به‌رپرسێکی پارتی: ڕازى نابین پارێزگارى كه‌ركووك سه‌ر به‌ گرووپی خیانه‌تكارانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بێ

"نامانه‌وێت به‌ ژێرده‌سته‌یی بگه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ركووك و له‌ ژووریشه‌وه‌ به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ ئاڵاى كوردستان دابنێین!"

07/11/2018 - 14:33 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

له‌ دیمانه‌یه‌كى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا، دیاری حوسێن، جێگرى به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیی كه‌ركووك- گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ڕازى نین به‌ دانانى هیچ كه‌سێك وه‌ك پارێزگارى كه‌ركووك، كه‌ سه‌ر به‌ گرووپی خیانه‌تكارانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بێ، هەروەها چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ش باس ده‌كرێت.

 

(باس) به‌شێك له‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی، پارتی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن بە‌وه‌ى ئێوه‌ هۆكارن لە دانه‌نانی پارێزگارێكى نوێ بۆ كه‌ركووك، ئه‌مه‌ تا چه‌ند وایه‌؟
دیاری حوسێن: قسه‌ى ئه‌و به‌رپرسانه‌ دروست نییه‌، چونكه‌ پارتی له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی ڕابردووه‌وه‌ له‌ كه‌ركووك نه‌ماوه‌ و ئیتر ئه‌وان وه‌ك یه‌كێتی بۆ خۆیان هه‌موو شتێكیان كرد، كه‌ كورد له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كانى دیكه‌ بنده‌ست بێت، هه‌ر به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌یە حه‌شدى شه‌عبی دۆخی كه‌ركووكى له‌ هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه‌ تێكداوه‌، هه‌ر ئه‌وان میلیشیاكانیان هێنایه‌ ناو كه‌ركووك، ئێستاش له‌ولاوه‌ ده‌ڵێن كه‌ پارتی نایه‌ته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ بێ گومان مه‌به‌ستیان له‌ فراكسیۆنى پارتییه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، كه‌ پارێزگارێكى نوێ دابنرێت، ئێمه‌ ئاماده‌ین به‌شداریی بكه‌ین بۆ دانانی پارێزگارێكى نوێ بۆ كه‌ركووك و ئه‌ندامانى فراكسیۆنى پارتیشمان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ر كاتێك كه‌سایه‌تییه‌كى كوردی بێ لایه‌ن ده‌ستنیشان كرا، ئه‌وا ئێمه‌ پشتگیریی ده‌كه‌ی، ئێمه‌ له‌ دواى ساڵی 2003ه‌وه‌ وه‌ك حزب و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌، هه‌میشه‌ له‌ناو كه‌ركووكدا بووینه‌ و به‌شانازییه‌وه‌ به‌رگریمان له‌ خاك و خه‌ڵكى كه‌ركووك كردووه‌، ئه‌وه‌ ئه‌ركمان بووه‌ تاوه‌كوو خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌ شاره‌كه‌ داگیر كرا، ئه‌وانه‌ى كه‌ كه‌ركووكیان فرۆشت، بۆ كه‌ركووكییه‌كانیش ڕوون بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ خیانه‌تكارن، پێویسته‌ تەنانه‌ت ڕێگه‌ له‌و كه‌سانه‌ بگیرێ له‌ كه‌ركووكدا به‌ ئازادى بسووڕێنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان كاره‌ساتێكى گه‌وره‌یان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا هێنا، پێویسته‌ خه‌ڵك ڕێگه‌ى كه‌ركووكیان لێ قه‌ده‌خه‌ بكه‌ن، ئێمه‌ش ئێستا ڕازى نین به‌ دانانى هیچ كه‌سێك وه‌ك پارێزگارى كه‌ركووك، كه‌ سه‌ر به‌ گرووپی خیانه‌تكارانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بێ.

 

(باس) پارتی له‌سه‌ر ئاستی حزب و هه‌روه‌ها نوێنه‌ره‌كانى له‌ به‌غدا، چ هه‌وڵێكى داوه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركووك؟
دیاری حوسێن: ئێمه‌ هه‌وڵه‌كانى خۆمان خستووه‌ته‌ گەڕ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركووك، هه‌روه‌ها له‌ به‌غداش نوێنه‌رانی ئێمه‌ كار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌كه‌ن، پێشتریش له‌ كاتی پێكهێنانی حكوومه‌تى نوێی عێراق كاتێك كه‌ شاندى پارتی سه‌ردانى به‌غدای كردووه‌، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان تاوتوێی ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی كه‌ركووكییان كردووه‌ و پێویسته‌ له‌ كه‌ركووك كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌پێنراوى سه‌ربازى و ئیداری بەو شیوە نایاساییەی ئێستای بهێنرێت، پێویسته‌ هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی و هێزه‌ نامۆكانى تر بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ و شاره‌كه‌ ڕاده‌ستی پۆلیسی خۆجێیی كه‌ركووك و ئاسایش بكرێت، ئه‌مه‌یان ده‌بێته‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مى ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركووك، چونكه‌ تاوه‌كوو دۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا كرده‌وه‌ توندوتیژییه‌كان رۆژانه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و هه‌موومان ده‌زانین كه‌ دۆخى ئه‌منیى كه‌ركووك رۆژ بە رۆژ به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رۆژانه‌ پشكنینی گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌كه‌ن و خه‌ڵكیش ده‌ستگیر ده‌كه‌ن و ده‌ستیش ده‌گرن به‌سه‌ر چه‌كدا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ى تیرۆریستی هه‌ر ئه‌نجام ده‌درێت و خه‌ڵك ده‌كوژرێت و ده‌ڕفێنرێت.

 

(باس) پارتی له‌ چ حاڵه‌تێكدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ركووك؟
دیارى حوسێن: ئێمه‌ ئێستا بگه‌ڕێینه‌وه‌ باره‌گا داگیركراوه‌كانمان له‌ كه‌ركووك ڕاده‌ست ده‌كرێت، به‌ڵام ئێمه‌ خۆمان ئه‌وه‌ قبووڵ ناكه‌ین بگه‌ڕێینه‌وه‌ ژێرده‌سته‌ بین و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكمان نه‌بێت له‌ كه‌ركووك، كه‌ركووك شارێكى كوردستانییه‌ و له‌ ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا كه‌ركووكییه‌كان به‌ ده‌نگه‌كانیان ئه‌وه‌یان سەلماند، كه‌ كه‌ركووك كوردستانییه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ئێستا ناگه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ركووك كه‌ بۆ هه‌موو شتێك پرس به‌ خه‌ڵكى غه‌ریب و داگیركه‌ر بكه‌ین، ئێمه‌ كاتێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ركووك كه‌ ئاسایشی تێدابێت، كه‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سنووره‌كه‌، ئه‌و كاته‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ ئاڵای كوردستان به‌سه‌ر باره‌گاكانماندا بشه‌كێته‌وه‌، ناكرێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ژووریشه‌وه به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ ئاڵاى كوردستان دابنێین، ئه‌مه‌یان لای ئێمه‌ جێگه‌ى قبووڵ نییه‌.

 

(باس) ئایا تاوه‌كوو ئێستا پرۆسه‌ى بەقاچاخبردنی نه‌وتى كه‌ركووك له‌ ڕێگاى تانكه‌ره‌وه‌ بۆ ئێران به‌رده‌وامه‌؟
دیارى حوسێن: به‌ڵێ به‌رده‌وامه‌ و به‌ هیچ بڕیارێك ناردنى ئه‌و نه‌وته‌ ڕاناگیرێ، چونكه‌ به‌ناوى پاڵاوگه‌ى بازیانه‌وه‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌ڕواته‌ سنوورى سلێمانى و له‌وێشه‌وه‌ ده‌یبه‌نه‌ ئێران، مه‌گه‌ر له‌سه‌ر سنوور هێزێكى تایبه‌ت دابنرێت و ڕێگه‌ نه‌دات ئه‌و نه‌وته‌ به‌ره‌و ئێران ببرێت، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا هه‌ر به‌ردەو‌ام ده‌بێت و سوودمه‌ندى یه‌كه‌میش له‌ بردنى ئه‌و نه‌وته‌ حه‌شدى شه‌عبی و گرووپی خیانه‌تكارانی 16ی ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتیین‌.

 

(باس) ئه‌ى سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنى بڕیاره‌ نایاساییه‌كانى پارێزگارى سه‌پێنراوى كه‌ركووك له‌ دژی كورد، به‌تایبه‌ت بۆ ته‌عریبكردن، چیتان له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌؟
دیارى حوسێن: بێ گومان، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی رابردووه‌وه‌ پرۆسه‌ى ته‌عریبكردن له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌ستی پێ كردووه‌ و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ بڕیاره‌ نابه‌جێكانى راكان جبوورى ده‌كرێت و خۆیشی كه‌سێكى شۆڤێنییه‌ و له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیدا دیاره‌، كه‌ هه‌میشه‌ چاوى بەرایی نه‌هاتووه‌ كورد خاوه‌ندارێتیی كه‌ركووك بكات، پێشتریش كه‌ هه‌ر له‌ بینایه‌ی پارێزگا ده‌وامى ده‌كرد، ڕێگه‌ى لێ گیرابوو، ئه‌گینا له‌ ئێستا خراپترى ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا پشتیوانى هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دۆخى كه‌ركووك به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا بمێنێته‌وه‌، چاوه‌ڕوانیى كارى خراپتریشی لێ ده‌كرێت.