بەرپرسێکی گۆڕان: یه‌كێتى پێناسی بارى شارستانى و ڕه‌گه‌زنامه‌ى عێراقیى تەزویر كردووه

"ئه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح كردى، كه‌ بۆ پۆستێك وازى له‌ حزبه‌كه‌ى هێنا، کارێکی بێ مەعنا بوو"

09/10/2018 - 15:00 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

ساڵح ژاژڵه‌یی، جێگرى سه‌رۆكى جڤاتى گشتیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا، باسی شكشته‌كه‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌كات و ڕای ده‌گه‌یه‌نێت: "گۆڕان به‌هۆى ساخته‌كارییه‌وه‌ ده‌نگه‌كانى دابه‌زیوه‌ و ئه‌گه‌ر یه‌كێتى ئه‌و ساخته‌كارییه‌ى نه‌كردایه‌، ده‌نگه‌كانى گۆڕان به‌و شێوه‌یه‌ كه‌مى نه‌ده‌كرد“. گوتیشى: "یه‌كێتى به‌ ساخته‌كارى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى بردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ یه‌كێتى ناتوانێ له‌ سلێمانى خۆى به‌ هێزى یه‌كه‌م هه‌ژمار بكات“.

 

(باس) بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوودا 25 كورسیی په‌رله‌مانى كوردستانى به‌ده‌ست هێنا، بۆچى دوو هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌نگه‌كانتان به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو داده‌به‌زێت؟
ساڵح ژاژڵه‌یی: وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و پرسیاره‌ ئاسان نییه‌، چونكه‌ هۆكار زۆره‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كورسییه‌كانمان، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ ساخته‌كارییەکی بێ مانا كراوه‌، هۆكارێكى دیكه‌ش ئه‌وەیه‌ هه‌موو كاتێك كه‌ ساخته‌كارى ده‌كرێ، خه‌ڵكى نائومێد ده‌بێ، چونكه‌ خه‌ڵكى ده‌ڵێت، هه‌موو جارێك هه‌ڵبژاردن به‌ قۆناغى ساخته‌كاریدا بڕوات و هیچ بەهایەكى نه‌مێنێ، ئیتر بۆچى به‌شداریى ده‌نگدان بكه‌م؟ بۆیه‌ خه‌ڵكانێكى گۆڕانخواز هه‌یه‌ به‌هۆى ئه‌و ساخته‌كارییانه‌وه‌ به‌شداریى پڕۆسه‌ى ده‌نگدانیان نه‌كردووه‌! دواجار ڕه‌نگه‌ هۆكارى ناوخۆمان هه‌بێت، بۆیه‌ كورسییه‌كانمان كه‌مى كردووه‌، به‌ڵام هۆكارى سه‌ره‌كیى دابه‌زینى ده‌نگه‌كانى گۆڕان بۆ بێ ئومێدیى خه‌ڵكى و به‌شدارینه‌كردنیان له‌ پڕۆسه‌ى ده‌نگدان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بێ گومان ئه‌گه‌ر هاووڵاتییان به‌شداریى ده‌نگدان نه‌كه‌ن، ئه‌وكاته‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌و ده‌نگانه‌ به‌ ساخته‌كارى پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

(باس) ئێوه‌ پێشتر له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانیدا هێزى یه‌كه‌م بوون، به‌ڵام ئێستا لایه‌نگرانى یه‌كێتى ده‌ڵێن، گۆڕان بووه‌ به‌ هێزی سێیه‌م، ئایا یه‌كێتى به‌ هه‌قى خۆى بووه‌ به‌ هێزى یه‌كه‌م؟
ساڵح ژاژڵه‌یی: ڕاسته‌ ده‌نگه‌كانى ئێمه‌ كه‌مى كردووه‌، به‌ڵام ساخته‌كارییه‌كى زۆر كراوه‌، ئه‌ى بۆچى حسابى ئه‌وه‌ ناكه‌ن، له‌ ڕۆژى به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌ى ده‌نگداندا په‌لامارى سندوقه‌كان دراوه‌ و سه‌ندوقه‌كانى ده‌نگدان به‌ ده‌نگى ساخته‌ پڕ كراونه‌ته‌وه‌ و له‌ خه‌ڵكى دراوه‌! ئه‌مه‌ ساخته‌كاریى پێ ناگوترێت، كورده‌وارى به‌مە ده‌ڵێت، چه‌ته‌یی! ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌ چه‌ته‌یی ده‌نگى خه‌ڵكى نه‌به‌ن، ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كه‌ن با هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كى ئارام و دوور له‌ ساخته‌كارى بكرێت، بزانه‌ هیچ كات ئه‌وان به‌و ڕێژه‌یه‌ ده‌نگه‌كانیان زیاد ده‌كات.

 

(باس) ئێستا ئێوه‌ له‌ سلێمانى خۆتان به‌ هێزى یه‌كه‌م ده‌زانن یان هێزى دووه‌م؟
ساڵح ژاژڵه‌یی: به‌پێى هه‌ڵبژاردن بێت، ئێمه‌ هێزى یه‌كه‌م نین، به‌ڵام ئه‌مه‌ ماناى ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت ئێمه‌ لاواز بووین، چونكه‌ هه‌ڵبژاردن به‌ شێوه‌یه‌كى دیموكراسییانه‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت، ته‌نانه‌ت له‌ كاتى ده‌نگدانى تایبه‌تدا، یه‌كێتى وای ده‌زانى هێزى ئه‌منى هه‌موو ده‌نگ به‌ یه‌كێتى ده‌دات، به‌ڵام كاتێك زانییان هێزى ئه‌منى هه‌موو ده‌نگ به‌ یه‌كێتى نادات، ئیتر له‌وێوه‌ ده‌ستیان كرد به‌ خۆئاماده‌كردن بۆ ساخته‌كردن. بێ گومان یه‌كێتى پێناسی بارى شارستانى و ڕه‌گه‌زنامه‌ى عێراقیى ساخته‌ كردووه‌، باشه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتى ترسی له‌ هه‌ڵبژاردن نییه‌، بۆچى ئه‌و شه‌وه‌ى كۆمسیۆن بڕیارى ئه‌وه‌ى ده‌ركرد هه‌ر كه‌سێك به‌شداریى ده‌نگدان بكات، پێویسته‌ دوو به‌ڵگه‌نامه‌ى پێ بێت، باشه‌ بۆچى له‌ناو هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا ته‌نیا یه‌كێتى به‌و بڕیاره‌ى كۆمسیۆن سه‌غڵه‌ت بوو؟ كه‌واته‌ یه‌كێتى ساخته‌كاریى كردووه‌ بۆیه‌ ئه‌و هه‌را گه‌وره‌یه‌یان نایه‌وه‌.

 

(باس) ئێوه‌ یه‌كێتى به‌ ساخته‌كارى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، به‌ڵام كورسییه‌كانى یه‌كێتى زیادى كردووه‌، ئایا په‌یوه‌ندیى به‌و ساخته‌كارییه‌وه‌ هه‌یه‌؟
ساڵح ژاژڵه‌یی: ساخته‌كارى له‌ سه‌رانسه‌رى كوردستاندا كراوه‌، یه‌كێتى و پارتى ساخته‌كارییان كردووه‌، به‌ڵام یه‌كێتى ساخته‌كارییه‌كى مونه‌زه‌مى كردووه‌، به‌تایبه‌تى له‌دواى سه‌عات 3ى ئێواره‌، چونكه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ چۆن په‌لامارى بنکه‌كانى ده‌نگدان دراوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ساخته‌كارییه‌ نه‌بوایه‌، یه‌كێتى نه‌ده‌بوو به‌ هێزى یه‌كه‌م، وه‌كوو چۆن جارى پێشوو یه‌كێتى لە سلێمانی هێزى یه‌كه‌م نه‌بووه‌ و ئێستاش یه‌كێتى ناتوانێ بڵێت هێزى یه‌كه‌مم، چونكه‌ كه‌ى ساخته‌كارى نه‌كرا، ئه‌و كاته‌ یه‌كێتى ده‌توانێ خۆى به ‌هێزى یه‌كه‌م هه‌ژمار بكات، به‌ڵام یه‌كێتى له‌ ڕۆژى ده‌نگداندا هێز ده‌هێنێ و په‌لامارى چاودێرى سندوقه‌كانى ده‌نگدان ده‌دات، چاودێرمان هه‌بووه‌ ڕفێندراوه‌ و هه‌موو سه‌روچاوى شكێندراوه‌، ئیتر یه‌كێتى چۆن ده‌توانێت لە سلێمانی خۆى به‌ هێزى یه‌كه‌م هه‌ژمار بكات!

 

(باس) بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى چى ده‌كات؟ ئایا سكاڵاى یاسایی تۆمار ده‌كه‌ن؟
ساڵح ژاژڵه‌یی: سكاڵامان له‌سه‌ر زۆر شت تۆمار كردووه‌، ئێمه‌ جارێ چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ین، ئاخۆ ئه‌نجامى كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات، ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێستى خۆمان ده‌بێت، چونكه‌ ناڕازین و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنێكى شه‌فاف نازانین.

 

(باس) كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى گۆڕان و كۆچى دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا، تا چه‌ند هۆكارى كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى گۆڕان بووه‌؟
ساڵح ژاژڵه‌یی: بێ گومان، نه‌مانى ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا، هۆكارێكه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى گۆڕان، هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، وه‌كوو هه‌موو حزبه‌كانى دیكه‌ كێشه‌ى ناوخۆى هه‌بووه‌، به‌ڵام كێشه‌كانمان هێنده‌ زه‌ق نه‌بووه‌ كاریگه‌ریى بۆ سه‌ر ده‌نگه‌كانمان هه‌بێت، ئێمه‌ كێشه‌ى گه‌وره‌مان نییه‌ و هه‌موو هه‌وڵێكى خۆمان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ.

 

(باس) به‌هۆى دابه‌زینى ده‌نگه‌كانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، لایه‌نگرانى گۆڕان ڕه‌خنه‌ى توند ئاڕاسته‌ى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ده‌کەن، ئایا ڕێكخه‌رى گشتى هۆكارى ئه‌و شكسته‌ى گۆڕان بووه‌؟
ساڵح ژاژڵه‌یی: له‌ هه‌موو دونیادا ئسووڵ وایه‌ كه‌ سه‌رۆكى حزبێكى سیاسی كاتێك ده‌چێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كه‌ى باش بوو، هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌و ده‌گێڕنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كه‌ى خراپ بوو پشكى شێرى له‌و شكسته‌ به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و شكسته‌ى گۆڕان ته‌نیا بۆ كاك عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ناگه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك یان گله‌ییه‌كى له‌سه‌ر بێت، ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ى هه‌رچیى شكستى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌یه‌ به‌سه‌ر عومه‌رى سه‌ید عه‌لى بهێنرێت، به‌ڵام له‌ هه‌موو وڵاتێكدا وایه‌، ئه‌گه‌ر حزبێكى سیاسی شكستى هێنا، سه‌رۆكى حزبه‌كه‌ ده‌ڵێ، من به‌رپرسیارم له‌م شكسته‌ و پشكى شێرى ئه‌م شكسته‌م به‌ر ده‌كه‌وێت، بۆیه‌ كاك عومه‌رى سه‌ید عه‌لى، به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى كه‌سى یه‌كه‌مى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌، پشكى شێرى ئه‌م شكسته‌ى به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام هه‌موو هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌و ناگه‌ڕێته‌وه‌.

 

(باس) عومه‌رى سه‌ید عه‌لى، به‌رامبه‌ر ئه‌و شكسته‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌ڵوێستى چییه‌؟
ساڵح ژاژڵه‌یی: كاك عومه‌رى سه‌ید عه‌لى، له‌ هه‌موومان زیاتر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى پێ ناخۆشه‌ و هه‌ست ده‌كات ئێمه‌ پاشه‌كشه‌مان كردووه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌موومان ده‌زانین ساخته‌كاری كراوه‌ و ئه‌نجامى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌نگى ڕاسته‌قینه‌ى گۆڕان نییه‌.

 

(باس) باڵى ناڕازیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، ده‌یانه‌وێ جێگه‌ به‌ عومه‌رى سه‌ید عه‌لى لێژ بكه‌ن، ئایا له‌م قۆناغه‌دا ڕێكخه‌رى گشتى واز له‌ پۆسته‌كه‌ى ده‌هێنێت؟
ساڵح ژاژڵه‌یی: خه‌ڵك هه‌یه‌ ئه‌و قسانه‌ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێستا كاك عومه‌رى سه‌ید عه‌لى بچێته‌ ماڵه‌وه‌ و دابنیشێت، یان له‌ شوێنه‌كه‌ى خۆى بمێنێته‌وه‌، هیچ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆڕێت، چونكه‌ تازه‌ شته‌كه‌ ڕووی داوه‌، دواتر ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ ماوه‌یه‌كى دیكه‌ خۆمان ڕێك بخه‌ینه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، ئه‌وكاته‌ ڕێكخه‌رى گشتى ڕه‌نگه‌ خۆى بڵێت توانام نه‌ماوه‌ و واز ده‌هێنم، بۆیه‌ هۆكارى ئه‌و شكسته‌ به‌ته‌نیا بۆ كاك عومه‌ر ناگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كى لاوه‌كیى هه‌بێت، دواجار ئه‌و پیاوێكى تێكۆشه‌ر و خاوه‌ن هه‌ڵوێسته‌.

 

(باس) بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، چۆن ته‌ماشای پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق ده‌كات، ئایا ئه‌و پۆسته‌ بۆ كورد گرنگه‌؟
ساڵح ژاژڵه‌یی: پۆستى سه‌ركۆمار له‌ ئێستا و ڕابردوودا هیچ سوودێكى بۆ گه‌لى كورد نه‌بووه‌ و گوناحه‌ كێشه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ دروست بكرێت، چونكه‌ هه‌مووى بۆ ماده‌ و به‌رژه‌وه‌ندیى تایبه‌تى به‌كار ده‌هێنرێت، نه‌وه‌كوو به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌لى كورد، بێ گومان مام جه‌لال و فواد مه‌عسوم هیچیان پێ نه‌كراوه‌ و به‌رهه‌م ساڵحیش هیچى پێ ناكرێت، دواجار به‌غدا منه‌تمان به‌سه‌ردا ده‌كا، كاتێك ئه‌و پۆسته‌مان ده‌داتێ، له‌كاتێكدا پۆسته‌كه‌ هیچ سوودێكى بۆ کورد نییه‌.

 

(باس) بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌رهه‌م ساڵح به‌ سه‌ركۆمار ده‌زانێت؟
ساڵح ژاژڵه‌یی: تازه‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌ سه‌ركۆمار هه‌ڵبژێردراوه‌، به‌ڵام پۆستى سه‌ركۆمار بۆ کورد هیچ سوودێكى نییه‌ و تاوه‌كوو ئێستا ئه‌و پۆسته‌ خزمه‌تى گه‌لى كوردى نه‌كردووه‌ و بۆ ئاینده‌ش خزمه‌تى كورد ناكات، دواجار ئه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح كردى، كه‌ بۆ پۆستێك وازى له‌ حزبه‌كه‌ى هێنا، كارێكى باشى نه‌كردووه‌، چونكه‌ هیچ مانایه‌كى تێدا نییه‌ حزبێكى سیاسی دروست بكات، به‌ڵام له‌ ماوه‌یه‌كى كورتدا له‌پێناو پۆستێكدا واز له‌و حزبه‌ى بهێنێت.