ناتوانێت بزووتنه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌ریى وه‌كوو گۆڕان بپووكێنێته‌وه‌ یان ڕێگریى لێ بكات، چونكه‌ ئێمه‌ پشتمان به‌ هیچ حزبێكى سیاسی و هیچ هێزێكى ده‌ره‌كى نه‌به‌ستووه‌، تاوه‌كوو پشتمان لێ بكات و له‌وه‌ بترسین كه‌ یه‌كێتى بمانپووكێنێته‌وه‌، به‌ڵكوو ئێمه‌ پشتمان به‌ جه‌ماوه‌ره‌ دڵسۆزه‌كه‌ى خۆمان به‌ستووه‌.

 

(باس) ئه‌گه‌ر یه‌كێتى ڕێگریى له‌ به‌شداریكردنى گۆڕان له‌ كابینه‌ى نوێی حكوومه‌تى هه‌رێمدا بكات، ئێوه‌ چ هه‌ڵوێستێكتان ده‌بێت؟
نزار مه‌حموود: ئه‌گه‌ر جڤاتى نیشتمانى بڕیار بدات كه‌ به‌شداریى حكوومه‌تى هه‌رێم بكه‌ین، یه‌كێتى هیچكات ناتوانێ ڕێگریمان لێ بكات، هه‌رچه‌نده‌ من به‌ڵگه‌یه‌كم لا نییه‌ كه‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت یه‌كێتى ڕێگریمان لێ ده‌كات، به‌ڵام جموجۆڵه‌كانى یه‌كێتى ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ئه‌و حزبه‌ ڕێگرى له‌ به‌شداریكردنى گۆڕاندا ده‌كات، ته‌نانه‌ت زانیاریمان لایه‌ كه‌ یه‌كێتى نامه‌ى نووسیوه‌ و ته‌نازولى بۆ پارتى كردووه بەرامبەر بەوەی گۆڕان به‌شداریى حكوومه‌ت نه‌كات، یه‌كێتى بۆ ئه‌وه‌ حه‌ز ده‌كات ئێمه‌ به‌شداریى حكوومه‌ت نه‌كه‌ین، چونكه‌ مشتیان بۆ وه‌زاره‌ته‌ گه‌وره‌كان خۆش كردووه‌ و هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن گۆڕان به‌شداریى ئه‌م حكوومه‌ته‌ نه‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌كان وه‌ربگرن.

 

(باس) یه‌كێتى ڤیدیۆى ئه‌وه‌ى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، گوایه‌ چوار هه‌زار هه‌ڵسوڕاوى گۆڕان چوونه‌ته‌وه‌ ناو ڕێزه‌كانى یه‌كێتى، بۆچى هه‌ڵسوڕاوه‌كانتان لێ ده‌كشێنه‌وه‌؟
نزار مه‌حموود: یه‌كێتى هه‌موو كارێك ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى پێگه‌ى گۆڕان لاواز بكات، پێشتریش خه‌ڵكى ئێمه‌ى نانبڕاو كردووه‌ و په‌لامارى هه‌ڵسوڕاوه‌كانى گۆڕانى داوه‌، ئێستا یه‌كێتى تووشى نه‌خۆشیى ده‌روونى بووه‌! ئه‌و ڤیدیۆیه‌ى بڵاو بووەته‌وه‌ گوایه‌ 4 هه‌زار هه‌ڵسوڕاوى گۆڕان وازیان هێناوه‌ و چوونه‌ته‌وه‌ ناو یه‌كێتى، ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه‌ و سیناریۆى خۆیانه‌، چونكه‌ یه‌كێتى 10 ساڵ زیاتره‌ ماوه‌ به‌ ماوه‌ كۆمه‌ڵێك كادیرى خۆى ده‌هێنێته‌ سه‌ر شاشه‌ى كه‌ناڵه‌كانى خۆیان، گوایه‌ ئه‌وانه‌ گۆڕان بوون و ئێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناو ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌، به‌ڵام ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ترسه‌ و به‌رۆكى یه‌كێتى گرتووه‌، چونكه‌ هه‌موو مه‌ترسیه‌كى یه‌كێتى ئه‌وه‌یه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان گه‌شه‌ بكات، به‌ڵام ئێمه‌ یه‌كێتى دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕۆژ به‌ ڕۆژ گه‌شه‌ى به‌رچاو به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ و هه‌رگیز پێگه‌ى لاواز نابێت.

 

(باس) ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى گۆڕان و یه‌كێتى چى به‌سه‌ر هات؟ ئایا كار به‌و ڕێككه‌وتنه‌ ده‌كه‌ن؟
نزار مه‌حموود: نه‌خێر ئێمه‌ چیتر كار به‌و ڕێككه‌وتنه‌ ناكه‌ین، چونكه‌ یه‌كێتى هۆكارى سه‌ره‌كى بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌مان به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ بچێت، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى كردووه‌ کە بتوانین هاوسه‌نگیى هێز دروست بكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ یه‌كێتى هیچ به‌ندێكى ناو ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى جێبه‌جێ نه‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بۆ ئارامیى ئه‌م ناوچه‌یه‌ باش بوو، به‌ڵام یه‌كێتى له‌ په‌كخستنى ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ خۆى زه‌ره‌رى كرد، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتى ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى په‌ك نه‌خستایه‌، وڵاته‌كه‌مان ئاواى لێ نه‌ده‌هات و ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر به‌ئاسانى ڕووی نه‌ده‌دا، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌م جاره‌ هیچ ڕێككه‌وتنێكى له‌و شێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا ناكه‌ین.