به‌رپرسێکی حزبی شیوعیى: داگیركردنى کەرکووک به‌ هاوكاریى ژمارەیەک كاربه‌ده‌ستانى یه‌كێتی بوو

"هه‌بوونى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ کەرکووک كاریگه‌ریى باشى ده‌بێت"

10/11/2018 - 13:21 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

له‌ دیمانه‌یه‌كى (باس)دا، شێخ سدیق، به‌رپرسى كۆمیته‌ى مه‌حەلیى کەرکووکى حزبى شیوعیى كوردستان ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، داگیركردنى کەرکووک به‌ئاشكرا و به‌ سه‌رپه‌رشتیى قاسم سوله‌یمانى بووه‌ و ده‌شڵێت بوونى پارتى لە ئێستا له‌ کەرکووک كاریگه‌ریى باشى ده‌بێت.

 

(باس) بۆچوونتان له‌سه‌ر 16ى ئۆكتۆبه‌ر چییه‌؟
شێخ سدیق: له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ردا ده‌بوایه‌ شه‌ڕ و به‌رگرى له‌ کەرکووک بكرایه‌، ناتوانم هیچ ناوێك له‌و ڕۆژه‌ بنێم و ئه‌وه‌یان بۆ مێژوو به‌جێ ده‌هێڵێن، به‌ڵام ئێستا کەرکووک داگیر كراوه‌ و ته‌عریب ده‌كرێت و سیماى كوردایه‌تیى لێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ و شته‌ جوانه‌كانى كوردایه‌تیى لێى ون ده‌كرێت، كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووى به‌رهه‌مى ئه‌و ڕۆژه‌یه‌، 16ى ئۆكتۆبه‌ر ئه‌وه‌ى بۆ كردین كه‌ جارێكى دیكه‌ عه‌ره‌ب به‌سه‌رماندا زاڵ بێت و زه‌ویوزارمان داگیر بكات، هه‌ر به‌ هۆى ئه‌و ڕۆژه‌شه‌وه‌ پانتاییه‌كى زۆرمان له‌ خاكى كوردستان له‌ده‌ست دا، به‌ هۆى ئه‌و ڕۆژه‌وه‌ کەرکووکمان له‌ده‌ست ده‌رچوو.

 

(باس) ده‌گوترێت كه‌ به‌پێى ڕێككه‌وتنێكى شاراوه‌ى ژێر به‌ژێر کەرکووک و ناوچه‌كانى دیكه‌ راده‌ستى حكوومه‌تى عێراق كران، راسته‌؟
شێخ سدیق: من وا هه‌ست ناكه‌م شاراوه‌ بێت، داگیركردنى کەرکووک به‌ ئاشكراو به‌ سه‌رپه‌رشتیى قاسمى سوله‌یمانى و به‌ هاوكاریى حكوومه‌تى عێراق و ژماره‌یه‌ك كاربه‌ده‌ستى ناو یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستانى بووه‌.

 

(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ بارودۆخى ئێستاى کەرکووک؟
شێخ سدیق: بارودۆخى کەرکووک زۆر خراپه‌، ئێمه‌ وه‌كوو كورد له‌و شاره‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكمان نییه‌ و به‌ته‌نیا ته‌ماشا ده‌كه‌ین، خاوه‌نى بڕیار نین و هیچیشمان پێ ناكرێت، له‌پێش چاومان زه‌ویوزارى كورد داگیر ده‌كرێن، به‌ڕێوه‌به‌رى كورد لاده‌برێت و پۆسته‌كان له‌ كورد ده‌سه‌نرێن، له‌پێش چاومان پارێزگار داده‌نێن و خه‌ڵك له‌ به‌غداوه‌ ده‌نێرن، ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ حكوومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادی هێرشى هێنایه‌ سه‌ر کەرکووک، به‌ڵام هه‌رچه‌ندە هێشتا ئه‌م حكوومه‌ته‌ نوێیه‌ جارێك به‌ته‌واوه‌تى ده‌ستبه‌كار نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌ ڕاى من حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوا یه‌کەكانى عێراق به‌م حكوومه‌ته‌ نوێیشه‌وه‌ هیچ جیاوازییه‌كیان له‌ ڕه‌فتار و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كورد و به‌رامبه‌ر به‌ دۆزى كورد نییه‌ و وه‌كوو یه‌كن، له‌ سه‌ر سیاسه‌ته‌كانى جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140 و پێشمه‌رگه‌ و چه‌ندین مافى دیكه‌ى كورد هه‌مان سیاسه‌تى پێشووتره‌ و درێژه‌شى ده‌بێت.

 

(باس) دانه‌نانى پارێزگارێكى كورد بۆ کەرکووک تا چه‌ند گرفتى بۆ شاره‌كه‌ دروست كردووه‌؟
شێخ سدیق: هه‌بوونى پارێزگارێكى كورد بۆ کەرکووک بۆ ئێستا باشه‌، به‌ڵام تاكوو هێزى سه‌ربازى له‌ شاره‌كه‌ حوكم بكات، با پارێزگار كورد بێت یاخود توركمان و عه‌ره‌ب یه‌ك شته‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نابێت، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌ره‌تا ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى له‌ شاره‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌، ئه‌وجا شته‌كانى دیكه‌ بگۆڕین، با پارێزگاریش كورد بێت ئه‌گه‌ر له‌پێش چاوى ئەو ته‌عریب بكرێت و خه‌ڵك له‌ پۆست دوور بخرێت و ئه‌میش ده‌سه‌ڵاتى نه‌بێت هیچ بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دانانى له‌ ڕووى مه‌عنه‌وییه‌وە كاریگه‌ریى خۆى ده‌بێت.

 

(باس) ده‌گوترێت 16ى ئۆكتۆبه‌ر كوردى گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عس، وایه‌؟
شێخ سدیق: حكوومه‌تى عێراق ده‌قاوده‌ق له‌ چه‌شنى حكوومه‌تى به‌عس نییه‌، به‌ڵكوو عه‌قڵییه‌تى به‌عسى هه‌ڵگرتووه‌، كرده‌وه‌ى به‌عسى تێدایه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ دۆزى كورد، له‌ سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عس كورد نه‌یده‌توانى ده‌نگ بكات، به‌ڵام ئێستا ده‌توانێت، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى کەرکووک كۆ ببێته‌وه‌ ده‌توانێت ئه‌و بڕیارانه‌ى كه‌ جێبه‌جێ كراون زۆربەیان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، به‌ڵام حكوومه‌تى عێراق به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كى شۆڤێنییانه‌ ده‌ڕوانێته‌ دۆزى كورد و هه‌وڵ ده‌دات په‌كى بخات.

 

(باس) نه‌بوونى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ کەرکووک تا چه‌ند كاریگه‌ریى له‌سه‌ر بارودۆخى شاره‌كه‌ دروست كردووه‌؟
شێخ سدیق: به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌بوونى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ کەرکووک كاریگه‌ریى باشى ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ى كه‌ سه‌ر به‌ پارتین بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌، ئه‌وا بۆ خۆى شتێكى باشه، به‌ڵام ئه‌وان تاكوو ئێستاكه‌ بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌یان نه‌داوه‌ و داواشمان له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاراسته‌یان كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر هه‌موومان وه‌كوو لایه‌نى سیاسى له‌ کەرکووک نه‌گه‌ڕیێنه‌وه‌ نێو ئیداره‌ى شاره‌كه‌، ناتوانین ئه‌و كاریگه‌رییه‌ دروست بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى پارێزگارێكى كورد هه‌بێت و بڕیاره‌كانیش هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى نه‌مێنێت.