بەرپرسێکی بزووتنه‌وه‌ى توركمانى بێ لایه‌ن: پێویستە‌ بارودۆخی کەرکووک بگه‌ڕێته‌وه‌ پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر

"16ى ئۆكتۆبه‌ر ئاشتى و برایه‌تیی ‌نێوان پێكهاته‌كانى کەرکووکی نەهێشت"

10/11/2018 - 13:15 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

جه‌مال كه‌مال جێگرى سه‌رۆكى بزووتنەوەی توركمانى بێ لایه‌ن، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا، ئاماژه‌ به‌ خراپیى بارودۆخى شارى کەرکووک له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ ده‌كات.

 

(باس) ڕاتان لەسەر بارودۆخى ئێستاى کەرکووک چییه‌؟
جەمال کەمال : له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ بارودۆخى کەرکووک خراپ بووه‌ و كێشه‌ و گرفته‌كان زیادیان كردووه‌ و دیارده‌ى چه‌كدارى و سه‌ربازیى تێدا په‌یدا بووه‌، ئه‌مه‌ش خزمه‌ت به‌ شاره‌كه‌ ناكات و ئارامى و خۆشگوزه‌رانیى تێدا ناهێڵێت، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ بارودۆخه‌كه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر، چونکە ئێستا ژیان تێیدا زه‌حمه‌ت و قورسه‌.

 

(باس) دۆخى توركمان له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كان چۆنه‌؟
جەمال کەمال: توركمانیش حاڵى حاڵی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ى دیكه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌ ناوچه‌یه‌كى بێ ئارامدا ده‌ژین، ئه‌و بێ ئارامییه‌ وای كردووه‌ خه‌ڵك له‌ ژیانى ڕۆژانه‌ى خۆى دڵنیا نه‌بێت، تاكوو کەرکووک و ناوچه‌كانى دیكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستاى بمێننه‌وه‌، كێشه‌ و گرفته‌كان زیاد ده‌بن و چاره‌سه‌ریان زه‌حمه‌ت ده‌بێت.

 

(باس) پێتان باشه‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ کەرکووک؟
جەمال کەمال: به‌ڵێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین، چونكه‌ تاكوو پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ بوو ئارامی هه‌بوو و هیچ كێشه‌ و گرفتێك نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا پێشمه‌رگه‌ له‌وێ نه‌ماوه‌ شاره‌كه‌ هه‌مووى بووه‌ته‌ كێشه‌ و گرفت، له ‌هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ هێزێكى هاوبه‌ش دروست بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ دۆسێى ئه‌منیى شاره‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و له‌و هێزه‌ش به‌شى توركمانى تێدا هه‌بێت.

 

(باس) پێتان وایه‌ كه‌ توركمان به‌بێ كورد هیچى پێ ناكرێت؟
جەمال کەمال: ئێستا توركمان چه‌ند لایه‌ن و گرووپێكن، ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقییدا بن به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان و لایه‌نه‌كه‌یانى تێدایه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كورددا لێك تێگه‌یشتنێكى دروست و پته‌ویان هه‌بێت ئه‌وا له‌ قازانجى ئێمه‌دایه‌.

 

(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ر؟
جەمال کەمال: 16ى ئۆكتۆبه‌ر ڕووداوێكى نه‌خوازراو بوو، دوو بۆچوونى لەسەر هه‌یه‌، بۆچوونى یه‌كه‌م به‌ خیانه‌ت هه‌ژمار ده‌كرێت و بۆچونى دوومیش به‌ هه‌ڵه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌و ڕووداوه‌ بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى ئاشتى و برایه‌تى و ته‌بایى له‌نێوان پێكهاته‌كانى کەرکووکدا نه‌مێنێت، كه‌ له‌ژێر گوشارى چه‌ك و په‌لاماردان دروست بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌زعه‌ ناله‌باره‌دا نین كه‌ دۆخى چه‌ند ناوچه‌یه‌كى له‌ ئارامه‌وه‌ گۆڕى بۆ نائارام.

 

(باس) متمانه‌تان به‌ پارێزگارە سه‌پێندراوه‌كه‌ى کەرکووک هه‌یه‌؟
جەمال کەمال: نه‌خێر متمانه‌مان پێى نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ عه‌قڵییه‌تێكى تاكڕه‌وانه‌ى دێكتاتۆریانه‌وه‌ كار ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیى کەرکووک و کەرکووکییه‌كان ناكات و هه‌موو لایه‌ك تووشى زه‌ره‌ر ده‌كات.

 

(باس) حكوومه‌تى عێراق تا چه‌ند مافى توركمانى داوه‌؟
جەمال کەمال: هیچى بۆ توركمان نه‌كردووه‌، بۆ نموونه‌ ئێستا حكوومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى یه‌ك وه‌زیرى توركمانى تێدا نییه‌، به‌مه‌ش مافى توركمان هه‌م خوراوه‌ و هه‌میش پێشێل كراوه‌، به‌ڵام حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هاوكاریى و هه‌ماهه‌نگمان بووه‌ و زۆر له‌ مافه‌كانمانى داوه‌ و خزمه‌تى پێشكه‌ش كردووین.

 

(باس) له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى کەرکووکدان بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان؟
جەمال کەمال: بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بڕگه‌یه‌كى ده‌ستوورى هه‌یه‌ پێى ده‌گوترێت مادده‌ى (140)، جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕگه‌یه‌ ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر توركمان به‌ته‌واوه‌تى مافه‌كانى خۆى له‌ سایه‌ى هه‌رێمى كوردستاندا به‌ده‌ست هێنا، ئه‌وا ئه‌و كات ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌بین كه‌ کەرکووک بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، له‌هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شداین كه‌ هه‌رێمى كوردستان ببێت به‌ وڵاتێكى سه‌ربه‌خۆ.

 

(باس) بۆچوونتان لەسەر حكوومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى چییه‌؟
جەمال کەمال: ئه‌و حكوومه‌ته‌ لەسەر بنه‌ماى به‌ش به‌شى تایفى و حزبایه‌تى دروست بووه‌ (موحاسسه‌ى تایفى)، هه‌ر حكوومه‌تێكیش به‌و شێوازه‌ دروست بێت، سه‌ركه‌وتوو نابێت و شكست ده‌هێنێت، وه‌كوو حكوومه‌ته‌كانى پێشووتر، چونكه‌ حكوومه‌تێكى له‌م چه‌شنه‌ خزمه‌ت به‌ وڵات ناكات.